ئەگەر بارزانی عێراقی نەبێ دەبێتەوە پەناهەدە لە تەلئەبیب

Friday, 07/10/2016, 15:43

4264 بینراوە


سەرۆکی سەنتەری دۆستایەتی کوردی روسی لە مۆسکۆ
داعش لە هێرشەکانی بۆ سەر کوردستان، چەندە زیانی بە کورد گەیاندوە، هێندەش لە ئاکامی کار و تاوانەکانی دژ بە گەلی کوردستان، زەمینەسازی بۆ ناساندنی دۆزەکەی بە دونیا کردوە. لە کێشەیەکی نەتەوەیی و مافی ئازادیی ناو چەند وڵاتێک، بکرێتە دۆزێکی نیشتیمانێکی بندەستی چوار وڵات، لە راستیدا ئەو نەخشەیەی کە داعش بۆ "ولایەتی کوردستانی" نەخشاندوە زۆر زۆرترە لەو نەخشەی بارزانی و تاڵەبانی کە لە سەر سنوری سەربیلی زەهاو و کرمانشان هێوەتر ناڕوا.
سەرکردە کوردەکان کە ٧٦ ساڵە کوردایەتیمان بەسەردا دەفرۆشن و دروشمی "کوردستان یان نەمان"یان بەرزکردۆتەوە، وەکو کابرایەکی پیری دنیادیدە لە کەناڵێکی کوردییدا وتی:"کوردستان"ەکەیان بۆ خۆیان برد و "نەمانە"کەشیان بۆ گەلی کورد هێشتەوە، ئیستاش ئەو ئەو بەشە بچوکەی کە بردیان، بازرگانی بەسەر ئەرد و بن ئەردی دەکەن!؟، زۆر کەس بە گومانەوە دەڵێن ئەو سەرکردانە بە رەچەڵەک کورد نین، منیش بۆ خۆم گەیشتومەتە ئەو بڕوایە، چونکە هیچ کەسێک، تەنانەت دوژمن و داگیرکەرەکانیشمان ئەوەندەی ئەمانە لە دژی کورد کاریان نەکردووە، ئەمانە بۆ دژایەتی بزوتنەوەی نیشتیمانی کوردستانی هاتوون.
 لە کاتێکدا کە سەدام روخا و پۆل بریمەری حاکمی ئەوسای عێراق لە کتێبەکەیدا(ساڵیک لە عێراقم بەسەربردوە) دەیگێڕێتەوە "زۆر دەترسام سەرکردە کوردەکان داوای سەربەخۆیی کوردستانمان لێ بکەن، بەڵام کە هاتن تەنیا داوای پارەیان کرد"، ئەمانە لە شەڕی داعش وەک هێزێکی سەربازی کرێگرتە خۆیان نیشان دەدەن، نەک وەک خاوەن خاک و نەتەوە و دۆزێکی سیاسیی بۆ گەلێکی پەنجا ملیۆنی بێ ماف، لە راستیشدا لە کوردستاندا لایەنی لێکدانەوەی سۆزداری زاڵترە لە لێکدانەوەی سیاسی بۆ روداوەکان، بۆیە بە نەزانی کەوتونەتە دوای سەرەخۆرەکەیان نەک فریادرەسی دۆزەکەیان، ئەم  سەرکردە و بەرپرسانە شەو رۆژ، دوژمنەکانمان وەکو راوێژکار پلانیان بۆ دادەنێن لە لایەن لۆبی "ئەرمەنی و ئاشووری و جولەکە "، بۆ ئەوەی بە خوێنی کورد مافی خۆیان لە کوردستان کە" بە خاکی خۆیان دەزانن "، بهێننەوە، ئەوەتا ئەو کلێسایەی لە عێنکاوە کراوەتەوە، بارزانی خۆی دەچێ بۆ کردنەوەی و گرنگی ئیعلامی زۆری پێدەدا، کە بە هیچ روداوێکی دیکە هێندەی گرنگی پێنەداوە، تالەبانی هێندەی بڕیارەکانی ئێران بەجێ دەگەیەنێ، هێندە لە خەمی کوردا نییە و بە سەربەخۆیی کوردستان دەڵێ " خەونی شاعیرانە" ئێستاش بنەمالەکەی دەیەوێ ئەوەی بەخۆیان پێی نەکرایە بە حەشدی شعبی شیعەکان بە بارزانی و پارتی بکات، ئۆجەلان لە زینداندا، تەنزیر بۆ "چارەسەری دیموکراتی" دەکا و بۆ قازانجی ئەرمەنەکان، سەربەخۆیی کوردستان لە بیر کوردان دەباتەوە!، بارزانی تا بۆی کرا بانگەشەی بۆ ریفراندۆم و سەربەخۆیی کوردستان کرد، کەچی لە پڕێکدا سوکانەکەی گۆڕی و بۆ بازرگانیکردن بە نەوتەکەی و خۆ بەستنەوەی بە بازرگانە نەوتیەکانی ئەوروپا و ئەمریکا و تورک، بۆ بەرژەوەندخوازی جولەکە!، لە کاتێکدا شەڕی دژە تیرۆری داعش کە تورکیا ویستی بەکاری بهێنێ دژی کورد، هەر بۆیە ئەگەر بەرەو عێراق بە قاوشانی غاری نەدابوایەوە بەغدا، ئەوا یان بە دەرزیەک وەک بابی سیکوژنەی لێوە دەبڕا، یاخۆد بە هوهاوە لە کوردستان وەدەریان دەنا و دەبوایە هانا بۆ ئیسرائیل ببردایە و لە تەلئەبیبەوە ببێتە پەناهەندەو دوایین ژیانی بەسەر ببا و تەلارێک دروست بکات وەک شاژنەکەی هوزبانی (هێلینا) لە ئورشەلیمەوە بنێژرێت، ئاخر ئەگەر شەڕی داعش نەبا، دۆزی کوردستان ئەو ناسینەی بۆ پەیدا نەدەبوو لەسەر ئاستی جیهان، وڵاتانی ئەوروپیش فیشەکێکی موختارکوژیان نەدەدا بە کورد، لەراستیدا هێرشی داعش، لەگەڵ ئەو هەموو ماڵوێرانیەی بۆ سەر کوردستان، ناسنامەی کوردی بردە پێش و زۆر شتی بە سێ داگیرکەری کوردستان (سوریا و عێراق و ئێران) کرد، کە بە کورد خۆی نەدەکرا، شەڕی داعش بوو باشووری کوردستانی لە عێراقی شیعە جودا کردەوە، داعش دەیەوێ عێراق هەڵوەشێنتەوە، کەچی، بارزانی بازرگانی بەخوێنی پێشمەرگەی بەستەزمان دەکات و دەیەوێ شەڕی داعشیان پێبکا و ئەو پێگە سیاسیەی کە پێی دەگوترێ عێراق، بۆ کورد بەردەوام ژیان لە دۆزەخ دەچێ، لە هەڵوەشانەوە بپارێزێ، ئەگەر عێراقی نەبێ خۆی بە عێراقی نەزانێ، کەس حساب بۆ بارزانی ناکا، داعش بەو هێرشانەی بۆ سەر کوردستان، زەمینەی سازکرد ناوچە کوردستانیەکەی دەرەوەی دەستی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ ژێر دەسەڵاتی کورد بگێڕێتەوە و مادەی ١٤٠دەستوری عیراقی، جێبەجێ بکات، هەر بۆیە پێویستە سنووری کوردستان دەستنیشان بکرێ و دەوڵەتی کوردی دابمەزرێ و خۆپیشاندان و ناڕەزایەتی خەڵکی کوردستان، بۆ دەوڵەت بوون بکرێ، نەک تەنیا بۆ موچە و لوقمە نانێک، لە کاتێکدا بە ملیارات دۆلار بۆ دەرەوە دەچێت و لە دەمی ئەو خەڵکە دەبڕدرێت و دەگیرێتەوە بە ناهەق دەدزرێ و لەسەر حسابی سەرکردەکانی کورد لە بانکەکانی ئەوروپا و شوێنی دیکە دادەنرێت، ئەگەر شەڕی داعش نەبوایە ئەوە دڵسۆز و نا دڵسۆزی حزبە کوردیەکانمان بۆ دەوڵەتی کوردی پێ لێک نەدەکرایەوە، ئەو حزبانەی خەباتیان بە ناو بۆ کورد کردوە نەمان دەتوانی تێبگەین ئەوانە خەباتیان بۆ دزیی و ئاودیوکردنی سەروەت و سامانی کوردستانە، یان بۆ دەوڵەتی کوردییە، بۆیە هەبوونی دەسەڵاتی هەرێم بەو شێوەی ئێستا، لە دژایەتی داعش نییە و نابێ و روخانی ئەو دەسەڵاتە خۆ بەکوردزانە، دەرگای بەسەر دەوڵەتی کوردستانی دەکاتەوە و کۆتایی هێنان بە داعشیش بە هەبوونی ئەو دەسەڵاتە خۆپەرستە، کورد بەرە و ئامێزی سوریا و عێراق دەباتەوە!؟.
لە کۆتاییدا ئەگەر بارزانی عێراقی نەبێ و بە خوێنی پێشمەرگە، داکۆکی لە یەکپارچەیی خاکی عیراق نەکات، ئەوا ئەو رۆل و دەورەی لێ دەسێندرێتەوە و دەبێتەوە پەناهەندە لە تەل ئەبیب.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە