سیاسەتی نە شیش بسوتێ نە کەباب، لەم کاتەدا قازانجی چیە ؟

Thursday, 15/12/2016, 0:44

2286 بینراوە


ئەوەی تەماشای نارەزایەتیەکان و هەڵوێست و مامەڵەی رەقوتەق و خەمساردانەی حکومەت و حزبە باڵادەستەکان لەگەڵ پرسەکەدا دەکات و بیر لە چارەسەر و بە ئەنجام گەیشتنی هەوڵی دڵسۆزانەی مامۆستایان دکاتەوە، دەبێت لە زۆر رووەوە راستەرێگەی قازانبەخشی خەڵکی نارازی کوردستان پێش دەسەڵات بگرێتەبەر و ئەگەری دەرئەنجامەکانیشی لەبەرچاو بگرێت .
ئەگەر هەروا و بەم شێوەیە و نارەزایەتیەکان بێ هێنانەدی هیچ ئامانجێک تەنانەت رێژەییش بێت بەردەوام بێت و، هیچ وەڵامێکیان دەست نەکەوێت و بە خشکەیی دەوام دەست پێبکاتەوە، ئەوا لەبەرامبەردا دەسەڵات ئەم ئامانجانەی دێنێتەدی، کە هەموو لەزەرەری مامۆستایان و فەرمانبەران و  و پاشەرۆژی میلەتیشدایە :
1-بە شکستهێنان و بێ ئەنجامبونی نارەزایەتیەکان، وا لە حکومەت و حزبە دەسترۆیشتوەکان دەکات  کە بەیەکجاری لە خەباتی مەدەنی  و هەوڵی خەڵک بۆ بەدەستهێنانی مافەکانیان، زیاتر بێخەم و بێ منەت بن . 
2- ئەگەر پێش نارەزایەتیەکان خەمی زیاتر دەخورا و بەرەی دەسترۆیشتوانی دەسەڵات لە ترسدا دەزیان، ئەوا بە شکستی بێ ئەنجامی نارەزایەتیەکان ترس ودڵەراوکێیان نامێنێت و بە هیچ شێوەیەک بیر لە موچە و حاڵوگوزەران و ژیانی موچەخۆران و خەڵک ناکەنەوە و لە رۆیشتن بەو رێرەوە نابەجێ و نادادپەروەرانەدا بەردەوام دەبن .
3- لە سیتسمی پاشەکەوت  و دواکەوتنی موچە بەردەوام دەبن و ئومێدی گەرانەوەی موچەی تەواو کۆتایی دێت و دەتوانن پێدانی چارەکە موچەکەش کەم بکەنەوە و فشای زیاتریش بکەن .
4- ئەو فشارانەی لەسەر حکومەتە لەم کاتەدا، بە کۆتاییهاتنی نارەزایەتیەکان نامێنێت و ئەویش دەستکراوە دەبێت و، لەوکاتەدا زیاتر  بە شێوەیەکی ملهورانە یاری بە قوتی خەڵکەوە دەکات و بە شێوەیەکی زۆرتر داهاتی خەڵک دێزە بەدرەخونە دەکات و، تەنها حزبە دەسترۆیشتوەکان یاریی پێوە دەکەن .
5- لە رێککەوتن لەگەڵ حکومەتی ناوەند بێ منەت دەبن و بەدەم بودجەی بەغداوە ناچن، کە دەزانن لەقازانجی بەرژەوەندی حزبی و شەخسی تەسکی خۆیاندا نیەلەم کاتەدا .
6- دەستی حزب و حکومەت لە سزادانی خەڵکی چالاکی دامودەزگاکان واڵا دەبێت و، لەوانەیە لە ماوەیەکی کورتدا بکەونە وێزەی چالاکوانانی مەدەنی لە ریزی مامۆستایان و فەرمانبەران و بە هەموو شێوەیەک ئازاریان بدەن .
7- بە وازهێنانی نارەزایەتی بێ هیچ رێککەوتنێکی حکومەت و مامۆستایان، بێ ئومێدی باڵی بەسەر مامۆستایاندا دەکێشێت و لەدەرئەنجامدا خەڵکەکەش گەورەترین زیانیان پێدەگات و  وایان لێدەکات بۆ جارێکی تر بەهیچ شێوەیەک بیر لە نارازیبون و چالاکی مەدەنی و  داواکردنی مافی خۆیان نەکەنەوە .
باشترین رەفتاری راست ودروست بۆ بەرەی نارازیبوان ئەوەیە، دانیشتنێکی دوو قۆڵی لەگەڵ حکومەتدا بکەن و لەسەر کۆمەڵێک خاڵی سەرەکی رێکبەکەون و پەیمانی راستەقینەیان لێورەبگرن و،  بۆ خەڵک روونی بکەنەوە کە بە شکاندنی بایکۆت و نارەزایەتی بۆ ماوەیەک، دوا هەل دەدەنە حکومەت تاوەکو لە نزیکترین کاتدا چارەسەر بۆ دۆخەکەیان بەهەر شێوەیەک بێت بدۆزێتەوە و،  ئەو ئەرکەی لەسەر مامۆستا و خەڵکی نارازی بوو جێبەجێیان کردو دەبێت راستگۆیی لە بەدیهێنانی پەیمانەکانیان بسەلمێنن  . زامنی بەدیهێنانی ئەو ئامانجانەش بەم شێوەیە دەبێت :
1-رێککەوتنی هەردوولا بکرێت، واتە خەڵکی نارازی و حکومەت و بە ئامادەبونی راگەیاندن و بە شێوەیەکی رەسمی و بە نوسراو کە لە ماوەیەکی نزیکدا داواکاریەکانیان جێبەجێ دەکەن و، بۆ ئەو کارە هەموو دەرفەتێکی بەردەست دەقۆزنەوە .
2- بەدەم هەوڵ و تەقەلای هەموو لایەکی پەیوەندیدارەوە بچن و لەگەڵ بەغدا بگەنە لیێکتێگەیشتنێک، هەر هیچ نەبێت بۆ دابینکرنی موچەی مامۆستا و فەرامنبەران و، بۆ ئەوەی هەر هیچ نەبێت لە ساڵی نوێدا کێشەی بێ موچەیی نەمێنێت .
3- پەیمانی ئەوەلە دەسەڵات  وەربگرن کە بەهەر دواکەوتنێکی موچە هەنگاو ی تر دەگرنە بەر و ئەوسا خەڵکیش بەشداری لە نارەزایەتی گشتگیر دەکات و هیچ بوارێک بۆ ئەوان نامێنێتەوە .
4- یەیمانی شەفافیەت لە داهاتی کوردستان وەربگرن، بۆئەوەی تەنانەت بە خۆیان راستگۆیی حکومەت دەربخەن و هەبونی کەموکورتیەکان و هۆکارەکانی  نەدانی موچە  بۆ میلەت روون بکەنەوە .
لەبەر بێ متمانەیی، دەبێت ئەم رێککەوتنە  بە ئیمزای دەسەڵات لە ئاستی باڵاوە بێت، بۆ ملکەچبون بەو خاڵانە و، ئەگەر لە دواجاردا بە شکاندنی وەعد و پەیمانەکانیان کۆتایی هات و هیچ گرنگیان بەو رێککەوتنە نەدا، رەخنەیان لێبگیرێت وهەموو رێگەیەک بگرنە بەر بۆ داواکردنی مافەکان و،  بەو شێوەیەش هیچ بەهانەیەکیان بۆ نامێنێتەوە و، لە دواجاردا  سەرجەم چین و توێژەکان دێنە سەر جادە و ریسوایان دەکەن .
بۆیە، بەم شێوەیە و بە رێککەوتنی حکومەت لەگەڵ نوێنەری راستەقینەی خەڵکی نارازیی مافخوراو و خۆپیشاندەری سەرجادە بە نوێنەری راستەقینە لەقەڵەم بدەن، نەک نوێنەرانی حزبەکان لە نێو مامۆستایان و فەرمانبەراندا کە خۆیان بە نوێنەری ئەوان لەقەڵەم دەدەن . بەم هەنگاوەش هەردوولا دەگەنە قەناعەت و رێکەوتن دەکرێت و تاوەکو هێنانەدی  بەندەکانی رێککەوتنەکە دەوامی قواتابخانە و فەرمانگەکان ئاسایی دەبێتەوە و،  بەم شێوەیەش نە شیش دەسوتێت و نەکەبابیش و  لە شکاندنی بایکۆتەکەش خەڵک و مامۆستایان بێئومێد نابن و قوتابیانیش دەچنەوە سەر دەوامی خۆیان و شتێکی ئەوتۆیان نافەوتێت .

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە