ئایندەى گۆران

Wednesday, 24/05/2017, 2:25

3584 بینراوە


قسەکردن لەبارەى ئایندەى بزووتنەوەى گۆرانەوە لە باشورى کوردستان ئەگەرچى دواى مەرگى سەرکردە کارزمییەکەى ئەم بزوتنەوەیە زیاتر جێگاى لە سەر راوەستانە ، بەڵام دەسپێکى خوێندنەوەو شیکردنەوەى  ئایندەى ئەم بزوتنەوەیە لە چرکەساتى مەرگى سەرکردەکەیەوە رە نگە تابلۆیەکى تەواو نەدات بەدەستەوە لەبارەى ئایندەى ئەم بزوتنەوەیەوە کەبۆ زیاتر لە "7" ساڵە لەمەیدانى سیاسەتى باشوردا بەتوانایەکى زۆرەوە ئەسپى خۆى تاودەدات،  بۆئەوەى بکەین بە وێنایەکى دروست لەبارەى ئایندەى ئەم بزوتنەوەیەوە پێویستە بگەرێینەوە بۆ خودى سروشتو ناسنامەى  ئەم بزوتنەوەیەو ئەو ئامانجەى کە بۆخۆى دیاریکردووە، پشکنینیش بۆ ئەو هەنگاوانە بکەین کە بۆ تەحقیقى ئەوناسنامەیەو ئامانجانەى کردوویەتى کە بە چەند وێستگەیەکدا تێپەڕیوە .
-------------------------------------
گۆران وەک بزوتنەوەیەکى ریفۆرمخوازى ئۆپۆزسیۆن
ریفۆرمخوازەکان بە پێچەوانەى شوڕشگێڕەکانەوە دەستنابەن بۆ گۆڕانکارى ریشەى لەکۆمەڵگاکاندا بەواتاى لابردنى سیستم و شیوازێکى حکومرانى و هێنانى مۆدێلێکى تر  ، بەڵکو دەیانەوێت چاکسازى سیاسى لەچوارچێوە هەمان رژێمدا بکەن کەهەیە، بۆ راستکردنەوەى هەڵەیەک یان گەندەڵییەک یان نەخۆشییەک کە دووچارى ئەو رژێم و مۆدیلە مەوجودە بووە بەێئەوەى  بیروخێنێت یاخود بە تەواوەتى لە ناویبەرێت . ئەگەر لێرەوە بگەڕێینەوە بۆ دیاریکردنى ناسنامەى بزوتنەوەى گۆڕان دەبینین ئەم بزوتنەوەیە کەسەرەتا لە هەناوى یەکیتى نیشتمانى کوردستاندا وەک بزوتنەوەیەکى ریفۆءرمخواز بەئامانجى چاکسازى لە حزبدا شکڵدەگرێت ، دواتر بە ئاوێزانکردنى خۆى لەگەڵ بزوتنەوەى نارەزایەتى جەماوەرى کەئامانجى ویرانکردنى ئەو مۆدیلەیە لە حکمرانى کە لەلایەن ئەحزابى کوردایەتییەوە لە باشور لە دواى روداوەکانى 1991 دروستکرا، شکڵیگرت و سەروسیماى بەخۆیداو بە دروشمى ئەیگۆڕین چووە ناو پەرلەمانى کوردستان، سەرکردەکانى ئەم بزوتنەوەیەش ئەو ئومێدەیدایان بە خەڵک کە لەرێگەى خەباتى پەرلەمانى و بەپێشکەشکردنى پڕۆژەى موحتەرەم  هەرێمى باشور بەدامەزراوەى دەکەن و گەندەڵى و دزى بنەبڕدەکەن، بەڵام سەرەڕاى پێشکەشکردنى پرۆژەگەلیکى موحتەرەم و مێزکوتان و دەبەهاویشتن نەیانتوتنى هیچ پرۆژەیەک تێپەڕێننو دەسەڵاتى هەرێم بهێنە پاى چاکسازى .بگرە لایەنى رکابەرتوانى بە نایاسایى پرۆژەکانى تێپەڕێنێت بەبێئەوەى ئەم بزوتنەوەیەى جگەلە هاتوهاوارى ئیعلامى تواناى ئەنجامدانى هیچ کارێکى دیکەى هەبێ، دبەم شێوەیە گۆران نەیتوانى ئەو ریفۆرمەى کە خوازیاریبوو بەهۆى خەباتى پەرلەمانییوە ئەنجامى بدا ، لێرەدا ئیتر ئەو قۆناغەش کۆتایهات کە ئەم بزوتنەوەیە خۆى وەک ئۆپۆزسیۆن دەناسى و هاوپەیمانى سیاسى باشیشى هەبوو ، خەڵکیش لەمەیداندابوو دژى ئەومۆدیلە لە حوکمڕانى کە بزوتنەوەى کوردایەتى دروستى کردبوو.بزوتنەوەى گۆڕان بەبێ هیچ دەسکەوتێکى سیاسى لەوقۆناغى هاتەدەر و هیچ خواستێکى خەڵکیشى بەدینەهێنا.
بەرەو دەسەڵات
دوابەدواى قۆناخى پەرلەمانى و هاتنەدەرەوە لەوقۆناغەدا بەدەست بەتاڵى گۆڕان بەدروشمى بەرەو دەسەڵات بەڕێککەوتن لەگەڵ  بنەماڵەى بارزانى "پارتى دیموکراتى کوردستان" بەشدارى لەهەمان حوکمڕانیداکرد کە چەندین ساڵ لە باشور جگەلەستەم هیچى ترى لێبەرهەم نەهاتبوو، گۆران لەم قۆناغە نەک هەرنەیتوانى هیچ چاکسازییەک لەو حکمڕانییەدا بکات، بەڵکو لەهەندێک جومگەدا بووە بەرگریکار لەم حکومڕانییە ، ئەندامەکانى لەحکومەت بێپەروا لەجیاتى جێبەجێکردنى پڕۆژەکانى گۆڕان جا چ بەناچارى بوبێت یان لەبێدەسەڵاتى هەمان ئەجنداى پارتییان جێبەجێدەکرد، کاتێکیش لەپەرلەمان بەهاوکارى حزبەکانى تر پڕءژەیەکیان لەدەرەوەى ئەجنداى ماڵى بارزانى پێشکەشکرد کە دامەزرێنەرى ئەو شێوازە لەحوکمڕانى مەوجودن لە هەرێمى باشور ، گۆڕان لەحکومەت وپرۆسەى سیاسى کرایەدەرەوەو رێگەى چونە پایتەختیان لێگیراو بە دەستبەتاڵیش لەم قۆناغە هاتنەدەرەوە ونەیانتوانى هیچ چاکسازییەک لەحوکمڕانیدا بکەن، بگرە لەم قۆناغەدا بەپێچەوانەى خواستى گشتییەوە بنەماڵەى بارزانى دەستکراوەتربوون و زیاتروزیاتر هەژموونى خۆیان سەپاند. کارەکتەرەکانى گۆڕانیش لەپێش دەرکردنیان لە حکومەت هیچ قسەوبەرنامەیەکى جیاوازیان لە ئەجنداى ماڵى بەرزانى نەبوو.  
بەرەو بەغداد
دواى بێ ئومێدبوون لەوەى بتوانن هیچ چاکسازییەک لە حکمڕانى هەرێمدا بکەن ، باسوخواسى بەرەو بەغداد وهەڵدان بۆ بەهەرێمکردنى سلێمانى و هەڵەبجە بووە بەرنامەى کارى بزوتنەوەى گۆڕان ، بۆ ئەمەش ئەمجارە رێککەوتن لەگەڵ یەکێتى پێوستبوو، رێککەوتنەکە ئەنجامدرا بەڵام ، بەهۆى ناکۆکییە ناوخۆییەکانى یەکێتى و نەبونى هیچ روئیایەک بۆ چۆنییەتى رووکردنە بەغداد و نەبونى ئیستجابەى گونجاوى حکومەتەکەى عەبادى ئەم قۆناغە هەر بە کۆرپەى مرداربووەوە، ئەم رووکردنە بەغدایە دەکرێت بەقۆناغێکى زور ساویلکانە دابنرێ ، چونکە نەگۆڕان هیچ بەرنامەیەکى بۆ عێراق هەیە کە غەرقى گەندەڵى و ململانێى تائیفى و مەزهەبییە، نەپرۆتۆکۆلەکانى نیوان عێراقو هەرێم و نەدەستوریش ئەو بوارەى نەداوە کە حکومەتەکەى بەغداد بتوانێت راستەوخۆ لەگەڵ سلێمانى بێگەڕانەوە بۆ هەولێر مامەڵە بکات، هاوکات بنەماڵەى بارزانیش بە تەرحکردنى راپرسى توانیان  یەکگرتوو یەکێتى و  بەرنەوە بۆلاى خۆیان بەهەموو باڵەکانییەوە، گۆڕان تەنها مایەوە و سەرکردە کاریزمییەکەشى لە لێوارى مەرگدا بوو هەربۆیە بیکەسیش مابووەوە ، جگە لە رەخنەگرتن لە یەکێتى کە وەفادارنەبووە بەرانبەر رێککەوتنەکە هیچ گوتارێکى ترى نەبوو .   
ئایندەى گۆران و ریفۆرمخوازان 
لێرەوە ئەمەوێت ئاماژە بەوەبدەم کە ئایندەى گۆران لە مەرگى کاریزماکەیەوە دەست پێناکات، ئەوەى بزوتنەوەى گۆڕانى گەیاندووە بەم قۆناغى مەرگە تەنها مەرگى سەرکردە خاکى و پاکەکەى نییە"کەدەتوانین بڵێین بە جیاواز لەسەرکردەکانى ترى دەسەڵاتى کوردى خوازیارى چاکسازى بوو لەو دەسەڵاتە"، بەڵکو مەرگى ئەو شوناسە و ئەو ناسنامە ریفۆرمخوازییەکە لە کوردستان هیچ زەمینەیەکى نییە ، بزوتنەوەى گۆڕان لە کاتێکدا خۆى ئاوێزانى بزوتنەوەى ناڕەزایەتى خەڵککرد دژى شێوازى حکمڕانى نەک ئەو بزوتنەوەیەى بە ئاراستەى سەرکەوتن نەبرد ، بەڵکوو ئەو بزوتنەوەیەى بەگرتنەبەرى سیاسەتى ریفۆرنخوازى لەبەینبردو نائومێدى کرد، هیچ ساتێکیش گۆڕان دەستى بۆ ئەنجامدانى گۆڕنکارى ریشەى نەبرد" لابردنى دەسەڵاتى بنەماڵەى بارزانى"،" گۆران بۆ ئەم خواستە دوو کەسی نەهێنایە سەرشەقام ، دووجوڵەى دیپلۆماتى نەکرد، دوو تەقەشى نەکرد"، کە خواستى زۆربەیى دانیشتوانى ئەوهەرێمەو کلیلى چارەسەرى گرفتەکانێتى  ، ئەم بزوتنەوە ریفۆرمخوازە کاردانەوەکانیشى لە بەرامبەر ئەو هەموو ناحەقییەش کە بەرامبەر خۆشیکرا چ بە دەبابە بردنە سەریان وچ بەدەرکردنى سەرۆکى پەرلەمانەکەیان ،چ تەسلیمنەکردنى ئیدارەى سلێمانى بە پارێزگارەکەیان ،هێندە لاوازبوون ،کە تەنها کاردانەوەى ئیعلامى هەبوو، هەربۆیە بزوتنەوەى گۆڕان وەک جوڵانەوەیەکى ریفۆرمیستى  پشت بەستوو بە "خەباتى ئیعلامى و رێککەوتنکارى"  ئیستا لەدواقۆناغەکانى ژیانیدا دەژى و رەنگە سەرکردەکانیشى هیچ دەرفەتیکى تریان لەبەردەم نەبێت جگە لە سازان لەگەڵ یەکێتى نیشتمانى و کۆتایهێنان بەو لاپەڕەیە لە مێژووى جوڵانەوەى ریفۆرمیستى لەکوردستان کەرەنگە ئەمەش دەرگا لەبەردەم گەشەکردنى زیاترى بزوتنەوەى رادیکاڵى بکاتەوە بە هەردوو باڵە ئیسلامى و چەپەکەیەوە.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە