بونیاد نانی دەوڵەت، ئایا کوردستان دەبێتە زلهێز

Thursday, 21/09/2017, 20:52

4571 بینراوە


لە سەدەمی نوێدا کە زۆر جار پێی دەوترێت چاخی ئالۆزی و جاخی زانیاری، دەتوانین بلێن کە زۆر دەزانین بەڵام کەم تێدەگەین، یەکێک لەم بابەتانە بونیادنانی دەوڵەتەکە کە مێژو و ئاماری نزیکی ٥٠٠٠ ساڵمان لەبەردەستە بەڵام تاوەکو ئێستا هیچ نەتەوەو کۆمەڵگەیەک نەیتوانیوە دەوڵەتێکی تەواو و پێرفێکت دروستبکات. هیچ زانسیتێک و ڕیگایەک نیە بۆ ئەم بابەتە کە یارمەتی دەربێت بۆ دروستکردن و بونیاد نانی دەوڵەتانی لاواز و دواکەوت. لەبەر ئەم هۆکارانە بونیادنانی دەوڵەت  زۆر زەحمەتە و شارەزاییەک و لێزانیەکی زۆری دەوێت بەڵام دەبێتێت لەوە تێبگەین کە بیرۆکەی دەوڵەتی تەواو یان پێرفێکت وەک ئەفسانەیە و هیچ دەوڵەتێکی دونیا تەواو نیەو وە هەموو دەوڵەتێک کێشەی جدی هەیە. 
 ژاپۆن کێشەی پیربوون و کەم بوونی دانیشتوانەکەی هەیە کە هێزی کار زۆر کەمبووەتەوەو وە لە ناچاریدا ڕۆبۆت بەکار دەهێنن وە ئابوری ژاپۆن نزیکی بیست ساڵە گەشەی بەخۆوە نەبنیوەو ئێستادا لە داکشاندایە.  ئەمریکا کە قەرزێکی ٢٠ ترلیۆن دۆللاری لەسەر کە لە بودجەی گشتی ئەمریکا زیاترە پێشتر وامان دەزانی کە دەوڵەتی ئەمریکا و دامەزراوە ئەمریکیەکان زۆر تەواو و بێکێشەن بەڵام ئانجامە ناڕونەکانی هەڵبژاردنی ساڵی ٢٠٠٠ی  نێوان جۆرج بۆش و ئاڵ گۆر تا ئێستاش مشتومڕی لەسەرە، وە یان وڵاتە لاتینیەکانی ئەمریکا کە کێشە کۆمەڵایەتیەکانی وەک مادەهۆشبەرەکان و ناسەقامگریکی خێزانیەوە دەناڵێنن. زۆربەی وڵاتە ئەفریقیەکان کە کێشەی برسیەتی و نائاسایشی و گەندەڵیان هەیە لەگەڵ ئەمانەشدا حوکومڕانیەکی زۆر لاوازیان هەیە کە نەتوانێت هیچێک لەم کێشانە چارەسەر بکات وە ئەم کێشانە وایان کردووە کۆچێ بەکۆمەڵ لە وڵاتدا ڕوبدات. هەوڵدان بۆ چاکسازی و ڕیفۆڕم لە وڵاتدا  بابەتێکی هەستیارە، نارێندرا مۆدی هیندستان هەوڵی چاکسازی دارای دا لە وڵاتەکەیدا بەڵام زەرێکی زۆری دا لە هاوڵاتیە هەژارەکان و دراوی هیندی بەگشتی وە لەبەر ئەوەی دراوی هیندی بەهاکەی زۆر کەمە بۆیە کاریگەریەکی وای نەبوو لەسەر ئابوری جیهان. بۆمان دەردەکەوێت کە حوکومەتی لاواز دەبێتە هۆی دروستکدنی زۆر کێشەی نێودەوڵەتی و ناخۆیی کە چەندین ساڵی دەوێت بۆ ئەوەی کۆنترۆڵ بکرێت، وە دەوڵەتی زۆر بەهێز و ئەو دەوڵەتانەی کە دەسەڵاتیان لە هەموو کایەکانی ژیاندا هەیە زۆر زیاتر سەر دەکێشن بۆ دیکاتاتۆری هەم دیسان دەبنەوە هۆی جەنگ و جەندین کێشەی ناوخۆیی و جیهانی. 
دەوڵەتی زۆر بەهێز یان لاواز هەر یەکەو کێشەی خۆی هەیە بۆیە دەبێت ئەو دەوڵەتە خۆی بگونجێنیت لەگەڵ. دەوڵەتی تواو و بێ کێشە بوونی نیە. بونیادنانی دەوڵەت پرۆسەیەکە کە دەسپێکی هەیە بەڵام هەرگیز کۆتای نایەت، هەرکاتێک کێشەیەک و پرسێک لە وڵاتیكدا چارەسەردەکرێت هەر هەمان چارەسەر لاوانەیە ببێتە هۆی دروستکردنی کێشەیەکی گەورەتر بۆنموونە ئالان گرینسپان سەرۆکی بانکی ناوەندی ئەمریکا کە بە باشترین ئابوریناس ناسرا بوو هەستا بە کەم کردنەوەی سودی قەرز لە بانکی فیدرالی ئەمریکا لە ساڵی ٢٠٠١ کە هەوڵیدا وەبەرهێنان زیاتر بکات گەشە بە ئابوری بدات هەر چەندە لە سەرەتادا ئامانجەکەی پێکا بەڵام هەر ئەم هەوڵە  بە یەکێک لە هۆکارە سەرەکیەکانی پشت قەیرانی دارای ساڵی ٢٠٠٨ دادەنرێت  کە هەموو جیهانی گرتەوە وە ئەگەر هاریکاری حوکمەتە جیهانیەکان نەبوایە ئەوا ئابوری جیاهانی دڕوخا وە شیرازەی مرۆڤایەتی تێک دەچوو و بێسەرو بەری دەستی پێدەکرد. 
تەندروستی دوڵەتەکان تەنها پەیوەست نیە بە خودی دەوڵەتە کێشەدارەکانەوە بەڵکو لاوازی و ئاژاوەی دەوڵەتێک دەبێت کێشە بۆ وڵاتانی چواردەوری و وڵاتانی جیهان، بۆ نموونە ئەفغانستان کە پێش ١١ی سێپتەمبەر هەموو وڵاتان بارودۆخی ئەفغانستانیان بە کێشەی ناوخۆی ئەفغانستان دەزانی بەڵام دەرکەوت کە وڵاتی لاواز دەبێتە پەناگەی تیرۆریست و گروپە مەترسیدارەکان وەک قاعیدە وتاڵیبان، کە ئاسایشی جیهان دەخەنە مترسیەوە، هەر وەک چۆن لاوازی و ئاژاوەی عێراق بووە هۆی دروستبوونی داعش کە ئاسیشی هەموو جیهانی تێکدا، هەزارەها مرۆڤ بوونە قوربانی و ملایارەها دۆلار بەفیڕۆ چوون وە تاوەکو ئێستاش قەریرانەکە هەر بەردەوامە. وەک ئێستا دەبینین داعش بووەتەهۆی تێکدانی عێراق و سوریا کە بووەتە هۆی دروستبوونی ئاوارە و پەنابەرێکی زۆر لە جیهاندا هەر ئەم پەنابەرانە هۆکارێک بوون بۆ تێکچونی پەیوەندی تورکیا-ئەوروپا، پەنابەران بوونە هۆی گۆڕینی ئەنجامی چەندین هەڵبژاردن لە ئەوروپا تەنانەت لە ئەمریکاش وە کۆنزێرڤاتیزم و پۆپلیزم پرسی ئاوارەکانان دەخستە ئارگیومێنەتەکانیانەوە. وەک هۆکارێکی جیابوونەوەی بەریتانیا لە یەکیەتی ئەوروپا کێشەی پەنابەران بوون کە بووە هۆی ڕۆیشتنی ژمارەیەکی زۆری چەکدارانی داعش لە شێوەی پەنابەراندا و تێکدانی ئاسایشی نەتەوەی بەریتانیا وە ئەوروپا بەگشتی. هەر هەمان کێشە بۆوەتە هۆی تێکدانی یەگرتوی وڵاتانی ئەوروپی و بێزاری خەڵک لە هاتنی پەنابەران بۆ ئەوروپا کە وای کردووە هەر وەک ڕاپرسیەکان نیشانی دەدەن کە تەنها نزیکی لە سەدا پەنجای ئەوروپیەکان پشتگیری یەکیەتی ئەوروپا دەکەن وە شەرعیەتی یەکیەتیەکە زۆر لاوازبووە، هەر بۆیە هەنێک شارەزا دەڵین کە پێدەچێت یەکێتی ئەروپا بەسەرچووبێت. ئەگەر هاریکاری دەوڵەتان نەبوایە ئەوا داعش مێژووی نوچەکە و جیهانی دەگۆڕی. یاخود بۆکۆ حەرام لەم نایجیریا و ئەل شەباب لە سۆماڵ، کە ئابوری ئاسایشی ئەو دوو وڵاتە زۆر زیانی بەرکەوتووە.  کۆماری کۆنگۆ خاوەنی نزیکی ٢٥ ترلیۆن دۆلار سامان سروشتیە کە هێندەی بودجەی ئەوروپا و ئەمریکایە بەڵام بەهۆی لاوازی حوکومڕانیەوە زیاتر لە سەدا ٦٠ دانیشتوانەکەی لە ژێر هێڵێ هەژاریەوەن. وڵاتە لاواز ڕوخاوەکان دەبنە هۆی بڵاوبوونەوە دروستبوونی نەخۆشی وەک وڵاتانی ئەفریقا یان یەمەن لە ئێستادا کە بەهۆی لاوازی دەوڵەتەکەوە وڵاتەکە بووەتە مەیدانی جەنگی ئێران و سعودیە وە ژێرخانی تەندروستی بە تەواوەتی ڕوخاوە هەر لەبەر ئەمەشە کە کۆلێرا زۆر خێرا بڵاو دەبێتەوە. باترین دەسپێک بۆ چاکسازی بە دامەزراوە کردنی وڵاتە چونکە ئەو کاتە هەموو دانیشتوانی وڵات دەتوانن وڵاتەکە بونیاد بنێن و سوود لە ژیری گشتی وڵات ببینرێت.
دواکەوتوی کوردستان لە لایەنە دەوڵەتیەکانەوە بەشێکی دەگەڕێتەوە بۆداگیرکەران کە زۆربەی پڕۆژەو خزمەتگوزاریەکانیان بردوەتە شارە عەرەبی و تورکی و فارسیەکان. وە کوردستان جوگرافیا و کۆمەڵگەی تایبەت بە خۆی هەیە کە دەبێت بە پێ ئەوانە بەرە بە بونیادنانی دەوڵتی کوردستان بدرێت. هەر وڵاتێک کوردستان کۆنترۆڵ بکات ئەوا رۆژ هەڵاتی ناوەڕاست کۆنتڕۆڵ دەکات چونکە ئاسایشی کوردستان زۆر گرنگە چونکە پەیوەندی بە وڵاتانی چوردەوری کوردستانەوە هەیە، چونکە هەر یەک لەو وڵاتانە ژمارەیەکی زۆر لە کورد لە خۆ دەگرن، ئابوری کوردستان و ئەو وڵاتانە پەیوەستە بەیەکەوە وە کورستان وەک بزوێنەری ئابوری ئێران و تورکیای لێهاتووە، ئاسایشی کوردستان لەم چەند ساڵەدا لە زۆربەی جیهان باشتربووە هەر وەک دەبینین لە ئەوروپا و وڵاتانی رۆژهەڵتی ناوەڕاست بوونەتە ئەفغانستانی نوێ. کوردستان لە ڕووی سەربازیەوە لە هەموو بوارەکانیتر لە پێشەوەیە کە واکردووە زۆرینەی خەڵک هەوڵی بدەن ببنە چەکدار، وە لەوانەیە ئەمە ببێە دەوڵەتێکی دیکتاتۆری ئەگەر چاکسازی لە سەربازیدا نکرێت و پەرە بەبوارەکانیتر نەدرێت. کوردستان  هێڵی درێژی ٤٥ی پێدا تێدەپەڕێت کە یەک لەسەر دوو دانیشتوانی ئەفریقا و ئاسیا و ئەوروپا لە چەپ و ڕاستی ئەم هێڵەوە دەژی لە مەودای گەشتی ٨ کاتژمێریدا، بۆیە دەتوانرێت کوردستان بکرێتە ناوەندی گۆواستنەوەی جیهانی و جێی ئیمارات و قەتەر بگرێتەوە  گواستنەوەی جیهانیان داگیر کردووە کە دەکەونە سەرهەمان هێڵی درێژی. جوگرفیای کوردستان دەڕوانێتە سەر هە چوار پایتەختی تەهران و ئەنقەرە و بەغداد کە لە پێشیەکی زۆری دەداتێ لە ڕوی ستراتیژیەوە. جیۆئیکۆنۆمیکی کوردستان پەیوەستە بە هەموو رۆژهەڵتی ناوەڕاستەوە. کوردستان خاوەنی دانشتنوانێكی گەنجە و سامانێکی سروشتی زۆر و ستراتیژێکی گرنگە، وە ئەگەر کوردستان بە وردی و شارەزاییەوە بونیاد بنرێت ئەوا دەتوانرێت کوردستان بکرێتە دەوڵەتێکی زلهێز لە ڕووی ئابوری و سیاسیەوە. سێ لایەن لە بونیاد نانی دەوڵەتدا زۆر گرنگن کە بریتن لە جوگرافیا و کلتور و دامەزراوە، کوردستان تەنها لە ڕوی دامەزراوەوە کەمو کوڕی هەیە کە زیاد لە سەدا پەنجای بونیادنانی دەوڵەتە. 
لە کۆتایدا دەتوانین بڵێن کە بونیادنانی دەوڵەت وەک دروستکردنی داو و دەرمان وایە ئەگەر هەڵەی تێدا بکرێتە ئەوا ژەهر دروست دەکرێت بەڵام ئەگەر بەجوانی و بە باشی پرۆسەکە بەڕیوە ببردرێت ئەوا چارەسەرەکە دەدۆزرێتەوە. بۆیە زۆر پێویستە لەم بوارەدا شۆڕشێک بکرێت چونکە بە نەبوونی دەوڵەتەکان مرۆڤایەتی بەردەوام نابێت هەر وەک تۆماس هۆبس دەڵێت دەبێتە ئاژاوە.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە