خەڵك دەڕوخێنێت یان ستەمكار ڕوخاندی؟

Wednesday, 20/12/2017, 22:21

2607 بینراوە


-بۆچی سوتاندن؟ ڕوخاندن لەپێناو چیدا؟
-كێ ڕوخاندنی داھێنا؟
-ئەوانەی دەڕوخێنن كێن؟
-سوتاندن و ڕوخاندن باشترە یان ھێشتنەوە؟
-دوای ڕوخاندن چی بیكەین؟ چۆن كۆمەڵگا بونیادی بنێینەوە؟
دواپریسیار
-بڕوخێنین یان بونیاد بنێین؟
-سەرەتا با بزانین سوتاندن بەچ پێوەرێكە.
ئەوەی دەسوتێنێ مەرج نیە خۆپیشاندەر بێت.
مەرج نیە موحتاج بێت.
مەرجیش نیە ھەر بڕوای بە خۆپشاندان بێت.
چونكە خۆپیشاندەر لەحەژمەتی ژیانی پڕ دەردەسەری خۆی دێتە شەقام، وە دێت تاكو
١- بونیادی ئیدارەیەك بكات كەمافەكانی بچەسپێنێت لەبازنەیەكی قانونیدا بۆئەوەی زامنی ژیانی بكرێت.
٢- بۆ ئەوە دێتە شەقام تاكو بۆلەمەودوا ببێتە خاوەن ئابوریەك كە بەشەرەفمەندی پێی بژی.
٣- دێت تاكو لەو چوارچێوەیەشدا وڵاتەكەی لەزۆرترین سەرچاوەدا داھاتی بۆ كۆبكاتەوە...
بەڵام ئاراستەیەك داوای سوتاندنی لێ دەكات.
-ڕوخاندن لەپێناو چیدا؟
ئەگەر خۆپیشاندەر بڕوخێنێت كەواتە دەبێ ڕازی بێت بەئابوری و ئیدارەی داڕوخاوی ئێستا.
ئێستا كە دەیڕوخێنن ئەی چۆن چاكی بكەینەوە؟
دیارە ئاراستەی خۆپیشاندەرانیش وایە ھەرچی ھەیە دەبێ بڕوخێت و دواتر چاو لەدەستی دڵۆپ دڵۆپی نەوت بین تا داھاتمان بۆ كۆبكاتەوە.
خۆ ئەگەر قەرار وایە بڕوخێنرێت دەبێ كەلتوری حوكمڕانی بڕوخێت، نەك بیناو باڵەخانەو عەلەم و دائیرەی حكومی.
ئەوە عەقڵی نەخۆشی حوكمڕانیە ژیانی بەم دۆخە گەیاندووە نەك داروپەردووی دائیرەكان.
-ئەوانەی دەڕوخێنن كێن؟
لەزھنیەتی خەڵكی مەزڵومدا ڕوخاندن و سوتاندن بونی نیە، بەڵكو ئەو كەلتورە ھی ئەوانەیە كەئێستا لەحوكمدان.
ئەوكاتە لەشاخ و ئەشكەوتەكان ھاتنەوە ھەرچی دەیانكەوتە پێش ڕایان دەماڵی.
ھاتن وەسیلەكانی ئیدارەو ژیانیان ڕوخاندو سوتاندیان. بۆیە بەم قۆناغە خراپە گەیشتین.
ئەوەی بڕوخێنێت و بسوتێنێ ئاراستەكراوەو ھیچ گرفتێكی لەگەڵ عەقڵیەتی حوكمڕانیدا نیە. تەنھا بۆ نابوتكردنی داوا ڕەواكانی خەڵكی خۆپیشاندەر تێكەڵ بەم قەرەباڵغیە دەبێت و مەرامی ستەمكار دێنێتە وجود.
ڕەنگە ھەر لەبنەڕەتدا ڕاسپێردراوی دەستەڵات بێت بۆئەوەی ماف بەچەكدارەكانی بدات تاكو بەرەنگار ببنەوەو قۆناغی حوكمداری سوڵتەیانی پێ درێژتر بكەنەوە. چونكە ئەم سوڵتە كوردیە بەدمۆڕاڵە لە(ھیچ) ناچێت و ھیچ و چروك و چەپەڵ كردارە.
ئەوە حوكمڕانی ٢٦ ساڵی ژێر ھەژموونی دوو حزب و دوو بنەماڵەیە كە سوتاندن و ڕوخاندنیان بەبنەما گرتووە بۆئەوەی وڵات وێران بكەن، وێرانی بكەن تا خۆیان بگەن بەو ئامانجانەی كە لەئەشكەوتەكانەوە بەدەم داڵغەو خولیای چەپەڵەوە دەیاننوسیەوە.
-ئایا ڕوخاندن و سوتاندن باشتر یان ھێشتنەوە؟
گریمان ھەرچی دام ودەزگای وڵات ھەیە ڕوخێنرا، بەڵام عەقڵیەتی حوكمڕانی مایەوە.
كەواتە ھیچ نەگۆڕا، نەگۆڕا بەئاراستەی وەرچەرخانێكی باش لەژیانی خۆپیشاندەر.
ئەوە سوتێنرا، ئەی چۆن بونیادی بنێینەوە؟
خۆ بونیادنانەوە خەرجی و بودجەی دەوێ.
ئەگەر بودجەی بونیادنانەوەش ھەبوو، خۆ ھێشتنەوەیان كارئاسانی داھاتە بۆ ئاوەدانكردنەوەی ڕوخێنراوەكان.
ئەگەر ئەو بیناو كۆشك و تەلارانە مانەوە دەبن بە بەشێك لەداھاتی نیشتمانی بۆ قۆناغی دوای سوڵتە ڕوخێنراوە مەعنەویەكە...
بۆیە با نەڕوخێنین.
با نەسوتێنین.
با تیۆری حوكمداری ئێستای خانەدانی و كاپیتاڵی بڕوخێنین.
با عەقڵیەتی ئەمجۆرە ئیدارەیە بسوتێنین.
با ماددیەتی دوای ئەم حوكمڕانیە ببێت بەمەسدەڕی داھاتی نیشتمانی، تاكو ژیان ئاسان بكەین.
چونكە تەنھا بەسوتاندنی مەعنەوی دەتوانین سەركەوتن بۆ ئایندەیەكی درێژ دا مسۆگەر بكەین.
-دوای ڕوخاندنی حوكمڕانی چی بكەین؟
بۆچی لە ١٧ی شوبباتەوە تائێستا خۆپیشاندان ئەنجامی نیە؟
چونكە
-ھەر خۆپیشانێك لەجەرگەی سوڵتە نەبێت و دڵی حوكمڕانی نەھەژێنێت ھەرگیز دەستكەوتی باشی نابێت. ئەوەی ئێستاش تەنھا شێوەیەكە لەپارتیزانی مەدەنی بێ چەك و نیشان لەئەندامێكی بێ كەلكی دەستەڵات دەگرێت، بەمجۆرەش دڵی حكومەت ھەرئیش دەكات. بگرە ئامادەكاریش دەكات بۆ بەرەنگاربوونەوەی ھەر جوڵەیەك، بەمەش بەر لەدروستبوونی دایدەمركێنێتەوە.
-ھەر خۆپیشاندانێك: ڕەوتێك، فكرێك، ڕێكخراو یان حزبێك سەرپەرشتی نەكات سەرناگرێت.
زۆرجار گلەیی و گازاندەو توانج لەخەڵكی ھەولێرو دەھۆك دەدرێت. سەركۆنەی نیشتمانیانی ئەوشارانە دەكرێت كە نایەنە شەقام.
بەڵام حەقیقەت ئەوەیە كە ناكرێت بەبێ ڕێكخستنێكی تۆكمەو ئەجێنداو سیاسەتێكی ئامادەكراو بێینە شەقام بەبێ سەرپەرشتیكار. بۆیە پێویستە بزوتنەوەی گۆڕان و لایەنەكانی دەرەوەی بازنەی حوكمڕانی ڕەھا ببن بەو ڕێكخەرو پێشەوایە كەبۆدوای خۆپیشاندان بەرنامەیان ھەبێت بۆ ژیانی سیاسی و ئیداری لەم ھەرێمە.
-دەبێ پێش ڕوخاندنی حوكمڕانی ئەجێندامان ڕوون بێت و ئامانج لەخۆپیشاندان ئاشكرابێت. تا بتوانین بەئاسانی بەپێی پرێنسیپە ئامادەكراوەكان كار بۆ جێبەجێكردنی ئامانجەكانی دوای دەرئەنجامەكان بكەین. چونكە ئەم وڵاتە قوربانی دەستی ڕەوەجەلی و نەبوونی ئەجێندایەكی ڕوون و ڕەوانە.
بۆیە بادیسان نەیكەینەوە قوربانی و ئایندە نەسوتێنین. با تێكەڵ بین تا وڵات لەسوتان و خەڵك لەكوشتن و ئایندەش لەچارەڕەشی قورتار بكەین.
-با خۆپیشانبدەین
-بەڵام چۆن بێینە شەقام؟
گەرھاتو بەھاتنە شەقام ئایندە تاریكتر ببێت ھەڵەیەكی مێژوویی دەكەین.
چونكە بەسوتاندن و ڕوخاندنی ئەو دەستەڵاتە كە لەسەر بنەمای (كوشتن لەپێناو مانەوە) دامەزراوەو مێژووی دوورو درێژیان سەلمێنەری ئەو حەقیقەتەیە، بەناحەقی حەق بەخۆی دەدات تا بكوژێ، بگرێ و بتۆقێنێت.
پێویستە ئێمە ھەبین، بمێنین، بژین.
مەگەر لەپێناو ژیان خۆپیشاندان ناكەین!
ئیتر بۆچی مەھانە بدەینە دەستی زاڵم تا بمانكوژێت؟
دەبوایێ ئێمە ئەوان بكوژین، چونكە ئەوان لەڕۆژێكدا (دە) جار حەق بەكوشتنن. بەڵام ھێشتا با ئەوە نەكەین، بۆئەوەی كەلتوری دادگایی و یاسا سەروەری بێنینە كایەوە.
خۆ ئەگەر دەستەڵاتدارانی ستەمكار لەبەردەمی دادوەر ببینین، ئەوە كوشتنێكە كە چێژەكەی بەھیچ شتێك بەراورد ناكرێت، ئەوكاتەش دەستكەوتێكی گەورەمان دەبێت، ئەویش (دامەزرادنی دادگای عادلانەی گەلە).

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە