عەفرین لەبەردەم هێرشى تورکیادا

Saturday, 27/01/2018, 22:34

3380 بینراوە



دەروازە
تورکیا هێرشى سەربازى دەستپێکردوە بە مەبەستى کۆنترۆڵکردنى  عەفرین لەبەر ئەوەى عەفرین پێگەیەکى ستراتیجى گرنگى هەیە و لە ئایندەدا پرسى سوریا لە عەفرینەوە یەکلاى دەکرێتەوە.
بیانوەکانى تورکیا بۆ پەلاماردان و هێرشکردنە سەر عەفرین بریتیە لە بوونى  یەکینەکانى پاراستنى گەل وەک مەترسییەک بۆ سەر ئاسایشى سنورەکانى بەڵام ئەم هێرشە تەنیا پەیوەندى بەوە نیە بەڵکو هاوکێشەیەکى هەرێمى و نیودەولەتى تەحەکومى پێوە دەکەکات کە خۆى دەبینێتەوە لە ململانێکانى روسیا و ئەمریکا لە پێناو زیاتر هەیمەنە کردنیان لە سوریادا.
دورکەوتنەوەو ئالۆز بوونى پەیوەندییەکانى ئەمریکا و تورکیا کاریگەرى گەورەى هەبووە لەسەر هەڵکردنى گڵۆپى سەوز لە لایەن رووسیاوە بۆ دەستکردن بەم ئۆپراسیۆنە بە ئامانجى ئەوەى لە ئایندەدا تورکیا دوربکەویتەوە لە هاوپەیمانى ئەمریکا و بچێتە چوار چێوەى هاوپەیمانى روسیاوە بەمەش روسیا دەیەوێت کە پرسى سوریا لە بەرژەوەندى خۆى یەکلاى بکاتەوە.
لەپاڵ ئەو ململانێ نێو دەوڵەتى و هەرێمەى کە لەسەر عەفرین  هەیە کورد خاوەنى هێزێکى سەربازى تۆکمە و بەهێزە لە رۆژئاوا و  تەواوى سوریا بەناوى  یەکینە کانى پاراستنى گەل  کە رۆلى گرنگى یەکلا کردنەوە ئەبینن لەم ململانێدا بەو پێیەى ئەم هێزە تێکشکێنەرى داعش و پارێزگارى یەکەمى کانتۆنەکانى رۆژئاواى کوردستانە.
 ئەمەى خوارەوە توێژینەوەیەکى کورت و پوختە لە سەر (عەفرین لە بەردەم داگیرکارى تورکیادا) کەبەم شێوەیەى خوارەوە دابەشمانکردووە
-هێرشى تورکیا بۆ سەر عەفرین
-گرنگى پێگەى عەفرین
-ئامانجى تورکیا لە هێرشکردنە سەر عەفرین چیە؟
-بەرپەرچدانەوەى هێرشەکانى تورکیا لەلایەن YPG ەوە
-کاریگەرى ململانێکانى روسیاو ئەمریکا لە هێرشکردنە سەر عەفرین
-کاردانەوەى ووڵاتان سەبارەت بەم هێرشە
-دەرئەنجام
-لیستى سەرچاوەکان

هێرشى  تورکیا بۆ سەر عەفرین
    سوپاى تور کیا  لە  (20/1/2018)ەوە دەستیان کردوە  بە ئۆپراسیۆنێکى سەربازى لە ژێرناونیشانى (چڵە زەیتوون) کە ئامانج لێى بریتیە لە چونە ناوخاکى سوریاوە بە قوڵاى (30)کم لە سنورى عەفرینەوە.
  تورکیا  بە بیانووى پاراستنى سنورەکانى لە هێرشى هێزەکانى سوریاى دیموکرات کە یەکینە کانى پاراستنى  گەل بەشێکى سەرەکى پێک دەیەنن و لە لایەن هاوپەیمانى نێودەوڵەتیەوە دژى داعش کە ئەمریکا سەرپەرشتى دەکات  دروست کراو ن و پشتگیرى دەکرێن  دەستى کردووە بەم ئۆپراسیۆنە0(1)
تورکیا هەمیشە یەکینەکانى پاراستنى گەل کە بەشێِکى سەرەکى هێزە کانى سوریاى دیموکرات پێکدەیەنن  بەوە تۆمەتبار دەکات کە ئەوان بەشێکن لە پارتى کرێکارانى کوردستان کە پارتێکى کوردییە و لە قۆناغى خەباتى ریزگارى نیشتیمانیدایە  دژى تورکیا ئەمە لە کاتێکدا یەکینەکانى پاراستنى گەل ئاماژەبەوەدەکەن کە ئەوان هیچ پەیوەندییەکى راستەوخۆیان لەگەڵ پارتى کریکارانى کوردستان نیە0(2) .
تورکیا بۆ ئەم هێرش و داگیر کاریەى پشت بە  چەکدارانى سوریاى ئازاد و گروپە توندرەوەکان دەبەستێت  کە لەماوەى رابردودا راهێنانیان پێکردون، ئەم گروپ و هێزە توندرەوانە بە ئاڵاى تورکیاوە پەلامارى عەفرین دەدەن(3).
دوا بەدواى هێرشى تورکیا پارتى یەکێتى دیموکرات  داوا لە کۆمەڵگاى  نێودەوڵەتى دەکات کە تەداخول بکەن .
 روسیاش بەوە تۆمەتبار دەکات کە ناپاکى لێکردوون  و ئەو هێزەى روسیا کە لە عەفرین بوون پێش دەست کردن بەم ئۆپراسیۆنە کشێنراونەتەوە.
گرنگى پێگەى عەفرین
عەفرین ناوچەیەکى شاخاوییە کە روبەرەکەى نزیکەى 3850 کم چوار گۆشەیە کە دەکاتە لە %2 خاکى سوریا  سنورێکى فراوانى لەگەڵ تورکیادا هەیە.
 ژمارەى دانیشتوانى بەهۆى ئاوارە بوونى خەڵکى ناو چەکانى ترەوە بەرز بۆتەوە بۆ زیاتر لە یەک ملیۆن کەس ، گرنگى عەفرین لەوەدایە کە ئەو ناوچانە لەیەکترى دادەبڕێت کە  لە ئۆپراسیۆنى تورەى فرات ئەو هێزانەى نزیکن لە تورکیا کۆنترۆلیان کردوە مەبەست لێى جەرابلوس و بابە ئەعزازە  لە رۆژهەڵاتى عەفرین  وە پارێزگاى ئیدلیبیش لە لەرۆژئاواوە.
 کۆنترۆڵککردنى عەفرین لە لایەن تورکیاوە بەواتاى بەستنەوەى سەرجەم ئەو ناوچانەى کە هێزە چەکدارەکانى نزیک لە  تورکیا کۆنترۆڵیان کردووە لە سەر سنور ، و گەشتنە بە دەریاى ناوەراست(4).
عەفرین یەکێکە لە گرنگترین کانتۆنەکانى رۆژئاوا   کە لە 2012  ەوە دواى ئەوەى سوپاى سوریا ئەو ناوچەیان لەدەستدا یەکینەکانى پاراستنى گەل ئەرکى پارێز گاریکردنى ئەم ناو چەیان گرتۆتە ئەستۆ و لە 2014 ەوە وەک کانتۆنێکى رۆژئاوا راگەیاندراوە(5).
عەفرین پێشتر لەلایەن بەرەى نوسرە و داعش و  حکومەتى سوریا وە چەندین جار هەوڵدراوە کۆنترۆڵ بکرێت و هێرشکراوەتە سەرى بەڵام یەکینەکانى پاراستنى گەل  پاراستوویانە(6).
یەکێک لە گرنگییەکانى ترى عەفرین بریتیە لەوەى کە  خاڵێکى گرنگى  بەستنەوەى کوردەکانى رۆژئاوایە بە باکورى کوردستانەوە کە کوردەکانى ئەم دووبەشەى کوردستان زۆر نزیکیان لە گەڵ یەکترى هەیە بە شێوەیەک کە تەنانەت  هەردووکیان بەهەمان شێوەزارى کوردیش قسە دەکەن.
 لەپاڵ هەموو ئەوانەى کە باسمان کرد عەفرین پێگەیەکى گرنگى جیۆستراتیجى هەیە بەو پێیەى دەروازەیەکە بۆ گەشتنى کورد بۆ سەر دەریاى ناوەراست کە دەکرێت لە ئایندەدا ببێتە خاڵێکى گرنگى کرانەوەى رۆژئاواى کوردستان بەروى جیهاندا لە رووى بازرگانیکردنەوە و هەوەها سوردى گرنگیشى هەبێت بۆ باشورى کوردستان لە بەر ئەوەى هاوسنورە لە گەڵ رۆژئاوادا.
عەفرین چۆن گرنگییەکى زۆرى هەیە بۆ کوردەکان بە هەمان شیوە وەک شوێنێکى ستراتیجى گرنگ دادەنرێت بۆ تورکیا چونکە تورکیا نایەوێت کورد سود لە دەریاى ناوەراست ببینێت بەمەبەستى کرانەوە بەڕووى جیهاندا و هەروەها دەیەوێت ئەو ناوچانەى سوریا کە لە لایەن گروپە توندرەوەکان و سوپاى سوریاى ئازادەوە کۆنترۆڵ کراون بگەیەنێتەوە بەیەک.
ئامانجى تورکیا لە هێرشکردنە سەر عەفرین چیە؟
تورکیا رایگەیاند کە ئەوان ئامانجیان لەم ئۆپراسوێنە چونە ناوخاکى سوریایە بە قوڵاى 30 کم بەمەبەستى پاراستنى سنورەکانیان و دروستکردنى ناوچەى ئارام لە نزیک سنورەکەیان چونکە ئەوان   بوونى هێزى یەکینەکانى پاراستنى گەل بەهەڕەشە دەبینن بۆ سەر ئاسایشى تورکیا لەبەرئەوەى  یەکینەکانى پاراستنى گەل لقێکن لە پارتى کرێکارانى کوردستان هەروەها ئەوان نیگەرانن لە پشتگیرى کردن و پڕچەککردنیان لە لایەن ئەمریکاوە(7).
لەراستیدا تورکیا ئامانجى سەرەکى بریتییە لە بچراندنى پەیوەندى نێوان کوردەکانى رۆژئاوا و باکور لە لایەک  و لە لایەکى ترەوە نایەوێت کوردەکانى رۆژئاوا بگەنەوە سەر دەریاى ناوەڕاست لەبەرئەوەى لە ئایندەدا سوردى زۆرى دەبێت بۆیان.
تورکیا  بەهێرشکردنە سەر عەفرین و داگیر کردنى دەیەوێت رۆژئاواى کوردستان ئابلۆقە بدات و  تەوقیانبدات  بەشێوەیەک هیچ دەروازەیەکیان بۆ نەهێڵیتەوە بۆ پەیوەندى کردن بە جیهانى دەرەوە چونکە لەحاڵەتى گەشتنى کورد بەدەرەوە ئەوە کوردەکان دەست دەکەن بە بازرگانى و لایەنى ئابورى ئەم هەرێمە کوردیانە دەست دەکات بە بووژانەوە کە ئەمەش لە بەر ژەوەندى تورکیادا نیە.
 بەداگیر کردنى عەفرین تورکیا دەیەوێت کە ئەو ناوچانەى کە چەکدارە توندەرەوەکان داگیریان کردن لەگەڵ سوپاى سوریاى ئازاد کە نزیکن لێیەوە بگەیەنێت بەیەکترى و وەک قەڵخانێک بۆ پاراستنى تورکیا بەکارى بیەنێت و بشیانخاتە شەرەوە لەگەڵ کانتۆنەکوردییەکانى تر.

یەکینەکانى پاراستنى گەل بەرپەرچى هێرشى تورکیا دەدەنەوە
یەکینەکانى پاراستنى گەل کە بەشێکى سەرەکى هێزەکانى سوریاى دیموکرات پێک دەینەنن لەلایەن هێزەکانى هاوپەیمانى دژى داعشەوە پڕچەک کراون و مەشقیان پێکراوە بەتوندنى بەر پەرچى هێرشەکانى تورکیایان داوەتەوە بۆ سەر عەفرین.
 تورکیا بە ئاسانى ناتوانێت سەرکەوتوو بێت لە هێرشەکانى هەرچەندە لەڕوى چەک و هێزى سەر بازییەوە نا بەرامبەرییەکى زۆر گەورە هەیە لە نێوان سوپاى تورکیاو یەکینەکانى پاراستنى گەل بەڵام وەک پێشتر لە کوبانى و زۆر ناوچەى تر بینیمان یەکینەکانى پاراستنى گەل هێزێکن بە ئاسانى تەسلیم نابن و تا کۆتاى شەر دەکەن بەمەش پێویستە چاوەرى شەرێکى قورس بکەین.
لەدواى هێرشەکانى تورکیا بۆسەر عەفرین خۆبەرێوەبەرى دیموکراتى عەفرین داواى لە سەر جەم خەڵکى ناو عەفرین و پلەباڵاکانى کردووە کە چەک هەڵبگرن و دژى داگیرکارییەکانى تورکیا بوەستنەوە و جگە لەوە داوا لە کۆمەڵگاى نێو دەولەتى دەکەن کە بێدەنگ نەبن (8).
هەموو پێشهاتەکان ئاماژەى ئەوەمان پێدەدەن کە شەڕێکى قورس چاوەڕوانى تورکیا دەکات   لەبەر ئەوەى یەکینەکانى پاراستنى گەل ماوەى چەندین ساڵە خۆیان بۆ ئەم شەرە ئامادەکردوە و  و ئەزموونێکى باشیشیان لە شەردا هەیە بەو پێیەى بەتێکشکێنەرى داعشن لە رۆژئاوا و تەواوى  سوریادا (9).
 لەپاڵ بانگەشەى خۆبەڕێوبەرى دیموکراتى عەفرینیش هاوسەرۆکایەتى ئەنجومەنى فیدرالى باکورى سوریا داواى لە سەرجەم کوردان و پارتە سیاسیەکان کرد کە دژى داگیر کارى تورکیا بوەستنەوە بۆ سەر عەفرین (10).

رۆڵى ململانێکانى ئەمریکا و رۆسیا لەهێرشى تورکیا بۆ سەر عەفرین
ئەمریکا پێى وایە کە ترسى تورکیا لە ئاسایشى نەتەوەکەى شەرعییە بەڵام دەبێت تورکیا کۆنترۆڵى خۆى بکات و وە پێویستە کە جوڵە سەربازییەکانى سنوردار بێت و قوربانى لێنەکەوێتەوە بە تایبەتى هاوڵاتیانى مەدەنى نەبنە قوربانى.
بەڵام تورکیان نیگەرانە لە رەفتارەکانى سیاسەتى دەرەوەى ئەمریکا بەو پێیەى کە ئەمریکا پشتیوانى هێزەکانى سوریاى دیموکرات دەکات .
 دواى ئەوەى کە  ئەمریکا رایگەیاند  لە (13/1/2018)یارمەتى هێزەکانى سوریاى دیموکرات دەدات بەمەبەستى دروستکردنى هیزى ئاسایشى سنور لە  کە ژمارەیان لە 30 هەزار  شەرکەر پێک دێت و  ئەمریکا راهێنانیا پێدەکات، نیگەرانى تورکیاى لێکەوتەوە لە بەر ئەوەى نێوەى ئەم هێزە لە هێزەکانى سوریاى دیموکرات پێک دێت  ئەردۆغان ئەم هێزەى  بە سوپاى تیرۆر ناو برد(11).
ئەمریکا مەبەستى سەرەکى لە دروست کردنى ئەم هێزە نوێیە بەناوى هێزى ئاسایش سنور بریتییە لە وەستاندنى هاتنى تیرۆرستانى داعش لە تورکیا و عێراقە وە بۆ سوریاو هەروەها مەبەستێتى ئەم هێزە ببێتە بەر بەست لە بەر دەم هەیمەنەى روسیاو تورکیادا  بۆیە رۆسیا بریارى کشانەوى سەربازەکانى خۆیدا لە عەفرین و لەگەڵ کشانەوەى سەربازانى روسیا لە عەفرین تورکیا دەستى کرد بەهێرشکردنە سەر عەفرین لە ژێر ناوى ئۆپراسیۆنى(چڵە زەیتون).
بەر لە کشانەوەى سەربازانى روسیا لە عەفرین، دوو بژرادەیان خستۆتە بەردەم کوردەکان کە ئەوانیش بریتى بوون لەوەى کە واز لە عەفرین بیەنن بۆ حکومەتى سوریا کە مەبەست لێى حکومەتى  بەشار ئەسەدە یان دەبێت رووبەرووى سوپاى تورکیا ببنەوە(12).
پەیوەندییەکانى رۆسیاو تورکیان لە نزیکبونەوەدان لەگەڵ یەکترى لەدواى دروستبوونى ناکۆکى و ئاڵۆزى  لەنێوان ئەمریکا و تورکیادا بە تایبەت دواى ئەو پشتگیریانەى کە ئەمریکا دەیکات بۆ یەکینەکانى پاراستنى  گەل (13).
ئاڵۆز بوونى پەیوەندى ئەمریکا و تورکیا هانى بەرووسیاوە ناوە کە گڵۆپى سەوز بۆ  تورکیا هەڵبکات بەمەبەستى  هێرشکردنە سەر عەفرین بە هیواى ئەوەى کە لە ئایندەدە تورکیا دەستبەردارى ئەمریکا ببێت و ببێتە هاوپەیمانى روسیا لەناوچەکەدا.
کەواتە ئەوەى لە عەفرین روو ئەدا بەشێکى  دەرئەنجامى ململانێى دوو ووڵاتى زلهێزى گەورەى وەک روسیاو ئەمریکایە کە لەدواى جەنگى جیهانى دووەمەوە بەشێوازى جیاجیا لە پێناوى بەرژەوەندیەکانى خۆیان هێزو ووڵاتانى جیهانیان پێکدا کێشاوە.
کوردەکان زۆر جار رۆسیا بە ناپاک وەسف دەکەن لەبەر ئەوەى کە گلۆپى سەوزى بۆ تورکیا هەڵکردوە لە دواى کشاندنەوەى سەربازەکانى لە عەفرین.
بێدەنگى ئەمریکاش سەبارەت بە داگیر کارى تورکیا بۆ عەفرین لەوە وە سەرچاوە دەگرێت کە عەفرین وەک بەشێک لە ستراتیجى روسى سەیر دەکەن بەڵام دوور نیە لە ئایندەدا ئەم کانتۆنەش وەک کانتۆنەکانى تر ببێت بە بەشێک لە ستراتیجیەتى ئەمریکى.
کاردانەوەکانى ووڵاتان سەبارەت بە داگیرکارى تورکیا بۆ سەر عەفرین
ووڵاتانى ئەوروپا بە شێوەى جیاجیا لە رێگەى وەزارەتى  دەرەوەیانەوە راى خۆیان دەربڕیوە سەبارەت بە هێرشى تورکیا بۆ سەر عەفرین .
فەرەنسا داوادەکات کە دەست بەجێ شەرکردن بوەستێنرێت و هاوکارى مرۆى بگەیەنرێتە لێقەوماوانى شەڕ .
ئەوەى کە خاڵى زۆر گرنکە لە سیاسەتى دەرەوەى فەرەنسا سەبارەتە بە عەفرین بریتیە لە داواکردنى فەرەنسا  لە ئەنجومەنى ئاسایشى نەتەوە یەکگرتووەکان کە هێرشى تورکیا بۆ سەر عەفرین را بگرێت  ئەمە لەکاتێکدا یە وەزیرى دەرەوەى تورکیا مەولود چاوش ئۆغلۆ پێى وایە کە بردنى ئۆپراسێونى تورکیا بۆ ناو رێکخراوى نەتەوە یەکگرتووەکان لە لایەن فەرەنسا یان هەر ووڵاتێکى ترەوە بێت بەبەرژەوەندى تیرۆرستان کۆتاى دێت کە مەبەستى یەکینە کانى پاراستنى گەلە.
 لەپاڵ فەڕەنساش وەزیرى دەرەوەى ئەڵمانیاش راى گەیاند دواى هێرشى تورکیا بۆ سەر یەکینەکانى پاراستنى گەل مەترسیەکان پێشبینیکراو نین و  ئەم هێرشەى تورکیا نیگەرانى کردون، چونکە دواى ئەوەى  یەکینەکانى پاراستنى گەل سەرکەوتنى گەورەیان بەسەر داعش بەدەستهێنا  پێویستە ئاشتى بێتە کایەوە نەک شەرێکى تر چونکە سەرجەم خەڵکانى سوریا بە دەست شەرەوە قوربانیان داوەو دەناڵێنن(14).
 میێریش وەکو یەکەم ووڵاتى عەرەبى لە رێگەى وەزارەتى دەرەوەى  رایگەیاند کە ئەوان هێرشى تورکیا بۆسەر عەفرین  کە دەکەوێتە باکورى  خۆرئاواى سوریاوە رەتدەکەنەوە چونکە ئەمە بەواتاى بەزاندن و هێرشکردنە سەر سەروەى سوریا دێت وە ئەم هێرشە کاریگەرى ئەبێت لەسەر هەوڵەکانى لەناو بردنى تیرۆر  لە سوریادا (15).
دەرئەنجام
-قوربانى یەکەم لە هێرشى تورکیا بۆ سەر عەفرین بریتى دەبێت لە هاوڵاتى مەدەنى کە زیاتر لە یەک ملوێن هاوڵاتى مەدەنى لە عەفرین دەژیى لە ئێستادا.
-ئەوەى لە عەفرین روودەدات بریتیە لە پێکدادانى بەرژەوەندییەکانى روسیاو ئەمریکا کە هەریەکەیان هەوڵى زیاتر کردنى هەیمەنەى خۆى دەدات لە ناوچەکەدا.
-تورکیا ناتوانێت سەرکەوتنى گەورە بەدەست بیەنێت لەم ئۆپراسیۆنەدا لەبەر ئەوەى یەکینەکانى پاراستنى گەل کە بەهێزترین هێزى چەکدارن لە سەرجەم سوریادا بڕیاریاندەوە کە بەتوندى دژى تورکیا بوەستنەوە.
-بەبیانوى پاراستنى سنورەکانى تورکیا دەستى کردووە بە ئۆپراسیۆنى سەربازى بە ئامانجى داگیر کردنى عەفرین بۆ پێکەوە بەستنەوەى ئەو ناوچانەى کە هێزەکانى نزیک لە تورکیا کۆنترۆڵیانکردووە.


سەرچاوە

-1 Alex Crawford, Special Correspondent, in Istanbul, Turkish troops move into Kurdish-controlled area of Afrin in northern Syria, on https://news.sky.com/story/turkish-troops-move-into-kurdish-controlled-area-of-afrin-in-northern-syria-11217110 .

-2ZACHARY FRYER-BIGGS, DEFENSE SECRETARY MATTIS WARNS ISIS COULD BENEFIT FROM TURKISH MILITARY STRIKE IN AFRIN, 1/23/18 AT 6:53 AM, on http://www.newsweek.com/mattis-warns-isis-could-benefit-turkey-strike-afrin-787756.

-Tracey Shelton, 'We will tear them down': Turkey launches attack on US-backed Kurds in northern Syria, ON http://www.abc.net.au/news/2018-01-21/turkey-launches-attack-on-afrin-kurds/9346626.

-بى بى سى العربية، لمحة عن منطقة عفرين السورية التي تتعرض لغارات تركية

،http://www.bbc.com/arabic/in-depth-42184674

y;The Kurdish Project, for more information visit : https://thekurdishproject.org/kurdistan-map/syrian-kurdistan/afrin-syria.

 6- Jonny Hogg, Syria’s Kurds Warn Afrin Could Be The New Kobani,  https://www.huffingtonpost.com/2014/11/07/syria-afrin_n_6121632.html11/07/2014 11:08 am ET Updated Nov 07, 2014 

7-Jeff Daniels, Turkey's Afrin offensive against US-backed Kurdish forces 'a big mistake,' says ex-DOD official

,ON ; https://www.cnbc.com/2018/01/22/turkey-could-lose-in-its-attack-on-us-backed-syrian-kurds-says-expert.html.

8-- Daxuyanî ji Rêveberiya Xweser ya Kantona Efrînê

https://pydrojava.net/kurdi/2018/01/daxuyani-ji-reveberiya-xweser-a-efrine/.

 racey Shelton, 'We will tear them down': Turkey launches attack on US-backed Kurds in northern Syria, ON http://www.abc.net.au/news/2018-01-21/turkey-launches-attack-on-afrin-kurds/9346626.

10- ANF NEWS, Today in the attack on Afrin launched with Russia’s permission, https://anfenglish.com/rojava/today-in-the-attack-on-afrin-launched-with-russia-s-permission-24310.

11-BBC, Turkey targets Kurdish forces in Afrin: The short, medium and long story, http://www.bbc.com/news/world-middle-east-42704542 , 22 January 2018.

12- By THE ASSOCIATED PRESS,The Latest: Russia warned Kurdish officials of Turkey attack,ON http://abcnews.go.com/International/wireStory/latest-turkey-troops-enter-syrian-kurdish-enclave-52498986, Jan 21, 2018, 1:12 PM ET .

13-Umut Uras & Tamila Varshalomidze, What is Russia's end game in Afrin?,23/1/2018, on http://www.aljazeera.com/indepth/features/russia-green-light-turkeys-afrin-offensive-180123064315810.html.

14- بيى بيى سى العربية،عفرين: مواقف دولية متباينة من اجتياح القوات التركية لها ، http://www.bbc.com/arabic/in-depth-42780452 22 يناير/ كانون الثاني 2018.

- بي بي سى العربية،عفرين: مواقف دولية متباينة من اجتياح القوات التركية لها،http://www.bbc.com/arabic/in-depth-42780452 22 يناير/ كانون الثاني 2018.




نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە