چڵە زەیتون و شەڕ

Tuesday, 23/01/2018, 14:54

3300 بینراوە


ئۆپەراسیۆنی دوژمنكارانەی توركیا بۆسەر عەفرین لەژێر ناوی (Zeytin Dalı) بەڕێوە دەچێت. واتا (چڵە زەیتون).
چڵە زەیتون كە مەنای ئاشتی دێت، كەچی دەوڵەتی توركیا شەڕانگێزی و قەتڵ و عامی گەلێكی چەوساوە ئەكات.
ئەردۆگان دەڵێت; ئێمە ئەچین بۆ عەفرین بۆئەوەی ئەو ناوچەیە پاك بكەینەوە لەتیرۆریستان، ئەچین تا ئاشتی بەرقەرار بكەین.
بەڵام دوای ١٠٠ ساڵ، تازە ئاشتی بەرقەرارەو گەلان سەربەستن، لەوەتەی ئەوانەی ئەردۆگان بەتیرۆریست ناویان ئەبات عەفرین بەتایبەت و ڕۆژئاوا بەگشتی بەڕێوە ئەبەن.
چڵە زەیتون بۆ ھەموو گەلانی دونیا ھێمای خۆشبەختی و ژیاندۆستی و ئاشتی وئارامیە، لەبەدچارەیی (كورد) چڵە زەیتونیش بۆتە تەڵەی شەڕو كوشت و بڕ.
لەعەفرین ھەزاران ھكتار زەوی داچێنراوە بە زەیتون، ئەو بەرھەمە زڕاعیە ھەر لە عەفرینەوە تا شاری ھاتای درێژبۆتەوە. كە بەدرێژایی نزیكەی ١٠٠ كیلۆمەترە.
بەدرێژایی ئەو زەویانەش كە زەیتونیان لێ بەرھەم دەھێنرێت لەژێر زەمینەكەیدا زێڕی ڕەش (نەوت) ھەیە.
كەوابێ ئۆپەراسیۆنی چڵە زەیتون لەپێناو ئاشتیدا درۆیەكەو نەوت لەپەنایدا كراوە بە ئامانج، چونكە خۆبەڕێوەبەرێتی ڕۆژئاوا كە كوردان تێیدا لەلوتكەدان ئامادە نەبوونە گەل بچەوسێننەوە لەپێناو بەرژەوەندی چەپەڵی داگیركەرانی دەوڵەتی تورك.
خۆ ئەگەر سیاسەتی ڕۆژئاوا سەروەتی گەلی تەسلیم بە توركیا كردبایە ئێستا بەلای ئەردۆگانەوە باشترین ناوچەی ئاشتی پارێز خۆرئاوای كوردستان ئەبوو.
بەڵام كە نەیانكرد، ئێستا خۆرئاوا تیرۆریستە. سەرەڕای ئەوەی كە دەوڵەتی توركیا ھەردەم كار بە میكانیزمی تیرۆر ئەكات بۆ زاڵبوون بەسەر دەوروبەریدا.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە