كێ ئیرهابی فكر كراوه‌؟

Tuesday, 22/11/2016, 22:53

2312 بینراوە


ده‌مێكه كۆنه‌په‌رست و بیر چه‌قبه‌ستو و داخ له‌دڵ و عه‌قڵ ژه‌نگاوییه‌كان به‌هه‌موو شێوه‌یه‌ك و به‌ئه‌نجامدانی كرده‌وه‌ی ناپاكی خۆیان دژایه‌تی بیری ئازادیخوازی سلێمانی و ڕۆڵه‌كانی ده‌كه‌ن و بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ چه‌په‌ڵه‌ش په‌نا ده‌به‌نه‌ لای دوژمنانی كوردو رژێمه‌ دڕنده‌و خوێنمژه‌كانی كوردو كوردستان و له‌پێناو نه‌هێشتن و راماڵینی ئه‌و بیره‌ پیرۆزه‌ش كه‌ ره‌گ و ریشه‌ی له‌ خاك و لای هه‌ژاران و چه‌وساوه‌كان و رۆشنبیرو خه‌ڵكه‌ پێشكه‌تووخوازه‌كانی ئه‌م شاره‌وه‌ داكوتاوه‌و چۆته‌ ناخیانه‌وه‌.
ئه‌گه‌ر كه‌مێك بگه‌ڕێینه‌وه‌ بۆ دواوه‌و ڕێك له‌گه‌رمه‌ی ڕووداوه‌كانی شه‌ڕی ناوخۆدا كه‌ پارتی په‌نای بۆ ڕژێمی به‌عس بردو به‌خیانه‌تی ٣١ی ئاب هه‌ولێری داگیركردو پاشان شۆڕشێكی ترس و تۆقاندنی له‌نێو خه‌ڵكی ئه‌م شاره‌دا به‌رپاكردو توانی له‌ڕێگای هێزی زۆرو زه‌برو زه‌نگه‌وه‌ ده‌نگه‌ شۆڕشگێڕه‌كانی ئه‌م شاره‌ كپبكاته‌وه‌و ئه‌و هه‌ڵوێسته‌ بوێریه‌ی كه‌ پێشتر هه‌یانبوو به‌پاڵپشتی هێزی مه‌عنه‌وی تێكۆشه‌رانی دێرینی شاره‌كه‌، توانییان خامۆشیبكه‌نه‌وه‌و خه‌ڵكیش له‌ترسی كوشتن و گرتن و ئه‌تككردن خۆیان خزانده‌ ناو ماڵه‌كانی خۆیانه‌وه‌و سه‌ری خۆیان چه‌مانده‌وه‌ به‌خۆخه‌ریككردن به‌بژێوی ژیانه‌وه‌.
ئه‌وه‌ی كه‌ پارتی ده‌رهه‌ق به‌خه‌ڵكی هه‌ولێر په‌یڕه‌ویده‌كرد بڕیارێكی دروستی سیاسیانه‌ی واقیعیی درنوسستبوونی پارتی خۆی بوو چونكه‌ نه‌ده‌كرا ئه‌م شاره‌ كه‌ به‌خیانه‌تكردن له‌نیشتیمان و به‌زه‌بری هێزێكی ده‌ره‌كی داگیربكات و له‌لایه‌كه‌وه‌ ناوبانگی خۆی بزڕێنێت و له‌لایه‌كی تریشه‌وه‌ بهێڵێت وا به‌ئاسانی له‌ده‌ستی بداته‌وه‌، چونكه‌ به‌نیسبه‌ت خه‌ڵكه‌وه‌ تازه‌ پارتی ڕه‌وشتی خه‌باتگێڕی سیاسیانه‌ی خۆی خستبووه‌ ژێر سه‌دان پرسیاره‌وه‌و ناوبانگی خۆی لای ڕای گشتی جیهان و ته‌نانه‌ت دوژمنه‌كانی كوردیش زڕاندبوو، به‌ئێستاشیه‌وه‌ كه‌ هه‌ر درێژه‌ به‌و سیاسه‌ته‌ ده‌دات له‌سنوری باڵاده‌ستی خۆی و ئینجا به‌هۆی خاڵیبوون و ڕه‌تكردنه‌وه‌ی فكری پارتیبوونیش له‌شاره‌كانی سلێمانی و هه‌ڵه‌بجه‌، ئه‌وا هه‌ر كاتێك بیه‌وێ سنوری دێگه‌ڵه‌ دووباره‌ ڕه‌نگده‌كاته‌وه‌و هه‌رێمی زه‌ردی خۆی جیاده‌كاته‌وه‌.
پارتی هه‌میشه‌ خوڵقێنه‌ری قه‌یران له‌ناوخۆو گرفت بووه‌ له‌گه‌ڵ ده‌ره‌وه‌و پاشان میلله‌ت باجه‌كه‌ی داوه‌، كه‌ سلێمانیش دێته‌ ده‌نگ و ده‌بێته‌ سه‌رمه‌شقی ڕه‌تكردنه‌وه‌ی ئه‌م سیاسه‌ته‌ هه‌ڵانه‌، ئه‌وا داوای لێ ده‌كه‌ن بێده‌نگ بێت و ته‌سلیم ببێت به‌ئیراده‌ی كاره‌ چه‌وته‌كانیان كه‌ ئه‌مه‌ش مه‌حاڵه‌ چونكه‌ سلێمانی وا گۆشنه‌كراوه‌و فێرنه‌بووه‌ بچه‌مێنێته‌وه‌و تا سه‌ر بچێته‌ ژێر ڕكێفی هیچ لایه‌نێكه‌وه‌و هیچ هێزێكیش تا سه‌ر خاوه‌نی سلێمانی نه‌بووه‌و ناشبێت و هه‌ر كاتێكیش بیه‌وێ بڕیاربدات، ئه‌وا شه‌قامه‌كه‌ی دیاریده‌كات كێ حاكمه‌و كێش مه‌حكوم، له‌م كاته‌ سه‌ختانه‌شدا سلێمانی هه‌میشه‌ ته‌نیا بووه‌و باجی ته‌نیاییه‌كه‌شی داوه‌و ئه‌ركه‌ قورسه‌كانی بۆ جێهێڵراوه‌و باری شانی قورستر بووه‌و هه‌ر ده‌ستكه‌وتێكیشی هه‌بووبێت ئه‌وا هه‌موو شاره‌كان به‌شداربوون له‌گه‌ڵیدا چونكه‌ وه‌ك خه‌مخۆرێك به‌رژه‌وه‌ندی گشتی خستۆته‌ پێش خۆیه‌وه‌.
به‌درێژایی سه‌د ساڵی پێشو و له‌هه‌ر چوار پارچه‌كه‌ی كوردستاندا سلێمانی شارێكی نموونه‌یی و زیندوو بووه‌و سومبولی ئازایه‌تی و چۆكدانه‌دان بووه‌و خه‌ڵكه‌كه‌شی خۆڕاگرو ئازاو مه‌ردو سه‌رسه‌خت بوون و هه‌میشه‌ چۆكیان به‌دوژمنه‌كانیان داداوه‌و هیلاكیكردوون و ناچاریكردوون كه‌ حسابی تایبه‌تی بۆ بكه‌ن، ته‌نانه‌ت لای دوژمنه‌كانیشی سلێمانی شارێكی بوێر بووه‌و به‌ (مدینه‌ صعبه) یان (سه‌ری ماره‌كه‌) ناویان بردووه‌و كه‌م خێزانی ئه‌م شاره‌ش هه‌یه‌ قوربانی نه‌دابێت و پشكی شێری به‌رنه‌كه‌وتبێت له‌گیانفیدایی بۆی.
ئێستا ئه‌پرسین كێ ئیرهابی فكر كراوه‌، هه‌ولێر یان سلێمانی، ئیرهابی فكر به‌لای ئێوه‌وه‌ ئه‌وه‌یه‌ كه‌ به‌ویستی ئێوه‌ سیاسه‌ت ناكات، ئێوه‌ ده‌تانه‌وێ ئێمه‌ش به‌قیڕه‌ی ده‌نگی ناخۆشی ئێوه‌ هه‌ڵسین و ببینه‌ زوڕناژه‌نی بیره‌ نه‌زۆك و ناسازه‌كانتان، نا ئه‌زبه‌نی ئه‌وه‌ ئێمه‌ نین فیكرمان ئیرهاب كرابێت، به‌ڵكو ئه‌وه‌ خۆتیت كه‌ دوژمن ئاسا كه‌وتوویته‌ته‌ وێزه‌ی ژیان و گوزه‌رانی خه‌ڵك و بوویته‌ته‌ سه‌رچاوه‌ی دروستبوونی كێشه‌و لێكترازانی ده‌یان خێزانی ئه‌م نیشتیمانه‌و خۆت بوویت به‌دروستكه‌ری قه‌یران بۆ خه‌ڵكی و هه‌رگیز قه‌یرانت پێ چاره‌سه‌رناكرێت و كه‌سێكیش تا بینه‌قاقای غه‌رقبووبێت له‌خیانه‌ت ئه‌وا كه‌سی پێ دڵسۆز نابێت.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە