ئەبێ چ هیوایەک مابێ؟

Tuesday, 16/01/2018, 23:23

2137 بینراوە


کێ تێدەگات ئەم وڵاتەی ئێمە دەگات بەکوێ؟ چی بەسەر دێت؟ هەموومان لەچارەنوسێکی نادیاردا، ڕۆژ و شەوەکانمان بەڕێ دەکەین. ئەو ڕۆژانەی هەموو دەرگاکانی کامەرانی تیادا داخراوە، نوزەی ئازادیشی تیادانەماوە. ئیدی هیواکان بەهێواشی دادەماڵدرێن.
هیچ شتێک و هیچ کەسێک بە ئەندازەی ئەمانە ژیانیان ناشیرین نەکردوە، بەئەندازەی ئەمانە قوربانیان بێ ئەرزش نەکردوە، بەئەندازەی ئەمانە هاوڕێکانی دوێنێیان ناشیرن نەکرد و وەفا و خۆشەویستیان لەناو نەبردوە، بەئەندازەی ئەمانەش نیشتیمانیان پارچە پارچە نەکردوە، وەک گۆشتێکی پاک نەیان خستۆتە دەمی گورگەوە. هیچ کەسێکیش هێندەی ئەمانە تاڵانکاران نەکردۆتە پیشەو لێیان نەبۆتە خوو.
لەم وڵاتە بەها و نرخێک نیە بۆمرۆڤ، مرۆڤ بوون لێرە مانا و پیرۆزی نەماوه، ئەمانە ئەوەی بەلایانەوە گرنگ نەبێت خودی کۆمەڵگایە، بەو ڕفتارانەی ئەوان دەیکەن هەمویان پێوەری سەرەکین کە پێمان دەڵێن ئەم دەستەڵاتە دەیەوێت کۆمەڵگای کوردی داماڵێت لەهەموو بەها پیرۆزەکان، ئەو بەهایانەی کەتاکی کوردی پێدەناسرێتەوە، لە بەهای شۆڕشگێری و یاخی بونەوە بگرە تاکو هەموو بەها کۆمەڵایەتی ئەو ئەخلاقیەکان، ئەم دەستەڵاتە هەموو پێوەرەکانی تێپەڕاند، هەموو پیرۆزیەکانی شکاند، پەردەی هەڵماڵی لەسەر هەموو کارە قێزونە پڕ شورەیەکانی خۆی.
کێ ماوە لەم جیهانە شارەزا نەبێت لە بێ شەهامەتی ئەم دەستەڵاتەدارانە بەرامبەر بەهاونیشتمانیانی  کورد، کەس نیە لە دۆستانمان ئەو بێشەرمی و ڕەزا قورسی ئەم دەستەڵاتە فاشیلەی کوردی نەخسبێتە بەر نەفرەت. بێز لە هاوسۆزی خۆیان نەکەن و شەرم لەکۆمەک کردنیان نەکەنەوە، دەستەڵاتێک هێندە سلساربێت بەرامبەر بە کۆمەڵگاکەی، کردارەکانی هێندە ساروماربن بەرامبەر گەلەکەی، بەتەمای ئەوەبین چیمان پێبدات جگە لە نەهامەتی ، لەکاتێکدا لەبەردەم دووژمن دەست لەسەر سنگ بن، ئامادەبن هەموو شتێکی پێشکەش بکەن. دیاریش بۆ هاونیشتیانی و مامۆستا و پێشمەرگەش روبعە موچە بە ٩٠ رۆژ، بەس پێمان بڵێن ئێوە خاوەنی چ بەهایەکی مرۆین؟ ئێوە ویژدانتان  لەچیە؟ کە بێویژدانیتان تا ئەو ئەندازەیە خراپ و بێکەڵکە، پێم وانیە هیچ سیستەمێک بە ئەندازە ئێوە نامرۆڤبێت!!
چۆن هیوادەمێنێت؟ لەکاتێکدا هەرچی شتی وڵات هەیە بۆ دوژمان ئاوەڵابێت، بەڵام بۆگەل بەڵابێت، تا ئەوپەڕی بێ هیوای هیوا لەم دەستەڵاتدا نەماوە، ئەم دەستەڵاتەی هیوای بەخۆدی خۆشی نەماوە، لەدوانەفەسی بێ هیوایدا لە سەرەمەرگدایە. بەڵام هێشتاش زیاتر دەیانەوێت دەرگاکانی هیوا قوفڵ بدەن.
ئەم دەستەڵاتە تەواوی رێگاکانی کاول کردنی کوردستانی گرتۆتەبەر، لەیەک پرۆژەی خزمەت گوزاریدا سەرکەوتنی بەدەست نەهێناوە بەپێچەوانەوە تەواوی پرۆژکانی بە ناکامڵی جیهێشتون، بەنمونە کەرتی کارەبا هێشتا خاوەنی ٦ کاتژێرە لە ٢٤ کاتژمێردا، لەیەک پرۆژەی سیاسیدا ئامانجەکانی نەپێکاوە بەڵکو لەهەموو ئەو پرۆژە سیاسیانەدا فەشەلی هێناوە بە ناشیرینی بە دوونیاک درۆوە خۆی رزگار کردوە.، تەواوی ئەم حکومەتە لە فەشەلێکی گەورەدایە بۆیە تا ئەمانە لە حوکمکردن دابن و ئەوانە قیادەی خەڵک بکەن ژیان لەوە ئاسایتر نابێت، بەڵکوو رۆژ لەدوای رۆژ لە چاوەروانی کارەستای جەرگ بر و ناخ هەژێنتردا دەبین.
کەس تێناگات، ئەمانە چیتریان دەوێت لەمە زیاتر، ئەگەر دەیانەوێت لەمە زیاتر خەڵک چەوساوەتر بێت، دەبیت چاوەرێکی کۆمەڵکوژی بکەن و خەڵک بەکۆمەڵک سەربنێتەوە، ئەگینا پێناچێت قارونیش بە ئەندازەی یەکێک لەمەکتەب سیاسیەکانی ئێوەی هەبوبێت، بەڵام ئێوە نەخەمی گەلتانە نە لە خەمی نیشتیماندان، بەڵکو لەخەمی مانەوەی خۆتاندان و دەشتانەوێت بەم کارەنەتان و بەم سزادانی برسیکردن، سەر بەو کەسانە نەویکەن کە ئامادانین لەئاستاندا یەک ملیم سەرداخەن. هەموو رێگاکانیشتان تاقیکردوە سەریان بۆ دانەنەواندن.
لەسەرەتای زایندا راپەرینی کۆیلەکان لە رۆما کە بەراپەرینی سپارتاکۆس ناسراوە، دژی نادادای بەرامبەر بەکۆیلەکان دەستی پێکرد، راپەرینی کۆیلەکان دەستەڵاتدارانی ناچار بە پێذاچونەوە بەخۆکرد، بەڵام ئێوە لەبەرامبەرسەدان شەهیدی شەری داعش کە ئەوان خوێنیان رشت و ئێوە بازرگانیتان لەگەڵ دەکردن وەفاتان نەبوو، لەبەرامبەر ماندوێتی پێشمەرگە کەپارێزەری سامانی ئێوەبوو رێزتان بۆیان نەبوو، لە دوای شەهید کردنی دەیان خۆپیشاندان و گرتنی سەدان چالاکوان و مانگرتنی چەندین مانگی مامۆستایان یەک زەرە هەڵوێستان نەبوو بەخۆتاندا نەچونە، ٢٠٩٠ ساڵ پێش ئەمرۆ هەم عەقڵی فەرمان رەوای و هەم حوکمی ئەوسەردەمی رۆما لە ئێوە پێشکەوتوتر بون، دەشتانەوێت پێشمان بڵێن خاوەنی هەرێم و دەوڵەتین، ئەهەرێمەی پێی دەگوترێت هەرێمی کوردستان، خەڵکی کوردستان راپەرینی کردوو، هاوپەیمانان پاراستیان، ئێوەش هاتنە سەر حازری، خەریکیشە لەبەرناز و کەش وفشی سەردەمی شاختان باربکەین، ئەگەر راپەرینی خەڵک و هاوکاری هاوپەیمان نەبوایە، ئەبوایە هەر بەوشاخانەوە، چاوەرێی نانە رەقەی جوتیار و چۆرێ ماستی ماڵە شوانتان بکردایە، ئێستا خەریکن هەموو جیهان پرکەن لەپارە، هەروەها ئەی ئەگەر دەوڵەتان دروستکردبایە ئەبوایە چمان بکردایە؟
بۆیە خەریکە کۆمەڵگای کوردی بەرەو هەڵدێرێکی گەورە دەچیت و لەبەردەم جینۆسایدێکی گەورەتردایە، نامەویت خەڵک بترسێت بەڵکو ئەگەر کار بۆ حکومەتێکی رزگاری نەکرێت، کەهەرچەندە لەبار چوە، دۆخی کۆمەڵگای کوردی زۆر خراپتر دەبیت و ئەوکاتیش ئاسانتر لەبەردەم شەپۆلی جینۆسیدا خۆمان بۆ ناگیرێت، کوردستان وێران دەبێت، دەستەڵات دارانی ئەم هەرێمەش ئەوە ئاوات و ئامانجیانە، کاری خەڵکی ئۆپۆزسیۆنە کە رێبەرایەتی ئەم قۆناغە پر مەترسیەبکەن، سڵ لەهیچ نەکەنەوە لەپێناو نەکەوتنی کۆمەڵگای کوردی، دانیشتن و دەستەوەستان بەرامبەر ئەم حکومەتە وەک نەخۆشی وایە تادرەنگتربێت چارەسەری چاکبونەوەی درەنگتر دەکەوێت. رەنگە ببێتە هۆی لە ناوچون.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە