چ عەجەب !

Saturday, 08/04/2017, 21:47

2076 بینراوە


ئەمجارەیان یەکێتی وتی: (پرسی ئاڵا هێڵی سورە)، پارتیش ددانی پێدانا، کە (پرسی ئاڵا بەسەرماندا سەپێنراوە).
یەکێتی: (ئەگەر راپرس بۆسەربەخۆی نەکەین چی بکەین؟)،
پارتی بۆ جبوری: (لەگەلڕ ئێراقێکی یەکپارچە و یەکگرتووداین).
گۆڕان: یەکێتی و پارتی نوێنەرایەتی کورد ناکەن.
باشە لەکەرکوکی دڵەکەی پارتی و قودسەکەی یەکێتی، چ دەگوزەرێت، یەکێتی کەرکوک قودسی کوردستانە و بەکوردستانی دەمێنێتەوە، نێچیرەڤان بارزانی کەرکوک شارێکی کوردی نیە. ئەی تورکیا کاری لەم هاوکێشەیەدا چیە، ئەردۆگان: قەبوڵ ناکەین ئاڵای هەرێم لەکەرکوک هەڵکرێت. یەڵدرم: کەرکوک شارێکی کوردی نیەو هەڵکردنی ئاڵای هەرێم هێڵی سورە. ئەمە سەردێری هەواڵ نین کە ریزکراون ئەمە ستراتیژی بەرێوەبەری و نەتەوەیی و دیموکراتیە، کە شانازی پێوەدەکەین، کە لەچێشتە مجەوەرەکەی رەحمەتی هەژار دەچێت. 
بابێینە سەر ئەوەی لەچ هەلومەرجێکدا ئەم گەڕەلاوژە(هەرکەس بۆخۆی)یەی دروستکراوە، پارتی بەپشت بەستن بەیەقینبوونی سەرکەوتنی ئاکپارتی و ئەردۆگان لەپرسی ریفراندۆم و لەناوبردنی رۆژئاوا و پەکەکەدا هەموو تۆپەکانی خستوە سەبەتەی تورکیا و تورکیاش لەسەر ئاستی نێوخۆی و نێودەوڵەتی لەوپەڕی لاوازی و شەرمەزاریدایە. یەکێتیش وەکو ئەوەی بڵێ باشە ئەگەر ئەردۆگان سەرکەوێت پارتی بەهێزدەبێـت و من لاوازدەبم کەوتوەتە نێو گەمەیەک کە پارتی چەندان ساڵە تاقی کردوەتەوە و ئەنجامەکەی بەرچاوە. لەلایەکی تر ئێراق لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی تا ئاستێک لەجاران بەهێزتر کەوتوەتە سەر ساحەکە و ئەمەش، پارتی لەبەر لاوازبوونی تورکیا بەمەترسی دەبینێت، نەک لەبەر هەبوونێکی ئێراقێکی بەهێز کە دژی کورد شەڕبکات، بەڵام یەکێتی بۆچی؟ باشە گەر ئێراقێکی دوور لەشەڕ ناتوانێ لایەنی باشی هەبێت ئەگەر بەزهنیەتێکی دیموکراتیک لەگەڵی بژین و تێکۆشان بکەین. بەڵام کلیلی مەسەلەکە ئەوەیە دیموکراتیەت هەبوونی ئەم هێزانە و بەتایبەتی پارتیش دەخاتە بەرمەترسی.
ئاڵا و کەرکوک و ریفراندۆم، لەئێستادا سێ ئامرازی گەرمی بازاڕی پێکردن و مەشغوڵ کردنن، بەڵام سەرنج راکێشە گۆڕانکاری لەشێوازی بەکارهێنانیدا روویداوە بەجۆرێک، پێشتر پارتی وەکو کەواسورەی بەرلەشکری وروژاندنی هەستی ناسیۆنالیستی بەڵام ئێستا رەوشەکە پێچەوانە بۆتەوە. باشە لەرەوشی قەیران و شەڕی داسەپێنراوە لەئازادیی و پاراستن گرنگتر شتێکی دیکە هەیە. ئەوەتا لەشەنگالەوە پارتی ئاگری شەڕی ناوخۆ خۆشدەکات، هەزاران سەرباز و سەربازگە و کارگە و کۆمپانیایی بازرگانی باشوری کوردستانیان کردۆتە پارێزگای 82هەمینی تورکیا و تەراتێنی تیادا دەکەن، ئەوەتا پتر لەدووساڵە بەقەیرانێکی دروستکراو کۆمەڵگا گیانەڵایەتی، ئەوەتا سەرخان و ژێرخانی ئابوریمان لەبازاڕی رەشا بازرگانی پێوەدەکرێت، پەرلەمانمان بوەتە تەلارێکی تۆزگرتوو، پرۆسەی خوێندنمان لەلێواری مەرگایە، عەمبارەکانمان بەهەراران تەن چەکی خێرەومەنی تیابوو رەوانەی سنورەکان دەکرێن بۆ لەناوبردنی خۆمان. کەرکوک کراوەتە بەرمیلەباروتێک و ئاگری تەقاندنەوەکەی دراوەتە دەستی خۆمان، کێشەی کۆمەڵایەتی گەشتۆتە لوتکە هەر رۆژ هەواڵی دڵتەزێن دەبیستین، هیچ دەزگاکەیەکی حکومیمان نیە کەوەکو رووی سیستەمی رێوەبەری نیشانی دوونیایی بدەین و هەموو شتێ حزب یاری پێدەکات، ئەمە و دەتوانرێت بەدەیانی تر ریزبکرێت.
باشە لەمانە پێویستر چی هەیە؟ کە ئەگەر دەتەوێ، خاوەن سەروەری و بەدەزگا بیت، ئەمانە پرسی ئازادیی نین؟ باشە ئەگەر تۆ خاوەن سەروەری و زهنیەتێکی دیموکراتی و پشت بەستو بەکۆمەڵگا بیت، کۆمەڵگا پێویستی ریفراندۆم و کات کوشتن هەیە بۆیەکلایکردنەوەی ستاتۆی خۆی؟ باشە کەرکوک لەئاڵا زیاتر کێشەی نیە؟ باشە کەرکوک کاتێک لەمانگی 10ی ساڵی پار بۆخۆی شارەکەی لەکەوتنە دەستی داعش گەڕاندەوە ئەو هێزەی نیە بڵێ من دەمەوێ چۆن و بەچی شێوازێ خۆم بەڕێوە ببەم؟ لەهەمووشی گرنگتر کەرکوکێ کە پتر لەدەساڵە هەڵبژاردنی بۆمەجلیسی شارنەکردوە چۆن دەتوانی لەسلێمانی و هەولێرەوە بیکەیتە قۆچی قوربانی شەڕی حزب حزبێنە. 
یان وەڵام پێیویستە یانیش پێیوستە واز لەباشوور و کەرکوک بێنن، وەڵام بەوتن نادرێـتەوە بەکردار دەکرێت. کردار چیە؟ ئەوەی پێیویستە بکرێت باشور بکەنە باشوور نەک ئەنقەرە و تاران. باشور پێویستی بە داماڵینە لەو زهنیەتەی کە دەیان ساڵە وەکو بەرەیەکی لاوەکی شەر بەکاردەهێنرێت، کاتی ئەوەیە داوا بکەین، ئیتر کاتی ئەوەهاتوە هی خۆمان بێت ئەگەرنا وازمان لێبێنن خۆمان هێندە تەجروبەمان هەیە لەئێوە باشتر خۆمان ئیدارە بدەین. کەرکوکیش بۆخۆی خاوەن ئەوکەلتورە مێژوویەیە کەپێویستی بەهاژو هوژ نەبێت بۆ بەڕێوەبردن، رۆژگارێک لەکەرکوکەوە سیاسەتی رۆژهەڵاتی ناوین دیاردەکرا، ئێستا کەرکوک کراوەتە ناوەندی یەکلایکردنەوەی شەڕێک کەدەیانەوێ بەگەوزاندنی لەخوێندا تۆڵەی مێژووی لێبکەنەوە. بۆیە پێویستە کەرکوک ئەرکی دیموکراتیزەکردنی باشوریش لەئەستۆ بگرێت و بەوهێزانەی بازاڕی پێوەدەکەن و بەشتی بچوک دەیکەنە ئامانجی خوێناوی کردن بڵێ کارتان لێرە نیە. کاتی ئەوە هاتوە بڵێین واز لەباشور و کەرکوک بێنن. ئێمە پێویستمان بەئازادیی و یەکسانی و ئەمنیەتە نەک مەشغوڵکردن بەشتی بچوک.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە