بڵێت سوکایەتیەکەى پیر باڵ جاش قەڵەمەکان بێدار بکاتەوە

Thursday, 13/04/2017, 15:49

4486 بینراوە


قەت فەرهادبیرباڵم خۆش نەویستوە، هەرگیزیش بۆ یەک چرکەش گوێ بیستى هیچ لێدوانێکى نەبوم، یەک وشەش چى یە لەنوسینەکانیم نەمخوێندۆتەوە،لەبەر ئەوەى ئەو پیاوە کەسێکى بێ بار و ماستاوچى و دەربارى پارتى بوو، تەواو چووبوە ئامێزى پارتى یەوە، هەمیشە لاف و پۆزى ئەوەى لێدەدا کە بەتەنیا و دوو بەدوو لەگەڵ مەسعودبارزانى دا پێکەوە دانیشتون و باسى پرسى دەوڵەت  سەربەخۆییان کردووە، بۆ ئەوەش ئەو جەنابە هێندە شاگەشکە و خەنى بوو، لەخۆیشاندا رەگەزنامە و ناسنامەکەى لەپێش چاوى هەموومان سوتاند. بەوەشەوە نەوەستا کەوتە سەرزەنشتى خەڵکى سلێمانى و نەیارانى پارتى گوایە لەدژى پارتى و هەنگاوەکەىئاژاوە دەنێنەوە، چەندین جاریش  بۆ رازیکردنى دڵى پارتى و تورکیا هێرش و قسەى لەدژى پەکەکە کردوە و، ستایشى تورکیاى کردووە. لەسەرو هەموو ئەمانەشەوە لەلایەن مەسعود بارزانیەوە راسپێردرابوو کە بەشان و باڵى بنەماڵەى بارزانى هەڵبدات و، هەوڵ و هیمەت بکات،تا کوردستان بکرێتە میرنیشین و بنەماڵەش بۆهەتایە ببنە کوێخاو میرى ئەو هەرێمە.
من وەک خۆم ئەوکارەم پێناخۆشە و زۆر پێى نیگەرانم، لەبەر ئەوەى فەرهاد هەرشتێک بێت مرۆڤە و، خەڵکى ئەم وڵاتەیە، لەم وڵاتەشدا بێحورمەتى بەهەر تاکێک بکرێت، جێگەى قبوڵ نى یە، چ جاى ئەوەى کەسێک کە مامۆستاى زانکۆ و نوسەر و رۆشنبیر بێت، لە شارێکى وەک هەولێریش لێى بدرێت، کە هەموو کەلێن قوژبنێکى پاراستن و سیخوڕانى بنەماڵەیە. ئەمە بۆخۆى پەیام و زەنگێکى خەتەرناکە بۆ هەمووان، لەبەر ئەوەى لەنەزەرى پارتیدا ئەوەى  بادینى نەبێت و، سەر بەنەماڵە نەبێت، قیمەتى یەک تورى قوڕاوى نى یە،لە چاوى پارتیدا هەمووان  سۆرانى مامە حەمە و سەردەشت وعوسمانین،کە نەشکوژراوین، یان وەک پیرباڵ سوکایەتیمان پێ نەکراوە، لەپیاوەتى و لێبوردەیى پارتى نى یە ،لەبەر ئەوەیە یان نامان ناسێت  نازانێت کێن، یان دورین لێوەى و دەستى پێمان راناگات.
فەرەیدون جوانڕۆى و،فەلەکەدین کاکەیى و محێدین رەحیم( براى هەڤاڵ جوجەڵە) و..... دەیانى تر چییان بۆ پارتى نەکرد ، لەکوشتن بێ ناموسى تاوان، بەڵام چونکە سۆرانى بوون،بە تیرۆر و کوشتن کۆتاییان پێهات.وەک بەردى بن گۆم و ون بوون و لەبیر چوونەوە.
جارێکى دیکە دەیڵێمەوە لەبەرامبەر ئەو تاوانەى پارتى و پاراستندا هەست بەناڕەحەتى ئەکەم، لەبەر ئەوەى گەر دەستیان بڕوا و بۆیان بلوێت لە فەرهاد خراپتر دەکەن بەرامبەر هەرکەسێک ئەلفێک لەدژى پارتى بیڵێت. بەڵام هیوام وایە کە ئەو بێ حورمەتى یە کە دەرهەق بەپیرباڵ کردیان، هەروا بەسوک وسانایى تێنەپەڕێت، نوسەران و رۆشنبیرانى بن دەسەڵاتى پارتى  جورئەت بکەن، بێنە زمان و هەڵوێستیان هەبێت، هەروەها ببێتە پەند وانەیەک بۆ هەموو ئەو قەڵەم فرۆش و دۆڕاوانەى بە درۆ و دەلەسەى مەسعود مەست و سەرخۆشن و، پێیان وایە کە لەژێر دەستى پارتیدا ئەتوانن سەربەست و ئازاد بژین و بیربکەنەوە. ئەوەى بەدەسەڵات و حوکمى خائین قایل بێت ئەوە چارەنووسێتى.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە