لە گەرمەی قسەکانتاندا...

Tuesday, 02/05/2017, 6:20

2690 بینراوە


لەدواهەمین هەواڵی ماڵپەڕێکی باشوری کوردستاندا خوێندمەوە کە یەکێتی بڕیاری داوە لیژنەیەک بۆ کۆمیتەی ڕیفراندۆم دەستنیشان بکات، کە توانای بڕیاریان هەیە. دەڵێن سەرۆکی بۆردی کۆمیتەکەش زاتێکە، کە زۆر نییە لەبەر گەندەڵی لەلایەن پەرلەمانی عێراقەوە دەرکراو ناردیانەوە بۆ ماڵەوە. لێرەو لەوێش دەوترێت کە ڕیفراندۆم مافی میللەتی کوردەو بەڵام مەرج نییە بۆ ڕاگەیاندنی سەربەخۆیی بێت، دەربارەی ئەوەی کە ناوچەدابڕاوەکانیش دەنگ دەدەن یان نا، هێشتا دیارنییەو بەڵام بەخوا لەوە ناچێ. ئەمە هەواڵی ئێستای سەرانی یەکێتی و پارتین بۆ بەرەودەوڵەت ڕۆیشتن.. وجارجارە لەلایەنەکانی تریشەوە ئیعازێک دەردەکرێ کە ڕیفراندۆم دەبێ وا و وای بۆ بکرێ.
ئا لەم پاشا گەردانییەشدا مرۆڤ دەتوانێت بەئاسانی هەست بەوە بکات کە ئەم مۆسیقا ناخۆشەیان لەکوێوە لێدەدرێ و مەبەست لەم دەنگە ناسازانە لە سیاسەتی باشوری کوردستاندا چییە؟
یەکێک لەمەبەستەکان بەدڵنیا ییەوە ئەوەیە لە هەرێمی کوردستاندا بۆشایی یاسایی بەردەوامی پێ بدرێت بۆ ئەوەی سەرۆکی لەمێژە ماوە بەسەرچو حوکمی ناشەرعی خۆی بەردەوام پێ بداو سامان و داهاتی هەرێمیش لە نێوان چەند کەس و لایەنێکدا تەراتێنی پێوە بکرێت، دەنا ڕیفراندۆم و دەوڵەتی بێ پەرلەمان و بێ یاساو بێ چاودێر مەگەر هەر لە عەقڵە خاڵییەکەی ئەوان لە مەعریفە، جێگای ببێتەوە. مەبەست لە نوسینی ئەم چەند دێڕە تەنیا ئەوەیە کە بەو نا بەرپرسانە بڵێین، ئێوە هی بنیاتنانی دەوڵەت وسەربەخۆیی نین و زۆر لەوە بێ توانا ترن کە لەئاست بەرپرسیارییە تێکی لەو شێوەیەدا بن.
نامانەوێ باس لە مێژو بکەین، بەڵام ئەو سەرکردانەی لە مێژودا ڕۆڵی گرنگیان بینیوە لە فەراهەمکردنی ئازادی و سەربەخۆیی بۆ میللەتەکانیان، کەسانی بە توانا و بوێربون، ئەوان دوکانداری سیاسی نەبون، دزو مافیاو جەردە نەبون. ئەوان درکیان بە گرنگی کیان و قەوارەی سیاسی و دەوڵەت کردووە لە پێناوی پاراستنی ژیان و کەرامەتی هاوڵاتیەکانیاندا، دەنا بانگەوازی شتێکی بێ بنەماو بێ یاساو بێ سەروەری دەبێ چی بێ و بۆ چ مەبەستێک بێ؟
دەوڵەتانی جیهان یان پەیڕەوکردنی کۆمەڵگای مەدەنی و مافی مرۆڤ و مافی هاوڵاتییان کردۆتە بنەما یاخود کلتورو مێژو وزمانی هاوبەش بۆ دامەزراندنی دەوڵەتی نەتەوە، ئەمەی دواییان کە جیاکاری نەتەوەیی بەرهەمدێنێ ومافەکانی هاوڵاتی وەک ئازادی ویەکسانیان کردبووە پرۆگرامی خۆیان و لەئەوروپای سەدەی نۆزدەدا ولەژێر کاریگەری شۆڕشی فەرەنسیدا دامەزران، ئێستاشی لەگەڵدا بێ پابەندی دەیان ڕێکەوتننامەی ناوخۆیی و دەرەکین، دەوڵەت هەبووە بەهەزاران کەسی لەپێناودا بەخت کروان و هەشە وەک بەلجیکا لە ساڵی ١٨٣٢ دا تەنیا خوێنی ٤ کەسی لەسەر ڕژا.
 ئێستا سەربەخۆیی کوردستان بە کۆمیتەی حیزب بەڕێوە دەبەن؟
دەوڵەتێک لەسەر بنەمای ئازادی و دادی کۆمەڵایەتی دانەمەزرابێ وتاکەکانی نەپارێزێ و ژیانێکی شایستەو پڕ کەرامەتیان بۆ دابین نەکات، مەحکومە بەلەناوچون. بەتایبەت لە ناوچەیەکی پڕ شەڕو داگیرکاری و پڕ گرفتی وەک ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دا مەحاڵە کە ئەم کارە بە کۆمیتەیەکی حیزب بەڕێوەبچێ، بەڵکو دەبێ لەسەر بنەمای یاسایەک بێ کە خۆمان و خەڵک ڕێزی بگرێ و لەلایەن پەرلەمانێکیشەوە چاودێری بکرێت کە ئازاد بێ لە بڕیاریدا ، ئەمەش بە پرۆسەو هەوڵ و ماندوبونی سەدان ڕۆلەی بەتواناو بەئەمەک کە بۆ نەوەی دواڕۆژ کار بکەن نەک بۆ گیرفان. ئێوە بیست وپێنج ساڵە لەسەر دەسەڵاتن و هەمو دەبینین تا کوێتان هێناوەو هەمو دەزانین کە ئێوە دەتانەوێ تەنیا بەرژەوەندی خۆتان بپارێزن، دەشزانین کە هیچ خێرێکی ئەم گەلەتان ناوێ، چونکە ڕەنگە خۆتان زەرەری تێدا بکەن.
لەڕاستیدا من نازانم ئەم یارییە هەتا کەی بەردەوام دەبێ و ئاکامی چی دەبێ، بەڵام ئەوەی کەدەیزانم ئەوەیە کە ناتوانم چاوەڕوانی هیچ شتێکی باشتان لێ بکەم و تەنیا دەمەوێ لە گەرمەی قسەکانتاندا پێتان بڵێم، کە ئێمە زۆر بێ هیواین لە ئێوە.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست


چەند بابەتێکی پێشتری نووسەر




کۆمێنت بنووسە