شەنگال بوبە بەدەستە خوشکی هەڵەبجە

Thursday, 16/03/2017, 23:24

2347 بینراوە


هەڵەبجە بەرهەمی زهنیەتێکی داگیرکاری بوو، لەهەلومەرجێکدا پێکهات کە چاوی دوونیا لەسەر پەیوەندیە ستراتیژی و بازرگانیەکانی بوو، لەئاستی هەر ناحەقیەکدا نابینا بوو کە بەرژەوەندییەکانی بخستبایە مەترسیەوە، هەڵەبجە لەسەردەمێکدا پێکهات ناکۆکیەکانی هەردوو بلۆکی بەناو سۆسیالیزم و سەرمایەیی جیهانی لەکۆتاییەکانی شەڕی سارددا بوون، ئەوانەی پیلان و بەرنامەییان لەسەر پاشماوەکانی رژێمەکان هەبوو گڵۆپی سەوزریان هەڵکردبوو بۆهەموو ئەو هێزانەی کە تەراتینیان بەخوێنی گەلان دەکرد، کوردان و بزوتنەوەکەی لە هەرچوارلاکەیدا لەنێو مامەڵەی بەکارهێنانیدا بوون لەدژی یەکتری و ئەوەی دەکرا و دەبیسترا تەنها دەنگی بازاڕی مامەڵەکردنەکان بوون، هەڵەبجەش یەکێک بوو لەو قوربانیانەی لەهەلوومەرجی شەڕی ئێران ئێراقدا کرایە قوربانی ئەم بازاڕی کردنە.
لەکاتێکدا لەلوتکەدا شەڕی ئێران - ئێراق دەبوو یەکلایی بکرێتەوە بەسودی یەکێک لەم دووهێزە، ئێرانێک کە ئەزموونی بەکارهێنانی کوردی لەدژی حکومەتی ئێراق لەپارتیدا گەیاندبووە لوتکە و لە ئاشبەتاڵی 1975دا گەورەترین قوماری لەدژی ئێراق پێ قازانج کردبوو، گەشتبوە ئەو راستیەی کە گەر هەمان سیاسەت پێڕەو نەکات یاخود بەهەمان ئەدا حکومەت نەخاتە ژێرباری داننان بەشکستی خۆیدا ناتوانی بەسەرکەوتووی لەم شەڕە دەرکەوێ، خۆ گریدانی کوردان بەهاوکاریەکانی ئێران بۆ شۆڕش لەدژی حکومەتی بەعسی ئەو دەمە جیاوازیەکی نەبوو لەگەڵ هەمان سیاسەتی نێوان ساڵانی 61 بۆ 75 کە ئەنجامەکەی شکەست بوو. لەهەلومەرجی کیمیابارانی هەڵەبجەدا ئاستی هاوکاری و لێک نزیکبوونی شۆڕشی کوردی لەباشوری کوردستان و ئێران لەئاستی هاوسەنگەریدا بوو، ئەمەش رژێمی بەعس بەگەورەترین مەترسی بۆسەر خۆی دەیبینی. هەبوونی ژمارەیەکی زۆر لەپاسداری ئێرانی لەهەڵەبجەی سەردەمی کارەساتدا و بەرنەکەوتنی پاسداری ئێرانی لەکاتی روودانی کۆمەڵکوژیدا؟ پرسیارێکە کە دەبێت وەڵامەکەی بدرێتەوە؟.
هاوشێوەی هەمان کارەسات و لەبەرگێکی نوێدا لەئابی 2014 شەنگال خرایە سەرمێزی قوماری داعش و ئەکەپە - پارتی، بەڵام جیاواز لە 1988 لەمێزی فرۆشتن کورد یاریکەر بوو، ئەگەر بەلەبەرچاوگرتنی کۆمەڵکوژیەکانی تر چاو لەکۆمەڵکوژی شەنگال بکەین، تێدەگەین کە هەلومەرجی تیادا شەنگالی پێکهات، بەرپرسی پاراستنی ئەو شارە لەدەستی پارتی و زیاتر لە12هەزار چەکداری پارتیدا بوو، بەڵام وەکو ئەوەی ئەم هێزە تەنها هێزێکی لەکارتۆن دروستکراووبێت، بەبێ تەقە و بەرێکەوتنێک تەواوی شەنگال رادەست بەهێزی بەڵێنپێدراو دەکرێت. بەڵام کاتێک هێزی دەستێوەردان لەرەوشەکە دەبێتە رێگر لەپێش سەرخستنی رێکەوتنێکە و ناهێڵێت خوێنی سەدان هەزار کوردی ئێزیدی ببێتە بازاڕی قوماری بەناو دەوڵەتی کوردی، ئەمڕۆ هەمان هێز کەپارتیە تۆڵەی خۆیان لەپاشماوەکانی ئەم کورده کۆمەڵکوژکراوەی دوایی حەفتاو سێ فەرمان دەکاتەوە. 
رژێمی بەعس تۆڵەی دۆڕاندنی قوماری شەڕی 1975 بەهەڵەبجە کردەوە، پارتیش تۆڵەی سەرنەکەوتنی کۆمەڵکوژکردنی کوردانی ئێزیدی بەرامبەر  دەوڵەتۆکەی میری لەسنوری سلێمانی، هەولێر و دهۆک بەهەوڵدانەکانی 3ی ئادار تا ئێستا بۆ کۆمەڵکوژکردن و لەناوبردنی ئیرادەی ئێزیدیەکان دەکاتەوە. وەڵامی بۆچی شەنگال؟ لەپشت هەمان پیلاندا خۆی ماتداوە، کاتێک جوگرافیای ستراتیژی، ئابوری، کۆمەڵایەتی و لەوانیش گرنگتر ئەدایی هزری ئێستایی شەنگال، بۆ بووین بەخاوەن ستاتۆ و هەبوونی هێزی خۆپاراستنی هەمەلایەنە لەبەرچاو بگرین، تێدەگەین لەخاڵێکدا پارتی هەوڵی زندووکردنەوەی کۆمەڵکوژی و مەترسی دەدات بۆ بەکارهێنانی وەکو بازاڕی بەناو دەوڵەت و سەربەخۆی، لەو خاڵەدا پارتی دەست و هزری خوێناوی کەشف دەبێت، بۆیە ئەوەی پێی بکرێت بەبێ لەبەرچاو گرتنی هیچ پرەنسیپێکی، نەتەوەیی، ئەخلاقی و مرۆیی دەیکات بۆ مانەوەی خۆی.
ئەگەر تا ئێستا هەڵەبجە سمبوڵی کۆمەڵکوژی ئەم گەلە بێت بەدەستی هێزێکی بیانی، ئیتر شەنگال راستی هەڵەبجەش دەردەخات کە هەرکۆمەڵکوژیەک کوردی کرێگرتە و خیانەتکار تیا بەشدار نەبوبێ سەرنەکەوتوە. ئیتر شەنگال و هەڵەبجە دوو دەستە خوشکی قوربانی دەستی سەردەست و کوردی بەکرێگرتەن و دەبێت کوردانی ئێزیدی بەهاواری "پارتی بۆدەرەوە لەم وڵاتە" رێگا لەپێش ئەگەری دووبارە بوونەوەی هەر کۆمەڵکوژیەک بگرن، کە کوردی هاوکار تەواوی کردوە. 
ئیتر شەنگال قسەی دڵی هەموومان دەکات، ئەوەی ئێمە بەساڵانە بوێریمان نەنواندوە بەخیانەتی بڵێین ئەمڕۆ ئێزیدی بەتێکۆشانی خۆی و بەو ئیرادەیەی بەفکرو فەلسەفەی پەکەکە و ئاپۆچێتی قازانجی کردوە، بەخیانەتکارانی دەڵێت، ئەوەی لەسەر ئێمەیە پشتگیری ئیرادەیی ئازادیی ئێزیدیەکان و هەموو ئەو دامودەزگا، ئەنجومەنی بەڕێوەبەری دیموکراتی،هێزەکانی یەبەشە و یەژەشە و کۆی ئەو هەنگاوانەیە کەلە شەنگال دەهاوێژرێت.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە