سەلەفیزم و داعش

Monday, 07/11/2016, 0:27

2915 بینراوە


کاتێک لە سەردەمى جیهانگیرى نوێدا، رێکخراوو بزاڤە ئیسلامییەکان دەبن بە رێکخراوء بزاڤێکى ڕادیکاڵ دەبنە مەترسییەکى گەورە لەسەر ئەو کۆمەڵگەیەى کە تیایدانء هەوڵى ئەوە دەدەن بە هەر شێوەیەک بێت بگەن بە "دەسەڵات"، هەر کاتێ بزاڤء رێکخرواێکى ئیسلامى بوو بە بزاڤ و رێکخراوێکى سیاسى رووتء ناوى ئیسلامى سیاسى وەسفێکى راستەقینەبوو بۆ ماهیەتى ئەو بزاڤ و رێکخراوە، ئەوە روونە نەک تەنیا خۆى لەرووى ئاینىء سیاسیەوە لەمەترسیدایە، بەڵکو جێگاى مەتریشە بۆ ئەو کۆمەڵگەیەى کارى تێدا دەکات.
(داعش) وەک رێکخراوێکى تیرۆرستى، یەکێکە لەو رێکخراوە ئیسلامییە توندرەوانى کە وا نیشانى دەدات پابەندى تەواوى هەیە بە دەقەکانەوە بڕواى بەوەیە کە دەقەکانى قورئان پێویستە وەک خۆى جێبەجێ بکرێن، بەبێ هیچ لێکدانەوەیەک، کارء کردەوەکانى هێزە ئیسلام لەسەردەمى فتوحاتدا دووبارە دەکاتەوە، هەر وەک شوان ئەحمەد لە کتێبى ئیسلامى سیاسیدا دەڵێت "تەنانەت هەموو ئەو رەفتارانەى جێبەجێ دەکات کە سوپاى ئیسلام لەسەردەمى فتوحاتدا بەرامبەر ئەو گەلانە جێبەجێ کردوون، کە فەتحى کردوون، هەر بۆ نمونە ئەوەى پێ گوتراوە غەنیمەتى شەڕ".
بۆیە لەهەرێمى کوردستان دەکرێت (داعش) وەک یەکێک لەبەرهەمەکانى سەلەفییەت بناسرێنرێت (داعش) بەرهەمى ئەو مەنهەجە سەلەفیە ئەمانەت پارێزەیە کە وەک خۆى، ئەو ئایەتء فەرموودەء رەفتارانەى سەلەفى جێبەجێ دەکات، کە باسى موحارەبەى کافرء بێ باوەرو دینەکانى دیکە دەکات، هەروەها وەک ئەوەى هەبووەء کۆدەنگى سەلەفى لەسەر بووە، ئەو هێزە ئەوەى لە کلتورى ئیسلامدا پێ دەوترێت جێبەجێکارى شەریعەت.
ئەوەى جێگاى تێرامانە بریتییە لەوەى کە (داعش) تەواوى ئەو گروپء لایەنانەى کە لە دەرەوەى ئەوانن بە کافرء گومرا دادەنێتء دژ وەستانەوە یان بە ئەرکێکى پیرۆز دادەنرێت، کە ئەمەش وا دەکات ئەو گروپە ببێتە مەترسى بۆ سەر کۆمەڵگە، رێکخراوى تیرۆرستى جیهانى بەو پێیەى کە هەموو شتێک بەلاوە دەبینێت، لەپێناو بەدەست هێنانى ئەو ئامانجە سیاسییەى کە هەیەتى کە بریتییە لەگەشتنە بە دەسەڵاتء دروستکردنى فشار بۆ سەر کۆمەڵگەء باوەر پێهێنانى تاک بە ئامانجى خۆێ، کە ئەمە نەک تەنیا (داعش) بەڵکو سەلەفیەتیش هەمان ئامانجە.
مەلا بەختیار، لەکتێبى سەرهەڵدانء مەترسیەکانى (داعش) دا پێوایە (داعش) هەڵگرى هەمان "ئەو ئایدۆلۆژیایە کە حیزبە ئیسلامییەکان هەڵیان گرتووە، بەڵام بە گۆڕانکارییەوە ئایدۆلۆژیاى (داعش) درێژکراوەى ئایدۆلۆژیاى حیزبە ئیسلامییەکانە، بە تایبەتى جیهادییەکان، بەڵام چەندین گۆڕانکارى تێدا کراوە، بەگشتى دەکرێت بگوترێت ئایدۆلۆژیاى (داعش)دا، ئایدۆلۆژیایەکى ئاینى ــ سوننى ــ وەهابى ــ سەلەفیزمى، عەرەبییە بە ئاراستەى نیۆتیرۆریزم، یان (پۆست تیرۆریزم) بە ئاراستەء ئایدۆلۆژیاى (داعش) جیا دەکاتەوە لە سەلەفیزمء گروپە جیهادییەکانى پێش خۆى بەگشتىء قاعیدە بەتایبەتى"، چونکە نەک تەنیا (داعش) بەڵکو گروپە جیهادییەکانى وەک قاعیدە کە بەردەوام کارى بۆ ئەوە دەکرد لە رێگاى تیرۆرەوە ئامانجى سیاسى بە دەستى بهێنێت، لەئێستاشدا چەکدارانى رێکخراوى (داعش) لەتوندوتیژیدا جۆرێک هونەر دەنوێنێت، وەک کوشتنء سوتاندنى مرۆڤ، جۆرى چەوسانەوەیەکى نێو میژوو کۆپى دەکاتەوەء زیندویان دەکاتەوە، ئەویش بە ئامانجى توقاندنء باوەرهێنان بە کەسانى دەوروبەرىء پیشاندانى رووى توندوتیژى.
ئەو کارو کردەوانەى رێکخراوى (داعش) ئەنجامى داوە زۆر ئاساییە ئەگەر بوترێت ئەو پەرى نامرۆڤانەى ئەم رێکخراوەى دەرخستووە، بەو پێیەى هەموو پێوانەکانى مرۆڤانەى بەزاندووە، کردەوە گەلێکى واى ئەنجامداوە کە لە مێژووى مرۆڤایەتیدا دەگمەنە، لەڕاستیدا ئەنجامدانى ئەو کردەوانەش لەپێناوى ئەوەدایە کە ئیسلام هەیمەنەى هەبێت بەو میتۆدەى ئەوان کارى پێ دەکەن بە سەر تەواوى بوارەکانى ژیاندا (یەکەمین ئامانجى چەکدارانى (داعش) ژیاندنەوەى دەسەڵاتى ئیسلامىء هەیمەنەى ئەو دەسەڵاتەیە بەسەر هەموو بوارەکانى ژیانء ئاینء رێکخراوى (داعش)یش هەولى بەدى هێنانى ئەو ئامانجەى بۆ دەستەبەر کردووە ئەویش لەرێگاى دەستگرتن بەسەر چەند ناوچەیەکى عێراقء سوریا.
چەکدارانى (داعش) خاوەنى دیدگایەکى جیاوازء توندرەون، ئەم رێکخراوە ئەوەى بۆ فەرام کردوون کە بێن بۆ بە دى هێنانى ئامانجەکانیان تەواوى ئامرازە نا مرۆڤایەتییەکان بەکاربهێنن بە مەبەستى ترساندنى بەرامبەرەکانیانء ملکەچ کردنەوەیان، (داعش) نەوەى ئایدۆلۆژیایەکى دینییە کە ئاینى گۆرێوە بۆ هێزێکى پەلاماردەرء تێکدەرء مەترسیدار، کە مەبەستى نانەوەى ئاژاوەیە (داعش) چەندە سەر بەهاوکێشە ئاڵۆزەکانى دونیاى ئەمرۆیە نەوەى جیانگیرییە، کە دین تێدا لە دۆخێکى بۆگەنبونێکى تەواوى تێدایە، (داعش) دۆخى قێزەونکردنى هەموو شتێکە مرۆڤ لەمێژووى خۆیدا دروستى کردبێت، بۆ ئەوەى بتوانێت وەک مرۆڤ لەگەڵ کەسانى دەوروبەرء لەخۆى جیاواز مامەڵە بکاتء رەفتارەکانى ببێتە جێگاى سەرنج.
(داعش) دۆخى یەکسان کردنێکى تەواوەتى ئیسلامە بە توندوتیژى، دۆخى دابرانء رووتکردەنەوەى ئیسلامە لە هەموو رەهەندێکى مرۆڤایەتى روحىء ویژدانىء ئەخلاقىء بەها، ئەوەى ئەمرۆ لە سەلەفیەتى جیهادىء لە بەشێکى گەورەى سەلەفیەتى دینیدا دەیبینین، گۆرینى رێچکەى دینە بۆ هێزێکى پەلاماردەرء وێرانکەرو توندوتیژى نامرۆڤانە.
مەریوان وریا قانع، لە نوسینێکدا بەناوى (داعش)ء ئیسلام دا باس لەوە دەکات "ئایدۆلۆژیاى (داعش) دەرئەنجامى تێکەڵەیەکە لەسەلەفیەتء هزرىء رامیارى، ئاینى ئیسلامى، لەسەردەمى خەلیفەکانى راشدینء دیدگاى بەشێک لە ئیسلامییە نۆییەکان، ئایدۆلۆژیاى (داعش) تێکەڵەیەکە لەنێوان رێبازى سەلەفیەتى وەهابى لەگەڵ هزرى ئیسلامى سەردەمى خەلیفەکانى راشدین، هەوڵدان بۆ سود وەرگرتن لە بزاڤە ئیسلامییە نۆیەکان لەپێناو بەدى هێنانى ئامانجەکان، یان نمونەیەک لەدەسەڵاتء حوکمڕانى هاوشێوەى سەردەمى محەمەدى پێغەمبەر (د.خ)ء خەلیفەکانى راشدین، بەشێوەیەک دوور لەهەر لۆژیکێکء بەهەند وەرگرتنى هەموو ئەو گۆرانکارییانەى کە لەماوەى زیاتر 1400 ساڵدا روویداوە هەموو بوارەکانى ژیانى سیاسىء هزرىء کۆمەڵایەتىء ئابورى گرتووەتەوە، واتا سەپاندنى کلتورێک کە لایەنى تێکراى کۆمەڵگەوە بەر پەرچدەدرێنەوە".
هەر بۆیە سەلەفیزم لەهەرێمى کوردستان بەدەر نیە لە رێکخراوێکى هاوشێوەى (داعش)ى توندرەو، لەبەر ئەوەى دەبێت ئەم جۆرە گروپء جەماعەتانە لەناو ببرێنء رێگا لەتەشەنەسەندنیان بگیرێتء لەفۆرمێکى دیکەى مرۆڤایەتیدا دابرێژرێنەوەء بەرگێکى دیکە بە بەریاندا بکرێت، چونکە سەرکردەى رەوتى سەلەفى لەکوردستانء سەکردەى رەوتى (داعش) لەعێراقء شام، تەنیا روخسارء زمان جیایان دەکاتەوە، نەک بۆچونء دین.
کوردۆ فەرەج (محەمەد بابا فەرەج)

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە