بەیاننامەی "بەرەی خەڵك" دژ بە شەهیدکردنی (نوژیان ئارهان)ی ڕۆژنامەنووس

Saturday, 25/03/2017, 21:30

2978 بینراوە


سەرەتا دروود بۆ گیانی شەهیدی دەستی غەدر و خیانەت "نوژیان ئارهان" و هەموو ئەو شەهیدانەی تر کە لە سایەی دەسەڵاتی مافیایی حزب و بنەماڵەکاندا، لەژێر دروشمی درۆینەی "دیمۆکراسی"دا، لە ژیان و ئازادی بێبەشکران! سەبووری و ئارامی بۆ هاوڕێیان و خانەوادە و تەواوی ماتەمگێرانی ئەم مەرگەساتە بۆ دەنگە ئازادەکانی نیشتمان.
بە شەهیدکردنی "نوژیان"، پارتی خیانەتێکی تری بۆ ڕۆژمێری پڕ ناپاکی خۆی تۆمارکرد، ئەم حزبەی بنەماڵە کە کرێگرتەیی تێکەڵە بە خوێن و جووڵەیان، هاوڕێ لەگەڵ دەسەڵاتی ئەمدیو دێگەڵە، هەرگیز لە کوشتاری دەنگە ئازادەکان سڵیان نەکردۆتەوە، چونکە هەردوولا تەنها بە پیاهەڵدان و ویژدان کڕین ئاشنان و زمانی ڕەخنە بە فیشەک وەڵامدەدەنەوە!
لێرەوە لەم ڕۆژەدا، "بەرەی خەڵك" دووڕووی و ساختەیی و ڕووڕەشی بەرەوڕووی: حزبەکان، بەرپرسە حکومی و کۆمەڵایەتییەکان، ڕێکخراوە بەناو ئازاد و مەدەنییەکان، کەسایەتییە سیاسی و پەرلەمانی و میدیایی و ڕۆشنبیرەکان دەکاتەوە. دەرکەوت ژیان و بەهای مرۆڤەکان لای ئەم بانگەشەکەرانەی ژیاندۆستی و ئازادی وەک یەک نییە و شیوەن و ماتەمداریان پەیوەستە بە شنەی بەرژەوەندی و دەسەڵاتەوە! ئەمەش تەنها دەمامکداری و ناخە بێبەهاکەی ئەوان و بچووکیان بەدیاردەخا!
بۆیە جێی خۆیەتی کرۆکی ڕاستەقینەی ئەوانە ببینرێت کە پاک و ناپاک و خیانەت و خزمەت لێکجوودا ناکەنەوە، بگرە ئارایشتێکی باشی ڕووە دزێوەکەی دەسەڵاتی ستەم و تاڵان دەکەن!
لەگەڵ ڕێزی "بەرەی خەڵك" بۆ یاسا و دامەزراوەییبوون، جێی داخ و پرسیارە، کە لە ساتی کارایی و ئێستاش کە پارتی کودەتایی بەسەردا کردووە و حزبەکانیش بەم کەڵەگابوونەی پارتی ڕازین و شوورەیی و غیرەت نایانگرێ چ خیانەت و ستەمێک بەرامبەر خاک و خەڵک دەکات، پەرلەمان هیچ ڕۆڵێکی نەبووە بە بەرگرتن لە ستەم و کوشتاری ڕۆژنامەنووسان و دەنگی ئازاد! چونکە پەرلەمان بۆ پاراستنی بەرژەوەندی و شتنەوەی تاوان و تاڵانی حزب و بنەماڵە، کرایە کاریگەرترین قفڵ بۆ بەستنی زاری کۆمەڵگە و بێبەهاکردنی هەموو ناڕەزاییەکان! بۆیە هەرچییەک لێرەدا دەوترێت وتەیە و سانتیمەترێک ئەم گوللەی غەدرانە لە دەنگە ئازا و ئازادەکان دوور ناخاتەوە!
دووبارە دروود بۆ گیانی نوژیان و گشت شەهیدانی دەستی تیرۆری حزب و بنەماڵەکان. بوونی ئەمانە و مانەوەیان لە دەسەڵات، زامنە بۆ کوشتنی هەر دەنگێکی جیاواز و ڕەخنەگر، لە ستەم و تاڵان و خۆسەپاندنیان بەسەر کۆمەڵگەدا! بۆیە هەموو ئەوەتان لەیاد بێ تەنها بە لادان و کۆتاییهێنان بەم دەسەڵاتی تۆقاندن و ئەقڵە داخراو و خۆپەرستە، سەلامەتی بۆ دەنگە ئازادەکان فەراهەم دەبێت.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە