نادیە موراد ... لە تراژیدیاوە بۆ باڵیۆز

Wednesday, 28/09/2016, 20:55

3237 بینراوە


ئەوەی وایکرد نادیە موراد، کچە کوردی یەزیدی،دەستنیشان بکرێت وەک باڵیۆزی نیازپاکی نەتەوە یەکگرتوەکان بۆ شكۆی ڕزگاربووانی بازرگانی بەمرۆڤەوەوهەروەها ببێتە کاندید بۆ خەڵاتی نۆبڵی ئاشتی، ئازایەتی وبوێرییەکەیەتی.  لەچاوپێکەوتنەکەی لەگەڵ شارلۆت ئالتە،کە لە بارەی کلتور وسیاسەتەوە لەشاری نیویۆرک بۆ تایم ئەنوسێت،نادیە ئاماژە بەوە دەکات کە لەوپەڕی ئازار ونەهامەتیدا وەک کۆیلەیەکی ژێر دەستی چەکدارانی داعش، هەرگیز بیری لەوە نەکردۆتەوە خۆی بکوژێت.  نادیە ژیانی خۆشدەویست، لەبری بژاردەی مردن، خەونی بە ئازادییەوە دەدیت.  پاش ئەوەی لە ئۆگەستی 2014 ەوە لە گوندی کۆجۆ لەگەڵ چەندان کچ وژنی دیکەدا، نادیە کەوتە دەست چەکدارانی داعش و لەهەمان رۆژی دەستگیرکردنەکەیدا لەلایەن چەکدارانی داعشەوە دایکی وبراکانی کوژران.  دوای چەشتنی ئازارێکی زۆری دەرونی وجەستەیی بۆ ماوەی سێ مانگ، نادیە ئازایانە هەڵهات وخۆی گەیاندە ناوچە ئارامەکان. 
گێڕانەوەکانی نادیە چیرۆکی دڵهەژێن وتراژدیین.  لەچاوپێکەوتنەکەی لەگەڵ نادیەدا، شارلۆت ئالتە، ئاماژە بەوە دەکات کە لەخەلافەتەکەی داعشدا، نەک هەر بەکۆیلەکردن شتێکی ئاسایی وبەدامەزراوەییکراوە، بەڵکو چەکدارانی داعش هاندەدرێن بۆ دەستدرێژی رێکخراو بۆسەر ژنانی ناموسوڵمان. بەجۆرێک کە بە وتەی رزگاربوان، چەکدارانی داعش لەوباوەڕەدان کە ئەگەر بێتو هەر ژنێک لەلایەن دە موسڵمانەوە دەستدرێژی بکرێتەسەر، ئەوا ئەو ژنە دەبێتە موسڵمان. گۆڕینی دین بەزۆرەملێ ولەڕێی لاقەکردنەوە یەکێکی ترە لەو شتە سەرسوڕهێنەرو نامرۆڤانانەی داعش کە جیهانی توشی شۆک کرد.  دڕندایەتی ئەو هێزە تاریکپەرستە هەمو سنورەکانی بەزاندوە کە نادیە لەژێر سایەیدا نەهامەتی زۆریی بینی بەڵام بوێرانە بەرگەی گرت وخۆی رزگار کرد.
پاش هەڵهاتنی، نادیە لە بێدەنگیدا نەگریا، خۆی نەشاردەوە، بەڵکو جەسورانە چیرۆکی بەکۆیلەکردن ودەستدرێژیکردنەسەر خۆی وکچ وژنانی دیکەی بۆ دنیا بەیانکرد.بەمەش وەک شایەتحاڵی چەندان تاوانی کۆمەڵکوژی ودڕندەیی بێسنوری ئەو هێزە تاریکە، بوە جێی بایەخی ناوەندە میدیاییەکانی کوردستان وجیهان.  نادیە دوای هەڵهاتنی، خەمی ژنان وکەمینەکان وزوڵملێکراوانی کردە کۆڵی وکوردستانی بەجێهێشت.  توانی چاوی بە زۆرێك لە سەرۆك و سەركردە دیارەكانی جیھان بكەوێت ودنیای لەباروودۆخی ئێزدییەکان ئاگادارکردەوە وچیرۆکە تراژیدیەکانی زیندەگی ژێر دەستی داعشی وەک دڕەندەترین وترسناکترین هێز بۆ هەموان گێڕایەوە.
ئەو مامەڵە نامرۆڤانانەی دەرهەقی کران نەیانتوانی بیڕوخێنن، بەڵکو وەککەسێتیەکی نوێ بە دنیابینی نوێ وئەزمونێكی جیاوازەوە خۆی بنیاتنا: لە دەستگیرکراوێکی داعشەوە بوە سمبولی ئازایەتی وئازادی، لە کۆیلەیەکەوە بوە سەرکردەیەک، لە ئاوارەیەکەوە بوە رێبەرێک،جیهان هۆشیار ئەکاتەوە لەبارەی رەوشی دژواری ژنان ودەستگیرکراوانی ژێردەستی داعش وداوائەکات هەوڵی جددی بدرێت بۆ رزگارکردنی ئەو رفێندراوانەی تا ئێستاش وەک کۆیلە مامەڵە دەکرێن وچارەنوسیان نادیارە.  هەوڵەکانی نادیە بۆ بەدەستهێنانی هاوسۆزی وپشتیوانی نێودەوڵەتی بۆ کەیسی کارەساتباری یەزیدییەکان پڕسەمەربون، بوونی بە باڵیۆزی نیازپاکی نەتەوە یەکگرتوەکاندەستکەوتێکە هەم بۆ گەلی کورد وهەم بۆ یەزیدیان.
سەرچاوە:

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە