خۆپیشاندان وەیان خۆنمایش کردن

Saturday, 08/10/2016, 20:01

2433 بینراوە


ئەوانەی پێیان وایە داوای پارە لەدز بکەن و دەستکەوتیان هەبێ،وەك ئەوە وایە بەدیار گورگەوە دانیشی چاوەڕێی گۆشتی لێ بکەی.
هاوڵاتیانی باشووری کوردستان بەگشتی و سلێمانی بەتایبەتی ،بەڕۆژی ڕووناك دەسەڵاتی نابەرسی کوردی فەرهودی سامانی ژێر و سەر زەوی کردوەو لەڕێگای تەنکەرەوە ئاودیوی ئێرانیان کردوەو پارەکەشی بە مفتی خستویانەتە ژێر بەرژەوەندی بنەماڵەیەیی و لەو ڕێگایەوە کۆمەڵگایان پێ کۆیلە کردوە و هیچ منەتیان بەبەرژەوەندی گشتی نەبوە. کەچی بەداخەوە،سلێمانی لەجیاتی ئەوەی بێت و گلەیی و توڕەیی خۆی بەیەکیتی و ماڵی برایم ئەحمەد بڕێژێ،دێت و خۆی گێل ئەکاو هەموو ڕەخنەکانی بەرەو پارتی وبنەماڵەی بارزانی دەرئەبڕێ. کەئەمەش تەواو ئەوەمان بۆ دەرئەخا کەوا ئەم خەڵکە چەندە سەرلێشێواو چەواشە بوون کە تا ئێستا نازانن بەتەواوی دوژمنی یەکەمیان کێیە. هەرگیز ئەوە سلێمانی نەبوە بەو ئەندازەیە لەهۆش خۆی چوو بێ و چەپ و ڕاستی خۆی بەباشی لەیەك جیا نەکاتەوە.هەڵبەت،لەمەشدا بزووتنەوەی گۆڕان کارێکی تەواو نەرێنی پیادە ئەکا لەو چەواشەکاری و خۆڵ کردنە چاوی خەڵکەوە. دەنا،بەهەموو پێوەرێك یەکێتی بەرپرسی یەکەمە لەهەموو باشی و خراپەکان لەسنووری سلێمانی و گەرمیان. کەدیارە (باش)و ئاکاری باش هەرگیز لەمان ناوەشێتەوە.
خۆپیشاندان؛ گەر بەخێرایی خۆپیشاندان بناسێنین،ئەوا ئەتوانین بڵێین ئامانجێك هەیە بۆ ئەو کارەو لانی کەم هەندێ لەو داواکاریانەی خۆپیشاندەران جێبەجێ ئەکرێن. هەندێک لەو داواکاریانە لەماوەیەکی خێراو کتوپڕدا ئەبێ ببینرێ و هەندێکی تری،ڕەنگە لە ماوەو قۆناغێکی تردا وەدەست بێن. خۆپیشاندان پێشوەختە کارو پلانی بۆ دانراوەو سووربوون لەسەر داواکاریەکان مەرجی یەکەم و کۆتایی ئەو کەسانەن کە ڕژاونەتە نێو شەقامەکان .
خۆنمایشکردن؛بەداخەوە ئەوەی لەسلێمانی و گەرمیان تا ئەم کاتە بەڕێوە چوە تەنها خۆنمایش کردن بوە. خەڵکەکان هەر یەکەو لە ئاوازێك ئەخوێنێ و هەر دەستەو گروپێك لەلایەن لایەنەێکی دەسەڵاتەوە نێردراوون. زۆر بەکەمی ئامانجی ئەو جۆرە لەخۆنمایشکردنە ئەوەیە کە هاتونەتە سەر شەقام بۆی. زۆربەی جار خەڵکەکان ئەوەندەی خۆیان بە ڕوخسارو جل وبەرگەوە خەریك کردوە،هیچ کات خۆیان بۆ بەرنامەیەکی سیاسی دیاری کراو ئامادە نەکردوە. ئەم جۆرە خۆپیشاندانەی کوردستان هیچی لەو جۆرە پیاسانەی ئیوارانی شەقامی سالم و تووی مەلیك جیاواز تر نیە. هەر بۆ نمونە خەڵکی دژی نەبوونی مووچە هاتونەتە  دەرەوەی ماڵەکانیان،کەئەمە لە زۆربەی کات و لەزۆربەی ووڵاتاندا خەڵکی تەنها بۆ چاکردن و زیادکردنی مووچە خۆپیشاندان ئەکەن،نەوەك بۆ ئەوەی مووچەیان بدەنێ. خۆی ڕاستیەکەی ئەوەیە ،خەڵکی سلێمانی و گەرمیان ئەبوایە لەدژی نەدانی مووچەیان ، ڕاپەڕینی چەکداریان دژ بەو دەسەڵاتە نابەرپرسانە بکردایە کە بەئاشکرا پارەکەیان ئەدزن.
خۆپیشاندانی خەڵکی سلێمانی و گەرمیان ئەبوایە بۆ گۆڕینی دەسەڵات بوایە و ئامانجێکی ڕامیاری لەپشتەوە بێ. لەبەرئەوەی تا دەسەڵاتێکی شارستانی و دامەزراوەیەکی وات نەبێ مەحاڵە بتوانی داوای هیچ شتێك بکەی و بۆت جێبەجێ بکرێ. خەڵکی بۆ ئەمەش پێوستە پێش ئەوەی داوای مووچەو چاککردنی باری ئابووریان بکەن،پێوستە فشار بخەنە سەر گشت ئەو بەناو حزب و پارت و بزووتنەوەو ڕێکخراوە ڕامیاریانەی کەبوونیان لەو شوێنانە هەیە. پێوستە خەڵکی جیاوازی لەنیوان یەکێتی،گۆڕان،ئیسلامیەکان وشیوعی و سۆشیالیست ناکا،ئەمانە هەموویان پێکەوە بەرژەوەندی یەکتری ئەپاریزن و لەیەك قاپ و مەنجەڵا نان ئەخۆن.جەماوەر پێوستە داوای کشانەوەی هێزو کاریگەری هەریەك لە ئێران و تورکیا لە دەسەڵات بکەن و بەمەش پشتیوانی زیاتر پیك دێنن و دۆزەکەیان ئەبێتە گشتگیرو هەموان بەشدار ئەبن تیایدا. بەڵام کاتێك تەنها داوای مووچە ئەکرێ،ئەوا چەندین توێژو چینی تر هەن بەشداری ناکەن و بەهی خۆیانی نازانن.
ئەم دەسەڵاتەی هەیە ئەوڕۆ دەسەڵاتێکی خوێڕی و مافیاییە و هیچ بنەمایەکی کوردایەتی و ڕامیاری نیەو پێوستە ئەم خەڵکە بیر لەگۆڕینی بکاتەوە،نەك داوای پارەو مووچەی لێبکەی. سەرکردەو بەرپرسانی ئەم کۆمەڵە گەلە گورگە برسیانە ناکرێ خۆتیان بدەیتە دەست و چاوەڕێی ئەوەیان لێبکەی نەتخۆن. ئەمانە تەنها و تەنها لەڕێگای شۆڕش و چەك و ڕاپەڕینەوە نەبێ،ناتوانرێ یەك فلسی سووریان لێ هەڵبکڕێنی.
بەندە پێم وا بوە لەڕابردوودا کە تاکە ڕێگا بۆ لەناوبردنی پارتی و بنەماڵەی بارزانی لە ڕێگای مەڵبەندی ١ یەکیتیەوە دەست پێنەکا،مەحاڵە هیچ گۆڕانکاری لەو ناوچەیەدا ڕووبدا. یەکێتی و هەموو پارت و ڕێکخراوەکانی سلێمانی و گەرمیان تەنها پردێکن و پارتی بەسەریاندا گوزەر ئەکا. بۆ ئەوەی پارتی ئەو پردەی نەمێنێ،ئەوا پێوستە ئەو پردە بڕووخێنرێ وپاشان پارتی و بنەماڵەی بارزانی خۆیان وەك بەفری بەهار ئەتوێنەوە.
کەواتە پوختەی باس ئەوەیە پێوستە خەڵك و جەماوەر داواکانیان بکەنە داوای ڕامیاری و گۆڕینی ئەم دەسەڵاتە تاکە ئامانجیان بێ،دەنا لەوە کەمتر داواکاریان هیچی لێ سەوز نابێ . 
بەشەکان

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە