خەڵکی هەولێر ڕژانە سەر شەقام

Saturday, 17/12/2016, 1:54

4898 بینراوە


بەرلە ماوەیەک "فەرهاد بێرباڵ " ووتی: هەولێر تاکە جێگەیە کە بۆیەکەمین جار جەژنی لە دایکبوونی پێغەمبەری ڕاگەیاند و کردیە نەریت بۆ جیهانی موسڵمان.لە پڕ مەلایەکی درۆزن خەوێکی گێڕایەوە پێغەمبەری بەسەروچاوی خوێناوی و تەپو تۆزەوە بینی کە لەو دەشتی بەڕانەتیەێدەدا بەرەو هەولێر دەهات، خەڵکی مزگەوتەکەش سڵاواتیان لێدەدا و دەگریان، گوێیان بۆ درۆزنێک دەگرت کە کاتژمێرێک خەوی خۆی دەگێڕایەوە.(لە زانستی خەوبینینا هیچ خەوێک نییە، کە مرۆڤ دەیبینێت، بەدرێژایی درامایەک دوور و درێژبێت).
ئەمڕۆش کۆمەڵێک ساختەچی لە ڕێگەی دەسەڵاتەوە قتویەکی سەوز هەڵدەگرن و بە شەقامەکانی هەولێردا دەیگێڕن، گوایە چەند تاڵە مووی سەری پێغەمبەری تێدایە و خەڵکەکەش سەرە دەگرن تا ماچی بکەن.
بەهەمان شێوە لەتێک تایەی پێڵاویش دەنێرن بۆ سلێمانی و بە خەڵکەکە دەڵێن وەرن ئەوە پارچەیەکە لە نەعلەکانی پێغەمبەرە، (ئەمە لە کاتێکدا لە سەردەمی پێغەمبەردا لاستیک بوونی نەبووە )، مێدیای قەشمەر و دەسەڵاتی خوێڕی کوردیی، بە گەمژەکردنی خەڵکی ئاسودەیە و لە پشتییەوە دەوەستێت و رێگری لەم نمایشە پوچ و ساختەچییانە ناکات، پێی خۆشە، بەپۆلیس و چەکدارە نەخوێنەوارەکانیش دەڵێت پاسەوانی بکەن.ئیتر خەڵکەکە بیر ناکاتەوە و ناپرس، باشە چۆن تاکە نەعلێکی لاستیک پێغەمبەر لە کوێ بوونی هەیە؟ یان ئەگەر تالە پێڵاوێکی ئەو سەردە دۆزرابێتەوە، چۆن دەیسەلمێنن کە ئەمە هی پێغەمبەرە، لە کوێوە هاتۆتە لای ئێوە، چۆن گەیشتۆتە ئێرە؟ کێ هێناوێتی و کێ رێگای پێ داوە، بێت، یان ئەو هەموو ساڵە لای کێ بووە، ئەگەر راست بێت، چون دەولەتێکی وەکو سعودیە رێگا دەدات بە ناو خەڵکی کوردستاندا بیگێڕن و دەستی پاک و پیس و دەستی دز و ناپاک بەری بکەوێت!، یان خەڵکەکە ناپرسن ئەو تاڵە موە لە کوێوە هێناتان، ئایا چوون و استغفراللە گۆڕ و مەزاری پێغمبەرتان هەڵدایەوە و ئەو مووەتان لێکردەوە؟ یان ئەو دەلاکەی کە سەری تاشی؟  کێ بوو؟ چۆن ئەو تاڵە مووەی تا ئیستا هەڵگرتوو ناردی بۆ کوردستان، تا ئەمڕۆ نمایش بکرێت!؟ کەسێک، یان میللەتێک بێ عەقڵ نەبێت چۆن ئاوا دەبەنگ و گێژ دەبێت، بڕوا بە شتی وا دەکات؟ ئێوە کەستان ئیسلامی راستەقینەش نیین، چۆن لە بێ عەقوڵی خۆشتان گاڵەتە بە خوا و بە پێغەمبەریش دەکەن! خوا، کەسی عاقڵی ناوێت کە ئاوا ئاین و فەلسەفەکەی سووک بکات!؟ ئێوە بۆ هونەرمەندێکی نەخشەکێش کە وێنەی پێغەمبەری دروست کردبوو هەموو دنیاتان هەڵگێڕایەوە، چۆنە بۆ ئەم کارە سەری ئەم ساختەچییانە هەڵناکێشن، کە تاڵەی موی خۆیان دەهێنن و دەڵێن ئەمە هی پێغەمبەرە؟ چۆن نەعلێکی کۆنی دڕاوی کەسێک دەهێنن و دەڵێن ئەوەش هەر پێغەمبەرە و بڕوای پێ دەکەن!؟ بڕواهێنان بە ئاین، پێش هەموو شتێک عەقڵ لەسەری کار دەکات، نەک بێ عەقڵی؟! خەڵکەکە بیر لەوە ناکەنەوە کە ئەمانە پێیان دەڵێن ئێوە بێ عەقڵن و ئێمە پێتان رادەبوێرین! ئەو تاڵە موەی کە ئەمڕۆ قەرە باڵغییەکی لە شەقامەکانی هەولێر دروست کرد، من سەرەتا ووتم: ئۆخەی قڵیشایەوە و دەنگی ناڕازیی هەولێریشی تەنیەوە و پایتەخت جێگە شوێنە کە کۆتایی بەدەسەڵاتێکی زاڵم دێنێت.کەچی کەناڵی ٢٤ی پاراستن پەخشی ڕاستەوخۆی دانا کە خەڵکی بۆ پێغەمبەر لەسەر شەقامان وەربوون.
لەزیندانی گەورەی هەولێر 
 بە ئامادەبوونی بەڕێوەبەری زیندانی ناوەندی هەولێر بەشی راگیراوان رائد خەسرۆ خۆشناو و بەئامادەبوونی گوتەبێژی پۆلیسی پارێزگای هەولێر نەقیب هۆگر عەزیز مەراسیمێک بۆ لە دایکبوونی پێغەمبەر کرایەوە.
ئەمە کۆمێدیاترین هەواڵە، چونکە زیندانییەکان دوای ئەشکەنجەدان دێن و بەسەر و چاوی زامدارەوە گوێ لەو مەلا دەملوسانە دەگرن کە خۆیان کردۆتە نمایندەی خوا.بازرگانی سیاسی مەلاکان دوژمنی مرۆڤایەتین، ئەوان لەڕێگەی ئەم جۆرە لەنمایش دەیانەوێت خەڵکی ووزەیان سەرف بکەن و خۆیان بەتاڵ بکەنەوە.
بەعسییەکان ڕۆژی شارەکانیان دانابوو ئەو ڕۆژەی کە سەدام بۆ ئەو شارە سەردانی کردببوو، دوایش ڕۆژی لە دایکبونی سەدام، هەمان ڕەچاوی هەبوو، دەسەڵاتی کوردی دەزانن سەرۆکەکانی هێندە قێزەونە کەس یادیان ناکاتەوە بۆیە دێن نمایشی دینی بەخەڵک دەکەن، هەزاران مزگەوتیان قوتکردۆتەوە تا خەڵکی لەو ڕێگەیەوە خۆیان بەتاڵ بکەنەوە.
 دەسەڵات چاک دەزانێت، ئاین بەواتای بیرنەکردنەوە، دەزانێت ڕەوشتێکی ئاینی ڕەوشتێکی نابیرمەندانەیە.بۆیە ڕێگەدان بەم ڕەوشە داوە وەک هێنانی دووشەش وایە لە تاوڵەدا.
 ئیتر لە شەقامەکان لە زیندانەکان خەڵکانی، درۆزن، قاچاخچی، ماندو، سەرخۆش، ترسنۆک، دز، داوێن پیسی، تلیاک کێش، پۆلیسی گوندی، پاراستنی وەکو خۆیان دەهێنن، بە ناوی ئاینەوە، هەموویان لە سەرەی سندوقەکەدان، یان لەتە نەعل، یان تاڵەموویەک، دەیان دەنێت، تا بڵێن ئەمە هی پێغەمبەرە، ئەمڕۆش مەولود هەموومانی کۆکردۆتەوە، چونکە دەمیان بەشەکر و حەڵوا شیرین دەکەن و گوناحەکانیان هەڵدەوەڕێت.
ماوەیەک هەر بەوەدا دەگەیشتین گوێ لە درۆ و خەوەکانی عەلی باپیر ئەمیری موسڵمانان بگرن، کە لەگەڵ پێغەمبەر فلیمی ئەکشنی دەردەکرد، ترێ و کاڵەکی لە پشدەر دەرخواردی پێغەمبەر دەدا، ئیسلامی راستگۆ و دڵسۆز دەبوو، لەسەر ئەم خەوە عەلی باپیری وەکو کافر بدایە بەر شەق، دەبوو بیگوتایە چۆن کابرایەکی ساختەچیی و دز دەبێت خۆی بخاتە ریزی پێغەمبەرەوە! کەچی کەس دەنگی نەکرد و بە ئاسایی وەریان گرت، ئەم کابرا سختەچییە لەگەڵ پێغەمبەردا ترێ و کاڵەکی دەخوارد! تا سۆران عومەر ڕۆژێک پێی ووت: ئەمیرەکەم کوردستانپۆست ئابڕویان پێوە نەهێشتووین، ئیتر خەوە ڕەش و سپییەکانت باس مەکە بۆکەس.
دەسا عەبدول خالق مەعروف گۆڕت هەڵتەکێنە، ئێستا کێ بۆتە میراتگرت و هەولێر شاری دێرین چی لێ بەسەر هاتووە؟ هەر بەوە دەگەن بێنە سەر شەقام و یادی دینی تێدا ناشرین بکەن و لە مزگەوتەکاندا جەلاد و جیهادی وەک مەلا شوان و شیخ زانا بەرهەم بهێنن.
لەو کاتەی کە تۆ کتێبی " ئادەمزاد لە کۆمەڵی کوردەواریدا"ت نووسی مەلاکانی هەولێر کەس گوێی لێنەدەگرتیت، تۆ دەتزانی ئەگەر دین و دەسەڵاتی باو باڵادەست بێت چۆن خەڵکی گەمژە دەکەن و دەیان هێنن لەشەقامەکان وەک ئاژەڵ هەڵیان دەپەڕینن، تۆ تەنها پرسیارێکت وروژاند کە ئەویش مافی مرۆڤبوونی کەسەکان بوو، بێ جیاوازی لە نێوان نێر و مێ، تەنها ووتبووت ماف تەنها ئەوە نییە لە ماڵەکانماندا نمایشی یەکسانی بکەین.لەسەر ئەوە تۆیان تیرۆرکرد.چونکە دەستت لە تابۆکان دابوو، پرسیارەکەت سادە بوو بەڵام دۆگمای عەقڵەکان قبوڵیان نەکرد.
 ئێستا لە جێی تۆ، عەلی کەڵەک و مەلا مەزهەر و فەرهاد بێباڵ و مەلا مەسعود و سەدان گەجەر و گوجەری تر لەشەقامەکانی هەولێر وەربوون، بۆیە ئەمڕۆ خەڵکی هەولێر ڕژانە سەر شەقامەکان، بەڵام بۆ یادی تیرۆری تۆ و سەردەشت نا، بەڵکو بۆ لەچاپدانی " ئادەمیزاد لەکۆمەڵی کوردەواریدا" بۆ یادی پێغەمبەر لە بێعەقڵی ئەو مەلا و عەلی باپیرەکان، سوکایەتیی بە ئاین و بازرگانی بە ناوی پێغەمبەرەوە دەکەن، بێ ئەوەی کەس بڵێ، استغفر الللە، ئاین بووە بە بازرگانی و هەمووشیان بۆ ریکلامکردن ناوی محمەدیان لەبەرۆکیان دابوو، چونکە ڕێگە پێدراوە بۆ بێعەقڵکردنی خەڵکی.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە