لە سەرخۆبوونەوە بۆ سواڵکردن

Monday, 05/12/2016, 20:48

4063 بینراوە


کات و هێز دوو هۆکاریی زۆر گرنگن لە دنیای سیاسەتدا. پەیوەندییەکی چڕ لە نێوانیان هەیە، بەو واتایەی ئایا کەی هێز بەکاردێنیت کەی بەکاری ناهێنیت. هەروەها چۆن لە کاتی گوناجاودا بڕیاری خۆت دەدەیت سەبارەت بە کردارێکی سیاسی بۆ ئەوەی جێبەجێبکرێت و سەرکەوتن بەدەستبێنیت. دەبێژن کات وەکوو زێڕ وایە دەبێ بە شێوەیەکی ڕێکوپێک و ژیرانە بەکاربهێنرێت. بەڵام هاوکات دەبێژرێت کە کات وەکوو شمشێر وایە گەر هاتو نەتبڕی ئەوسا دەتبڕێت! ئا ئەمەیە خاڵی لاوازی سیاسەت لە باشووری کوردستان. لەمەوە هەژاریی هزر و نەزۆکیی هەستوهۆش دەستیپێدەکەن.
لە ٢٠٠٣ کورد هێزداربوو، خاوەنی حکوومەت و پەرلەمان و هێزی چەکداربوو، کەچی دەسەڵات ١٨٠ پلە وەرچەرخا و وازی لە کوردستان هێنا و گەڕایەوە بۆغدای عرووبە و ئیسلام. جەلال بە ئاشکرا گوتی: "ئێمە وازدێنین لە ١٢ ساڵ سەربەخۆیی بۆ ئەوەی پێکەوە عیراقێکی دیموکراتی دروستبکەین"! جارێ پێشەکی گەل هەیە وازبێنێت لە سەربەخۆیی؟! یاخود لە کوردستان دیموکراسی هەیە تاکوو عیراقیشی پێ چەورکەین؟! پاشان کەی ئەوە کاری کوردە کە عیراق بکاتە کێڵگەی دیموکراسی؟! پاشان کێشەی کورد کەی بەستراوە بە دیموکراسییەوە؟! کێشەی کورد نەتەوەیییە نەک ڕێکخستەی – واتا سستێمی– سیاسییە. بەڵام ئەوەبوو ئەو کارە چەوت و سەقەتەیان کردوو کوردستانیان گەیاندە ئەم ڕۆژە ڕەشەی کە دەیبینین. هەرچی بابەتی ستراتیژی هەبوو پەیوەست بە کوردستان دوایانخست و فەرامۆشیان کرد. کاتیان کرد بە شمشێرێک دژ بە گیانی کورد! 
ئێستاکە کورد خەریکی سواڵکردنە لە بەغدا بۆ مووچەدان! یەکێتی و گۆڕان بە تەنیا دەچنە بەغدا نەک هەر بۆ لای سەروەزیران بەڵکوو بۆ لای خودی مالیکی کە ئەو بودجەی کوردستانی بڕیوە! هەروەها وێنەشی لەگەڵدا دەگرن بۆ یادگاری! من تێناگەم ئەم تاکگەلە کوردانە بۆ ئەوەندە سووکن، بۆ ئەوەندە ملکەچ و سەرشۆڕن لەمەڕ بەغدا و بەربرسەکانی کە هیچیان بڕوایان بە کورد و کوردستان نییە. ئەوەشی هەیە ئەمڕۆ لە دانپێدانانی ئەوان نییە بەڵکوو لە لاوازییانەوەیە کەچی لەسەر ئەو لاوازییەشەوە هەر دژایەتیی کورد و کوردستان دەکەن. باشە ئەگەر سبەی بەهێزبوون ئەوسا چیدەکەن؟!
کاتێک کە کورد ناتەبایە لە نێوان خۆیدا، یەکسەر بەرەو دوژمن دەچێت، هەر لە ڕقانە چونکە بوونەوەرێکی سادە و ساکار و سۆزمەندە، دوورە لە هزری قووڵ و هەستی بەرزە. پیاو لەبرسا بمرێت بەڵام نەچێ بۆ لای دوژمن بۆ پارە! من لێرە باسی تاک ناکەم بەڵکوو باسی سیاسەتوانان دەکەم کە گوایا نوێنەری گەلن، ئەوان نابێ و ناشێ کارێکی وەها بکەن کە ببێتە مایەی شکاندنی شکۆ و ئابڕووی گەلەکەیان و کەرامەتیی نەتەوەیییان. بەڵام ئەوەتا کردیان. لەبری ئەوەی سازشبکەی بۆ بەغدا بۆ سازشناکەیت بۆ هەولێر واتا بۆ کورد خۆی ئایا ئەوە باشتر نییە؟! ئێمەی کورد دەبێ ماڵی خۆمان بەهێزکەین نەک بەروە بەغدا بچین بۆ ئەوەی لەگەڵیدا ڕێکبکەوین دژی لایەنێکی تر.
چاکسازی و نەهێشتنی گەندەڵی و چەسپاندنی دیموکراسی ئەمڕۆ مەحاڵە. دەبێ بگەین بە مافی نەتەوەییی خۆمان واتا دەوڵەتدروستکردن ئینجا ئەو ئامانجانە بگەیەنینە بەدیهێنان. کەچی ڕێکخراوێکی وەکوو گۆڕان لەوەتی دروستبووە هەر خەریکی بابەتە ناسەرەکییەکان بووە و گوایا دەیەوێ گەندەڵی نەهێڵێت و دیموکراسی بەرپابکات. کەچی نەیتوانی بەردێکیش بنێتە سەر بەردێک بەڵکوو خۆی کەوتە یاخود خۆی کردە ناو زەلکاوکەەوە! خۆی بەشێکە لە حکوومەت کەچی ڕەخنەی لێدەگرێت بە هەموو شێوەیەک، باشە تۆ جارێ بکشێرەوە ئینجا ڕەخنە بگرە! من نەمبینیوە پارتێک هاوکات لە حکوومەتدابێت و هەروەها بەرهەڵستکاریش بێت! ئەمە دیموکراسی نییە بەڵکوو گاڵتەجارییە! هەر پەرلەمانێ بەرهەڵستکاری – واتا موعارەزە – تێدا نەبوو، ئەوسا ئەوە پەرلەمان نییە بەڵکوو دیوەخانە. هاوکات هەر حکوومەتێ لە هەموو پارتەکانی نێو پەرلەمان پێکهات، ئەوسا ئەوە حکوومەت نییە بەڵکوو ئەشکەوەتی چەتەکانە! كێشەی کورد کێشەی تاک نییە بەڵکوو کێشەی خودی ڕێکخستە سیاسییەکەی کە دوورە لە دیموکراسی و دەوڵەتی یاسای هاوچەرخ. کەچی ئەوان کێشەکەیان بەستاوە بە خودی سەرۆکی هەرێم، بەڵام نەک یەکجار بەڵکوو ئەگەر هەموو ساڵێک سەرۆکی هەڕێم بگۆڕدرێت، ئەوا دەبێ چاکبزانین کە کێشەکانی کوردستان چارەسەرنابن! ڕەگوڕیشەی سستێمەکە چەوتە نەک سەرۆکەکە! واتا سستێمی ڕێکوپێک سەرۆکی ڕێکوپێک دروستدەکات نەک بە پێچەوانەوە! بۆ نمووونە تەماشای دەوڵەتی میسر بکە، ناسر هات، سادات هات، موبارەک هات، مورسی هات، ئێستاش فەتاحە سیس هات! بەڵام ئایا میسر بەرەو چاکسازی ڕۆێشت؟ نەخێر! ناسر لە هەموویان باشتربوو بە شێوەیەکی ڕێژەیی بێگومان!
با کێشەکان بە تەواوەتی لێێان تێبگەین ئەوسا چارەسەریان بکەین. تێگەیشتنی پرسیار نیوەی وەڵامەکەیەتی.
کاتێ کە سەرۆکی هەرێم دەبێژێ با دەوڵەتی کوردی پێکبێنین و ڕایگشتی واتا ڕیفەراندۆم سازکەین، دەبینین هیچ کاردانەوەیەکی ئەوتۆ و ئەرێنی نییە لەلایەن پارتەکانی ترەوە. بەڵکوو گۆڕان دەبێژێ ئەمە پروپاگەندەیە یاخود نێوبراو دەیەوێ دەوڵەت دروستکات بۆ ئەوەی ناوی بچێتە مێژووەوە! یەکێکی تر دەبێژە گوایا کوردستان کۆڵەکەکانی پێکهێنانی دەوڵەتی نییە! هەموو دنیا دەبێژێ دەوڵەتدروستکەن کەچی کوردگەلێکی خۆفرۆش و خاکفرۆش دەبێژن نا! باشە بۆ نابێژیت بە سەرۆکی هەرێم باشە فەرموو با پێکەوە ئەم کارە پیرۆزە جێبەجێبکەین و بە زووترین کات ئەگەر جەنابت، واتە سەۆکی هەرێم، جدیت و ڕاستدەکەی! واتا دەبێ تەحەدای بکەیت بۆ ئەوەی پێکەوە بەم کارە هەڵسن ئەوسا ڕاست و درۆ سەرئاودەکەون!  بەڵام نەخێر دژی ڕادەوستن و پێشوازی لە مالیکی دەکەن لە سلێمانی دەسلەناودەسدەکەن پاشان دەچنە بەغدا بۆ سواڵکردن!!! دەبێژن لە کەریان پرسی بۆ دەزەڕیت، لە وەڵامدا گوتی "لە داخی کورد"! ڕێزم هەیە بۆ کوردستان و بۆ کورد و بە پیرۆزیان دەزانم بەڵام کورد وەکوو گەل نەک وەکوو تاکگەل. لە ڕاستیدا گەلان یەکسانن، هیچ گەلێک لە گەلێکی تر بەهادارتر و پایەدارتر نییە بەڵام کێشەکە کێشەی دەسەڵاتە، کێشەی شێوازی ڕێکخستە سیاسییکەیە نەک خودی گەلەکە. ئەگینا هەموو گەلێک شایستەی کۆمەڵگایەکی دیموکراتی هەیە کە تیایدا دەستوور و قانوون باڵادەستبن نەک تاکگەلی گەندەڵ و ناپاک و بێهەستوهۆش.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە