رونكردنەوەیەك، وەكو وەڵامدانەوەیەك سەبارەت بە بەستنی كۆنگرەی سۆسیالیستەكان لەسلێمانی

Saturday, 10/12/2016, 14:01

7556 بینراوە


سەرنجی کوردستانپۆست: ئەو روونکردنەوەیەی خوارەوە، هی مەلا بەختیارە، کە رووی دەمی کردۆتە شاناز و هێر، بە ناوی ئەندامێکی  ئامادەكاری كۆنگرەی سۆسیالیستەكانەوە نووسیوێتی.
--------------------------------
رونكردنەوەیەك، وەكو وەڵامدانەوەیەك سەبارەت بە بەستنی كۆنگرەی سۆسیالیستەكان لەسلێمانی
كەسێك، كە خۆی بەشازادەی یەكێتیی دەزانێ‌، بابەتێكی لەسەر كۆنفرانسەكەی سۆسیالیستەكان نوسیوەو دەیەوێ‌، هەستی پڕ لەڕەخنەی رای گشتی لەسەر خۆی‌و هاوسەرەكەیی‌و سەروەت‌و سامانەكەی، بگۆڕێ‌.
من.. رۆژی (8/10) یەكێك بوم لەو (22) كەسەی لەكۆبوونەوەی بەڕێز بەرپرسی كارگێڕی مەكتەبی سیاسی‌و بەرپرسی پەیوەندییە گشتییەكانی یەكێتیی ئامادەبوم بۆ ئامادەكاری كۆنفرانسەكە. لەكۆبوونەوەكەدا، باس لە بەرنامە، میوانەكان، چۆنیەتی رازاندنەوەی هۆڵەكە، بەڕێوەبردن، پێشوازی، ئاسایش كرا. سەبارەت بەتێچونی كۆنگرەكە، باسكرا كەوا پارتە سۆسیالیستەكانی ئۆرۆپا، دابینیان كردووە. بەدابینكردنی مەسرەفی حزبەكانی جیهانی عەرەبیشەوە. بۆیە، تا ئەم كاتە، یەكێتیی بۆ كۆنگرەكە یەك دۆلار‌و یەك دیناری سەرف نەكردووە. هەرچی لەم بارەوە وترابێ‌‌و بوترێ‌، بەغیلی‌و رق بەولاوە هیچی تر نییە.
ناوەرۆكی وتارەكەی (شازادە) هەموو كەسێك دەزانێ‌ دژی (مەلا بەختیار)ە. تانەو تەشەرەكەشی ئەوەیە گوایە، بۆ خۆ دەرخستن‌و بەشداری كردنە لەم جۆرە كۆنفرانسانە. چونكە گوایە مەلا بەختیار لەرابردوودا هەلی بەشداریكردنی لەم جۆرە كۆنفرانسانە لەدەستچووە.
ئەم قسانە مایەی پێكەنینە. مەلا بەختیار هەموو كەسێك دەزانێ‌، لەنیوەی سەدەی رابردوو دوای بازرگانی نەكەوتووە. تەمەنی خۆی لەشاخ و خۆ شاردنەوەو شەڕو شۆڕدا بردۆتە سەرو بە ئەندازەی قورسایی جل‌و بەرگ‌و خشڵ‌و پێڵاوی ماركە جۆراو جۆرەكانی گرانبەهای (شازادە) پێڵاوی لاستیكی دڕیووە. قەتیش لەحكومەت نەبووە، هەتا بەرپرسیارێتی قەیران هەڵبگرێ‌. وەكو (شازادە)ش بیست ساڵ بەرپرسیاری پەیوەندییەكان‌و ناوەندی دەرەوە نەبووە، مانگانە سەفتەی دۆلار وەربگرێ‌ بەبێئەوەی یەك وەسڵ بداتە ئیدارەی گشتی. كوڕەكەشی مانگانە سەدان هەزار دۆلار هەتا ئێستا وەرناگرێ‌ بۆ كەین‌و بەینی كرێی سەتەلایتەكان.
هیچ مناڵێكیشی نەكراوەتە كونسوڵ‌و مونسڵ. لەبەغداش خانوی لەمام جەلال وەرنەگرتووەو بەپارەی سەرۆكایەتی كۆمار تەعمیری نەكردووەو نەی فرۆشتۆتەوە بەسەفارەتی كوەییت بە(27) ملیۆن دۆلار.
بۆ بەشداری لەكۆنفرانس‌و موناسەباتیش، هەموو یەكێتییەك دەزانێ‌ مەلا بەختیار بەو توانایەی هەیەتی كەسایەتی خۆی پێكیهێناوە، نەك بەهۆی بنەماڵەو زاواو بنەچەوە، بانگ دەكرێ‌ لەكۆنفرانسەكان‌و لەناو بیرمەندانی گەورەی جیهانیدا لە كۆنگرە نێودەوڵەتییەكاندا بەشداری بكات. پەیوەندییەكان یەكێتیی ئاگادارن كە لەدەیان كۆنفرانسدا بە شەخسی داوەتكراوە، ئامادە نەبووە كاری حزبێ‌ بەجێ‌ بهێڵێ‌. سەرۆك وەزیرانی سوید كە هات بۆ كوردستان داوای كرد بیبینێ‌، لەبەرئەوەی پرۆتۆكۆلی بینینەكە بۆ پێگەی یەكێتیی جوان نەبوو، ئامادەنەبوو دیداری لەگەڵ بكات. بەڵام مەلا بەختیار دەچێتە كۆنگرەی (هەدەپە)‌و لەئەنقەرە، وتارێك دەخوێنێتەوە توركیا دەهەژێنێ‌. لەكۆنگرەی پەیەدەش لە(رومیلان) دڵی دۆست خۆش ئەكات.
تۆش (شازادە) ئەوەتەی بوی بە بەرپرسیاری ناوەندی دەرەوە، لەدوا هەڵبژاردنی عیراقدا یەكێتیی لەناو وڵات سەركەوتنی گەورەی بەدەستهێناو مەلا بەختیار سەرپەرشتیاری هەڵمەتەكەو راگەیاندنی هەڵبژاردنەكە بوو، تەنها لەدەرەوەی وڵات، لەتەواوی وڵاتان بە بەریتانیاشەوە كە (شازادە) چل ساڵە لەوێ‌ ئەژی، یەكێتیی لەتاقە وڵاتێكیش هەڵبژاردنی نەبردۆتەوە.
بەداخەوە لەم كاتەدا كە یەكێتیی‌و كوردستان دووچاری گێچەڵی جۆراوجۆر هاتووە، كەسانی وەكو (شازادە) رەخنەی دور هاوێژی بێتام‌و بێ‌ زانیاری ئەگرن‌و هەر خەریكی ئاژاوەی ناو یەكێتیی‌و پارتی.. ناو خودی یەكێتیی.. چەواشەكردنی رای گشتی‌و درۆ هەڵبەستنن.
بەداخەوە، یەكێتییەكان لەبەر رێزی مام جەلال و هێرۆ خان، وەڵامی (شازادە)كان نادەنەوە، ئەگینا شازادە دڵنیابێ‌ لەناخی هەموو یەكێتییەكی دڵسۆزدا رقێكی شاراوە بەرامبەری هەیە. بەیەكێكیشی ئەزانن كە ناكۆكی لەناو یەكێتیی قوڵ ئەكات.
بۆچی كۆبوونەوەی سەركردایەتیش نەكراوە؟ لەكاتێكدا دڵنیاین (شازادە) ئەو كۆبوونەوانەی بۆ جیابونەوە پێخۆشە، لەهەمانكاتدا.. ئومێدەوارین دادە هێرۆ بۆی رون بكاتەوە كە كۆبوونەوەی سەركردایەتی لەم مانگەدا بۆ نەكراوە.. ئەوەندەی ئێمە بزانین لەسەر داوای دادە هێرۆ و باڤڵی كوڕی نەكراوە، چونكە هەوڵی ئاشتەوایی ناو یەكێتیی ئەدرێ‌. كە (شازادە) زۆری پێ‌ ناخۆشە.. چونكە خەیاڵی وایە ئەگەر جیابوونەوە لەناو یەكێتیی روبدا، خۆی بكاتە مەكتەبی سیاسی!!
 ئەندامێكی ئامادەكاری
كۆنگرەی سۆسیالیستەكانی
رۆژئاوا-سلێمانی
-------------------------------
وەڵامی شاناز:

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە