ئەو دەسەڵاتەی بەهەموو شێوەیەک تارومارمان دەکات

Thursday, 25/08/2016, 21:50

7939 بینراوە


چیرۆکی "بڕوا ئیبراهیم" ئەوگەنجە تەمەن ١٨ساڵەی کە لە پڕۆژەی "دەروازەی دوو" لەقاتی دەهەمەوە کەوتە خوارە و گیانی بەخشیە بەرپرس و سەرمایەدارە بێئەخلاقەکانی باشوور.ئەو پڕۆژانەی کە دەسەڵات لە پشتیانەوە پشگیرییان دەکات و قوربانییەکان وەک بەردی ناوگۆم بە بێدەنگیی وندەبن و لەبیر دەکرێن، تەنها خانەوادەکانیان لەدوایانەوە سەرگەردان دەبن.
ئەم جێگەیە لای پردی قلیاسانە و بۆخوارەوە جێگەی کارگەی شەکری جارانە.ئەم ناوچەیە ناوچەیەکی کشتوکاڵیی بوو ساڵان گوندەکانی "کۆستەی چەم و عەواڵ " سەدان بەرووبومی کشتوکاڵی تێدا بەرهەم دەهێنا، چونکە بەئاو دەوڵەمەد بوو، واتە بەراو بوو، دوای ئەوەی ڕاپەڕین بوو بەرپرسە نەخوێندەوار و فایلدار و فاسیدەکان، نیشتمانی ئێمەیان وەکو کێکی ئاهەنگ بەسەر خۆیاندا قاشکرد و هەموو گەجەرو گوجەرو پیاوکوژ و شەوکوتەکان بەناوی جیا جیاوە بوونە خاوەنی سەدان جێگە و ڕێگە.ئەم جێگەیە سەربە وەزارەتی پێشمەرگەیە، ئەو چەکدارانەی بە ناوی پێشمەرگەوە، کە هیچ ئابڕویان بۆ پێشمەرگەو قوربانی مێژووی پێشمەرگە نەهێشت، لەلایەک سواڵ دەکەن و بەرماڵ دادەخەن لە مزگەوتەکاندا، لەلایەک نوێنەرەکەیان دەچێتە لای مەسعود تا داوای موچەیان بۆبکات، ئەمە ئەو چیرۆکەمان بیردەخاتەوە، کە وەک "خەندان حەمەجەزا" بۆمان باس دەکات چۆن پێشمەرگە گەوادی بەسەر ژنەکەیەوە دەکات، یان وەزیری پێشمەرگە، کە هاوڕێیەکی وەرگێڕە لای ئەمەریکییەکان بۆی، دەی ووت کاپتنە ئەمەریکێکە ناوی جاعفەری کردبوو پیاوە پاقلاوەهێنەرەکە، شێخ جەعفەر کە چۆتە لای ئەمەریکییەکان بە وەرگێڕەکەی ووتوە خۆت قسەبکە من نازانم چی بڵێم و ئەم شیرینیەشم هێناوە بۆیان.ئێستا ئەم کەسانە خاوەنی ئەم پڕۆژە سەقەتانەن، کە تورکیا لە پشتی هەموو ئەم کارانەوەیە.
کۆمپانیا تورکەکە ناوی "سۆزی تورک"ە و هەزاران تورک بە پارەیەکی گران لەوێدا کاردەکەن، ئەم پڕۆژەیە بەڕێوبەرەکەی ناوی "هاوبیر ئەنوەر زۆراب"ە، کاتێک بڕوا ئەو گەنجە کوردەی کە لەسەرەوە ناوم هێناو لەباڵەخانەکە بەربۆوە و گیانی بەخشی، ئەم بەڕێوبەرە لەترسا ڕایکرد بۆ باوەشی ئاغاکانی لە تورکیا و ماوەی مانگێک مایەوە، لەڕێگەی چەند پارێزەرێک و چەند پیاوێکلی ڕیش سپی داوای رێکەوتنی عەشایرانەی کرد، ئەم دەسەڵاتە هیچی نەهێشتۆتەوە، تەنانەت لە بری یاسا، زۆربەی کێشە و کوشتن و بڕینەکان بەم شێوەیە چارەسەر دەکات، زۆر لەم کارانەیان بۆ چۆتە سەر.
هەر لەم پڕۆژەیەدا تاکو ئێستا پێنج کرێکار گیانی لە دەست داوە و لەم دوو هەفتەیەدا کە من خەریکی ئامادەکردنی ئەم ڕاپۆرتە بووم بۆ کوردستانپۆست کرێکارێکی تر پشتی شکا و لە ڕێگەی تۆزێک پارە و چاوسورکردنەوە لە خێزانی کرێکارەکان بێدەنگیان کردن.لە کوردستان سەدان کەناڵی مێدیایی هەیە، کەناڵی تەلەفیزیۆنەکان، سایتە بەناو ئەهلییەکان، کە ریکلام بۆ پرۆژەی خوێناوی ئەم بەرپرس و کۆمپانییاکانیان دەکەن، بەڵام لە چاو ئەو هەموو قوربانییانە بیدەنگن و کەسێک تا ئیستا لەسەر رووداوی رۆژانەی ئاوا نەیانووسیوە.تەلەفیزۆنەکان سەرگەرمی دراما تورکییەکانن کە سوکایەتی بەگەلەکەمان دەکەن وەک "کۆڵانەکانی پشتەوە" کە پەکەکە بەتیرۆریست دەزانن و خەڵکی ئامەد و ئورفە بە ژن کوژ و دواکەوتوو دەزانن، یان وێزگەی تەکسی کە خاوەن ویزگەکە کوڕەکەی لە شيری پەکەکەدا وون دەبێت، یان ئەو دەم وچاوە ناشرینانەی کە دەیانهێنە سەر شاشەکانیان تا ڕووی دەسەڵات جوان بکەن و ئەوانیش لەناو پڕۆژەکانیاندا بمان کوژن و بە بێدەنگی بمرین، ئەوان دادە هێرۆ و شاناز شیخ و مشایەخەکان پارەی نیشتمان بەرنە ئوتێلەکانی لوبنان و ئەورپا بۆ ڕابواردن.
وەک ووتم : پارتی شەنگالی دایەدەست چەتەکانی داعش و یەکێتیش برا و خوشکە ئێزیدییەکانمان لێرە لە پڕۆژەکانیاندا دەکوژن، دوای بەدواچونم بۆ قوربانییەکان ئەوانەی کە گیانیان لەدەست داوە چوار کرێکاری کوردی ئیزیدی بوون، یان کوردی کڵۆڵی بەشە داگیرکراوەکەی ڕۆژهەڵاتن و بوونەتە قوربانی و کەس باسیان ناکات.
سەندیکای کرێکاران و ڕۆژنامەی بەناو ئازاد ڕۆژانە هەواڵی هیچ و پوچ بڵاو دەکەنەوە، بەڵام چونکە سپۆنسەرەکانیان ئەم پڕۆژە بەدڕەوشتانەیە، بێدەنگن و سەدان تاوانیان دیوە لە بەر بەرژەوەنی خۆیان باسی ناکەن، ناشوێرن باسی بکەن، چونکە هۆکاری بێدەنگی خەڵک لەم هەموو بەدڕەوشتیەی دەسەڵات بەرژەوەندییەکە پێکەوەی بەستونەتەوە.
 
 ئەم فلاتانە کە ئەم دەسەڵاتە دروستی دەکات جگە لە خراپی کارەکانیان و تێچونێکی کەم، بەڵام فلات یان شوقەی بە ١٥ یان زیاتر دەفتەرە دۆلار دەفرۆشنەوە.
کاتێک دەسەڵات زانی خەڵکی لێیان ناکڕێت بۆیە پیاوە خوسکەزای پیاوە بەعسییەکە و فاسیدەکە کە پارێزگاری سلێمانییە هەستا بەدەرکردنی بڕیارێک بەفرۆشتنی خاک و ماڵ بە عەرەب، تا ئێرەش کە سلێمانییە وەکو کەرکوک و موسڵ بکەنە جێگەی کڕین و فرۆشتن و گرفت بۆ داهاتووی نەوەکانمان.کۆمپانیای دەروازە هەمان ئەو کۆمپانیایە بەدڕەوشتەیە کە شاخی گۆیژەیان نووسیوە گوایە دادە هێرۆ و عەقید شاناز کوردایەتیمان بۆ دەکەن و ناوی سلێمانی لە چیاکان دەنووسن.
 
 کاتێک سەرگەرمی ئەوەبووم ڕیپۆرتاژەکەم جێبەجێ بکەم و پێویستم بەوەبوو خێزانی قوربانییەکە ببینم و لە نزیکەوە بیدوێنم.ئەوان ئاوایان بۆ باسکردم:
** " بڕوا ئیبراهیم " تەمەنی بە١٨ساڵ بوو، ڕێگەمان دا بڕوات کارێک بکات ماوەیەکی کەم بوو لەگەڵ خزمێکی خۆمان لەو جێگەیە کاری دەکرد، خەریکی دامەزراندنی کارەبا بوون لە رۆژی ٧.٦.٢٠١٦ کاکە بڕوا کاتێک دەیەوێت لە نهۆمی دەهەمەوە بێتە خوارێ لە سەر پێپلیکانەکان پێی دەخاتە سەر کیسەیەک چیمەنتۆ و دەخزێ، بەر دەبێتەوە و گیان لەدەست دەدات.
هۆکارەکەی چی بوو، داخۆ شەڕی بووە، لەگەڵ هاوڕێکانیدا، یاخود سەری گێژی خواردوە، نەخۆش بووە ؟
- نا ئەوەی لەگەڵی بوو خزمی خۆمان بوو، هیچ کێشەی نەبووە، بەڵکو کەم تەرخەمی ئەم کۆمپانیای دەروازەیە کە بۆ ئەوەی تۆزێک بۆ سەلامەتی کرێکارەکان پارە سەرف نەکەن، ئاوا بەسەر قوربانییەکاندا هاتووە، بۆ ئەو کۆمپانیایە دەیتوانی بەتەلی شەبەکە ئەو کونە بگرن لەهەموو قاتەکاندا، ئەگەر هەمووی بگرن تۆپێک تەلی تێدەچێت، بەڵام نەیان کردوە، 
 دوای ئەوەی بڕوا مرد و ئێمە دوای هۆکاری مردنەکە کەوتین و سکاڵامان تۆمارکرد و بەدواچونمان بۆکرد، هەروەها سەردانی جێگەکەمان کرد، ئەوان زانیان ئێمە دەچین، فریا کەوتبوون و دوای پرسەکەی فرسەتیان هێنا چەند تەلێکیان بەلەحیم کردبوو بە پێپلیکانەکانەوە، کاتێک چووینە باڵەخانەکانی تر هەر ئاوا بەتاڵ و هیچ تەلی پێوەنەکرابوو، ئەمەش مانای بێمەتی ئەوانەیە.
پارێزەرێک ووتی : ڕاستتان پێ بڵێم هیچتان بۆ ناکرێت، بڕۆن بە سوڵحی عەشایەری رێکبکەون، چونکە سەدان کەیسی وا لەدادگا فڕێ دراوە و پارە لە شتێکدا دامەنێن، کە ئەنجامەکەی خراپ بەسەرتانا بشکێتەوە، ئەوانە دەسەڵاتدارن.
وێنەی باڵەخانەیەکی تر کە هیچ شییان بۆ دانەناوە تا گیانی کرێکارەکان پارێزراو بێت 
ئەم وێنەیە دوای مەرگی بڕوایە
چەند ڕۆژێک دوای ڕووداوەکە پێیان ووتین: تکایە لە کەلی شەیتان وەرنە خوارەوەو و ئەمە قەزا و قەدەرە و خوا بڕیاری لەسەر داوە کۆمپانیای دەروازەش کۆمپانیایەکە خزمەتی زۆری ئەم شارەی کردووە، ئەوەتانێ لەگۆیژە نەخشەی کوردستانی گەورە و ناوی سلێمانی هەڵواسیوە، ئەمە لە شۆڕشێکی چەکداری گرنگترە، ئێوەش چیتان دەوێت بۆتان دەکەن، ئێوە یەکەم قوربانی نین...! 
وەرن ناوی خوای لێبێنن با ئەوان زەرەر نەکەن، ناویان نەکەوێتە لیستی ڕەشەوە، چەندین خێزان لەو پڕۆژەیە سودمەن دەبن ئەوان ڕووداوەکانی تریان بە سوڵح چاککردوە دەفتەرێک دوانیان داوە بەخاوەن مردۆکان ئێوە زیاتر وەرگرن و ئاوێک بکەن بەم ئاگرەدا.
 بڕوا ئیراهیم دوا قوربانی ئەم بازرگانە هەڵتۆقیوانە نییە، ئەم بەشەرە پوچانە بۆ بەرژەوەندی خۆیان بەسەر کەللە سەری هەمووماندا دەڕۆن و گوێ بەهیچ نادەن، ئەوەتانێ باوکی ئەم بەڕێوبەرە لە شەقامی سالم هەر لای باخچەی گشتی لەسەر شەقامەکە ماوەی چەند ساڵە بەنێرەکەری، پارتی گەنج کوژ کۆشکێکی بە لەوح دروست کردوە لەسەر شۆستەکە کتێب دەفرۆشێ "ئەنوەر برزوو" لە کاتێکدا پارێزگارە یەک لەدوای یەکەکان هێندە ترسنۆکن، چونکە هەموو کونیەیان لای پارتی هەیە نەیان وێراوە ئەم دومەڵە لەسەر ئەم شەقامە لابەن.
ڕۆژنامە و میدیا ئەهلییەکانیش، کە سپۆنسەریان ئەم پڕۆژە کرێکار کوژانەیە، بێدەنگن لەم هەموو تاوانەی دەسەڵات دەیکات بۆیە ڕاپەڕین دژی ئەم هەموو ستەمە ئەرکی ئەخلاقی ئەو مرۆڤانەیە کە خاوەنی تۆزێک کەرامەتن.
بڵێ پێشمەرگە سەر بۆیاخە کۆنەکان دوای ئەم ڕیپۆرتاژە خەبەریان بێتەوە سەر و شوقە بۆ خۆیان داگیردەکەن، لەم پڕۆژەیەی کە هی وەزارەتەکەیانە ؟
پەیامنێری کوردستانپۆست 
سلێمانی

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە