تەنیا شتێک ئەگەر بتوانێت ترست لێ دوربخاتەوە ڕووبەڕووبونەوەی ئەم دز و خائینانەیە

Thursday, 15/12/2016, 2:08

4375 بینراوە


"تۆنی بلێر " دەڵێت: "لەگەڵ رووخانى رژێمى(سەدام)، بە (مسعود بارزانى و جلال تاڵەبانيم) ووت:
من مێژوى كوردم خوێندۆتەوە ئەزانم ئێوە گەلێكى ستەملێكراون مەرجى ئێوە چيە و چيتان دەوێ دواى هەفتەيەكي تر وەڵامم بدەنەوە.؟
---------------------------------------------
كاتێك لە رۆژى دیاریی کراودا لەگەڵيان دانیشتم، زۆر شپرزە و قەلەق بووم چونكە دەترسام داوايەكى زۆر قورسم لێ بكەن، وەك سەربەخۆيى و جيابونەوە لە عێراق، يان داواى كەركووك بكەن و بڵێن بێتەوە سەر هەرێم، يان بڵێن ئێمە بۆخۆمان دەبين بە دەوڵەت.!، بەڵام كاتێك دانيشتن، مەسعود بارزانى و جلال تاڵەبانى، هەردووکیان قسەيەكيان كرد هەرگيز بيرم بۆي نەدەچوو...! ئەويش ئەوە بوو داواى بودجەى زياتريان كرد، كەوا حكومەتى مەركەزی (بەغدا) بۆيان بنێرێت.
ئەوسا زانيم بەرپرسانى كورد زياتر بۆ پارە دەژين نەك بۆ ئازادیى.!"
 ئەمە قسەی نوسەرێکی کوردستانپۆست نییە، چیرۆکێکی دروستکراوی ئاناسیستێکی کورد نییە، بەسەرهات و قسەی پێشمەرگەیەکی کۆنیش نییە، کە چیرۆکی خۆیمان بۆ بگێڕێتەوە، ئەمە قسەی سەرۆک وەزیرانی بەریتانیای گەورەیە، ڕاستەو خۆ ئەو شتەی باسکردوە کە خۆی لەگەڵ ئەم دوو خائینە پارەپەرس و جاسوسانەدا بووە و پێیان وتووە، و لای سەیربوە نمایندەی گەلێکی ستمەم لێکراو ئەمە داواکەیان بێت ؟ 
 ئۆریانەفەلای ئیتالی چی دەڵێت:
"سەردانی زۆربەی ووڵاتانی دنیام کردوە، دیدارم لەگەڵ زۆرێک لەسەرکردەکاندا سازکردوە، بۆیە تەواو بەو باوەڕەگەیشتووم، کە حوکمڕانی گشت ووڵاتێک پڕ بەباڵای میللەتەکەی دوراوە."
٢٥ساڵە لەتێک لە نیشتمانی ئێمە کەوتۆتە دەست تۆپەڵێک لە خەڵکانی نامۆ بەگەل و خاک و خەڵک، کۆمەڵیک سەرسەری بە هەموو مانا ناشرینەکانییەوە، ٢٥ساڵە ئەم چەتە هیچ لەبارنەبوانە مامەڵە بەگیان و خاک و مێژوومانەوە دەکەن و تاک بەتاکیان تێک شکاندووین و بێکەسایەتیان کردووین.
لای ئێمە خۆیان کردۆتە ڕابەر و لێزان و خەمخۆری گەل، لای بێگانەکانیش ڕووت و سواڵی پارە دەکەن، نەک بۆگەلەکایان بەڵکو بۆ عەشرەت و باوان و بنەماڵە پوچەکەیان.سەمەرە لەوەدایە ئەم کە ئەم لاکە پیرانە تا دەمرن لەسەر هەمان دوکانی بازرگانی بەڕێوە دەبەن و واز ناهێنن، ئەوەتانێ لەدوای خۆشیانەوە ئەولادەکانیان هێناوەتە پێشەوە تا ماوەی ٧٥ساڵی تریش ئەم خائینانە حاکمی موتڵەقی ئێوەبن.
ئەم بنەماڵانە ستراتیجێکی جەهەندەمیان بەکار هێناوە ؟ ئەوەتانێ هەر کامیان دەگری چەند ئەولادێک و خزمێکیان هێناوەتە ناو بازاڕی بازرگانی سیاسەتەوە، کە لەهەرێمەکەی ئێوەدا قێزەوترین شتێکە مرۆڤ خەریکی بێت، لەگەڵیشیا سەدان کۆیلە بە بەرگی سەربازییەوە لەشەقامەکانی هەولێر خۆیان نمایش دەکەن.
 ئەم مانۆڕە فشەیە لە شەقامە ماندۆکانی هەولێر، پێمان دەڵێت : ئەم بنەماڵانە بە ناهەق رێگایان پێدراوە ئۆکسجینی ئەم نیشتیمانە هەدەڵمژن، چونکە ئەم بەرگ بۆرانە ڕێک سیمای بەعس و هێزە تایبەتەکانی سەدامان بیردەهێنێتەوە، ئەمانە نەک هیچ نین بەڵکو زۆربەیان ئەولای ئەو جاشانە بوون کە لەفەوجەکاندا چەکداری سەدام بوون.لەناویاندا کوری مەسعود بەکوردیەکی تێک شکاوەوە منەتی ٢٩مانگ شەڕی لە سەر کردوون بەماڵ، گوایە دژی داعش لەسەنگەردا بوە، نازانین لە" هۆتێلدا بووە یان لە خەندەق"؟ 
 ئەم مافیا سیاسیانە بەردەوام لە قۆرخکردنی ئێمەی گەمژەدا ڕۆڵ دەبینن و ئەوان چۆنیان بوێت ئاوا کۆیلەمان دەکەن و ستراتیجی ئەم قەشمەری سیاسیانە زۆر سادە دیارە، تەنها پێویستی بەهەڵوێست کردنە، تۆ سەیری ئەو حەشاماتە بکە بە بەرگی بۆرەوە هاتونەتە سەر شەقامەکان، باشە هەر ئەم کۆمەڵە گەر یەک تۆز کەرامەتیان هەبێت، هەر بۆ ئەوەی بەها بگەڕێتەوە بۆیان نەهاتنایە بۆ خۆ نمایشکردن، بەڵکو یاخی بونایە لەو سوکایەتیەی فەرماندە خنجیلانەکەیان پێیان دەکات.
وەزیری پەروەردە کە خوێندەواری نییە، سەرو وێنەی ترسنۆکترین و ناپیاوترین سەرکردەی داوەتە دەست منداڵی قوتابخەنەیەکی داماو، تا ڵەڕێگەی ئەم سوکایەتیکردنەوە خۆی بەرێتە پێشەوە.لە کاتێکدا ئەگەر من باوکی یەکێک لەو منداڵانە بومایە ئەوە وەزیری ئەوقاف و پەروەردەم دەدایە بەر تف تا منداڵەکەم وەک خۆی سوک و کۆیلەنەکات.
کێ بەرپرسیارە لە دروستکردنی ئەو هەرێمە بڵحەدا کە ئازادیی و مافی تاک و تێکشکان هەموومانی گرتۆتەوە ؟ هەموومان بەرپرسیارین..! بەڵام مێژووی مرۆڤایەتی وای فێرکردووین کە چۆن ئادەم تاوانەکەی خستە سەرملی حەوا و حەواش بەرپرسیارێتێکەی خستە ملی مارەکەی شەیتان، ئێ شەیتانیش بەرپرسیاری دەخاتە سەرخوا چونکە ڕێزی لێناگرێ، ئێمەش بەرپرسیارێتی دەخەینە سەر سیاسییە پوچەکان کە ڕێزیان لێدەگرین و دەنگیان پێدەدەین و بەدیار وڕێنەی هەواڵەکانیانەوە دادەنیشین و ڕۆژدەکەینەوە، کەچی بۆ تاکە جارێک چییە خۆمان بە بەرپرسیار نازانین و لەخۆمان ناپرسین نەفرەت لەم سەرە بۆیاخانە، با ئەو ترسە بشکێنین کە خەریکە لەناومان دەبات.با لە قوتابخانەکانەوە دەست پێبکەین وێنەی ئەم دەعەجانانە بهێنینە خوارەوە، ئەو ڕۆژنامانە نەکڕین کە وێنەی ئەم گورگە دزێوانەی تێدایە، بەدیار ئەو تێڤیانەوە کات نەکوژین کە ئەو بڵحانە دەکاتە میوانی دزێوی ماڵەکانمان، گوێ لەو درۆزنانە نەگرین کە هەواڵی ئەم ناکەس بەچانەمان بەگوێدا دەدەن.
 تۆ ئەم نمایندە ساختەچیانەت بۆچییە ؟ 
ئەوان چیان لە تۆ زیاترە ؟ هونەری ئەوە چییە ڕێز لە م گەمژانە بگرین کە هەرچی شەرەف و رەوشت بێت نییانە!؟ درۆ دەکەن، گومان بڵاو دەکەنەوە ژینگە تێک دەدەن، نیشتمان و خاکیان هەراج کردوە، بە بێ تەقە داگیرکەریان هێناوەتە سەرمان.
 تۆ بۆ ناتوانی خۆت بیت، تاکە شتێک کە ئازادت دەکات تەنها بوێرییە، ٢٥ساڵە بەناوی ئازدییەوە ئەتک دەکرێین و سوکایەتی دنیامان پێکراوە، کاتێک بەعسییەکان حاکم بوون تاکی باشور پڕ شکۆمەندی بوو ئێستا تاکی کورد لە باشور بێکەسایەتییە، لێرەو لەوێ دەنگێکی یاخی هەیە کەچی گومان ڕێگەی نادات مرۆڤ بونی خۆی بسەلمێنێت.بۆیە کوردی باشوور لە جەستەی ڕۆحێکی مردوودا ژیان دەکات، ئەو جەستەیەی کە لەو وێنانەدا دەیبینن نەبوونی چاکترە لایەنی کەم ژینگە پیس ناکات.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە