ئەم باجانە بۆچی؟

Thursday, 04/01/2018, 5:00

2528 بینراوە


ئەم باجانە بۆ ئەوەیە رۆژ لەدوای گوشارەکانیان لەسەر میللەتی کورد توندترکەنەوە، بۆئەوەی ئەو هەست و توانا یاخیەی هەیەتی نەی هێڵن، بەکورتی دەیانەوێت ئەم گەلە بخەسێنن، بۆئەوەی بۆیەک نان بەرامبەر بەم دەستەڵاتە ستەمکارە کرنۆش بەرێت، هەروەها دەیانەوێت بەتەواوی شیرازەی کۆمەڵاتی هەڵوەشینن و سەدان مناڵی ئەم وڵاتە بخەنە سەرجادەو بیانکەن بە بەڵتەجی و لەپێناوی نانێکدا هەموو ئەوانەی ناڕازین بەم دەستەڵاتە لەناویان بەرن.
ئەوەی ئەمرۆ دەگوزەرێت، ئەوەی ئەم دەستەڵاتە دەیکات ئەوپەری لوتکەی ستەمکاریە، دوانەفەسی ژیانی دەستەڵاتە، ئەوپەڕی نائومێدی و تروسکای ئەم دەستەڵاتەیە بەرامبەر بەگەلەکەیان بۆئەوەی لەدەستەڵات بمێنەوە. دەشیانەوێت پێش ئەوەی بشرۆن و وڵات جێبهێڵن و لەکۆڵ ئەم میللەتە ببنەوە، ئەم گەلە واشپرزە و برسی کردبی بەدیان ساڵیتر نەگاتەوە بەگەلانی جیهان.
ئەم باجانە کە ئەمرۆ دەستەڵاتی روخاوی بەزۆر خۆسەپێن بەسەر ئەم گەلە دایناون، بەرونی و بەئاشکرا دیارە داکوتینی گیرفانی خەڵکە بەیەکجاری، ئەوانە دەیانەوێت هەرچی داهاتی ئەم گەلە هەیە بیبەن، ئەوەی ماویەتی بیخەنە گیرفانی پرنەبووی خۆیانەوە، ئەگینا دەستەڵاتی باش ئەو دەستەڵاتەیە دوای ئەوەی توشی قەیرانی دارای دەبێت، هەڵدەستێت بەوەی هەرچی باج هەیە و دەبێتە هۆی سوک کردنی باری قورسی هاوڵاتی لای دەبات، بەڵام ئەم دەستەڵاتە لەبەر ئەوەی نیەتی باش نیە، خەون بەئاسودەی هاوڵاتیانەوە نابینێت تەنها تاکە خەونی ئەمانە ئەوەیە چەند پارە بخەنە سەرحیسابی بانکیان لە دوا ساتی حوکمرانیاندا.
ئەوەی ئەم دەستەڵاتە دەیکات بەرامبەر بە گەلەکەیان، لە ئەدەبیاتی هیچ گەلێکدا رووی نەداوە، مەگەر لە جیهانی وەحشی گەریدا بۆ سەپاندی دەستەڵاتیان ئەم دۆخەیان خوڵقاندبێت، ئەمەی ئەمرۆ تەماشای ئەم هەرێمەبکات تێدەگات کە ئەم هەرێمە لە جەنگەڵێک زیاتر هیچترنیە، هەموو جیهان لەوە گەیشتون کە ئەوانەی ئەم حکومەتە بەرێوە دەبەن خەڵکانێکی نەخوێندەواری دواکەوتی رۆژگارن، بەوەی بەرچاوترین چینی کۆمەڵگا برسی دەکات و هەموو رۆژێ بیانخەیتە سەرجادە لەپێناوی قوتی ژیان ئەوانیش چینی مامۆستان. ناکرێت بتەوێ کۆمەڵگا پێش بخەیت بەڵام مامۆستا برسی بکەیت و وابکەی دەرگای زانست و زانیاری دابخرێت، بۆئەوەی نەتوانرێت تاکێکی ئازا دروست بکرێت، بەپێچەوانەوە بەبرسی کردنی مامۆستا داخستنی دەرگاکان وانەیەکیتری بوێریان فێری مامۆستایان کرد، کەبەیانی خوێندکاران فێری جەربەزی دەکات و کەباور بەهیچ نەکات. جگە لەواقیع. ئەم کارەی ئێستاش بەرامبەر بەفەرمان بەراندەکرێت جگە لە کاری مرۆڤی نەخوێندەوار لە هیچیترناچێت، بۆیەش سەرۆکی پەرلەمان وتی: (( وڵات بە خەڵکی نەخوێندەوار بەێوە ناچیت))
بۆیە ئەو باجانەی دوای خۆپیشاندانەکانی مانگی رابردوو، ئەوەیان نیشانداین کە ئەم دەستەڵاتە باکی بەهیچ شتێک نیە لەپێناوی مانەوەی خۆیاندا، دارو بەردوی بینای حیزبی زۆر گەرەترو پیرۆزتر بوون لە خوێنی تاکێکی ئەم گەلەم، هەر ئەو بیر و هزرەشە وایکردوە کە حکومەت هەمووشتێکی لە تاکی کورد لاگەورەتربێت، دەستیکردوە بەتاڵان برۆ و خەڵکیش برسی و هەژار و خاکیش هەرۆژەی لایەکی دەدرێت بەجەیشی دەوڵاتێکی داگیرکەر و داهاتەکەشی راستەوخۆ دەچێتە گیرفانی ئەم دەستەڵاتدارانەوە، ئەمرۆش لەپێناوی پەردەپۆشکردنی شکست و داروخاوی حکومەت باج زیاد دەکات.
ئەم باجانەی هەرۆژە بەجۆرێک دەیخەیتە سەرشانمان، ئەوانە هەرجارە و جۆرێکە لەسزا، تابلۆی سەردووکان و باڵەخانەو کرێی ئەم و ئەو سزادانی خەڵک و کاسبکارانە بەوەی لە ماوەی رابردوو دوکانەکانیان بەروی ئێوەی دەستەڵاتیدا داخست و هاتنە ریزی خۆپیشاندەرانەوە وەک پاڵپشتی، دژی دەستەڵاتی ستەمکاری ئێوە وەستانەوە، ئەم سزایە روی راستەقینەی ئێوەی حوکمرانی نیشانی نەک هەر گەلی کەیدا، دەمێکە ئەم گەلە روی ناشیرینی ئێوەی دیوە، بەڵام بەم کارانەتان لەروپەری رۆژنامەکانی جیهانی رۆژ لەدوای رۆژ نیشانی گەلانی جیهانی دەدرێت و بەوەش دۆستانی کورد باشتر دەتان ناسن و دوژمنانیش سوکنای بەدڵیاندادێت بەوەی ئەوەی شۆرگێرانی دوێنێ کردیان، ئەوان بەرامبەر بەم گەلە بەسەد ساڵیش نەیان کردوە وەک دووژنم بەرامبەر بە گەلی کورد.
تابۆتان دەکرێت باجەکان زیادبکەن و رۆژ لەدوای رۆژ گیرفانی خەڵک داکوتن و تۆڵەی چەند مانگی رابردووی داخستنی سنور و گومرگ و داهاتی لەدەست دراوتان بکەنەوە، چونکە ئەوەنیەتتانە، بەم کارەتان نەکورد لە ناودەچێت، نەئێوەش مورتاح دەبن، راستە رەنگە زەمەنێک درەنگ بکەوین و لەئاست پێشکەوتنی جیهان زۆر لەدوابین، بەڵام ئاسۆ رونە، ژیان ناوەستێ ئێوەش  دەبێ لەبەردەم دادگای گەلدا بوەستن، باجی هەموو باجەکان بدەن.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە