سەڵاح دەمیرتاش و عوسمان بایدەمیر هاتننتان هەڵە بوو بۆ باشوور

Monday, 26/09/2016, 14:19

4828 بینراوە


بە داخەوە لە ڕۆژەکانی ١٧ی شوباتەوە سیاسییەکانی باکور ئازاری گەلی باشور دەدەن
هەواڵێک لە ڕێگەی خزمەتکارەکانی بەرپرسانەوە دزەی کردوە، گوایە هەڤاڵ "قەرەیلان " لە ماڵی کۆسرەت بووە، پێش ماوەیەکیش هەڤاڵ "جومعە " گوایە سەردانی سلێمانی کردوەو هاتووە بۆ سەردانی ئەو سیاسیەخۆفرۆشانەی کە کەرامەتیان بۆ تاک بەتاکمان نەهێشتۆتەوە.بەهیوام ئەم هەواڵانە درۆ بێت، چونکە گەر ڕاست بێت گەلی باشور زۆر ئازار دەدات، ئەوان دەیانەوێت ناشرینی خۆیان بە جوانی ئێوە پینە و پەڕۆ بکەن.
ئەگەر ئەو هەواڵانەش درۆ بن، بەڵام ئەو هەواڵە ڕاستە، کە فاروقی مەلامستەفا و چەند کەسێکی تر لە جەژندا پاقلاوەیان هێنابوو بۆ قەندیل، نازانم گەریلاکان پاقلاوەی دەستی ئەم خائین و دزە بازرگانەیا کوردیان یان نا!؟
فاروق و نمونەکانیان بۆیە دەچنە قەندیل، چونکە دەیانەوێت پێمان بڵێن گەل هیچ نییە، ئەوەتانێ ئێمە لەگەڵ قەندیلدا حەق و حسابمان هەیە.

باشوور سەنگی مەحەکە، ئەگەر ئێوە کوردستانیین، هەموو کوردی پارچەکانی کوردستانتان وەکو یەک خۆش بوێت
 لەم ڕۆژانەدا سەرۆکی پارتی کۆمەڵگای دیموکراتیک خۆی و چەند یاوەرێکی هاتن بۆ هەرێمە داگیرکراوەکەی باشور، ئەو هەرێمەی بەدەست کۆمەڵێک مافیا و خۆفرۆشەوە هەموو ڕۆژێک لاقە دەکرێت.
تالەبانی لە سەر گۆڕی ئەتاتورک لە ئەنقەرە وتی دروستبوونی دەولەتی کوردی خەونی شاعیرانەیە، ئێوە چۆن دەچن بۆ لای کەسێک کە ئەوەی ئیوەش دەیکەن بە خەونی بزانێت؟
کەس ئێمەی لە چارە ڕەشیدا نەهێشتۆتەوە، ئەوە بڕیاری خۆمانە ئاوا بەدەست ئەم مافیایانەوە سوکایەتیمان پێدەکرێت، ئەوەی جێگەی نیگەرانییە سادەیی و عەقلی سیاسییەکانی باکورە، کە نازانن لەگەڵ سیاسییە مافیا، بازرگانە خوێنمژ و خائینەکانی باشووردا هەڵسوکەوت بکەن. من لەوە دەگەم کە بۆچی سەرۆکی کۆماری فەرەنسا پێشوازی لە ناپاکێکی وەکو مەسعود دەکات، دەتوانیین دەیان هۆکاری بۆ دابنێین، کە ئەوان لە بەرژەوەندی وڵات و گەلی فەرەنسدا سیاسەت دەکەن و بەرژەوەندییەکانیان لەگەڵ هەر وڵات و دەسەلاتێکدا بێت دەپاریزن، بەڵام کاتێک هێز و پارتەکانی کوردی باکور و رۆژئاوا بەهەمان سیاسەتی فرانسوا ئۆلاند مامەلە لەگەڵ دەسەلاتی ئەم خائین و ناپاکانەی باشووردا دەکەن، ئەمە دەبێتە جێگای پرسیار و گومان.
بایدەمیر بە مەلا بەختیار دەڵێت: "سیاسی مەزنی کورد و ئەکادیمیستی" لە کاتێکدا مەلا بەختیار خاوەنی بڕوانامەیەک نییە، تەنیا کەسێکی چەنەباز و زۆربڵێیە! (سی ڤی) ئەم کابرایە ئەگەر من بۆی هەڵی نەدەمەوە ئەوە خەڵکی خانەقتین حیکمەت دەناسن، کە تا هاتە ناو کایەی سیاسەتەوە چ ئاستێکی کۆمەڵایەتی و کەسایەتیی هەبوو، تەنانەت لە سیاسەتییسدا رابردووی خۆی لە بیر نەکردووە، بە دەیان تاوان و کاری ناشرینی کۆمەڵایتی ئەنجام داوە، من لە جێگەی بایدەمیر هەست بەتەریقبونەوە دەکەم. ئاخر عومەر فەتاح و مەلا بەختیاری دز و فاسید چین؟ کەوا ئەم شەرواڵکوت و درۆزن و خۆپەرستانە لای تۆ ببنە ئەکادیمیستی سیاسی و دەموچاوی سیاسی کورد لە باشور؟
دەمیرتاش دەچێتە لای تاڵەبانی مێدیای ئازاد لڤینی قارەمان دەڵێ :"بزانن چی بەدەستی تاڵەبانیەوەیە، تالەبانی دوای دوو ساڵ نەخۆشی" لەڕاستیدا چوارساڵ زیاترە ئەم خائینە نەخۆشە پەکی کەوتوە، وەک کلاون خەڵک دەبەن بۆ دیداری، وەک ئەوەی تەزبێحەکەی دەستی هێندە گرنگ بێت، لەکاتێکدا بەخزمەتکارەکەیان ووتوە لەگەڵ جلەکانی ئەوەشی بەدەستەوە بگرن.بەڵام لڤین کوا بەدواچون بۆ شتێک دەکات، کە بفەبێت ؟
دەمیرتاش دەچێت بۆ لای دکتۆرە دزەکەی کەرکوک، ئەو سیاسییە سیخوڕەی کە ٣٠% نەوتی کەرکوک دەدزێت و دەچێتە سەر حسابی بانکەکەی، لەوێ باسی چی لەگەڵدا دەکەن؟ باسی برایەتیەک دەکەن کە هەمووی درۆیە.
دەچێتە لای عەلی باپیر تا تۆزێک خەوی خۆی بۆ بگێڕێتەوە کە چۆن لەگەڵ ئەسحابە و پێغەمبەر و خوادا تشریبیان خواردوە و ترێ و کاڵەکیان لەبێستان کردۆتەوە لەپشدەر.
دەچێتە لای سەڵاح بەهادین کە لە هەمان قوتابخانەی ئەردۆغان وانەی شەریعەتی وەرگرتوە و هەموو ڕۆژێک لەسەر بەرماڵ دەپاڕێتەوە بۆ سەلامەتی خەلیفەکانی تورکیا.
سەڵاحەدین بەهادین خۆی بەوالیەک دەزانێ لەشارەزوردا دەڵێت ڕۆژانێک دێت خۆی و عەلی قەرەداغی دەبنە والی سلێمانی، ئەوسا هێلکانە و مەڕانە و سەرانە وەردەگرن و مێژوو دەگەڕێننەوە بۆ سەردەمی عوسمانییەکان.
ئێوە لە باتی جارێک دووجاران دەچنە لای مەسعود بارزانی، دەمیرتاش و بایدەمیر چاک دەزانن کە مەسعود هیچ شەرعییەتێکی نییە و ئەو خائینە پیاوی تورک و ئێرانە لەسەر کورسی ماوە بەسەرچوی نایەتە خوارەوەو گەلێکی برسی و داماو کردووە و لەقەراغی مەرگ دایناوە.
 خۆزگە هەر نەهاتنایە و ئاوا ئازاری گەلی کوردتان لەباشور نەدایە.باش بوو ئەم جارە بایدەمیر نەچووە سەر گۆڕی جەنەڕاڵە ئاشبەتاڵەکەی بارزان، بەڵام فەرقی چییە ؟ چوونتان بۆلای تاڵەبانی، کە ئێستا کردویانە بە "قەدیس" و هێرۆ کتێبەکەی کە بەپارەیەکی خەیاڵی لەسەریان نووسیوە زوو زوو دەیبەخشێتەوە بەسەر میوانەکانی تاڵەبانیدا کە دەیبەنەلای.میوانی ١٠٠٠دۆلاری بۆسەرف دەکەن.ئەوەی وەری نەگرێت ئەوە لە ئوتێلەکەی فاروقی مەلامستەفا بۆی خەرج دەکەن.
بە داخەوە لە ڕۆژەکانی ١٧ی شوباتەوە سیاسییەکانی باکور ئازاری گەلی باشور دەدەن، بەوەی زوو زوو دێن بۆلایان بەڵام نایەن بۆ ناو خەڵک و شەقام بزانن چی هەیە؟ تا بزانن لەوێ چی دەگوزەرێت و ئەو گەلە چۆن ئازار دەدرێت و برسی دەکریت.
هیوادارم بەهاتنتان بۆ هەرێمە داگیرکراوەکەمان، ڕوونکردنەوە بدەن تا لەوە زیاتر ئازار نەچێژین، دەنا ناچار دەبین حەشر بە ئێوەش بکەین، چونکە کارتان ئاوا بڕوات و سیاسەت ئاوا بکەن، سەنگەر لە نێوان خائین و نیستیمانپەروەر لێنەدەن، ئێمەش هیوا لە ئێوە دەبڕین.
داوای لێبوردن لە کوردی باشوور بکەن، ئەمە سیاسەت نییە! بەڵکو خیانەتە لە بەرگێکی دیکەدا، ئەوەی دژی داعش کردوتانە بەم باجە بە خائینەکانی باشوور مەیدەنەوە، خۆتان بە جوانی رابگرن، ئەگەر بەشی راگرتنتان پێیە خۆتان بە پشتدا مەخەن! 
پێوەری کوردبوون و وڵاتپارێزیی لە باکور و رۆژئاوڤا تاقی مەکەنەوە، باشوور سەنگی مەحەکە، ئەگەر ئێوە کوردستانیین و کوردتان خۆش دەوێت، هەموو کوردی پارچەکانی کوردستان وەکو یەک سەیر بکەن و خۆشتان بوێن! ئەمەی ئیوە خۆشەویستی نییە بۆ کوردی باشوور.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە