لۆزانێکی تر بەڕێوەیە

Thursday, 25/08/2016, 0:42

2998 بینراوە


(برا فکرى چرا کبریتى فرسەت تالەدەستدا .... شەو یەڵدا لەپێشە ڕۆژى عومرت وەختە ئاوا بێت)
بەپێى ئەو لێدوانەى کاک مەلا بەختیار بێت لۆزانێکیتر چاوەڕێمان دەکات ، ناوبراو لەگەڵ چەندین ئەکادیمی‌و نوسەرو روناکبیرانی گەورەو دیاری میسرو مامۆستای زانکۆکانی قاهیرەو میسر و پسپۆڕانی سیاسی‌و سەربازی‌و ئامادەبوونی چەندین رۆژنامەنووس‌و نوسەرو رەخنەگر، سیمینارێکی بۆ ساز کرا. لەو سیمینارەدا کە لەرێگای سکایپەوە بۆی ساز کرابوولە شوێنێکى دیمانەکەدا دەڵێت (بیست و هەشت دەوڵەتى ڕۆژئاوا بە ڕوسیاشەوە واژۆى بەڵگەنامەیەکیانکردووە و ڕادەستى هەردووحیزب (یەکێتى و پارتى) یانکردووە، لە بەڵگە نامەکەدا دوپاتیان کردۆتەوە کەئەوان لەگەڵ یەکێتى خاکى عێراقدان و لەگەڵ دامەزراندنى دەوڵەتى کوردستانى باشوردانیین... هیچ پرۆژەیەکى لەو چەشنەش لەئارادانییە) ئەگەر ئەم لێدوانەى ناوبراو وابێت ئیتر دەوڵەتى کوردى نەک خەونى شاعیرانە تەنانەت لە بیر و ئەندێشەى هیچ سەرکردەیەکماندا بونى نییە.
ئەو هەڵوێستە نەرێنیەى زلهێزان کەبەردەوام هەڵوێستیان بەرامبەر گەلى کورد هەروابووە، چەندە جێگاى داخە و دووبارە و چەندبارە بونەوەى مێژووە، شاردنەوەى ئەو بەڵگەنامە و هەڵوێستەى بەناوو هاوپەیمانانمان لەلایەن ( یەکێتى و پارتى) زیاتر جێگاى داخە، دیارە ئەمانیش وەک خوى هەمیشەییان هەردەم ڕاستیەکانیان لە خەڵکى شاردۆتەوە.
ئاماژەیەکى ترسناکتر بەرامبەر بەکورد نزیک بونەوە و هاوپەیمانى (ڕوسیا، ئێران، تورکیا، عێراق) ە بەرامبەر ڕۆژئاواى کوردستان .
ئەگەر ئەمە هەڵوێستى یار و نەیارەکانى کوردبێت ئەوەش ڕەوشى نەخوازراوى ناوخۆى خۆمان بێت ، چ ناوخۆى هەرێم و چ هەرێم لەگەڵ پارچەکانیترى کوردستان، دەى ئەوا مانگى هەنگوینى ئێمە و هاوپەیمانان تا کۆتایى هاتنى ڕێکخراوى (داعش )ە یان جەنگى دژ بەداعشە ، پاش ئەو جەنگە ئیتر گڵۆڵەمان جارێکیتر دەکەوێتەوە لێژى و سەرکەوتوانى ئەو جەنگەش (کەبەلاى خۆمانەوە ئێمەش بەشێکى کاریگەرى ئەو جەنگە و هاوپەیمانیەین) هەموو ڕیسەکەى ئێمە دەکەنەوە بەخورى!
لێرەوە جێگەى خۆیەتى حیزبەکانیترى هەرێمى کوردستان و رێکخراوەکانى کۆمەڵگەى مەدەنى و هەموو چین و توێژەکان دەست بکەن بە فشار بۆسەر هەردوو حیزب ( پارتى و یەکێتى) بۆ ئاشکراکردن و خستنە ڕوى ئەو بەڵگە نامەیە ، ئەگەر بونى هەیە.
دیسان دەبێت هەوڵوێست وەربگرین لەجەنگ دژ بە داعش و لەوە زیاتر ڕۆلەى ئەم گەلە ستەمدیدە بەخوت و خۆڕایى بەکوشت نەدەین، چونکە ئێستە هەموو خاکى کوردستان بەناوچە جێ ناکۆکەکانیشەوە لەژێر دەستى هێزى پێشمەرگەى کوردستاندایە.
دیسان دووبارەى دەکەمەوە ئەگەر ئەو لێدوانەى کاک مەلا بەختیار وایە ئەوا دەبێت هاوڵاتیانى لێ ئاگاداربکرێتەوە، ئەگەریش وانییە دەى با پارتى ڕاستیەکە ئاشکرا بکات، تاکەى ڕاستیەکان دەشارنەوە ؟!
ئەوەش لینکى هەواڵەکە:

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە