ڕێکخستنی ئاراستەی ڕیفراندۆم بە (نەخخخخخێر) بۆ؟!

Saturday, 12/08/2017, 10:56

3538 بینراوە


لەگەڵ بوونی چەندین تێبینیی و ڕەخنەو لێکدانەوەی بابەتیی وخۆیی و دەرەکیی و ناوخۆییم؛ لەسەر پرۆسەی ڕیفراندۆم، کە کەم نین ئەوانەی گوومانیان لەئەنجامدانی ئەو پرۆسەیە هەیە بەمنیشەوە؛ لەگەڵ ئەوەی کە ئەم پرۆسەیە لەبنەڕەتدا؛ بەشەخسەنە کراوەو لەڕووی یاسایی و جەماوەریی و میدیایی و دیبلۆماسیی و ئابووریی و کۆمەڵایەتیی و سیاسیی و... هتدەوە؛ زەمینەسازیی و ئامادەکاریی بۆ نەکراوەو هیچ هەنگاوێکی پراکتیکیی وجدیی، بۆ گەیشتن بەدوا مەنزل و کەناری ئارامیی بۆ نەخراوەتەگەڕ، لەگەڵ ئەوەی کە ڕێژەیەکی بەرچاو لەجەماوەر؛ متمانەی بەم پرۆسەیە نییەو بەشانۆگەریی تێ ئەگات، لەگەڵ ئەوەی کە لەپرۆسەی دیموکراسیی و هەڵبژاردن و دەنگداندا؛ هەموو تاکێک مافی ڕەوای خۆیەتی، بەئازادانە دەنگی خۆی بدات و هەڵوێستی خۆی دەرببڕێت، لەگەڵ ئەوەی کە (منیش) بەهیچ شێوەیەک دژی دەنگی (نەخێر) نیم لەپرۆسەی ڕیفراندۆمداو لەدەنگە (نەخێر)ەکانیش تێئەگەم و بەخیانەتکاریشیان لەقەڵەم نادەم؛ بەڵام ئەوەی کە پرسیاری سەرەکییە لەم ململانێیەی ڕیفراندۆمدا، ئەوەیە بۆچی گرووپێک ئەیەوێت کار لەسەر کۆکردنەوەو ڕێکخستن و ئاراستەکردنی دەنگە ناڕازیی و (نەخێر)ەکانی ڕیفراندۆم بکات، ئامانج لێی چییەو بەرژەوەندییەکانی لەو هەڵمەتی (نەخێر)ەدا؛ خۆی لە چیدا ئەبینێتەوە؟، ئایا ئەو رێکخستن و ئاراستەکردنە بۆ (نەخێر)، بەو ڕووماڵە میدیاییە فراوان و تەرخانکردن و خەرجکردنی بوودجە زۆرەوە پێویستە؟، ئایا ئەو ئاراستەکردنە بە(نەخێر)؛ بۆ ئەبێت پێویستی بەخستنەگەڕی کەناڵێکی ئاسمانیی تازە هەبێت؟
- ئایا بۆ ئەبێ ئەم گرووپەش؛ ئاراستەی (نەخێر)؛ بکەن بەشانۆگەرییەک؛ لەبەرامبەر شانۆگەریی (بەڵێ)؟
- ئایا ئەوانەی کە ئاراستەی ئەم گرووپی (نەخێر)ە ئەکەن؛ بەڕاستیی لەخەمی جەماوەردان و نوێنەرایەتیی کام بەشە لەکۆمەڵگە ئەکەن؟
- ئایا ئەتوانن بیسەلمێنن کە لەناویاندا کەسانی وا دیاری تیا نییە؛ بەدەر بێت لە دەرهاویشتەیی و سوودمەندیی و گرێدراویی و مەحسووبییەت و دەرئەنجامی خراپیی بەکارهێنانی دەسەڵات و گەندەڵیی و نادادپەروەیی پرۆسەی دەسەڵات و فەرمانڕەوایی کوردستان، کە یەکێک لەدەرهاویشتە خراپەکانی؛ بریتیی بووە لەهەڵتۆقاندنی بزنسمانی (بازرگان) شێرە بەفرینە و شۆڕەسواری سپیکردنەوەی پارەی دزراوی قووتی خەڵک و بوونە واجیهە و دەمامک؛ بۆ پەردەپۆشکردن و ئیدارەدانی سەرمایەی شاراوەی بازرگانە سیاسییەکان لەپشتی پەردەوە؟!
- ئایا ئاراستەکردنی پرۆسەی ڕیفراندۆم بە (نەخێر)، بەڕاستیی نوێنەرایەتیی کێ و کام سەنگەر ئەکات؟
- ئایا لەبری گرووپی ئاراستەکردن بە(نەخێر)؛ ئەبوایە کێ لەبەرامبەردا بووایە بۆ دژایەتی گرووپی (بەڵێ)؟!
- ئایا ئەم گرووپە ئەتوانن ئەو گوومانە بڕەوێننەوە کە لەم کارەیاندا؛ دەمامک و واجیهەی سیاسیی نین و ئامانجی سیاسیی شاراوەیان نییە؟!
- ئایا ئەتوانن دیدو جیهانبینیی و لێکدانەوەی خۆیان لەمەڕ پرۆسەی ڕیفراندۆم؛ لەتێڕوانین و هەڵوێستی دوژمنە گەورە و ستراتیژییەکانی نەتەوەی کوردی خاوەن مافی چارەی خۆنووسین جیا بکەنەوە؟!
کۆتایی وتارەکەشم بەوە ئەهێنم؛ کە من لەم قۆناغەدا لایەنگری ئەنجامدانی پرۆسەی ڕیفراندۆم نیم، بەڵام مافی خۆمە؛ چۆن بۆم هەیە نەبمە لایەنگری پرۆسەی ڕیفراندۆم لەم قۆناغەدا و ڕەخنەی لێ ئەگرم، دووبارە مافی خۆمە؛ نەشبمە لایەنگری ئەو گرووپەی کە ئەیەوێت دەنگە (نەخێر)ەکان ئاراستەو ڕێکبخا و ئامانجی شاراوەی دەمامکداری بۆ ئەوانی تر پێ بهێنێتەدی

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە