نامەیەکی کراوە بۆ سەرۆکی فەرەنسا سەبارەت بە سەردانەکەی بۆ لای بارزانی

Saturday, 07/01/2017, 22:47

5492 بینراوە


نامەیەکی کراوە بۆ سەرۆکی فەرەنسا سەبارەت بە سەردانەکەی بۆ لای بارزانی
بۆ / بالوێزخانەکانی فەرەنسا 
وەزارەتی دەرەوەی فەرەنسا
سەرۆکی فەرەنسا 
ڕای گشتی و میدیاکان
بەریز سەرۆکی دەولەتی فەرەنسا François Hollande 
میوانداری بەریزتان بۆ لای بارزانی چەندین پرسیار دێنێتە پێش.
1) بەرێزتان بۆ جاری دوەمە سەردانی بارزانی دەکەن و هەروەها لە ڕابوردودا بانهێشتی پاریسیشتان کردوە ، ئەوە لە کاتێکدا کە بارزانی بە پێی دەستوری پەڕلەمانی هەرێمی کوردستان ماوەی سەرۆکایەتیەکەی بەسەر چووەو ئامادەش نیە کورسی دەسەلات تەسلیم بکات. هەرێمی کوردستان لە ڕاستیدا دەمێکە خاوەن پەڕلەمان و حکومەت نیە، بەواتا شتیک نەماوە لە هەرێمی کوردستاندا لە ڕووی زانستی سیاسیەوە پێی بوترێت سیستەمی سیاسی ، هەربۆیە لێرەدا پرسیار دەکەم بەرێزتان سەردانیی کێتان کردوە؟ 
2) ماوەی نزیکەی سالێک دەبێت موچەی تەواویی خەلکی هەرێم نادرێت و سیاسەتی برسی کردن پەیڕەو دەکرێت. بارزانی تەنیا بۆ بەرژەوەندی خێزان و بنەمالەکەی کار دەکات و لەسەر حیسابی خەلکی ولات خۆیان دەولەمەند کردوەو ملیار دۆلارەکانیان ترانسفێری بانقەکانی دەرەوە دەکەن و بەرێزیشتان ئەوە لە من باشتر دەزانن ، ئەوە لە کاتێکدا کە خەلکی ولات برسی و بێ پارەو بێ خزمەتگوزاری کراوە. هەمان شت بۆ بنەمالەی تاڵەبانیشە بەلام بارزانیەکان پشکی سەرەکییان بەر دەکەوێت. مافەکانی مرۆڤ لەم ولاتەدا پێشێل کراوە. من خۆم لەبەر ڕەخنەو نوسینەکانم لەسەر پارتی بارزانی لە خالی پشکنینی سنوری تورکیاو هەرێمی کوردستان لە برایم خەلیل لەلایەن دەزگا هەوالکری پارتیەوە دەرمان خوارد کرام. 
بە بەلگەوە بارزانی بازرگانی لەگەل داعشدا کردوەو ناوچەی شەنگالی ئێزیدیەکانی بێ بەرگری تەسلیم بە داعش کردو ئێزیدیەکانی ڕوبەرووی چارەنوسێکی تراژیدی کردەوە کە دواتر داعش کۆمەلکوژی کردن.
لێرەدا پرسیاری کەش دێنە پێش ، چی وای لە بەرێزتان کرد ئەی سەرۆک ، میوانداری سەرۆکی کلانێکی ئاوها ئەنجام بدەیت؟ هۆکارەکەی چیبوو؟ ئایا ئەوە سەردانێکی بە ڕووکەش فەرمیی دەولەتیی بوو ، یان ئەوە لە ڕاستیداو لە جەوهەردا بەند بووە بە بەرژەوەندیی تاکە کەسیەوە چونکە ئەی سەرۆکی بەرێز ئێوە دیارە کە خانەنشین دەبن لەوانەیە تەماحی بازرگانی کردنت هەبێت بە رێگای ئەوانەوە بۆ نەوت و گازی ولاتەکەمان ئیتر لەژێر هەر ناوێکدا بێت ، بەلام ئەوە باش بزانن ئەوانە تەنها سامان و مولکی نەتەوەیە. داخۆ هۆکاری ئەوە لەچیدا بێت لەو سەردانەتاندا بە هیچ جۆرێک باستان لە پێشل کردنەکانی مافی مرۆڤ و گەندەلی ئەو دەسەلاتەت نەکرد کە لەم ولاتەی ئێمەدا ئەنجام ئەدرێت لەلایەن دەسەلاتێکی تەقلیدیەوە. کەسێک و لایەنێک هاوشان لەگەل رژێمی ئەردۆغاندا شەڕو دژایەتی بزتنەوەی رزگاریخوازی کورد بکات لە تورکیاو سوریاش. لە کۆتایدا دەپرسم هۆکاری ئەوە لە چیدایە تەنیا سەردانی بارزانیەکان دەکەیت بەدەر لە حیزبە گەورە سیاسیەکانی تر لە هەرێم؟ هیوادارم ئێوە وەک سەرۆکی دەولەتێکی عەلمانی و دیموکراتی فەرەنسا وەلامێکت هەبێت بۆ هەموو ئەو پرسیارو تێبینیانەم و بۆ ڕای گشتی و بۆ گەلەکەشم.
لەگەل رێزدا
پرۆفیسۆر د. سالار باسیرە 
زانستە سیاسیەکان، ئەلمانیا
بە3 زمانی جیاواز پەیامەکە نێردراوە بۆ دەزگا نێودەولەتیە جیاوازەکان
02.01.2017

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە