بۆ شوێنی پیاوە خاکییەکە، ئەم پیاوە سپییەمان دەوێت!

Thursday, 08/06/2017, 20:48

7698 بینراوە


پیاوی سپی مەبەست لە کاک جەلالی سام ئاغایە، ئەو پیاوەی کە تەمەنێکی زۆری بۆ بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی بەسەر بردووە. پیاوە خاکییەکەش مەبەست لە رەوانشاد کاک نەوشیروان مستەفای رێکخەری بزووتنەوەی گۆڕانی پێشووە.
-----------------------
سەرەتا:
لە ئیستاوە وا هەست پێدەکرێت، کە دوای کۆچی دوایی رابەر و رێکخەری بزوتنەوەی گۆڕان کاک نەوشیروان مستەفا، خەریکە پەتای باڵ باڵێن لە ناو گۆڕانیشدا سەرهەڵدەدات، وەکو پارتیی و یەکێتی باڵی لێدەڕوێت، بەو هەموو پەڕ و باڵەوە بە نیازە باڵەفڕێش بکات، بەتایبەتی وەکو یەکێتی چارەنووس و مەترسی ئەوەی لێدەکرێت کە لەو کەش و هەوایەی بۆ هەرێم خوڵقێنراوە، گۆڕانیش لە هەوارگەیەکی نادیاردا باری خۆی بخات و بنیشێتەوە، هەروەک چۆن ئەو فڕینە یەکێتیی بەو دەردە برد و ئیستا زۆربەیان لە سەری رەش گیرساونەتەوە.
خاڵێکی دیکەش لەبەر قورسایی و کێشی کێشەکان وا گۆڕان بە ئازادیی توانای فڕینی نامێنێت و زوو تەنگەنەفەس دەبێت و لە یەکێتی خێراتر تەسلیمی ئەو قەیران و واقعە تاڵانە دەبێت کە کۆمەڵگای کوردیشی گرتۆتەوە. هەڵبەت لەسەر دیارییکردنی چارەنووسی گۆڕان دەسەڵاتی کوردی کار لەسەر ئەمە دەکات و دەیەوێت بە دەردی خۆیانی بەرێت، حیزبەکانی تریش وەک ئیسلامییەکانی ناو گۆڕان پرۆپاگەندە دەکەن، دەڵێن کاک نەوشیروان وەسێتی کردووە کە بە قسەی مامۆستاعەلی باپیربکەن، واتا با گۆڕانخوازەکان ببنە بە کۆمەڵە و ئیسلامی.
دەسەڵاتی کوردی بەتایبەتی یەکێتیی پلانی هەیە و لە هەوڵی ئەوەدایە وەکو خۆیان، گۆڕان بەرەو بە بنەماڵەییش بەرێت. ئەمەش لە چاوپێکەوتن و پێشوازیکردن و دیدارەکانیاندا لەگەڵ کوڕەکانی کاک نەوشیروان دەیانەوێت سەرنجی گۆرانخوازەکان بەرەو ئەو خاڵە رابکێشرێت، ئێمەش وەک کۆمەڵێک لە چاودێرانی سیاسیی هەست بە تەواویی ئەو مەترسییانە دەکەین. وەک کەسانی خەمخۆریش بۆ بزووتنەوەی گۆڕان دەمانەویت لەو چەند خاڵانەی خوارەوەدا پێشنیارێک بخەینە بەر دەم جەماوەری گۆڕان، بۆ چارەسەری ئەو قەیرانانەی ناو بزووتنەوەکە کە خەریکە هێدی هێدی سەر هەڵدەدەن ئێمە ئەڵتەرناتیڤێکی گونجاو دەخەینە بەردەم هەموو لایەکیان، ئەویش کاندندیکردنی کاک جەلال عومەر سام ئاغایە، بۆ خاتری ئەوەی پاشەڕۆژی بزووتنەوەکەیان بەرەو نادیار نەترازێت:
• پیاوی سپی بۆ رۆژی رەش
• کاک جەلال سام ئاغا، تەمەنی لە هەموویان گەورەترە، لەبەر ئەوەی هەموویان لە رووی تەمەن و کارەکتەرەوە، دەتوانن کاک جەلالیان قبوڵ بێت.
• کاک جەلال سام ئاغا لە دەرەوەی گۆڕانەوە دێت. واتا ئەندامی هیچ باڵێکی ناو بزووتنەوەکە نییە. (ئەگەر بڕوامان وابێت باڵ باڵێن لە ناو گۆڕاندا بوونی هەبێت). گۆڕانیش خۆی دەڵێت بزووتنەوەکەمان بزووتنەوەیەکی جەماوەرییە، کاک جەلالیش کەسێکی ناوکۆییە، واتا بۆ هەموولایەک وەکو یەکە.
• جەلال سام ئاغا لە ناو گۆڕاندا دۆست و برادەری زۆری هەیە.
• جەلال سام ئاغا هاوڕێ و دۆستی کاک نەوشیروان بووە، تەنانەت کوڕی گەرەک و هاوڕیی منداڵیشی بووە.
• جەلالی سام ئاغا بەڵگە و دۆکۆمێنت و تۆمارێکی زۆری هەیە لەسەر گەندەڵی، ئەمەش کاری خۆیەتی کە لە رێگای گۆڕانەوە بەردەوامی پێ بدات و دڵنیاین سەرکەوتن بەدەست دەهێنێت. یەکێک لە کارەکانی کاک نەوشیروان کە لە رووی راگەیاندنەوە کاری لەسەر کردووە، دژی گەندەڵی قسەی زۆری کردووە، ئیستا ئەمە هەلێکی زێڕینە بۆ هەردوو لا، کە راگەیانەکانی گۆڕان روویەکی سیاسیی پێبدەن و کارەکانی کاک جەلال بچێتە بواری جێبەجێکردنەوە، دیسان بۆ کاک جەلایش، کە خۆی کاری دژی گەندەڵی کردوویەتی، دەبێتە هێزێکی سیاسیی لەناو ئەو بزووتنەوەیەدا، تەوژمێکی پێ دەدرێت و بە پراکتیک دەچێتە بواری جێبەجێکردنەوە.
• جەلال سام ئاغا ئەزمونی زۆری لە ژیاندا هەیە و کەسێکی هێمن و لەسەرخۆ و عاقڵە، گوێ دەگرێت، سەرکەوتووە لە هونەری گوێگرتن، دەتوانێت بەرامبەریش بکاتە گوێگر. ئەمەش نمونەیە بۆ کەسایەتی بەڕێوەبەر و سەرکردە. جەلال سام ئاغا کەسێکی شیاوە بۆ شوێنی کاک نەوشیروان، کە بتوانێت جێگای بگرێتەوە.
• کاتی خۆی جەلال سام ئاغا بۆ سەرۆکایەتی هەرێم پێشنیار کرا، بەڵام ئەو خۆی رازی نەبوو، چونکە دەیزانی ئەو پۆستە تەنیا سیمبوڵێکە و خائین و گەندەڵ و پیسخۆران لەبەری دەخۆن و زیاتر دزیی تێدا دەکەن، دەشیزانی هیچی پێناکرێت بیکات، بەڵام بۆ ئەم کارەی وەک رێکخەری بزووتنەوەی گۆڕان جیاوازە و دەتوانی دەستکراوە بێت  بە ئامانجەکانی خۆی و گۆڕانیش بگات، کار لەسەر بنبڕکردنی گەندەڵی بکات، تاکە کەسە، کە شارەزاییەکی تەواویی لەو بوارەدا هەیە، (کەسی شیاو بۆ شوێنی شیاو)
• جەلال سام ئاغا بە پێچەوانەی سەرکردە و بەرپرسە گەندەڵ و پیسخۆرەکانی تر، کە هەموویان خاوەنی پارە و گرد و زەوی و باخ و کێڵگەی داگیرکراون، وایان داناوە کە مردیشن لەو گرد و شوێنە داگیرکراوانەدا بنێژرێن، تا لییان نەسەندرێتەوە، بەڵام کاک جەلال پێچەوانە کاری کردووە، تەنانەت ماڵ و موڵکی خۆی کە هەیبووە، هەمووی بەخشیوە بە خێرخوازان و دەڵێت کە مردم با خاوەنی هیچ نەبم، چونکە مردن هیچ شتێک لەگەڵ خۆیدا ناباتە نێو گۆڕ. لەبەر ئەوە بزووتنەوەی گۆڕان پێویست ناکات دوودڵ بێت کە کاک جەلال بکات بە رێکخەری بزووتنەوەکەی خۆی.
• لە کۆتاییدا پرسیارمان ئەوەیە کاک جەلال ئەگەر داوای لێکرا، ئایا خۆی دەخاتە ژێر قورسایی ئەو ئەرکە مێژووییەوە؟ هەرچەندە ئێمە رەشبین نیین لەوەی کاک جەلال ئەمە رەت بکاتەوە، وەکو وتمان ئەمە ئەرکێکی مێژوویە و نابیت خۆشی لێبدزێتەوە، هەرچەندە باری تەندروستی تەواو نەبێت، چونکە ئەمە پەیوەندی بە چارەنووسی خەڵکی کوردستانەوە هەیە، بەتایبەتی بزوتنەوەی گۆڕان، ئەمە لە کاتێکیشدایە یەکێک لە ئامانجەکانی بزووتنەوەی گۆڕان ئەوەبوو وەک رایانگەیاندووە کە دژی بە بنەماڵەییکردنی دەسەڵات و حیزبە، ئەوەتا ناحەزان وا پرۆپاگەندە دەکەن کە کوڕەکانی کاک نەوشیروان شوێنی باوکیان دەگرنەوە. بەڵام کاک جەلال دەتوانێت ئەوەش بە درۆبخاتەوە، چونکە بۆ خۆی منداڵی نییە، تا ئەو مەترسییە دروست بکات. ئێمە پێشمان وایە کاک جەلال ناتوانێت بڵێ: (نا) چونکە لە بەر دەمی ئەودا دەبێتە ئەرکێکی ئەخلاقیش ، بەردەوامیدانیش بەو ئەرکە ئەخلاقیی و مێژووییە گیانی کاک نەوشیروانیش ئاسودە دەکات.
چەند چاودێرێکی سیاسیی

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە