داهاتوی جووت بنەماڵە

Friday, 20/10/2017, 0:07

3999 بینراوە


دوای ڕادەست کردنەوەی کەرکوك و ناوچەکانی تر،زۆربەمان پێشبینی ئەوە ئەکەین ئەم دوو بنەماڵەیە نەك هەر لاواز بوون،بەڵکە ئەبێ بڕۆن، بەڵام لەڕاستیدا ئەم ئەگەرە بۆ میلەتی ئێمەی کورد خەیاڵ پڵاویە و تەواو پێچەوانەکەی ئەبینین. 
 ئەو ڕووداوانەی ئەم چەند ڕۆژەی ڕابردوو هەرگیز ئێمەو مانانی تووشی شۆك نەکرد،لەبەرئەوەی لەمێژە ووتوومانە ئەم دوو بنەماڵەیە نەك سەربەخۆییمان بۆ دابین ئەکەن،بەڵکە خودی خۆیان لەمپەر و ئاستەنگن لەبەردەم سەربەخۆیی و ئازادی گەلەکەمان. ئەوە بۆ ماوەی زیاتر لە ٢٠ ساڵە ئەم گرووپەی کوردستانپۆست لەمەترسی ئەم بنەماڵەیە لە کۆشش و هەوڵدایە و ڕۆژ نەبوە مەترسی ئەم دوو بنەماڵەیە نەخاتە بەر دیدی خوێنەران بەگشتی و میلەتەکەمان بە تایبەتی. بەهەزارەها نووسین،بەڵگەی بینرار و بیستراو پێشکەش بەم کۆمەڵگایە کرا تا بتوانن لەم مەترسیە بەئاگا بێن و هەڵوێست وەربگرن،لێ مەخابن ئەوسا و ئێستا و داهاتووش ڕەنگە گەلی ئێمە لەم مەترسیە بەئاگا نەیەنەوە.
ئەوەی ئەم جووت بنەماڵەیە ئەیکەن بەتەواوی ئەو بەرنامە پیلان داڕێژراوەیە کە هەریەك لە عەرەب،تورك و فارسی ئەیانەوێ لە ڕێگای ئەمانەوە بەسەر گەلی کوردا،بیسەپێنن. ئەم دوو بنەماڵەیە هیچ کات درێخیان نەکردوە لەو بەرنامەیە و وەك خۆی ،جێ بەجێیان کردوە. هەر لەبەر ئەمەشە ئەبینین کەوا چۆن لە ئێستا و داهاتوودا تەواو پشتگیریان لێ ئەکرێن و وەك ئەوەی هیچ ڕووی نەدابێ و هیچ کارەساتیک نەکرابێ.
ئێدی هیچ نەماوە بۆ گەلی کورد بسەلمێ کەوا ئەم دوو بنەماڵەیە چەندە وابەستەی دوژمنانی گەلن،چی دی کەس بۆی نیە داوای بەڵگە و دۆکیومێنت بکا دەرهەق بەناپاکی و خیانەتی ئەمان.چی دی گەل ناتوانێ هەلی زیاتر و چانسی تر بدا بۆ ئەوەی جارێکی تر تاقیان بکەنەوە. ئەوە لەماوەی کەمتر لە ٧٠ ساڵی ڕابردوو جگە لە نووشست و دۆڕاندن نەیانتوانی تەنها یەك سەرکەوتن وەچنگ بێنن. ئاخۆ ٧٠ ساڵ ماوەیەکی زۆر نیە بۆ ئەوەی خەڵکی کوردستان قەزاوەت بدەن لەسەر ئەم دوو بنەماڵەیە و هیچی تر ڕیگە نەدەن هەڵیان بخەڵەتێنن؟! دوژمنی کورد خۆیەتی و لەناو خۆیەتی. پێوست ناکا زۆر بۆی بگەڕێت و خۆت ماندوو بکەی. کێشەی کورد کێشەی نێو ماڵی خۆیەتی و پێوست ناکا بەرد لەماڵی دراوسێ بگری. مافی کورد لای خۆیەتی و پێوست ناکا دەستی کەسی تری بۆ ماچ بکەی. گەر بێت کورد خۆی لەم دوو بنەماڵەیە ڕزگار نەکا ئەوا هەرگیز نەك ناگا بە ڕزگاری و سەربەخۆیی،بەڵکە بەدەستی خۆی گۆڕ بۆ خۆی و نەوەکانی هەڵئەکەنێ. ئێدی کاتی ئەوە هاتوە چی ترنەفرەت، گلەیی،گازندە،ڕەخنە،بۆڵە بۆڵ ڕووی ئەم دوو بنەماڵەیە نەکرێ و ڕووی دەممان ئاڕاستەی گەلەکەمان بکەین و بڵێین چی بکەین؟ ئەم دوو بنەماڵەیە وەك پەندە کوردیە ئەڵێ( دەست خەرۆکەریك خراپترە لە ماڵ وێرانکەریك). ئەمانە میلەت دەستە خەڕۆ ئەکەن تەنها بۆ مانەوەی خۆیان و ڕازی کردنی دوژمنان . ئەمانە هی ئەوە نەبوون و نین تا ئاوات و خەونەکانمانیان بدەینە دەست. ئەمانە پیاوی تەنگانە نەبوون و نین. ئەمانە لە ئیستاوە ئەبێ بخرێنە نێو مێژووە و چی دی باسیان نەکەین.
میلەتی کورد ئەبێ واز لە گریان و بێ بەختی و بێ تەنیایی خۆی بکا. چیدی  ناکرێ چەك لەشان و پڕ تفاقی سەربازی لووشكە لووشك بگری. پیاو هەرگیز نابێ بگری. ئەبێ نەگرین بۆ ئەوەی بژین،نەك بگرین بۆ ئەوەی بژین. هەرگیز لە مێژووی کوردا نەبوە بگری و لەئاست دوژمنەکەیدا چووکی دا دابێ. ئەوەتا لەباشوور پیاوە تفەنگ بەشانەکانمان ئەگرین و لەڕۆژئاوا خانمەکانمان پێ ئەکەنن بەدوژمنان. با هەموومان چاویان لێ بکەین.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە