گەشتە تەندروستیەکەی" نەوشیروان و مەسعود و تاڵەبانی و بێدەنگی خەڵک

Wednesday, 14/09/2016, 13:09

5447 بینراوە


لە ماوەی ٢٥ ساڵ حوکمڕانی کورددا لەو هەرێمە داگیرکراوەدا، دەسەڵاتی پارتیی و یەکێتیی و حیزبەکانی دیکە، وا کۆمەڵگایان شێواند، کە بە دەیان شێوە لە کلتوری سەیر و سەمەرە سەری هەڵداوە، درێژ بۆتەوە بۆ ناو تەواویی کۆمەڵگای کوردی لە باشوور، هەر لەوەی جاش و خۆفرۆش و فایدارەکان بوونە بەرپرس و مەکتەب سیاسی، تادەگات بە خاوەن کۆمپانیا، باخ، شاخ، گرد، ڕیستۆران، هۆتێل، پڕۆژەی تری سەقەت، پێشينگای پاس، ئۆتۆمۆبێل، هەموو شتێک و مۆڵەکان کە مایەی هیچە بۆ هەمووان، هەروەها باڵەخانەی شوشەبەندکراو تەنانەت بازرگانی تلیاک، بردنی نەوتی قاچاغ و بازرگانی تر لەگەڵ دەولەتە داگیرکەرەکانی تردا بۆ خاتری دەسکەوتی زیاتر.
ئەوەتانێ شاڵاوی عەلی عەسکەری، کوڕە فایلدارەکە دەڵێت : "مەکتەب سیاسیمان هەیە ١٠٠ملیۆن دۆلاری لایە ...!
لە سەرو هەموویانەوە سەفەری تەندروستی سیاسییەکانە بۆ کۆنتڕۆڵکردنی مانگانە و ساڵانەی خۆیان، تا زیاتر بژین و زیاتر ئەو میللەتە لە نەهامەتی هەڵکێشن .
سەمەرە لەوەدایە ئەوەی بە خوێی چێشت بەو بەرپرسە سەرسەریی و خوێڕیانە بگات ناچێتە خەستەخانەنی شار و گوندو قەزاکان، گەر بچن ئەوە وەک کوڕەکەی "مەلا بەختیار: دەچن دەستدرێژی دەکەنە سەر دکتۆرەکان وهەڕەشيیان لێدەکەن .
پرسیارەکە لێرەدا ئەوەیە، داخۆ بۆچی هەموو سەرە کۆڵانێک عیادەیەکی لێکراوەتەوە، چونکە بازرگانی دەرمانەکان "فازیڵ میرانی " ڕەوشت بەرزو کۆسرەت ڕەسوڵی سیاسی دەیکەن لە ڕێگەی ئەولادەکانیانەوە کە مافیاکانی ئەم بازرگانییە گیان و چاوی خەڵک کوێری دەکەن و دەمانکوژن و کەسێک نایەتە وەڵام وەک شتێکی زۆر بێبەها ووندەبن . کۆسرەت و فازیل جگە لە بازرگانی هەمان ژمارەی بۆیاخیش بۆ سەرو سمێڵیان بەکاردەهێنن، کە لەپێڵاوی باتە ڕەشترە .
 کاک" تەها هەڵەدنی" راست دەکات دەڵێ:" هەموو ماڵێک زەرفێک داو دەرمانیان لە ماڵەوە هەڵواسیوە"، چونکە لە ماوەی ئەم ٢٥ساڵەدا دەسەڵاتی کوردی، بە خۆراکی ماوەبەسەرچو ژینگەی پیس هەموومانیان نەخۆش و سەرگەردان کردووە.
 بۆچی بەرپرسەکان بەشەڕانگێز و ووڵاتفرۆش و خائین و جاسوس و ترسنۆک و سەرکردەی سادەشەوە خۆیان ناخەنە بەردەست دکتۆرە خۆماڵییەکان ؟ تەنانەت خاوەن خەستەخانەکانیش لەنمونەی وەک "فاروق مەلامستەفا"ش دەچێتە لەندەن بۆ نەشتەرگەریی دڵی مردووی و بەعسیشی . کەواتە ئەم ماستە موویەکی تێدایە ؟
 بەردەوام خەستەخانە و عیادە و دکتۆرو دەرمانفرۆش، تەنانەت حەبفرۆشی سەر شەقامەکانی بەر مزگەوتی گەورە و بازاڕی شێخولاش جمەی دێت لە خەڵکی نەخۆش و پەککەوتە و قاچ براو، گیان تێک شکاو داودەرمان وەک خۆراک ڕەواجی هەیە.
 من کەسانێک دەناسم ماوەیەک وویستیان دەرمان بێنن سەدان ڕێگەیان گرتەبەر و پارەیەکی زۆریشیان خەرج کرد بەڵام سەرئەنجام ویستیان لە ڕێگەی کوڕی کۆسرەتەوە دەروازەیەکیان بۆ بکرێتەوە، لە وەلامدا کوڕەی کۆسرەت ووتبووی نابێت کەسی تر بازرگانی دەرمان بکات، چونکە لەدوای نەوت دەرمان گەورەترین بازرگانییە دەبێت لە ژێرکۆترۆڵی خۆماندا بێت.
 داخۆ ئەمانە بەچ پارەیەک ئاوا دەتوانن سەردانی دەرەوەی ووڵات بکەن و لە خەستەخەنە گرانبەهاکاندا خۆیان ببینەوە بۆ چارەسەرکردنی نەخۆشیەکانی خۆیان ؟
تاڵەبانی دووساڵ لەخەستەخانەیەک مایەوە، مەسعود دانی ئێشا چەند مانگێک خۆی بزرکرد ئێستاش چاوە زەقەکانی نەشتەرگەریی کردوە، کۆسرەت ماوەیەک لە ئەمەریکاو ماوەیەکیش لە ووڵاتی سوئید بوو کە لە ڕاپۆرتێکدا تێچونی پارەکەی لەلایەن کوردستانپۆستەوە دیاریکرا .
ئێستاش نەوشیروان بەرلەماوەیەک شەش مانگ و شەش رۆژ وەکو پارتیی بۆی ژماردبوو، لەئەلمانیا و بەریتانیابوو ئێستاش لە لەندەن هەم چارەسەر وەردەگرێ هەم کەبابی گران بەها دەخوا و سمیناریش دەکات، بەڵام کەس لێی ناپرسێ ئەی بۆ چارەسەر لە خەستەخانەکانی کوردستان وەرناگری؟
 گەر بەراوردێک بکەین لە نێوان بەعسییەکان و دەسەڵاتی کوردیدا، کە من زیاتر بنێشتی کوردیم بیردێتەوە باسیان دەکەم، دەبینین بۆ تاکە جارێک چییە نەمان بیست وەزیرێک گزیر و ئەمنێک ئیستخباراتێکی دەسەڵاتدارێکی بەعس ڕوولە دەرەوە بکات بۆ چارەسەر، تەنانەت کوڕی دیکتاتۆرەکەش کە خەڵتانی خوێن کرا لەبەغداد چارەیان کرد نەیان بردە دەرەوە. سەمەرە لەوەدابوو لەکاتی دەسەڵاتی بەعسییەکاندا دووجار جەنگی کرد، جارێک لەگەڵ ئێران کە ٨ ساڵی خایان، دوایش لە داگیرکردنی کوێت، کە ماوەیەکی زۆر هەموو جۆرێک بایکۆتێک کرابووە سەر عێراق، بەڵام بەعسییەکان نەچونە دەرەوە بۆچارەسەروەرگرتن .
 دەسەڵاتدارانی کورد بە ئیسلامیی و هەموو جۆرەکانیانەوە بۆ هەڵامەتێک دەچنە دەرەوە و پارە ی دزیی لەڕێگەی چارەسەری خۆیاندا خەرج دەکەن . 
 تاقەتمان لەوەش چووە پرسیار لە خەڵک بکەین بۆچی بێدەنگن لەو دیاردەیە ؟ چونکە بێدەنگی باشترین ڕێگەیە کە ئاسودەی بچنیتەوە .

وەزیری ئەوقاف (د. پشتیوان سادق) لەگەڵ (د. شێخ جنۆکە)، بۆ نەخۆشیی باداریی، ئاوی لە پێڵاوی ئەم شێخەدا خواردەوە

پشتیوان سادقێک دەچێتە خزمەت شێخ و مەلایەک، ئەو وێنەیە دەگرێت، دەیەوەێت بە خەڵکی بڵێت، ئەگەر داو و دەرمان چارەی نەکردن وەرن بۆ لای ئەم شێخە و لە پێڵاوەکانییدا قومێک ئاو بخۆنەوە، تا خوا شەفاعەتتان بۆ بهێنێت و چاک ببنەوە.
 بەیانیەکیان لە فڕۆکەخانەی سلێمانی بووم لەو کاتەی فڕۆکەیەک نیشتەوە و سەرنشینەکانی داگرت، بەردەمی فڕۆکەخانەکە پڕبوو لە خەڵکی عەشرەتێک هەموویان توڕە و تۆزن بوون، شەقامەکەیان تەنی بوو، بە خەڵکییدا هەڵدەشاخان و چەکیان پێ بوو، ووتم: ئەوە چییە، چی ڕوویداوە، بۆ ڕێگەکە چۆڵناکەن؟ سەیرم کرد لاشەی تەرەسێکی کۆنە جاشێکیان هێنابووەوە، کە بەنەخۆشی مردبوو، پارەی دزینی دنیای شۆفڵ و دارتەلی کارەبایان تێدا خەرج کردبوو، قەوم و قیلەکەی لە خەڵک مۆڕ دەبوونەوە. خۆکابرای سەرەک جاش دوا کەس نییە، ئەوەتا دوێنێ بوو شاعیری گەورەی گەلەکەمان شێرکۆ بێکەس کە هەمیشە هۆنراوەی بۆ نیشتمان دەوت: " ئێستا کچێ نیشتمانمە" ئەویش نیشتیمانی جێ هێشتوو و بۆچارەسەر چوو تا مردنی دەرەوەی نیشتیمان هەڵبژێرێت و دوایش لەباخچە داماوەکەی ئازادی جێگەیەکیشی داگیرکرد و بۆیان کردە مەزاری خۆی.
ئێمە هەموومان قوربانی دەستی ئەم دەسەڵاتەین، قوربانی عەقڵی نووسەر و روناکبیرە خۆفرۆشەکانی ئەم وڵاتەن، هەرچۆنێک بێت ئەم دەسەڵاتە ڕۆژێک دەبێت هەرەس بێنێت، بەڵام زۆر خەمە ئەولادەکانی ئەمانە بێنەوە سەرخەت، وەک چۆن مەلامستەفای ترسنۆک ئاشبەتاڵی کرد ئەولادەکانی جێگەیان گرتەوە. 
ئەگەر ئەوان بەردەوام بن لە گەشتە تەندروستییەکانیان و حەج و عەمرە و سەفەرەکانیان بۆ ئەوروپاو جیهان، ئیتر کاتی ئەوەهاتوە خەستەخانەو عیادەکان کڵۆم بدەن با ئێمە بگەڕێنەوە بۆ لای عەلی کەڵەک و مەلاو شێخە تڕۆکانی کە وەزیری ئەوقاف بۆ چارەسەر لەپێڵاوەکانی شێخەکاندا ئاوی خواردوە و ئێستاش بەمامۆستاکان دەڵێ بڕۆن ئیشی تر بدۆزنەوە.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە