بارزانی دبێژێت نەوتی کوردستان ماڵی بابۆیە

Wednesday, 12/10/2016, 10:31

28835 بینراوە


ئەوێ رۆژێ لە کەناڵێكی تیڤی روو زەرددا خەڵکی فەقیرو هەژارم دەدی شتومەکی خۆیان دەبردە بازاڕ و هەرزانفرۆشیان دەکردو بەو پارەیە خۆراك و پێداویستییان پێ دەکڕی، لە دڵی خۆدا گۆتم باشە لۆ ئەو خەڵکە ئەو زوڵمە قبوڵ دەکەن و هەر ملیان کەچە لۆ هەموو قەرارو قەیرانێك و ناوێرن فززە بکەن؟! رەنگە بترسن گەر قسە بکەن تاوانێکی وەك ئەوەی تەقینەوەکەی کەناڵی ڕووداویان بدرێتە پاڵ و بهێنرێنە سەر کەناڵەکان و بە تاوانبار بناسرێن، یان کوشتنی رۆژنامەنووس وەدات حوسێن بدرێتە پاڵیان و بە پێی یاسای غابات سزا بدرێن و بە خوێنی سارد بکوژرێن، یان کوشتنی فەرەیدون جوانڕۆیی و زەهرخواردنکردنی فەلەکەدین کاکەییان بۆ دەهۆنرێتەوەو تا ماون لە زینداندا دەبێت بناڵێنن، وەك ئەو سیناریۆیەی بە پلانی میتی تورکی بازاڕی چەکی زاخۆیان تەقاندەوەو دوو بێ تاوانیان لەسەری لە زینداندا توند کرد.. 
لە لایەکی ترەوە عەبادی دەڵێت من موچەی هەموو فەرمانبەرانی کوردستان دابین دەکەم بەس مەلەفی نەوتم تەسلیم بکەنەوە، کە کەس نازانێت چی و چۆن دەڕوات و داهاتی چەندەو چی لێدێت؟ ئەمە شتێکە چەندان جار بیستوومانە، کەچی بنەماڵەی بارزانی ئامادەن نەوتی کوردستان بدزن و قەد تێر نابن و لە بەرامبەریشدا هەموو میللەت بووە بە قوربانی ئەم چاوچنۆکی و خیانەت و چەتەییە و کەچی قەڵەم بەدەستە مەسینە هەڵگرەکانیش تاوانەکان بۆ بنەماڵەی بارزانی وەك عەبد سبوغ دەکەن و بۆیان دەڕازێننەوەو بە ئیعلانی دەوڵەتی کوردی هەموو خەڵکی نەخوێندەواریان هەڵخەڵەتاندوون، ٢٢٤٤ بە ناو ڕۆشنبیری میللەت فرۆش ئامادەن بۆ بەرژەوەندی گیرفانیان هەموو عیلم و ئەدەب و ویژدان بفرۆشن و خۆشیان بە ئەفڵاتۆن ناگۆڕنەوە!
گەروی بارزانی لە تورکیایە، لۆ ٥٠ ساڵ نەوتی کوردستان دەبێت مۆنۆپۆلی بنەماڵەی بارزانی و سوپای تورکیا بێت، ئەگینا جینڕاڵێکی تورك دەنێرنە سەری ڕەش و فەلاقەی بارزانی دەکات لەوێندەرێ، وەك بروسك یەڵدرم ئەم واقیعەیەی گێڕاوەتەوەو لە رابردوودا رووی داوە، کەواتە زۆر تێنەگەشتوویی و ساویلکەییە بگوترێت بارزانی ئۆردگانیزمە، بەڵکو زۆر لە پێش ئەردۆگانیشەوە بارزانی ئەڵقە لە گوێی جەندرمەکانی تورک بووەو هەر کەس بچێتە سەر حوکم لە تورکیا دەبێتە ئاغای سەری ڕەش، ٢٠ ساڵ پێش ئێستا و ئەو کاتەی بە دەرکردنی ئۆجەلان لە لایەن رووسیاو سووریاوەو پاشان بە پلانی مۆساد و بلند ئەجاوید دەستگیر کرا، لە سەرجەم ناوچەکانی بن دەستی پارتی دا کرا بە ئاهەنگ و چەپڵە لێدان، یەکەم جەنگی ناوخۆش پارتی و یەکیەتی لەگەڵ پەکەکە ئەنجامیان دا لە ساڵی ١٩٩٣دا بە فەرمانی تورکیا.
ئەوەی بچێتە سەربازگەی بارزانییەوە روو رەش دەبێت و سوك دەبێت، ئەم کارەش وا بارزانی دەستی داوەتێ لە دروستکردنی قەیران بۆ هاوڵاتییان و برسی کردن و هەژارکردنی خەڵک و دزینی پارووی نانی هاوڵاتیان و هەموو نەوتی کوردستان بە ئاشکرا، کارێکە سەری خۆی دەخوات، راستییان گوتووە ئەوەی ئەجەلی هات بە پێی خۆی بۆی دەروات، چونکە هێندە ستەمی بارزانی دژی هاوڵاتی و نەتەوەی کورد پەرەی سەندووە ئێتر چاوەڕوانی تەقینەوە ی هاوڵاتییان دەکرێت و میللەت لە توانایدا نەماوە چیدی ئارام بگرێت، بارزانی بەم هەڵوێستانەی ئەوەمان پێدەڵێت سامانی ژێر زەوی و سەر زەوی و خەڵك و خاکی کوردستان موڵکی بابۆیەو حسابی ٤ ملێۆن نفووسیش لە سەر دەفتەری حسابات وەکو پاشەکەوت لۆیان بنووسن.. کەس ئەم گەمەیەی لە تۆم و جێریشدا نەبینیوە.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە