ئەوە ئێمە بووین، کە ئەو دەسەڵاتە دزەمان بۆ ئێوە بەرهەم هێنا

Saturday, 17/09/2016, 9:23

3151 بینراوە


کەباب و دۆڵاب
ساڵی ١٩٨٦ سەرتیپی یەکێک لەتیپەکانی یەکێتی نیشتمانی کوردستان لەشاخ خۆی تەسلیمی بەعس کردەوە زانیاری درابوو بە جەلال تالەبانی ئەو تەسلیمکارە بەنیازە لە دۆڵەڕووتەوە چاوساغی بۆ هێزەکانی بەعس بکات تاگورزێ لەهێزەکانی پێشمەرگە بسرەوێنێت ، بۆ فشکردنەوەی پلانەکە ئێمە وەک مەفرەزەیەکی تیپی ٣١ی سلێمانی بەسەرپەرشتی شەهیدی نەمر حەمە سورەبانی بە چادرێکەوە سەرکەوتینە سەربەرزترین لوتکەی کەڵکی قەیوان کە بەلوتکەی کونە قەلەکە ناسراوە.
دەمەو ئێوارە بوو سەرچنار لەکەڵکی قەیوانەوە وەک چراخان خۆی پیشان دەداین گڵۆپەکانی وەک فیشەکی گڕدار یاری بەچاومان دەکرد پێشمەرگەیەکی مەفرەزەکەمان ووتی ئاخ ئێستا لەنادیەکی سەرچنار نەبیت دوای خواردنەوەی نیوقاپ عەرەق خۆت بکەیت بەکەبابخانەیەکداو دوای خواردنەوەی یەک بە ماستاوێکی ساردیش قڕقێنەیەک لێ بدەیت. پاش قسەی ئەو پێشمەرگەیە ب ەشەهید حەمەسورەبانی وهاوڕێکانم ووت هاوڕێیان ئەم شۆڕشەی ئێمە هەڵەیەکی گەورەی تێدایە هەرواش دەرچوو ئەو برادەرەی خۆزگەی بەسەرچنار خواست پاش ٢٠ ڕۆژ تەسلیم بوەوە.
ساڵی ١٩٨٧ هەر لەسەرچنار وەک دوو مەفرەزەی تیپی ٣١ سلێمانی چووینە سەرماڵی موستەشارێکی خائین کە لەلایەن سەدامەوە نۆتە شوجاعەی پێدرابوو تەواوی ماڵەکەیمان کۆنترۆڵکرد من و هاوڕێیەکم بەڕێکەوت چووینە ژووری نوستنی ئەو سەرەک جاشەوە بەداخەوە دووپێشمەرگە خەریکی پشکنینی دۆڵابی جلی ژنانە بوون بۆچی دەگەڕان؟ وەڵامەکەی قورس نییە.
زۆرینەی پێشمەرگە دێرینەکانی شاخ وەک من دەیان نموونەی وایان لایە بۆ باسی ناکەن؟ وەڵامەکەی قورس نییە.
چونکە ئێمە بووین ئەو دەسەڵاتە دزەمان بۆ ئێوە بەرهەم هێنا، کە لە دەرەوە ئاوا خەریکی پشکنینی دۆڵابی ژانە بوون و ئیستاش لە شار دەسەڵاتدار و بەرپرسی گەورەن.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە