شاجوانی کوردستان

Saturday, 20/05/2017, 19:16

2042 بینراوە


لە کوردستانم پرسی
 ئەوە  شاجوانی تۆیە
خانم و  خاتوون و  ناسك
  نازداری دەستەمۆیە
 سوورو سپی و لێو ئاڵە
قژی نیگڕۆ و  بەبۆیە
ڕەش و شین و سەوزو  زەرد  
ڕەنگی   چاوو برۆیە
جل و  بەرگی ڕەنگینە
 تاوسە جوانی لە خۆیە
بۆنی حەوت قۆناغ   دەڕوا
وەک برنجی عەنبەر  بۆیە
بە جوانی خۆی دەنازێ
 سپی یە وەك ماست و  دۆیە 

 ووتی نە خێر وا نیە
ئەوەی ئەڵین درۆیە
شاجوانی من دیارە
دەست بە چەكو  بڕنۆیە
 تیشکی خۆرە لە قەندیل  
گەزەنگی چوار  ئاسۆیە
نەڕەی شێرە لە مەیدان
لە بەرزیشدا  هەڵۆیە
لەبەرانبەر   دوژمندا 
خاوەن دەست و   شکۆیە
لەتەك خەنجەری دەبان
دەمی تیژی چەقۆیە
شا جوانی من سونبولی
ئازادی تاك و  کۆ یە 
شان بەشانی باوكو  برا
عاشقی سەربەخۆیە

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە