شەڕی مافیاکانی نیشتیمانی کوردستان دەستی پێکرد

Thursday, 01/09/2016, 23:02

6747 بینراوە


دەقی ڕاگەیەندراوی ناوەندی بڕیاری یەکێتی
هه‌ڤاڵانی دڵسۆزی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان،
كه‌سوكاری سه‌ربه‌رزی شه‌هیدان، پێشمه‌رگه‌ قاره‌مانه‌كان،
كۆمه‌ڵانی خه‌ڵكی كوردستان،
له‌ كاتێكدا كوردستان گیرۆده‌ی قه‌یرانی هه‌مه‌لایه‌نه‌ی سیاسی و ئابووری و هه‌ڕه‌شه‌ی داعش و ئه‌گه‌ره‌كانی گۆڕانكاری ڕۆژهه‌ڵات بۆته‌وه‌،  هاوڵاتیان به‌ده‌ست بێ مووچه‌یی و برسیكردن و باری گرانی ژیان و گوزه‌ران ده‌ناڵێنن، له‌م كاته‌دا و له‌ بری ته‌كبیر و هاوكاری بۆ چاكسازی و چاره‌سه‌ری كێشه‌كان،  یه‌كێتی له‌سایه‌ی گروپێكی پاوانكاره‌وه‌ له‌هێزی تیكۆشه‌ری خاوه‌ن به‌رنامه‌ی ئاوه‌دانی و دادپه‌روه‌ری كراوه‌ته‌ هێزێكی په‌راوێزخراو و بێباك له‌خواستی هاوڵاتیان، بێباك له‌تێكۆشه‌رانی خۆی و هاوپه‌یمانێتیه‌كانی له‌تاریكی و سه‌فقه‌ی ژێربه‌ژێر بۆ تاڵانی نه‌وت و هه‌ڵوشینی سه‌روه‌ت و سامانی خه‌ڵك و برسیكردنیان ئه‌نجام ده‌درێن. بۆ رایكردنی به‌رژه‌وندیه‌كانی ئه‌م گروپه‌ یه‌كێتی خویندنگه‌ی جه‌نابی مامجه‌لال و به‌های وه‌رگرتنی بڕیاری سیاسی له‌هیچ ئۆرگانێكیدا به‌سه‌ركردایه‌تی و مه‌كته‌بی سیاسیشه‌وه‌ نه‌هێڵراوه‌.
تا ئێستا له‌به‌رحورمه‌تی جه‌نابی مامجه‌لال و كه‌سوكاری سه‌ربه‌رزی شه‌هیدان و پێشمه‌رگه‌ و ڕێكخستنه‌ دێرینه‌كان، كه‌مئه‌ندامانی سه‌نگه‌ر و زیندانیانی سیاسی، خۆڕاگڕی هێزی پێشمه‌رگه‌ی كوردستان، له‌په‌رۆشیمان بۆ ئاینده‌ی یه‌كێتیی و ڕه‌چاوكردنی دۆخی سیاسی كوردستان به‌گشتی، نه‌مانویستووه‌ ناكۆكیه‌كان ته‌شه‌نه‌ بكه‌ن و هه‌وڵمانداوه‌ به‌هێمنی و دوور له‌گرژی و دابڕان كاربكه‌ین بۆ چاره‌سه‌ری كێشه‌كان، به‌ڵام مه‌خابن له‌دوای ئه‌م هه‌موو پشوودرێژی و خۆڕاگرتنه‌، سه‌رباری هه‌وڵی دۆستانی ناوخۆ و ده‌ره‌وه‌ش، ده‌بینین هه‌تا دێت ئه‌م گروپه‌ پاوانكاره‌ی یه‌كێتی، ڕاسته‌وخۆ و ناڕاسته‌خۆ، به‌شداری زیاتر ده‌كه‌ن له‌كۆمه‌ڵێ سیاسه‌تی چه‌وت، بۆ به‌تاڵانبردنی سامانی گشتی و بڕینی مووچه‌ی فه‌رانبه‌ران و هێزی پێشمه‌رگه‌ی كوردستان، به‌ ئیزدواجیه‌ته‌وه‌ هه‌وڵی چه‌واشه‌كردنی خه‌ڵك و ڕای گشتی ده‌ده‌ن، له‌هه‌ولێر به‌شداری حكومه‌ت و سیاسه‌ت و "شیرینی" نه‌وت  و بڕیاره‌كانن، له‌سلێمانیش ناڕازی و ڕه‌خنه‌گڕن!
بەرهەم: کاک عومەر فەتاح نووستبوو دەنا بەویشمان دەگووت
له‌ئاستی نێوخۆی حیزبیش هه‌تا دێت شیرازه‌ی ئۆرگانه‌كان ده‌پچڕێ و پشێوی و بێسه‌روبه‌ری و بێدادی و ده‌سته‌مۆكردنی كادیر و په‌راوێزخستنی ئۆرگانه‌كانی یه‌كێتیی و پێشێلكردنی په‌یڕه‌و و پیلانگێڕی بۆ ته‌زویركرنی كۆنگره‌و زه‌وتكردنی ئیراده‌ی ئه‌ندامی ڕه‌سه‌نی یه‌كێتی فراوانتر ده‌بێ، و خزم و كه‌سوكاری خۆیان بێ ره‌چاوكردنی سروشت و شوناسی یه‌كێتی ده‌خزێننه‌ ناو كایه‌ی كاری حزبی و حكومڕانی و هه‌وڵی ده‌رپه‌راندنی كادیره‌ دڵسۆزه‌كان ده‌ده‌ن. بۆ جێبه‌جێكردنی ئه‌و مه‌رامه‌ چه‌وت و به‌رژوه‌ندخوازه‌شیان به‌بێباكی ناوی مامجه‌لال و پێگه‌و رێزی ئه‌و به‌كاردێنن.
سه‌رباری هه‌موو ئه‌مانه‌ش، له‌وه‌ڵامی پشوودرێژی و هه‌وڵی بێ پسانه‌وه‌ی ئێمه‌دا، گروپی پاوانكار له‌ ماوه‌ی ڕابردوودا سه‌ركردایه‌تی و ئۆرگانی سێبه‌ریان له‌سه‌رجه‌م ناوچه‌كان دروستكردووه‌ بۆ به‌ڕێوه‌بردن و ئاراسته‌كردنی یه‌كێتیی بۆ به‌رژه‌وه‌ندی خۆیان و پیلانگێڕی بۆ له‌باربردنی ئیراده‌ی ئه‌ندامانی ڕه‌سه‌ن و په‌راوێزخستنی پێگه‌ شه‌رعیه‌كانی یه‌كێتیی.
بۆیه‌، ئێمه‌ی په‌یڕه‌وانی ڕێبازی مامجه‌لال، دڵسۆزانی یه‌كێتی، چیتر ناكرێ بێده‌نگ بین له‌ په‌یڕه‌وشكێنی و بنكۆڵكردنی حیزبی و په‌راوێزخستنی یه‌كێتی له‌ ئاستی ناوچه‌كه‌و په‌رده‌پۆشكردنی قه‌یرانه‌كانی، ناكرێ چیتر لێگه‌ڕێین خه‌باتی 41 ساڵه‌ی یه‌كێتی ئاوا به‌ده‌ستی ئه‌م گروپه‌ دژ به‌ئاراسته‌ی چه‌پكه‌ گوڵه‌كه‌ی مامجه‌لال به‌رن و یه‌كێتی له‌هێزێكی شۆڕشگێڕی داكۆكیكاری به‌رژه‌وه‌ندی خه‌ڵكه‌وه‌ بكه‌نه‌ حیزبی بنه‌ماڵه‌ و به‌شداربووی تاڵانی سامانی وڵات وبڕینی مووچه‌و نانی خه‌ڵك. 
ئَێستاش ئێمه‌ هه‌ر لایه‌نگیری چاره‌سه‌ركردنی كۆی كێشه‌كانی یه‌كێتین به‌ئاڕاسته‌ی به‌رژه‌وه‌ندی یه‌كڕیزی یه‌كێتی و خۆسازدانه‌وه‌ی  به‌تێزی چه‌پكه‌گوڵه‌كه‌ی جه‌نابی مامجه‌لال و كاراكردنی بڕیاڕی بوێر و دڵسۆزانه‌ی یه‌كێتی بۆ چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌ی بژێوی خه‌ڵك و دابینكردنی مووچه‌ و ڕێگرتن له‌ به‌تاڵانبردنی سامانی وڵات و ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی گه‌نده‌ڵی و پاوانكردنی بازاڕ، بۆ چاره‌سه‌ری ڕاسته‌قینه‌ی باری چه‌قبه‌ستووی سیاسی هه‌رێم، به‌كێشه‌ی ده‌ستوور و سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێمیشه‌وه‌، به‌ڕێزگرتن له‌دامه‌زراوه‌ دیموكراسی و شه‌رعیه‌كان، و به‌تایبه‌تیش په‌رله‌مانی كوردستان، هه‌ر لێره‌شه‌وه‌ دوپاتی ده‌كه‌ینه‌وه‌ كه‌ئێمه‌ خۆمان له‌هه‌ڵه‌و كه‌موكورتیه‌كان بێبه‌ریناكه‌ین، به‌ڵكو هه‌ر یه‌كه‌مان به‌پێگه‌و كرداری خۆمان زۆر یان كه‌م پشكی به‌رپرسیارێتی ئه‌م دۆخه‌مان له‌سه‌رشانه‌ و خۆمانی لی به‌ری ناكه‌ین، به‌لام لێره‌دا مه‌به‌ستمانه‌ ته‌كبیر له‌ ئێستا و ئاینده‌ بكه‌ین به‌ دامه‌زراندنی ناوه‌ندی شه‌رعی بریاری یه‌كیتی و به‌شداری كارا له‌ چاره‌سه‌ركردنی كیشه‌كانی خه‌لك.
له‌پێناوی یه‌كێتی و پارێزگاری له‌ سه‌روه‌رییه‌كانی، و له‌ په‌رۆشیمان بۆ پیشمه‌رگه‌ و كه‌سوكاری سه‌ربه‌رزی شه‌هیدان، و بۆ هاوكاری له‌ پێناوی چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كانی خه‌ڵك، بریاڕمان دا ئه‌م ئه‌ركانه‌ی خواره‌وه‌ جێبه‌جێ ئه‌كه‌ین:
1. تا یه‌كلایی كردنه‌وه‌ی كێشه‌كانی به‌ڕێوه‌بردنی یه‌كێتی، له‌ڕێگه‌ی كۆنگره‌یه‌كی شه‌رعی دوور له‌ ته‌زویر و ده‌ستێوه‌ردانی ده‌زگا ئه‌منیه‌كان، ئێمه‌ ناوه‌ندی بڕیاری نێو یه‌كێتی ڕاده‌گه‌یه‌نین ، بۆیه‌ لێره‌ به‌دواوه‌، هیچ بڕیاڕێك، چ له‌ناوخۆی حیزب یا بۆ ده‌ره‌وه‌ی حیزب، به‌بڕیاری گشتگیری یه‌كێتیی نازانرێت گه‌ربێتوو به‌ئاگاداری و په‌سه‌ندكردنی ئه‌م ناوه‌نده‌ی بڕیاره‌ی یه‌كێتی نه‌بێت، به‌پێچه‌وانه‌وه‌ بۆ ناوخۆی یه‌كێتیی و ده‌ره‌وه‌ و بۆ ڕای گشتی ناشه‌رعیبوونی ئه‌و بڕیارو سیاسه‌تانه‌ ڕائه‌گه‌یه‌نین.
2. تا یه‌كخستنه‌وه‌ی هێزی پێشمه‌رگه‌ له‌هێزی نیشتیمانی حكومه‌تی هه‌رێم، ته‌واوی هێزه‌ چه‌كداره‌كانی یه‌كێتی ده‌خرێنه‌وه‌ سه‌ر فه‌رمانده‌یی گشتی هێزی پێشمه‌رگه‌و له‌لایه‌ن ئه‌و فه‌رمانده‌ییه‌وه‌ سه‌ركردایه‌تی ده‌كرێن. له‌ سایه‌ی خه‌بات و خۆڕاگری هێزی پێشمه‌رگه‌ی كوردستان ئه‌مڕۆ كه‌رامه‌ت و ئاسایشی گه‌لی كوردستان پارێزراوه‌، بۆیه‌ ئه‌ركی سه‌رشانمانه‌ به‌ هه‌موو توانامانه‌وه‌ هاوكاری چاككردنی باری گوزه‌رانی هیزی پیشمه‌رگه‌ بین.
3. زه‌مینه‌سازی بۆ كۆنگره‌یه‌كی شه‌رعی و بێخه‌وش و دوور له‌ ته‌زویر، هه‌روه‌ها ڕه‌تكردنه‌وه‌ی ئه‌و بڕیاڕو ڕێوشوێنانه‌ی كه‌بونه‌ته‌ مایه‌ی شێواندن و قۆرخكردنی  ئۆرگانه‌كانی یه‌كێتی و ده‌سته‌مۆكردنی كادیر و په‌راوێزخستنی تێكۆشه‌رانی ڕه‌سه‌نی یه‌كێتی، و به‌ ئامانجی سازدانی یه‌كێتی بۆ ئاینده‌ و نویبوونه‌وه‌ی و به‌شدارپێكردنی كارای ژنان و لاوان له‌ ناوه‌نده‌كانی بڕیاڕ.  
4. دارایی یه‌كێتی، له‌هه‌ركوێیه‌ك بێت له‌دامه‌زراوه‌ی شه‌رعی خۆی، كه‌مه‌كته‌بی داراییه‌ كۆده‌كه‌ینه‌وه‌  به‌شێوه‌یه‌كی شه‌فافانه‌ له‌پێناوی به‌رژه‌وه‌ندییه‌ گشتیه‌كانی یه‌كێتی و ئۆرگانه‌كانی به‌ كارده‌هێنرێت.
5. پابه‌ندبوون به‌ جێبه‌جیكردنی ڕێكه‌وتنی نێوان یه‌كێتی و بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان و په‌ره‌پێدانی ئه‌و ڕێكه‌وتنه‌ به‌ كردار و به‌ ئاڕاسته‌ی یه‌كخستنه‌وه‌ و یه‌كگرتنه‌وه‌ له‌كه‌ل هاوسه‌نگه‌رانی رابووردومان و سازدانی تواناكانمان بۆ چاكسازی و یه‌كخستنه‌وه‌ی نێو ماڵی كورد.
6. ڕێكه‌وتنی یه‌كێتی و پارتی دیمكراتی كوردستان هۆكاری تێپه‌ڕاندنی قۆناغی شه‌ڕی ناوخۆ بوو، و هه‌وێنی ده‌ستكه‌وتی گه‌وره‌ بوو بۆ گه‌لی كوردستان. ئه‌مڕۆش بێگومان په‌یوه‌ندی نێوان یه‌كێتی و پارتی گرنگه‌ و كاریگه‌ری  له‌سه‌ر ڕه‌وشی سیاسی و ئه‌منی كوردستان هه‌یه‌. بۆیه‌ له‌ پێناوی پاراستنی یه‌كڕیزی گه‌ل و یه‌كبوونی حوكمڕانی كوردستان، له‌ پێناوی ئارامی و ئاسایشی گشتی، پیویسته‌ پیاچوونه‌وه‌ به‌م په‌یوه‌ندیه‌ بكه‌ین به‌ ئاڕاسته‌ی هاوسه‌نگی و ده‌ربازبوون له‌ دۆخی چه‌قبه‌ستووی ئێستای هه‌رێم و پێكهاتنی هێزه‌ سه‌ره‌كیه‌كانی كوردستان.
7. حكومه‌تی هه‌ریم ئێستا گیرۆده‌ی قه‌یران به‌ دووای قه‌یرانه‌، بۆیه‌ پێویسته‌ پێداچونه‌وه‌ی بنه‌ڕه‌تی به‌پێكهاته‌ و سیاسه‌ته‌كانیدا بكرێت بكرێت بۆ چاره‌سه‌ری كیشه‌ی گوزه‌ران و مووچه‌ی خه‌ڵك و گێڕانه‌وه‌ی متمانه‌ی هاولاتیان، و ڕه‌چاوكردنی شه‌فافیه‌تی ڕاسته‌قینه‌ له‌بواری داهات و خه‌رجیدا، به‌تایبه‌تی له‌ بواری نه‌وت به‌هه‌موو قۆناغه‌كانیه‌وه‌.
8. پابه‌ندبوون به‌ مافی چاره‌ی خۆنوسین و ڕێز گرتن له‌ بڕیاڕی گه‌ل و به‌ ئاڕاسته‌ی به‌ دیهینانی ده‌وڵه‌تی سه‌ربه‌خۆی كوردستان دوور له‌ كێبڕكێی حزبی و سیاسی.
9. هه‌وڵی جیدی بۆ چاره‌سه‌ری كێشه‌كان له‌گه‌ڵ به‌غداو گێڕانه‌وه‌ی ناوچه‌دابڕێنراوه‌كان و دوركه‌وتنه‌وه‌ له‌سیاسه‌تی دابه‌شكردنی كوردستان به‌سه‌ر ئه‌جێنداو به‌رنامه‌ی وڵاتانی ئیقلیمی و جیهانیدا. 
لێره‌شه‌وه‌ ڕایده‌گه‌یه‌نین كه‌ له‌م ناوه‌نده‌وه‌ كار ده‌كه‌ین له‌گه‌ڵ لایه‌ن و كه‌سایه‌تیه‌ سیاسیه‌كانی كوردستان بۆ به‌دیهێنانی هاوپه‌یمانیه‌كی فراوان له‌ پێناوی دیموكراسی و دادپه‌روه‌ری، و له‌ پێناوی بره‌ودان به‌ به‌رنامه‌یه‌كی چاكسازی هه‌مه‌لایه‌ن بۆ چاره‌سه‌ری بنه‌ڕه‌تی قه‌یرانه‌كانی سیستمی سیاسی و حوكمڕانی و ئابووری هه‌رێم.
په‌یاممان ئاڕاسته‌ی ئه‌ندام و جه‌ماوه‌ری دڵسۆزی یه‌كێتی و سه‌رجه‌م ئۆرگانه‌كانی، له‌ مه‌كته‌ب و مه‌ڵبه‌ند و ده‌زگاكانی یه‌كێتی، فراكسیونه‌كانی یه‌كیتی له‌ په‌رله‌مانی كوردستان و عیراق و ئه‌نجومه‌نی پارێزگاكان، كه‌سوكاری شه‌هیدان، كه‌ دوور له‌ گرژی پشتیوانی دیمكراسی و رێكخڕاوه‌یی ئه‌م ناوه‌نده‌ بكه‌ن بۆ یه‌كێتی، بۆ بوژاندنه‌وه‌ی یه‌كێتی، بۆ پارێزگاری چه‌پكه‌گوڵه‌كه‌ی جه‌نابی مامجه‌لال، و چاره‌سه‌ركردنی قه‌یران و ئاریشه‌كان كه‌بونه‌ته‌ مایه‌ی بارگرانی بۆ سه‌ر شانی ئێوه‌و ته‌واوی هاوڵاتیان. دووپاتی ده‌كه‌ینه‌وه‌، ئه‌م كارو به‌رنامه‌یه‌مان بۆ ناو یه‌كێتیه‌، له‌ پێناوی یه‌كێتیه‌ به‌ره‌و كۆنگره‌یه‌كی شه‌رعی دوور له‌ ته‌زویر، كۆنگره‌ی نوێنه‌رایه‌تی یه‌كێتیه‌ ڕه‌سه‌نه‌كان، په‌یڕه‌وانی ڕێبازه‌كه‌ی مامجه‌لال.
 
هاوڵاتیانی كوردستان.
له‌پێناو چاره‌سه‌ری بنه‌ڕه‌تی قه‌یران و كێشه‌كانی ئێوه‌ پشتیوانی ئه‌م هه‌نگاوه‌ی ئێمه‌ بكه‌ن، ئێمه‌ دڵنیاتان ده‌كه‌ینه‌وه‌ كه‌جگه‌ له‌به‌رژوه‌ندی ئێوه‌و قوتی ماڵ و منداڵ و گوزه‌ران و كه‌رامه‌تی ئێوه‌ هیچ مه‌به‌ست و ویستێكی ترمان نییه‌، كه‌به‌هۆی سیاسه‌تی هه‌ڵه‌ و چه‌واشه‌كاری و په‌رده‌پۆشی قه‌یران له‌دوای قه‌یران، ئێوه‌ نه‌ك هه‌ر له‌ئاینده‌، به‌ڵكو له‌مووچه‌ی مانگانه‌ی خۆشتان دوو دڵن، له‌ سایه‌ی ئه‌م سیاسه‌ت و سیستمه‌ حوكمڕانیه‌ كه‌له‌گه‌نده‌ڵی و خراپه‌كاری به‌رونی تێوه‌گڵاوه‌، نه‌ك خه‌ریكه‌ ده‌رفه‌ته‌كان، به‌ڵكو ده‌سكه‌وته‌كانی ئێستاشمان ده‌كه‌ونه‌  به‌رده‌م مه‌ترسی، بۆ كۆتایی هێنان به‌م ناعه‌داله‌تی و دڵه‌راوكێییه‌ پشتیوانی به‌رنامه‌و پڕۆژه‌ی ئێمه‌بن.

ناوه‌ندی بڕیاڕی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان
192016
ناوی چەند کەسێک لەوانەی کە لە پشت ئەم بەیاننامەیەوەن:
كۆسره‌ت ڕه‌سول جيگرى يه‌كه‌مى سكرتێرى يه‌كێتى
به‌رهه‌م صاڵح جێگرى دووه‌م  و ئه‌ندامانى مه‌كته‌بى سياسى
مه‌حمود سه‌نگاوى 
حاكم قادر
 رزگار عه‌لى
شێخ جه‌عفه‌ر
ئازاد جونديانى
حاميدى حاجى خاليد
عه‌دنانى حه‌مه‌ى مينا
جه‌ميل هه‌ورامى
مستەفا چاوڕەش
بەرزان ئەحمەد کوردە
نەرمین عوسمان
شاڵاو كۆسرەت رەسول
مەحمودە سور 

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە