گۆڕان لەبەردەم چیدا؟

Friday, 22/12/2017, 23:56

2097 بینراوە


بزوتنەوەی گۆڕان لەکاتی درووست بوونی بۆ ساتی ئێستای، بەچەندین هەڵچون و داچوندا هەنگاوی ناوە، یەکەم هەنگاوی ئەم بزووتنەوەیە هێنانەدی دادپەروەری بوو لەسامانی گشتی و بەدیهێنانی یەکسانی بوو لەنێوان چینەکانی کۆمەڵگای کوردیدا، ئەوکاتەی داهاتی گشتی دابەش دەبوو لەنێوان داهاتی سەدا ۱۷ی چەندین تریلیۆن دۆلار و داهاتی ناوەخۆی بێسەرووشوێن. 
ئەوێ ڕۆژێ بزووتنەوەی گۆڕان یەکەم هەنگاوی نا، یەکەم قۆناغی ئۆپۆزسیۆنی هەڵگرتوو، یەکەمین هەنگاوی وەستانەوەی بەرامبەر بەم قۆناغە خراپەی دەستەڵاتی ستەمکاری کوردی نا، لەوێدا لە سەرەتای درووست بونی جاڕی ئۆپۆزسیۆن بوونی دا. ئەمەش بوەهۆی هۆشیاربونەوەیەکی تاک بەتاکی کورد. 
لەقۆناغی چونە دەستەڵاتیشەوە، بزووتنەوەی گۆڕان لە ڕێگای سەرۆکایەتی پەرلەمانەوە، لەیەکەمین هەنگاوەوە توانی شکۆ بۆ پەرلەمان بگێڕێتەوە، لەدواساتی کاری سەرۆکی پەرلەمانیش هەرچەندە لای بەشێکی هەڵسوڕاوانی گۆڕانیش بە شێوەیەک لە بەڕێز سەرۆکی پەرلەمان ڕوانرا کە گوێی لە بزووتنەوەکەو ڕای هاوپەیمانان نەگرتوە، بۆ وەستاندنی کۆبونەوەی ۱۹ی ئاب، بەڵام بەم هەنگاوە جوامێرانەیەی توانی دەستی حیزب ببڕێت لەناو پەرلەمان و پەرلەمان لەناوەندێکی حیزبیەوە بکاتە ناوەندێکی خاوەن شکۆ و سەروەری خۆی، ئەوەبو لە ۱۲ ئۆکتۆبەر کە بزووتنەوەی گۆڕان بەمانەوەی بارزانی لەسەر کورسی سەرۆکایەتی ڕازی نەبوو، بەبڕیارێکی حیزبی ڕێگا لەسەرۆکی پەرلەمان گیرا، تاکو ئەمڕۆ.
بۆیە بزووتنەوەی گۆڕان بەمل نەدان وەک هەندێک هێزیتر بۆ پارتی، پارتی ناچاری بەسەرکێشی گەورەکرد، بەوەی بزووتنەوەی گۆڕان بۆ هەڵبژاردنی ئایندە بخاتە کەنار و خەڵکی کوردستانی لێهانبدا، بەوەی دەستی برد بۆ ریفراندۆمێک بەناوی سەربەخۆی کوردستان، بەڵام هەرزوو بزووتنەوەی گۆڕان و خەڵکی ئەکادمی و نوخبەی ڕۆشنبیری ئەم وڵاتە ئاگاداری مەترسیەکانی ئەم ریفراندمەیان بەپارتی و بارزانی ڕاگەیاند، چ جای هاوپەیمانان، بۆیە بارزانی توانی درێژە بەم سەرکێشیە بدات، تادواجار لەبری ئەوەی گۆڕان کەنارگیربکات، هەربۆخۆی توشی کەناگیرکراو دوریش خرایەوە لە پۆستی سەرۆکایەتی هەرێم کە بەناشەرعی دووساڵ درێژەی پێدا، هەرێمیشیان لە سایەی ئەوان توشی گەمارۆیەکی سەخت کرد. 
دوای ئەوەی کە بزووتنەوەی گۆڕان لە ۲۰ کانونی یەکەمی ۲۰۱۷ جارێکیتر دورکەوتە لەحکومەت، ئەو حکومەتەی بەدرێژای ۲٦ ساڵی ڕابردوو لەم هەرێمە هەموو شکۆیەکی تاکی کوردی شکاند و ڕۆحی قوربانی مراند، هەستی نیشتمانی و پیرۆزی کوردستانی نەهێشت و گۆڕیەوە بە هەستی پڕکردنی گیرفان و دزیکردن، چۆکدادان لە پێناوی نانێک لەبەردەم گەورە دزانی ئەم هەرێمە. 
بزووتنەوەی گۆڕان کاتێک چوە حکومەتەوە بەنیەتی گێڕانەوەی هەموو مافەکانی خەڵکی کوردستان بوو، بەڵام دەرکەوت ئەوەی بزووتنەوەی گۆڕان لە سیستمی حوکمڕانی هەرێمی دەویست ئەوان نەیان هێشت و دژی وەستانەوە، ئەوان والە بزووتنەوەی گۆڕان تێگەیشتبوون کە وەک ئەوان بەدوای بەرژەوەندی خۆیەتی و دژی بەرژەوەندی گەل، بۆیە کاتێک تێگەیشتن بزووتنەوەی گۆڕان لەپێناو بەرژەوەندی میللەت تێدەکۆشێت، خەلەو خەرمانی ئەوان تێکدەدات، کەوتنە دژایەتی گۆڕان تا کار گەیشتە دوورخستنەوەیان لە حکومەت. 
ئێستا بزووتنەوەی گۆڕان لەبەردەم شەڕی نانی خەڵکدا، لەبەردەم گێڕانەوەی شکۆی تاک و پیرۆزی کوردستاندایە، لەبەردەمی گێڕانەوەی یەکسانی و دادپەروەری گەوردایە. لەکاتێکدا خەڵکی کوردستان ئێستا لەچەندین شوێن شەهید و برینداری داوە لە پێناوی داکۆکی لە ماف و گێرانەوەی سەروەری خۆیاندا، 
هەرچەندە لەگەڵ سووتاندنی هیچ دامەزراوەیەکدانیم و کارێکی خراپە، بەڵام دەبوایە لەبری سووتاندن داوای چۆڵکردنی بارەگاکان و بایکۆتی فەرمانبەرانیان بکردایە تا ئەوکاتەی مافی خەڵک دەگێردریەوە، ئێستا کاتی ئەوەیە بزووتنەوەی گۆڕان هەنگاوی کرداری بنێ بۆ هەڵوەشاندنەوەی حکومەت و درووست کردنی حکومەتێکیتر بە سەرۆک و دەستەیەکی نوێترەوە، سەڕای پێشەنگایەتی کردنی خەڵک کە دامەزراوە حکومیەکان بایکۆتی سەرتاسەری ڕاگەیێنن. 
ئەوەی گرنگە خەڵکی کوردستان چاویان لەهەنگاوەکانی بزووتنەوەی گۆڕانە بۆ گێرانەوەی مافی خوراوی چەند ساڵەیان، بۆ هێنانەوەی پارەی دزراوی بانقەکانی جیهان و بۆ دادگای کردنی تەواوی ئەوکەسانەی دەستیان لەتاڵان بڕۆی ئەم هەرێمەدا هەیە. 
بۆیە ئێستا گۆڕان لە بەردەم ئیرادەی بەهێزی گەلدایە تا ڕێبەرایەتیان بکات، وەک چۆن لە ڕابردوو پارێزەری مافەکانیان بوە، ئێستاش داکۆکی لەمافی خوراویان بکات و مافی دزراوی چەندین ساڵەیان بۆ بگێڕێتەوە، هەروەها پێیان وایە گۆڕان بەدیلی ئەم دەستاڵاتە ستەمکارەیە و کاتی ئەوەیە خۆی ڕێبەرایەتی و پێشەنگایەتی ئەم گەلە بکات، لەسەر ئاستی دەولی و هەرێمی. چیتر ڕێگە بەم هێزانە نەدات کاروانی دەستەڵاتیان لەوەزیاتر درێژە بکێشێ. 
شەڕی ئێستای گۆڕان شەڕی نان و شەڕی سەروەری یاساو شەڕی بەرەنگار بونەوەی ستەم کاریە.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە