شەڕی (چڵە زەیتون) لە دوو ڕووەوە نابەرابەرە

Sunday, 28/01/2018, 17:03

3713 بینراوە


ئێستا لە عەفرین شەڕێكی قوڕسە، قوڕسیەكەی چەندە بۆ شەڕڤانانی كوردە دە ھێندە بۆ سوپای توركیا.
شەڕڤانانی كورد بەدلێری و بوێری دەجەنگن، بەڵام سوپای توركیا بەناچاری و لەژێر سێبەری بودجەیەكی ٨ ملیار دۆلاریدا. كە جگە لەكوژران و برینداری و ماندوێتی ھیچی تریان دەستكەوت نیە. نەك شانازی بەڵكو لەقەبی داگیركاریان دەدرێتە پاڵ.
توركیا خاوەنی سوپایەكە كە لەسەرئاستی دونیادا ھەشتەمینە لەدوای (ئەمریكا، ڕوسیا، چین، ھند، فەڕەنسا، بەڕیتانیاو یابان) و لەناو ڕێكخراوی (NATO)دا پلەی چوارەمی ڕیزبەندی گرتووە.
بەپێی ڕیزبەندی سەندیكای ھێزی ئاگرین بۆ سوپا توركیا خاوەنی ئەمانەی خوارەوەیە:-
١-ھێزی پیادەدا;
أ. (٧٤٣) ھەزارو (٤١٥) سەرباز، كەلەنێویاندا (٨٥٠) پلەداری سەربازی ھەیە.
ب. (٢) ھەزار و (٤٤٥) تانكی ھێرشبەر.
ج. (٧) ھەزارو (٥٥٠) ئۆتۆمۆبێلی زرێپۆشی شەڕكەر.
د. نزیكەی (٤) ھەزار شەڕكەر لەھێزی ڕەش، كە داخلی سیستەمی سەربازی عالەمی نین.
٢- ھێزی ئاسمانی;
أ. (٢٠٧) فڕۆكەی بەرگری.
ب. (٢٠٧) فڕۆكەی ھێرشبەر.
ج. (٤٣٩) فڕۆكەی گواستنەوە.
د. (٢٧٦) فڕۆكەی فێركاری.
ھ. (٤٥٥) ئێلی كۆپتەر، كە (٧٠) دانەیان ھێرشبەرن.
٣- ھێزی دەریایی;
أ. (١٦) كەشتی گەورەی جەنگی لەجۆری (Firkate).
ب. (٩) كەشتی جەنگی ناوەند، لەجۆری (Corvet).
ج. (١٢) ژێر دەریایی.
د. (٣٤) كەشتی بنكەی پۆلیسی دەریایی.
ھ. (١١) كەشتی مین.
ھەربەپێی ئەو ڕاپۆرتە، توركیا ساڵانە (٨) ملیارو (٢٠٨) ملیۆن دۆلاری وەك بودجە سوپای وڵاتەكەی خەرج دەكات, سەرەڕای ئەوەی كەبەھۆی شەڕی بەردەوامی لەگەڵ ھێزەكانی PKK و چالاكوانانی ناوخۆیی و ڕەوشی ئاوارتە بڕی زیاتری بودجە خەرج دەكات.
جگە لەسوپا، خاوەنی ھێزێكی گەورەی (٢٧٣) ھەزار و (٨٤٦) پۆلیسیە كە كاردەكەن لەئەمنیەتی ناوخۆیی توركیاو سوپا بەبێ ئەركی نێوخۆیی ئەركی شەڕەكانی سنور بەجێ دەگەیەنێت.
لەئۆپەراسیۆنی چڵە زەیتونیشدا سوپای توركیا زیاتر لە (٣٠) ھەزار چەكداری بەشدری پێكردووە و یەكێ لەكارامەترین ژەنەڕاڵی سوپای توركیا ئوڵوسی ئاكار (Ulusi Akar) كە لەنزیكترین و متمانەپێكراوترین فەرماندەكانی ئاكپارتی و خودی ئەردۆگانە لەسوپاداو سەرپەرشتیاری ئۆپەراسیۆنەكەیەو ھێرش بۆ سەر عەفرین دەكات.
بەتەواوی پاڵپشتی لۆجستی، كە نزیكەی (٥٦) فڕۆكە و (٢٥) ‌هێلیكۆپتەری ھێرشبەرو (٤٠) فڕۆكەی گواستنەوەو سەدان تانك و زرێپۆش و تۆپخانەی سیستەمی ناتۆو چەك و چۆڵی تازەو مۆدێرن لەم حەرەكاتەی زەیتون داڵیەدا بەكاردەھێنرێن.
جگە لەمانەش، لەگەڵ سوپای توركدا نزیكەی (٢٥٠٠) چەكداری بەكرێگیراو (جاش) ھەم كوردەكانی توركیا و ئەو كوردانەی سوریا كە لەھەرێمی كوردستاندا توركیا ڕاھێنانی سەربازی پێدەكردن و پارتی دیموكڕاتی كوردستانیش بودجە و موچەی دەدانێ لەژێرناوی (پێشمەرگەی ڕۆژ و چەكدارانی ئەنەكەسە) بەشداری نھێنین لەئۆپەراسیۆنەكەدا.
لەناو خاكی سوریاش، لەبەری ڕۆژئاواو باشوری عەفرین (بەرەی نوسرەو لیوای شیمال و فەتح شام) كەنزیكەی (١٢) ھەزار چەكدارن، لەبەری ڕۆژھاڵاتیشدا نزیكەی (٦٥٠٠) چەكداری بەرەی (نورەددین زەنگی و سوارەی ئەعزازو سوپای سوریای ئازاد ÖSO) ھاوكاری ئۆپەراسیۆنی چڵە زەیتونن، ھێرش دەبەن بۆ سەر شەڕڤانانی عەفرین.
تەنھا ھێزی پیادەڕۆ كەھێرش بۆسەر عەفرین دەبەن، بەھەمویان زیاتر لە (٥٠) ھەزار چەكدارن.
لەگشت لاوە بەھەموو جۆرە چەكێك لە سەنگەرەكانی شەڕڤانان دەدەن.
شەڕڤانان لەعەفرین ژمارەیان لە (٢٦) ھەزار تێپەڕناكات، كە نزیكەی (٢٠) ھەزاریان كوردن و ئەوەی دەمێنێتەوە لەگشت پێكھاتەكانیترن، ھەتا خەڵكی ئەوڕوپی و ئەمریكی و وڵاتانی ئەمریكای لاتین لەڕیزەكانی شەڕڤاناندا ھەن و بەرگرییەكی دلێرانە و بوێرانە لەعەفرین دەكەن و تەنھا لە ماوەی ٨ ڕۆژدا گەورەترین داستانیان تۆماركرد، كە نەیانھێشتووە سوپای توركیاو ھێزەكانیتر مەترێك پێشڕەوی بكەن، كەچی تەنھا لەڕۆژی یەكەمدا ھێزی ئاسمانی توركیا بەفڕۆكەی (F16) (١١٦) ھێرشی كردە سەر سەنگەرەكانی شەڕڤانانی عەفرین.
لەدەزگا ئیعلامیەكانی توركیا وابڵاوكرایەوە كە لەو (١١٦) ھێرشە ئاسمانیەدا (١٠٨) ئامانج پێكراون، بەڵام بەپێی ڕاگەیاندنی شەڕڤانان لەعەفرین ھیچ زیانێك لەڕۆژی یەكەمدا بەسەنگەرەكانی بەرگری نەگەیشتن.
كەواتە توركیا لەدەقەی یەكەمەوە توشی نوشستی و زەرەرێكی بەرچاوی سوپایی بۆتەوە، كە ھەشتەمین ھێزی دونیایە كەچی بەم ھەموو ئیمكانیەتەوە تائێستا نەیتوانیوە پێشڕەوی بكات، نەیتوانیوە ھێزەكانی شەڕڤانان ماندووبكات كە لەڕووی ھێزی جەنگەوە بەراورد بە توركیا گوندێكی بچوكن.
جیاوازی ئیمكانیاتی جەنگ لەنێوانیاندا ئێجگار زۆرە، وەك جیاوازی ئیرادە و دڵسۆزی و خۆڕاگریی.
ھێزەكانی شەڕڤانان لەڕووی مقاوەمەت و بەلەنگازیەوە لەچاو سوپای توركیا باڵیان لەعاسمانە. ھەر بۆیە، نەك تەنھا سوپای تورك بەڵكو ھێزە داگیركەرەكانی تریش كەھاوپەیمانی توركیان، خەریكە بەم چەندڕۆژە ماندوو دەبن بەرامبەر بەرگری عەفرین.
جگە لەئیرادەو قارەمانێتی ئەردنگاری عەفرین و سنورەكانی لەگەڵ توركیا یارمەتیدەرو پاڵپشتی ھێزەكەی شەڕڤانانە، چونكە شاخاویە و پڕیەتی لەدۆڵ و ھەوراز و نشێو و چیای بەرز و بانی درێژ و لوتكە و زورگی تیژ. كە ھەمیشە ئەو ئەردنگاریە بۆ كوردەكان باشترین دۆست و پشت ئەستوری بووە.
جگە لەو ئەردنگاریە سەختە، پاڵپشتی خەڵكی عەفرین بەگشت پێكھاتەكانەوە، ھاندانی شەڕڤانان لەلایەن خەڵكی دیموكڕاسی خوازەوە.
ھیمەتی چین و توێژەكانی ڕۆژئاوای كوردستان بەتایبەت ھەبوونی ھێزەكانی ژنان YPJ كە شان بەشانی ھێزەكانی پیاوان PYD  لە جەنگدان و پێكەوە كۆكراوەی ژێر چەتری YPGن. ئەوە لەلایەك لەلایەكیتریش ھاوكاری سەربازی ئەمریكا بۆ ئەو یەكینە پاڵەوانانە بەرخودانی چڕتركردۆتەوە و لەجیاتی كەوتنی عەفرین خەڵك چاوەڕێی كەوتنی سوپای توركیان.
ئەم شەڕە كە توركیا بەرامبەر ڕۆژئاوا دەیكات، ڕەنگە تاقیكردنەوەی سوپای توركیا بێت، بۆ ئەوەی بزانن ئەو سوپایەی كە پرۆپاگەندەی زلهێزی ناوچەكە دەكات و ھەڕەشەی زل لە بەرژەوەندیەكانی ئەمریكا و ھاوپەیمانەكانی دەكات ئاخۆ توانای تا چ ڕادەیەكە، بەڵام ئێستا بۆیان دەركەوت كە توركیا وەك چوارەمین ھێزی سوپایی نێو NATO بەرامبەر ڕێكخراویكی عەسكەری ڕۆژئاوای كوردستان توشی شۆكی ئیرادەی بەرگریكردن بۆتەوە.
خۆ ئەگەر ھێزەكانی ڕۆژئاوای كوردستان لەترسی تۆماری ڕەشی قائیمەی تیرۆر نەبوایە ئێستا مەركەزی قەراری دەوڵەتی توركیا ھەژێنرابوو. ئەوكات سوپای توركیا نەك نەیدەتوانی ھێرش بەرێت بەڵكو دەكەوتە مەوقیعێكی لاوازی بەرگریكردن و ئاڵای سپی بەناچاری بەرز دەكردەوە.
دەكرێ توركیاش فێڵی خۆی ھەبێت و بەناوی پارێزگاری ئەمنیەتی سنورەكانی، سوپاكەی مشغوڵ بكات.چونكە تاكە سوپای دونیایە كە لەپشودا وەك دووپشك بەخۆیوە دەداتەوە، ھەمیشە بۆلادانی كودێتاو ئاشوبی سوپا حكومەتەكانی توركیا شەڕێكیان دروستكردووە.
وەك لەمێژووی توركیادا دەردەكەوێ كە سوپا زۆرترین كودەتای كردووە، لەكۆی حەوت كودەتا پێنجیان سەركەوتووبوون. جگە لە ھەوڵەكانی كودەتا و سیناریۆی كودەتا بۆ شكستی كودەتای چاوەڕوان نەكراو.
ئەوەی ئێستا توركیا دەیكات، ھەم سیاسەتی دەرینی خۆیەتی و ھەمیش بەھۆی سیاسەتی دەرەكیەوە پەلكێشی ناو یارییەكی مەترسیدار كراوە، كە ھیچی لەقازانجدا نابێت.
بەبێ ئاگایی توركیا ئەم شەڕە لەدوو ڕووەوە نابەرابەرە;
یەكەمیان لەڕووی ئیمكانیاتی عەسكەری
دووەمیان لەڕووی ئیرادەی ھێرش و بەرەنگاریەوە.
شەڕڤانان ئاگاییان ھەیە لە ھێزی توركیا بەڵام توركیا بێ ئاگایە لە ئیرادەو تاكتیكی عەسكەری بەرگریكارانی عەفرین. ھەردەمیش ھێزی ئاگادار ھەرچەند كەمیش بێت سەردەكەوێت.
مەرج نییە سەركەوتن تێكشكاندنی ھێزەكەی بەرامبەر بێت، بەڵكو تۆماركردنی داستانی قارەمانانەش سەركەوتنێكە بەھیچ شتێك پێوانە ناكرێت.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە