ئایا کەرکوک بە ئەدلیب گۆڕاوەتەوە؟‌ چۆن ئێرانییەکان زیرەکانە ئۆردۆغانیان تووش کرد؟

Friday, 20/10/2017, 11:16

4778 بینراوە


کۆبونەوەکان و رێککەوتنەکانی ئەستانە لەمەر کێشەکانی سوریا و سەردانە پەیتا پەیتاکانی بەرپرسانی ئێران و تورکیا بۆ لای یەکترکە دواهەمینیان سەردانەکەی ئۆردۆغان بوو بۆ ئێران، ریگا بە تورکیا درا بە رەزامەندی روسیا هێزی سەربازیی بنێرێتە ناو پارێزگای ئەدلیب لە باکووری رۆژئاوای سوریا بە مەبەستی ئاشکرا کە بریتیە لە رێگەگرتن لەهەوڵی و خەونی کورد کە ناوچە کوردییەکان بەیەکەوە بلکێنن تا بگەنە سەر دەریا . لەهەمان کاتدا عێراقییەکانیش بەسەرپەرشتی ئێرانییەکان بەشدارپێکران کە لە گەل ئێران و تورکیا تا وەک لایەنی سەرەکی لە مەیدانا رۆل ببینێ / واتە هێزی چەکداری بەکار بێنێ بۆ سەپاندنی دەسەڵاتی ناوەند لە کەرکوک و ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی هەرێم وەک یەکەم قۆناغ ئەمجار دووبارە سەپاندنی دەسەڵات بەسەرهەموو کوردستاندا
لە هەولێریش بەزمی ریفرادۆم و ئاڵای ئیسڕائیل و بڵاوکردنەوەی دەنگۆی فرۆکەی شەڕکەری ئیسڕائیلی لەلایەن گروپ و میدیا میلشیاییەکانی دەسەڵاتی میلشیایی بۆ فریودانی خەڵک هاندەر و وزەبەخش، کە هەرچی زووتر عێراق دەست بەکار بێ وەکو بینرا .
بەڵام ئەگەر چارەکێکی ئەم هێزەی لە کەرکوک بوو بەتایبەت ئەوانەی بە توندی پشتگیری ریفراندۆمیان ئەکرد لەگەڵ خەڵکی کەرکوک کە ئەوپەری ئامادەییان هەبوو وە هەیە تەنها۴۸ سەعات بەرگرییان کردبا بە دلنیایی هەموو هاوکێشەکان دەگۆڕا بە بەرژەوەندی گەلی کوردستان، هەڵبه‌ت له‌گەڵ زۆر تێبینی بەڵام بەداخەوە عەقلیەتی سیاسی کورد وا راهاتووە و فێرکراوه‌ کە ئەبێ خەڵکی تر بێ تا لە سەر تەختی پاشایی دایبنێ بۆیە هەمیشە لەسەر گرێمانی ئەوە سیاسەت ئەکات کە کێ بێت دەستی بگرێت و بیخاتە سەر سفرەی گەیشتن بەهیوا و خۆزگەکانی کە سەربەخۆییە بێخەبەر لەمە  کەس ئامادە نییە پارەی رێگا بدا بە کەس تا ئامادەی سەر سفرەی میوانی بێ.
بەڵام ئیستا پاش ئەوەی بەرپرسە گەندەل و ملیاردیرەکان ئامادە نەبوون کەمترین بەرگری بکەن لە ناو کەرکوک جگە لە هێزێکی کەمی سەر بە یەکێتی کە چەند شەهید و برینداری دا، هەم خەلكي كوردستانيان جاريكي تر تووشي كۆرەو و ئاشبەتاڵ کرد، هەم عێراقیان وا بەهێزکردەوە، کە نەک هەر بچووکترین ئیمتیاز نادات، بەڵکو ئەمەی داویشیەتی وەری ئەگرێتەوە تا وردە وردە ئەگاتە ئاستی دادگایی کردنی هەموو بەرپرسان و دەست گرتن بەسەر ئەو پارانەی خەڵک و وڵات کە بە ناوی خۆیان و ژن و مناڵەکانیان بە ناڕەوایی و نایاسایی بۆ دەرەوەیان بردوە و داناوه‌.
میلشیای کورد پاش رووخانی سەددام بۆ خاتری پۆست و ئیمتیاز و کاری گەندەڵکاری هەیکەلی دەوڵەتی عێراقیان دروست کردەوەوە بە تەسلیمکردنی کەرکوکیش بێ بەرگری روح و گیانیان بە هەیکەلی دەوڵەتی عێراقدا کرد و گیان و روحی کوردیشان بەم دەردە برد کە ئەبینین کوردێک نییە تاساو و سڕ نەبووبێت بە هەمان جۆری ئاشبەتال و کۆڕەوەکانی تر کە ئەمە چەندەمین جارە دووبارە ئەبێتەوه.
.ئه‌نجامی ئه‌مه‌ش بووه‌ هۆی ئه‌مه‌ که‌: 
1- ئێران هەموو دەسەڵاتەکانی شیعە بە یەکەوە ئەبەستێ لە مەزار شەریفەوە له‌ ئه‌فغانستان تا باشووری لوبنان تا هیچ بۆشاییه‌‌ک و ئه‌گه‌ری هەڕه‌شه‌یه‌ک نه‌بێ لەسەرهێلی شیعە لە مەزار شەریفەوە بۆ باشووری لوبنان به‌ ناو کوردستان عێرقدا .
2- عێراقیش مەبەست و ئامانجیەتی، کە لە رووی ئابووییەوە دەست بەسەر نەوتی کەرکوک و کوردستاندا بگرێ و لەمەش زیاتر ئەم پارانەش بگێرێتەوە کە لە لایەن دەسەڵاتدارانی هەرێمەوە براوەتە دەرەوه و  لە رووی سیاسیشەوە هەم عێراق بە یەکگرتویی بهێلێتەوە نەک لە سەر بنەمای هەرێمی نەتەوەیی و ئایینی وهەم ببێتە تەواوکەری دەسەڵاتی هێڵی شیعی کە دووبارە بەزمی ریفراندۆم بۆ عێراق هەلێکی ئالتوونی بوو تا ئاسان بە ئامانجەکانی بگات به‌تایبه‌ت چۆلکردکی که‌رکوک له‌لایه‌ن هێزی مێلشیای کوردییه‌‌وه‌.
3- به‌ پاڵه‌وان کردنی حشدی شعبی بەئامانجی ئەوە بکرێتە هێزی سەربازی سەرەکی و خاوەن بریار لە عێراق وەک سوپای پاسداران لە ئێران.
ئێران نەک هەر تورکیای بێ دەنگ کرد بەرامبەر داگیرکردنی کەرکوک وەک قۆناغی یەکەم بۆ داگیرکرنەوەی هەموو کوردستان، بەلکو چالاکانە بەشداری پێکرد بە بیانووی شەڕی دوژمنیە و بەش کە بزافی رزگاریخوازی کورده.
ئیستا ئێران ئامانجی خۆی تا رادەیەکی زۆر بە دەست هێناوە لەعێراق بە هاوکاری سەرەکی تورکیا لە بری رێگا پێدانی کە تورکیا هێز بنێرێتە ئەدلیب بۆ دژایەتی کورد لە رۆژئاوا.
بەڵام تورکیا لە ئەدلیب لەحاڵی ئەمەدایە، کە بکەوێتە زەلکاوێ، کە دەرچونی ئاسان نییە چوونکە:
1- سوریا وه‌ک دەوڵەتی خاوه‌ن سه‌روه‌ری بە توندی داوای چوونە دەرەوەی سوپای تورکیا لە خاکی سوریا ئەکات و وه‌ک هێزی داگیرکه‌ر ته‌ماشای ئه‌کات.
2- هەندئ گروپی بەرهەڵستکاری سوریا دەستیان کردوە بە شەڕی سوپای تورکیا و لە رۆژان و هەفتەکانی داهاتوو تورکیا زیاتر ئەکەوێته‌ شەڕێک کە بە دڵنیایی شانسی سەرکەوتنی نابێت .
واتە تا ئێستا لەم رێککەوتن و گەمەیەدا براوە ئێران وعێراق بوون و دۆڕاو کورد و ئۆرۆغانیش کە دژایەتی بۆ کورد چاوی کوێر کردوە خەریکە هەست بە دۆرانی خۆی بکات، بەڵام تازە شانسی هەڵە راست کردنەوەی زۆر که‌مه‌.
ئه‌مه‌ی که‌ په‌یوه‌ندی به‌ بێ ده‌نگی ئه‌مریکاوه‌ بێ له‌ مه‌ر که‌وتنی که‌رکوک به‌م جۆره‌ی که‌ بینرا بۆ هەڵه‌ی ستراتیجی حكومەتي هەريم ئەگەرێتەوە لە بواري نەوت و کازا بەهۆی نەزانی سیاسی و غرورەوە، پێشتر لەچەند شوێنێکا باسی ئەم هەڵه‌ کوشندە ستراتیجیەی کاربەدەستانی حكومەتي هەريمم کردوە، کە پێویست بە دوو بارە کرنەوە نییە لێرەدا،  بەڵام بە دڵنیایی ئەم رەوشەی کە ئیستا دروست بووە، باجی ئەم هەڵه‌ کوشندە ستراتیجیەی بەرپرسانە لە بواری وزەدا،  چونکە ده‌ ستیان برد بۆ بابەتێک، کە شیاوی و شایستەیی ئەمەیان نه‌بووە و نییە، ئەمەش ئاکامە تالەکەیەتی کە هەموومان تامی ئەکەین.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە