دواتیرى ژەهراوى تورکیا

Saturday, 04/03/2017, 2:54

2607 بینراوە


لەسەرەتاى شەڕى داعشەوە بەڵگە هاشاهەڵنەگرەکان سەلماندیان تورکیا لەو پەڕى تواناى خۆیدا هاوکارى هەموو گروپە تیرۆریستیەکانى کرد، تەنها لەبەر ئەوەى شکست بە کوردانى ڕۆژئاواى کوردستان بێنێت، بەڵام خۆشبەختانە ئەم ئاواتەى نەهاتەدى و شەڕڤانانى یەپەگە و یەپەژە بە بەرگرى یەکانیان ئەو خەونەى ئەردۆغانیان لەگۆڕنا، دواتر ئەردۆغان پاشگەزبۆیەوە لە دەستەواژە ئاگرینەکانى بەرامبەر بە (سوریا و ڕوسیا) و هەوڵیدا پەیوەندیەکانى نێوانیان ئاسایى بێتەوە، تەنازولێکى قەبەى لەبەرامبەر نواندن دیسان ئەمەش تەنها لەبەر ئەوەى کورد هیچ بەدەست نەهێنێت، خۆشبەختانە ئەم پیلانەشى وەک پیلانەکانیترى شکستى گەورەى بەدواوە بو.
بەهۆى شکستە یەک لەدواى یەکەکانیەوە کە بێ چارەماوەتەوە لەبەرامبەر پێشکەوتنى کوردان بەجۆرێک دەوڵەتى تورکیا و خودى ئەردۆغانى توشى سەرسوڕمانکردوە، سەرەتا بەهێزەکانى خۆى بەشێوەیەکى دڕندانە و داگیرکاریانە کەوتە ناوخاکى سوریا و ڕۆژئاواى کوردستانەوە، لە دواهەنگاویشدا دواتیرى ژەهراوى لەدڵى کوردان چەقاند و لەڕێگەى پارتى و ئەنەکەسەوە سەرلەبەیانى ئەمڕۆ لەناوچەى شەنگال شەڕ و پێکدادان ڕویدا و بەداخەوە کوژرا و برینداریش هەیە. 
خەمى ئێمە تورکیا نیە چونکە ستراتیژى ئەو وڵاتە و خودى ئەردۆغانیش لەباربردنى دەستکەوتەکانى کوردە، کەئەمە لاى هەمووکەس ڕوونە، بەڵکو خەمى ئێمە ئەنەکەسە و پارتین کە بەرپرسیارى سەرەکى شەڕەکەیان لەئەستۆیە و ناکرێ بچنە ناو پیلانى تورکیاوە، ناکرێ لەشکرێک لەخەڵکى باشور بەبیانوى دروستکردنى دەوڵەتى کوردى و هاوکارى تورکیا بۆ دەوڵەتەکەى باشور بچنە بەرەى تورکیاوە دژى نەتەوەکەى خۆیان بجەنگن، تورکیایەک لەهاتنى سەرۆک وەزیرەکەى بۆبغداد لەکۆبونەوەیەکى داخراودا لەگەڵ وەفدى حکومەتى عیراقى لەپرسیارێکى وەفدەکەى عیراقدا کەبۆچى سوپاى تورکیا ناکشێننەوە لە باعشیقە، بن على یەڵدرم دەڵێ سوپاى ئێمە لەجیاتى سوپاى عیراقى لەوێن و هەرکاتێک حکومەتى عیراق تواناى هەبوو سوپاکەى بێنێتە سنورەکانى کوردستان ئەوکات بەبێ مەرج سوپاى تورکیا پاشەکشەدەکات، دواتر دەڵێ ئەوە ئێمەین لەوێوە ڕێگرین لەوەى کە هەرێمى کوردستان دەستى بەجیهان نەگات و پرسى نەتەوەییان نەکەنە ئەمرى واقیع و دەوڵەت ڕابگەیەنن!!، سەرۆک وەزیى تورکیا بێ ئاگابوە لەوەى لەناو وەفدەکەى حکومەتى عیراقى وەزیرێکى کوردى تیابوە. 
ئەمە بیرکردنەوەى تورکە هەتا دەچێت توندتر دەبێت لەبەرامبەر کێشەى کورددا، پێم سەیرە پارتى بەو شێوە تەسلیمى سیاسەتەکانى ئەردۆغان بوە، گەر هەڵکردنى ئاڵاى کوردستان لە فڕگەى نێودەوڵەتى ئەتاتورک ئەم شەڕەى بەدواوەبێت، ئەوا هیچ لێى مەمنون نین و با هەرچى پەیوەندى یەکانێتى لەگەڵ هەرێم بیپچڕێنێت و ئەو لەماڵى خۆى و ئێمەش هەروەها، تورکیایەک لەناو خودى وڵاتەکەى خۆیدا کوردى قبوڵ نەبێت، تورکیایەک ڕێگەنەدات لەڕۆژئاواى کوردستان کورد خاوەن ناسنامەى خۆى بێت، چۆن دەکرێ بڵێین کوردى باشورى قبوڵە، خۆئێمەى باشورى عەیارە24نین و ئەوانیتر تەنەگە!!. 
پێویستە لایەنەکانى باشورى کوردستان، ڕێکخراوەمەدەنیەکان، بەگشتى خەڵک لەباشورى کوردستان ڕێگەنەدەن ئەم شەڕە تەشەنەبکات و کۆتایى پێبێت، ئیتر بەسە جێبەجێکردنى ئەجێنداى تورکى، گەربەعەقڵیەتى نەتەوەییەوە بەرگى یەکتر قبوڵکردن نەپۆشین، چاوەڕێى ئایندەیەکى تاریک دەکرێت بۆهەمووکورد، کەتاکە نەتەوەش هەر خودى کورد خۆى زەرەرمەندى سەرەکى دەبێت و دوژمنانیش سودمەندى سەرەکین، چونکە ئەو تیرەژەهراویەى تورکیا لەدڵى کوردى چەقاند ئازارێکى لەبن نەهاتوى بەدواوەدەبێت، گریمانەى ئەوەش دەکرێت ئەمە سەرەتایەکى تاریکى بێت بۆ شەڕى کورد بەکورد کەهیوادارین وانەبێت.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە