کۆتایی ئەزمونی هەرێمی کوردستان

Thursday, 06/10/2016, 22:18

2904 بینراوە


میللەتی کورد لەرۆژی بونیەوە تائەمرۆ لەخەباتو تێکوشان لەپێناو ئازادی وسەربەخۆییدا نەوەستاوە. بەدرێژایی قۆناغەکانی مێژوو هەمیشە لەشۆڕشو راپەریندا بوە دژ بەداگییرکەرانی.هەزاران هەزار قوربانیشی لەم پێناوەدا بەخشیوە،بەڵام تا ئەمرۆش هیچی بەهیچ نەکردوە،لا یەزال لەهەر چوار پارچەکانیدا ژێردەستی دوژمنی داگییرکەرانیەتی.من هیچ قەناعەتم بەو قسەوە نیە کە دەڵێ هۆکاری جوگرافی وبابەتی وبەرژەوەندی وڵاتە زلهێزەکان لەمپەر بونە لەبەردەم گەشتنی ئەم میللەتە بەسەربەخۆیی، چونکە دەیان میللەت سەربەخۆییان دەستەبەر کردوە کە لەئێمە زۆر کەمترو بچوکتریشن، هەندێکیان سەرباری هۆکارە جیوسیاسییەکانیش توانیویانە سەربەخۆیی بەدەست بینن. نمونەش زۆرن..
گاندی کە رێبەرایەتی شۆرشی میللەتانی هیندستانی کرد دژ بەگەورەترین زلهێزەکانی سەردەمی خۆی کە بەریتانیا عوزما بو،بەبێ تەقە تەنها بە مانگرتن لەخواردنو بەپێ رۆشتنو پشت رووتکردنەوە بۆ قامچییەکانی داگییرکەر توانی کرنوش بەم زلهێزە ببات..شێخەکانی کەنداو کە میللەتەکانیان بەقەدەر دانیشتوانی ناحییەکی کوردستان نابن لەساڵانی شەستو حەفتاکاندا بەسیاسەت توانییان یەکلەدوای یەک دەوڵەتی سەربەخۆی خۆیان دامەزرێنن..ئەگەر سەیری نەخشەی ئەوروپا بکەیت چەندین دەوڵەت هەن کەسنوری دەریاییان نیە، بەڵام توانیویانە لەسەر سنوری وشکانی تەوقدراودا دەوڵەتی خۆیان دامەزرێنن.. کەواتە کێشەو ئەندیشەی کورد هیچ پەیوەندییەکی بە هۆکارە جوگرافیەکانەوە نیە، تەنها کیشەکە عەقڵییەتی سیاسیو رێبەرەکانیەتی نەیتوانیوە خۆی لەگەل هەلومەرجی نێودەوڵەتی بگونجێنێ، بەتایبەت زۆربەی سەرکرده کانی شۆرشی کورد یا ریبه ری ئایینی یا خێڵەکی یا بنەماڵەیی بونە.ئەمانەش بەگشتی ئەوەندەی لەبەرژەوەندی ئایینو خێڵو بنەماڵەکانیان سواری پشتی شۆرشو راپەڕینەکان بونە، ئەوەندە عەقڵیان بەسیاسەتدا نەشکاوە.زۆربەی ئەمانەش یا کرێگرتەی بێگانە یا دەسکەلای وڵاتەکانی دەوروبەر بون.
لەدوای راپەڕینی بەهاری 1991 بۆ یەکەمجار لەمێژوی کوردا جۆرێک لەسەربەخۆیی سیاسی وئیداری بۆ کورد هاتە کایەوە. هەندێ کەس وای لێکدەدەنەوە گوایە ئەوەی هاتەدەست نیمچە سەربەخۆییەک بوە لەئیدارەدا، بەڵام من پێموایە سەربەخۆییەکی تەواو بوە،خۆ هیچکات رژێمی بەعس بەدرێژایی ساڵانی ئەزمونی هەرێمی کوردستان نەیتوانیوە دەست بخاتە ناو کاروباری ئیدارەی هەرێمەوە. دوای دامەزراندنی پەرلەمانی کوردستانیش هەرێم یاسای تایبەتی بەخۆی هەبوە. هیچکات حکومەتی بەغدا نەیتوانیوە تەداخول لەکاروباری حکومەتی هەرێمدا بکات لەروی تەشریعیو تەنفیزیدا، ئەوەی هەبوە تەنها هەڕەشەی عەسکەری بوە کە جاروبار لەپشتی هێزەکانی هاوپایمانان دژ بە هەرێم بەکار ئەهێنرا، جیا لەمە ئیدارەو بەرێوەبردنی هەریم هەمیشە سەربەخۆ بوە.
دوای روخانی رژێمی سەدام فرسەتێکی زێرین بۆ میللەتی کورد رەخسا بۆ ئەوەی سەربەخۆیی خۆی رابگەیەنێ ونەجاتی بێت لە داگیرکاری،بەڵام لەمەشدا سەرکردایەتی کورد راکەراکە رۆشتنە بەغداو بەشدارییەکی کاریگەریان کرد لەنوسینەوەی دەستور بۆ ولاتە داگییرکەرەکەو چونە ناو پرۆسەی سیاسی لەعیراقی عەرەبدا ئەویش لەپێناو وەرگرتنی هەندێ ئیمتیازاتی پارەو پۆست وپایە کە هەموشیان دەرکەوت کارتۆنی بون.سەرکردایەتی کورد ئەوەندەی پەرۆشی پۆستو پایەکانی بەغدا بو، ئەوەندە مشوری کێشەی نەتەوایەتیو خاکەکەی نەبو، ئەبینین حزبێکی گەورەی وەکو پارتی کە لەم رۆژانەدا حەربێکی گەورەی لەسەر لابردنی هوشیار زێباری لەپۆستی وەزارەتەکەی بەرپاکرد، بەروبعی ئەوە کاتی خۆی شەڕی لەسەر مادەی 140 نەکرد کە کورد دایرشتبو.بەمەش بەشێکی زۆری خاکەکەمان تا ئەمرۆش لەژێر دەستی داگییرکەردا ماوەتەوە، هوشیار زێباریش لەپۆستەکەی دەرکرا.هەمیشە ئەولویەتی سەرکردایەتی کورد ورێبەرانی پۆستو پارەو دەسەڵات بوە، هەر کاتێکیش فشاری سیاسی یا جەماوەرییان بێتە سەر ئەوسا بۆ یاریکردن بە عاتیفەی خەلکەوە باسی چارەی خۆنوسینو سەربەخۆیی ئەکەن.
دوای ئەو هەڵمەتە چڕوپڕەی ئیعلانی سەربەخۆیی ودامەزراندنی دەوڵەتی کوردی، ئێستا گەڕاینەوە سەر چوار گۆشەی یەکەم.بەهۆی ئەم سیاسەتە هەڵانەی سەرکردایەتی کورد خەریکە ئەگەڕێینەوە باوەشی داگییرکەر..
1- فەشەلی سیاسەتی بەرێوەبردنی هەرێم بە سیغەی فیفتی فیفتی.
2- فەشەلی پێکەوە هەڵکردنی سیاسیو ژیانی هاوبەشی لەنێوان هێزە سیاسیەکان( نمونە، شەڕی براکوژی ناوەراستی نەوەدەکان).
3-فەشەلی ئیدارەی حکومەتی یەکگرتو لەهەرێمدا(نمونە، مانەوەی ئاسەواری دوو ئیدارەیی لەکوردستان تا ئەمرۆ).
4-فەشەلی ئیدارەی حکومەتی بنکەفراوانی حزبەکان(نمونە،دەرکردنی وەزیرەکانی گۆران).
5-فەشەلی سیاسەتی پەیوەندییەکانی دەرەوە(نمونە، تاکڕەویی پارتی لەدۆسیەی پەیوەندیەکانی حکومەتی هەرێم).
6-فەشەلی سیاسەتی بەرێوەبردنی پەیوەندییە نەتەوەییەکان(نمونە، دژایەتیکردنی پەکەکەو پەیەدە وبون بە بەشێک لەئەجیندای دوژمنانی کورد).
7- فەشەلی سیاسەتی بەرێوەبردنی پەیوەندییە ناوخۆییەکان( نمونە، کێشەو قەیرانەکانی ئێستای نێوان حزبەکانی کوردستان ودابەشبونیان بۆ دو بەرەی جیاواز).
8- فەشەلی سیاسەتی ئابوری( نمونە، شکستهێنانی سیاسەتی سەربەخۆی نەوت).
9-فەشەلی پرۆسەی دیموکراسی بەگشتی (نمونە، پەکخستنی پەرلەمانو ئیفلیجکردنی حکومەتی هەرێم).
ئەم هەمو شکستانە  بەگشتی وایان لەسەرکردایەتی کورد کردوە جارێکیتر خۆیان بخەنەوە باوەشی بەغدا. ئێستا باسێکی گەرم هەیە لەسەر گەرانەوەی بودجەی هەرێم لەسەر ئەساسی پارێزگاکان،واتە پارێزگاکانی هەرێم ئەبنەوە بەبەشێک لە پارێزگاکانی عیراقو بەمشێوەیەش مامەڵەیان لەگەڵدا ئەکرێت، بەواتایەکی روونتر کۆتاییهێنان بەو قەوارە سەربەخۆییەی ناوی هەرێمی کوردستانە، چونکە کاتێک هەر پارێزگایەک بودجەی خۆی لەبەغدا وەربگرێت مانای وایە بوەتە بەشێک لەعیراقو هیچ کارێکی بەحکومەتی هەرێمەوە نامێنێ، خۆ ئێستا بەفیعلی بەحوکمی بونی دو زۆنی سەوزو زەرد زۆربەی بریارەکانی حکومەتی هەرێم لەمدو زۆنەدا حیسابیان بۆ ناکرێ، ئەگەر مەسەلەی پارەو موچەکەش نەمێنی هیچکام لەم زۆنانانە پێویستیان بەویتر نامێنێ، کەواتە ئەمە کۆتایی ئەزمونی حوکمرانی هەرێمی کوردستانە.دوا بزماریشە لەجەستەی مردویی تەبایی ویەکریزی کورد.
کێشەی سەرەکی میللەتی کورد هەمیشە سەرکردایەتیەکەی بوە، تا ئەمرۆش نوخبەیەکی سیاسی دەقگرتو بەناوی شەرعییەتی شۆڕشگێڕییەوە حوکمی ئەم میللەتە ئەکەن،ئەگەرچی سیاسی باشو لێهاتوی تیا هەڵکەوتوە، بەڵام هەمیشە تای تەرازوو بەلای سەرکردایەتیە عەشایەریو خێڵەکیو بنەماڵەییەکەوە بوە، بۆیە ئەوانیش فرسەتێکیان نەدراوەتێ کار بۆ گۆڕینی ئەم سیستەمە خێڵەکیو بنەماڵەییە بکەن. مام جەلال زیاتر لەپەنجا ساڵ هەوڵیدا ئەم سیستەمی حوکمی خێڵەکی لەکوردستان بگۆڕێ، کاک نەوشیروانیش 25 ساڵە لەهەمان خەمدایە،بەڵام هەندێ جار لەترسی شەڕی براکوژی بێدەنگیان کردوە،هەندێجاریش بەحوکمی گێلی وکاڵفامی میللەتەکەوە کە لەهەڵبژاردنەکاندا بەعاتیفە دەنگیان داوە نەوەک بە عەقڵو وردبونەوە لەبەرنامە سیاسییەکان، بەمەش سیستەمە خێڵەکییەکە درێژەی پێدراوە.
ئەم تاقمەی ئێستا حوکمی کوردستان ئەکەن شکستی خۆیان و سیستمەکەشیان سەلماند،ئەو پارەیەی لەداهاتەکانی نەوتدا دەستیان ئەکەوت نەیانتوانی روبعە موچەیەکیشی پێبدەن،قەناعەتم وایە ئەگەر داهاتی هەمو وڵاتانی رێکخراوی ئۆپێکیشیان لەبەر دەستتدا بێ دیسان ناتوانن روبعە موچەکەش بدەن چونکە تاقمەکە تاقمێکی گەندەڵو بەرژەوەندخوازەو لەخەمی میللەتدا نیە،ئەگەر سەیری وڵاتێکی وەکو ئیمارات بکەین،  ئەبینین لەماوەی تەنها 10 ساڵدا هەر بەپارەی نەوتەکەشیان توانیان ولاتێکی بیابانی خۆیان بکەن بەمەرکزی تیجارەو وەبەرهێنانی جیهانی کە هەمو دونیا روی تێدەکەن.لای خۆشمان بە پارەی 18 ملیۆن بەرمیل نەوتی مانگانەش میللەتەکەمان نان نیە بیخوات، تەنانەت یەک بەرمیلە نەوتی سپیشیان پێڕەوا نابینریت لەسەرماو سۆڵەی زستانی کوردستاندا!!..
 بۆیە کورد ئەگەر بیەوێ ببێتە خاوەن رێبەرایەتییەکی راستەقینەو دڵسۆزو خەمخوری میللەت ئەبێ خۆی موبادەرەی ئەوە بکات واقیعەکە بگۆڕێ، ئەویش نەک لەرێگای توندوتیژیو کودەتاو هەڵگەڕانەوە،بەڵکو لەرێگای دەنگی هەڵبژاردنەوە.. ئێستا کاتی ئەوە هاتوە پەلەبکرێ لەسازدانی هەڵبژاردنێکی پێشوەختە بۆ گۆڕینی ئەم واقیعە تاڵە بەر لەوەی ئەم ئەزمونەی دەیان هەزار قوربانیمان بۆ داوە لەکییسمان بچێ وجارێکی بکەوینەوە ژێردەستی دوژمنانەوە.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە