حیزبی کوردی یان بەڵا؟

Thursday, 13/10/2016, 19:01

2089 بینراوە


لە مێژووی هەڵەبجە بۆ یەکەم جار کە کەسێک لە دوای تیرۆرکردنی ئەحمەد موختار جاف بکوژرێت، ساڵی 1961 بوو، یانی  سەرەتای شۆڕشی ئەیلول. تا ئەو کاتەی حیزب نەهاتە ئاراوە، پرۆسەیەک نەبوو بە ناوی کوشتن، دنیای سادە و خاکی کورد وا ئارام و ئاسایش بوو.  هەرچەند ناکۆکی حێڵەکان هەبوون، لێ کووشتن و تیرۆری تاکەکەسی تەنیا حیزب بە کۆمەڵگەی کوردی ئاشنای کرد نەک لە هەڵەبجە بەڵکوو لە هەموو ناوچەکاندا.
ئەمانەی کە بە ناوی حیزبی کوردییەوە هاتنە ناو هەناوی کۆمەڵگەیەکی ئاشتیخواز و بێ کێشمەکێش، جگە لە کوشت و کوشتار و شەڕی براکوژی (حیزب کوژی)، وە شەڕی دەسەڵات و پارە، هیچ دیارییەکیان بۆ کۆمەڵگەی کوردی نەهێناوە.
ئەوەی کە هاتوەتە ئاراوە لە ڕۆحی نەتەوەخوازی و کوردەواری و ڕۆشنبیریی، بە توانای نەتەوەکە خۆی و کۆششی دەیان نووسەر و ڕٶشنبیری کوردەوە خوڵقاوە، نەک  لە ئەدەبیاتی ئەم حیزبانە کە سەراپا تۆڵە و ڕق و کینەیە بۆ ئەوی دی. وە پیرۆزکردنی سەر و خێڵ و شار بووە و داسەپاندنی خۆیان بووە بەسەر کۆمەڵگەدا.
هەموو کورد شەڕی یەک لەدوای یەکەکانی حیزبە کوردییەکان ئەناسنەوە، وە کەم ماڵ هەیە پرژەی ئەم ئاگرە نەفرەتییەی بەرنەکەوتبێت، بۆیە ناچمە سەر ئەوباسە.
حیزب تۆوی لە خاکی کورددا وەشاند، بەڵام  بەرهەمەکەی لە کۆگەی چەند گروپ و ماڵباتێکدا ئەخورێت و ئەفرۆشرێت. هەر وەک ڕۆهەڵاتناس و لێکۆڵەرە بیانییەکان خاڵی لاوازی نەتەوەی کوردییان بەوە دیاری کردبوو کە: خێڵ و هۆزیان لا گەورە و بە مەبەست تر بووە لە نەتەوە و گەل، هەر بۆیە نەبوونەتە خاوەن دەوڵەتی خۆیان. ئێستاش هەر وایە حیزب جێگەی خێل و هۆزی گرتوەتەوە و بۆ گێژاندنیش کەمێک بۆیاخی ڕەنگاوڕەنگی نەتەوەیی وئایینی و دیموکراسی کردووە، ئەگینا پابەند بوون بە حیزبەوە ئەوەندە جیاوازی نەماوە وەک پابەند بوون بە خێڵەکەی جارانەوە.
ئەوەتا یاخییەکان بارەگای حیزب ئەسوتێنن و حیزبیش لە کاتی هەڵچوونی گەلدا تەنیا ئەرکی گرنگییان پاراستنی بارەگای حیزبە.
شکاندی شکۆی حیزب یانی شکاندنی هەموو پیرۆزییەکانی نەتەوە، لە کاتێکدا حیزب جگە لە ئامرازێکی ڕێکخراوەیی بۆ ئامانجێکی بەرفراوان زیاتر هیچی دیکە نییە. ئەمە هەم لە عەقڵیەتی خەڵک و هەم لە عەقڵییەتی ئەندامانی حیزب وەک  یەک بۆی دەڕوانن.
ئەوەتا ئێستاشی لەگەڵدا بێت، داروبەرد و ئاسمان و ڕێسمانیان لێ کردووین بە کێشەی حیزب، شەڕی حیزب، بەرژەوەندی حیزب، یان سەرانی حیزب، سەرۆک و سکرتێر و سەرکردەی حیزب،،،. شتێک نییە ناوی حکومەت و دەوڵەت و نەتەوە بێت، شتێک نییە ناوی دەزگا و دامەزراوەی نیشتمانی بێت، شتێک نییە ناوی نۆرم و سەنگ و پێوانەی نەتەوەیی و نیشتمانی بێت.
میللەتیكی بێ دەوڵەت سەراپا سەرقاڵ بووە بە کێشەکانی حیزب، میدیا و تی ڤی و ڕۆژنامە و نووسین هەموو پڕاوپڕ لە حیزب تیوەگلاوە. ڕۆژانە و هەفتانە و مانگانە و ساڵانە، میللەت لە باس و کێشەی ڕکەبەری حیزبەکان گێژ و وێژ دەکرێت.
کەس نازانێت ئەم میللەتە کێ خاوەنییەتی، تەنانەت بیانییەکانیش سەریان لێ شێواوە  و نازانن لەگەڵ کێ ئاخافتن بکەن،،.
دار و بەردی ئەم ووڵاتە بووە بە کێشە و ململانەی خێڵە حیزب، شتێک نەماوە ناوی هاوڵاتی بێت، ناوی هاونیشتمانی و هاونەتەوە بێت، هەمویان حیزبێنراون بە دروشمە درۆ دەلەسەکان کە 25 ساڵە سواون ئەوەندە ووتراونەتەوە.
کۆمەڵێک  ڕووخساری سواو و خانەنشێنی ئیکسپایەری دواکەوتوو لە سەردەم، خاوەن ئەزموونی شەڕی حیزبکوژی و خیانەت و دزی، بوون بە مۆتەکە بەسەر ئەم میللەتەوە و کە خۆشیان بڕۆن، ئەوسا نۆبەی جێنشینەکانیانە کە کۆپی و پەروەردەی هەمان ڕێچکەی باوانیانن.
ئیستاش شەڕی حیزبەکان لەسەر گومرگ و نەوت، پارە و پەرلەمان ، هاوسێی و هاوپەیمانی خۆی مەڵاس داوە، کوردستان وەک چاڵدێران ئەبیتە مەیدانی شەڕی کاولکاری هیزە هەرێمێیەکان،،. هەر یەکەیان ڕۆڵیان هەیە لە سیناریۆی جیاوازی شەڕەکەدا.
میللەت وەک منداڵێکی هەتیوو لە چاوەڕوانی نەهامەتی و بەڵایەکی تری ئەم حیزبانەدایە، وە ئەگەر هێزێک و عەقڵییەتێکی جەماوەری دوور لەم مێژووە پڕ بەڵایەی ئەمانە نەیەتە ئاراوە و لە هەناوی خەڵکەوە دروست نەبێت، دەیان ساڵی تر بگرە بۆ هەتایە جگە مورتەزقە بوون، هیچی دی بۆ کورد نامێنێتەوە و ئەوەشی کە دەستگیرۆ بووە ئەبێتە دەستچوو.
هەتا ووشەی بارەگا و بروسکەی ساڵەکانی شەست و حەفتاکان مابن لە هزری کورددا، کوردستان هەمیشە وەک ئۆردوگایەکی ئاوارە مامەڵەی لەگەڵدا ئەکرێت،،. ئەم جارە کە شەڕەکە ناوچەکەی گرتوەتەوە ، ئەگەر کورد سووودی لێوەرنەگرێت، ئەوا دزە گەورەکان بۆخۆیان ئەیقوچینن و بەو ملیاردە دزراوانە ژیانی  دەیان نەوەی دوای خۆیان مسەوگەر ئەکەن، و میللەتیش گورگان خوارد ئەکەن، هەر وەک لە مێژوودا کردوویانە.
پێشبینیەکان ئەوەندە لام مەترسیدارە، هەر بۆیە ڕاشکاوانە ئەیڵێمەوە، کە چەرمەکە ئاو بردی، ئیتر دارکاری لە پای چی.... .

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە