مەیموونی سیاسی

Thursday, 23/02/2017, 23:57

4770 بینراوە


مەیموون گیاندارێکە کێ موز و هەندێ جار جگەرەی بداتێ ، سەما بۆ ئەو دەکات و لەبەرامبەر وەرگرتنی مۆزە و جگەرەکەدا خۆی دەکاتە گاڵتەجاڕ ، هاندێجاریش دەیخانە قەفەزەوە ، پارتە سیاسییەکانی کوردیش لە جلەکانی سەدەی ڕابردوو تاکو ئێستا مەیموونێکی سیاسی بەرەی سوونە و شیعە بوون لەبەرامبەر وەرگرتنی هاوکارییەکی مادیدا ، خیانەتی گەورەیان بەرامبەر بە میللەت ئەنجامداوە و هەندێکیشیان بوونە بە مەیموونی چەکداری دەوڵەتانی ناوچەکە ، لێرەوە ئەم ناونیشانەمان بۆ ئەم توێژینەوەیە هەڵبژارد .
ئەگەر گوزەرێکی خێرا بە مێژووی ئەم پارتانەدا بکەین بۆمان ڕووندەبێتەوە کە مەیموونی سیاسین . بۆ نموونە پارتی سەرەتا وەکو پارتێکی نەتەوەیی کارەکانی خۆی بۆ خزمەتی کێشەی نەتەوەیی لە چوارچێوەی عێراقدا ئەنجامدەدا ، بەڵام لە دوای کەوتنی کۆماری کوردستان لە مهابات بۆ ماوەی یانزە ساڵ بەشێکی سەرەکی سەرکردایەتی پارتی لە یەکێتی سۆڤیەتی جاران بوون ، لەم ماوەیەدا بەجۆرێک وابەستەکراون لە کاتی گەڕانەوەیاندا نە توانن بە پێچەوانەی بەرژەوەندی سۆڤیەت بجوڵنەوە ، بەڵگەی ئەم قسەیەمان ئەوەیە بۆچی لە ساڵی 1958 دا گەڕانەوە ؟ بۆچی پێش ئەو بەروار و کودەتای عبدولکەریم قاسم نەگەڕانەوە ؟ دوای گەڕانەوەش بە چەند ساڵێکی کەم پەیوەندییان لەگەڵ عبدولکەریم قاسم تێکچوو و دەستیان دایە خەباتی چەکداری تا کودەتای یەکەمی بەعس لە ساڵی 1963 و کودەتای دووەمی بەعس لە ساڵی 1968 ، دواتر بەیانی 11 ئازاری ساڵی 1970 لە نێوانسەرکردایەتی ئەیلوول و سەرانی بەعس دا واژۆراکرا ، لە م ماوەیەدا تا ڕێککەوتنامەی جەزائیر پارتی و سەرانی ئەیلوول پەیوەندییەکی توند و تۆڵیان لەگەڵ ئێران هەبوو ، تا لە ساڵی 1975 ڕێککەوتننامەی جەزائیر لە نێوان عێراق و ئێران واژۆکرا و ئێران هاوکارییەکانی بۆ سەرانی پارتی و ئەیلوول بڕی ، واتا تاکو ئێرە هەر سەردەمێ لەگەڵ ڕووسیا بوون سەردەمێ لەگەڵ عێراق و سەردەمێ لەگەڵ ئێران . لەدوای ڕێککەوتننامەی جەزائیریش تاکو دروستبوونی حکومەتی هەرێمی بەفاکتەری سەرەکی کۆڕەوەکە ، لە ساڵی 1992 پەیوەندییەکی تووند و تۆڵی لەگەڵ ئێران هەبوو ، سەری ڕەشی ئەو کاتە کەرەج بوو ، لە 1992-1994 لەگەڵ یەکێتی شەڕی بەوەکالەتی تورکیایان کرد دژی پەکەکە ، 1994_1997 لەگەڵ یەکتێ لە جەنگێکی سەختی ناوخۆیدا بوون ، یەکێتی هاوکارییەکانی لە ئێران وەردەگر ، پارتیش لە سەرەتاوە لە تورکیا و ئێران و دواجاریش لە 31 ئابی 1996 پەنای بردەوە بە بەعس و سەدام ، پارتی دوای 2003 تاکو ئێستا پەیوەندییەکی توندوتۆڵی ئابوری لەگەڵ تورکیا هەیە لەسەر حساب و بەرژەوەندی کوردی باکوری کوردستان ، لە هەموو هەڵبژاردنێکی پەڕلەمانی تورکیاشدا بانگەشەکارێکی سەرسەختی ئاکەپە یە دژی بزوونتەوەی ڕزگاریخوازی باکوری کوردستان ، پەیوەندی پارتی لەگەڵ عێراق یا ئێران یا تورکیا بۆ خزمەتی دۆزی کورد نەبووە ، بەڵکو لەسەر حسابی بەرژەوەندی کوردە لە باشور و ڕۆژهەڵات و باکوری کوردستان . ئێستا زۆنی زەرد وابەستەی تورکیایە .
یەکێتیش لە دروستبونی دا وابەستەی سوریا و لیبیا بوو ، ئەمەسەرەڕای ئەوەی لە ساڵی 1966 بەشێک لە ئەوانەی یەکتێیان دامەزراند پەیوەندییان بە حکومەتی ئەو کاتی عێراقەوە کرد ، لەدوای ڕێکەوتننامەی جەزائیر خەباتی چەکدارییان دژی حکومەتی بەعس ڕاگەیاند ، دواتر لە هەشتاکانی سەدەی ڕابردوو لەگەڵ بەعس کەوتنە گفتوگۆوە تا کیمیابارانی هەڵبجە ، لەو کاتەوە تاکو ئێستا بەجۆرێ وابەستەی ئێرانە زۆرجار فەرماندەیەکی سوپای پاسداران سەرکردایەتی کۆبونەوەی باڵە جیاوازەکانی یەکێتی دەکات ، ئەمە لە کاتێکدایە هەروەکو لەسەرەوە ئاماژەمان پێکرد لەگەڵ پارتی لە 1992_1994 شەڕی بەوەکالەتی تورکیایان کرد دژی پەکەکە ، لە 1994 _1997 لە لە جەنگێکی ناوخۆی سەختدابوون لەگەڵ پارتی و باشوری کوردستانیان کردە دووپارچەوە ، هەر لەو ساڵانەدا شەڕی برا کوژی بزوونتەوەی ئیسلامیشی کرد کە بزووتنەوە هاوکارییەکانی لە ئێرانەوە وەردەگرت واتا مەیموونی سیاسی و چەکداری ئێران بوون ، لەساڵانی( 2000)یشدا بۆ جاری دووەم شەڕی پەکەکەی بەوەکالەتی تورکیا کرد ، لە دوای( 2003)وە زۆنی سەوز وەکو ناوچەیەکی جێ نفوز و هەژموونی شیعە ئەژمار دەکرێت ، واتا پەیوەندییەکانی یەکتێیش لەگەڵ سوریا یا تورکیا یا ئێران لەسەر حسابی بەرژەوەندییەکانی کوردی ڕۆژئاوا و ڕۆژهەڵات و باکور بووە . بزووتنەوەی گۆڕانیش ئەوکاتەی بەشێک بوو لە یەکێتی بەشداری هەموو ئەو مێژووەیە ، ئێستاش کە زۆنی سەوز لە ژێر هەژموونی شعەدایە ئەویش بەشێکە لە وابەستەیی ئێران . سۆسیالیستیش ، لە هەشتاکانی سەدەی ڕابردوو تاکو ئێستا مەیموونێکی سیاسی ئێرانە ، بێ ئەوە بتوانێت لەو قەبارەیەی پێی گەیشتووە هیچ پێشکەوتنێک بە دەست بهێنێت ، لە ناوخۆیشدا وابەستەی پارتی دیموکراتی کوردستانە . هێزە ئیسلامییەکانیش وابەستەی ئێران و تورکیا و ووڵاتە عەرەبییەکانن . بزووتنەوەی ئیسلامی کوردستان لە هەشتاکانی سەدەی ڕابردوو ، ژمارەیەک پێشمەرگەی دیموکراتی ڕۆژهەڵاتی کوردستانی ڕادەستی ئێران کردوە و مەیموونێکی چەکداری ئێران بوون لەبەرامبەر وەرگرتنی هاوکاری مادی دژی بەرژەوەندی کوردی ڕۆژهەڵات بووە ، پێش کیمیابارانی هەڵەبجەش ڕێکەونی لەگەڵ ئێران هەبوو دیسان مەیمونی چەکداری ئێران بوون، لە ساڵانی نەوەدەکانی سەدەی ڕابردوو
شەڕی ناوخۆی لەگەڵ یەکێتی کرد بە سپۆنسەری ئێران ، ئێستاش لە ناوخۆدا هێزێکی پشکۆ و چەقبەستووی تەقلیدی بێ کاریگەرییە . یەکگرتووش لە دامەزراندنیەوە وابەستەی ئیخوان موسلمینە ، سەرەتاش لە ئێران بارەگە و بنکەیان هەبوو ، ئەمەش بەمانای وابەستەی سیاسەتی ئێرانی دێت ، لە سەردەمی شەڕی ناوخۆش دا وابەستەی پارتی بوو ، لە ئیدارەی هەولێریش بەشداری حکومەتی هەولێر بووە ، لە دوای( 2003 )ەوە وابەستەی ئاکەپە یە لە سەر حسابی بەرژەوەندی کوردی باکوری کوردستان ، لە هەموو هەڵبژاردنەکانی پەڕلەمانی تورکیاش دا لە ژێر کاریگەری ئاینی کلاسیکی دا بانگەشەکارێکی سەرسەختی ئاکەپە بووە دژی بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی کورد لە باکوری کوردستان ، واتا مەیموونێکی سیاسی بێ چەکی ئاکەپەیە ، کۆمەڵی ئیسلامیش هەر لە جیابوونەوەی لە بزووتنەوەی ئیسلامی ، ئێران ڕۆڵی سەرەکی لە دامەزراندنیدا هەبووە ، ئەوکاتەش کە بەشێک بوو لە بزووتنەوە دەستیان هەبوو لە دەستگیرکردنی پێشمەرگەکانی دیموکرات و کیمیابارانی هەڵەبجە و شەڕی ناوخۆی دژی یەکێتی ، لە ساڵانی( 2000) لەگەڵ ئەنصار ئیسلام ڕێکەوتننایان هەبوو دژی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان . لە دوای( 2003)ەوە مەیموونی سیاسی و بانگەشەکارێکی سەر سەختی ئاکەپەیە لە دژی بەرژەوەندی نەتەوەیی کوردی باکوری کوردستان . ئەوەی بە لای منەوە مایەی هەڵوەستە لەسەر کردنە ، ئەوەیە هێزە ئیسلامییەکان هەمیشە پاساوی ناڕەوا بۆ هێزە ئیسلامییە داگیرکەرەکان دێننەوە ، ئاکەپەی ئیسلامی تورکچی بە ناوی دینەوە پڕۆسەی جینۆساید و ئیتنۆسایدی کورد لە باکوری کوردستان درێژە پێدەدات ، بەڵام لێرەوە هێزە ئیسلامییەکان پاسا و بۆ ڕەفتارەکانی ئاکەپە دێننەوە و بە ڕزگاری ئیسلام ناوەزەندی دەکەن ، ئەمە چ لۆژیکێکە بە بەناوی دینەوە بە ڕەوای بزانی تورک ڕابەرایەتیت بکات و ژێر دەستەی کوردیش بە ڕەوا بزانی . کەسایەتی ئیسلامی هەیە لە ئەستەمبوڵ ڕۆژانە بە بەرچاوییەوە ئاکەپە شاری جزیرە و سلۆپی وێران کرد ، پەڕلەمەنتار و گەنج و کەسایەتی سیاسی کورد زیندانی دەکات ، بەڵام بە هۆی ئەوەی مەیموونێکی ئاکەپەیە هیچ هەڵوێستێکی نیە ، لە کاتێکدا چەند تورکێک لە تەقینەوەیەکدا دەکوژرێن نوێژی مردوویان لەسەر دەکات ، ئەمە جگە لەوەی مەلا ئیدریس یا خەسەن خەیری یا ڤایرۆسێک لە جەستەی کورد دا هیچ پێناسەیەکی دیکە هەڵناگرێت . هێزە ئیسلامییەکان بەهۆی گرێدراوییان بە ئاکەپەوە ، دەتوانین بڵێن مەلا ئیدریسی بەدلیسی هاوچەرخن بەڵام لە قاڵبێکی گەورەتردا . ئەردۆغان بەردەوام دەڵێت ئێمە دژی دروست بوونی گیانێکی کوردین لە باکوری سوریا ( خۆرئاوای کوردستان ) ، لەبەرامبەردا هێزه ئیسلامییەکانی باشوور بوونەتە مەیموونی سیاسی ئاکەپە و ئەردۆغان .
ئەم وابەستەی دەرەکییە هەمیشە کارەساتی گەورەی بەسەر میللەت دا هێناوە ، هەروەکو ڕێککەوتننامەی جەزائیر و کیمیابارانی هەڵەبجە ، ئەمە لە کاتێکدا هەرگیز نەتەوە لە سیاسەتدا تاوانبار نیە ، گەل بۆ بەدەست هێنانی مافە ڕاواکانی متمانە بە هێزەکان دەبەخشێت بەڵام لەبەرامبەردا سەرکردە و پارتەکان گرێدراوی دەرەکین ، و درێژە بە پڕۆسەی پاکتاوی ڕەگەز و پارچەبوون و داگیرکاری دەدەن ، بە هۆکاری وابەستەیی دەرەکییان ناتوانن بە پێچەوانەی ستراتیجی ئێران و تورکیا سیاسەت بکەن . چونکە هێزێگەلێکی نەتەوەیی نین ، پشت بە هێز و ئیرادەی گەل ببەستن .
هێزەکانی باشوور جگە لەوەی هەریەکەیان وابەستەی بەرەی سونە یان شیعەن ، لە ناوخۆشدا هەندێکیان مەیموونی سیاسی لایەنەکانی دیکەن ، هێزە بچووکەکان بەشێکیان وابەستەی زۆنی سەوزن و بەشێکی دیکەیان وابەستەی زۆنی زەردن بەپێی وابەستەی دەرەکییان ، پارتی لە ڕێی بوودجەوە حیزبەکانەوە حیزبی زەحمەتکێشانی کردە دوو بەشی بێ کاریگەر ، دواتر بەشێکیان بە ناوی ئایندە وە خۆی ناساند و دواجار بوونە بەشێک لە یەکێتی .
پەکەکەش بەپێی ئایدۆلۆژیاکەی و مێژووەکەی بەرەکانی گۆڕیوە ، لە دوای کێشەی سوریاوە توانیان لە خۆرئاوای کوردستان ئەزموونێک دابمەزرێنن ، هاوکارییەکانیان لە سوریا و ئێران و ڕووسیا وەردەگرن ، هەروەها ئەوروپا و ئەمریکا ڕاستەوخۆ هێزەکانی سوریای دیموکرات پڕ چەک دەکەن ، گەر ئەوانیش ئەم پەیوەندییە دبلۆماسی و هاوکارییە لە سەر حسابی بەرژەوەندی کورد وەربگرن ، دەبێت بەو قەدەری وابەستەییە ڕازی بین و چاوەڕوانی گۆڕانی گەورە لە نەخشەی ئەو ووڵاتانە نەکەین کە کوردستانیان بەسەردا دابەشکراوە . هێز و پارتەکان بە جۆرە و مێژوویان بەشێک بن لە پڕۆژەی سوونە و شیعە چۆن دەتوانن کۆنگرەی نەتەوەیی ببەستن و ستراتیجیەتێکی نەتەوەیی دابڕێژن بە هەموو دەنگ و ڕەنگەکانەوە بۆ خزمەتی دۆزی ڕەوای کورد .
ئەم هێزانەی باشور هێزگەلێک نین ئومێدی گەورەیان لەسەر هەڵچنی و چاوەڕوانی گۆڕانی گەورەیان لێبکرێت ، بۆنموونە ئومێدی ئەوەی لە هەڵبژاردنی داهاتوودا یەکێک لەم پارتانە بێنە پێشەوەو گۆڕانی گەورە لە هاوکێشەی هێزدا دروست بکەن و تەکانێکی گەورە بە بارودۆحی ئابوری و سیاسی کوردستان بدەن ، ئەم هێزانە خۆیان چەقبەستوون لە و قەبارەیەی پێیگەیشتوون ، بە جۆرێک وابەستەی دەرەکیان ناتوانن باشوری کوردستانیش لەم ئاستە چەقبەستوییە نەتەوەیی و سیاسییە دەرباز بکەن .

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە