دەستی ماندوو

Sunday, 08/04/2018, 9:44

6947 بینراوە


ئەوەی ئەڵێ دەستی ماندوو
لەسەر ورگ و زگی تێرە
عەفووی فەرموو لەو پەندانە 
باویان نەماوە بێ خێرە
ئیتر بەسیە گوێچکەم پڕ بوو
لەم قەوانە و ئەو دوو دێرە
دەستی ماندوو هەر برسیە و
خەوتووش ورگی زڵ و تێرە
چونکە دونیا لە گۆڕانە
هەموو شتێك سەرەو ژێڕە
لە وڵاتی من ناهەق هەقە
بەسەر هەموو هەقیش نێرە
یاسای غاباتی پەیڕەوە
بێهێز بەهێزی نێچیرە
کۆیلە سەربەست و ئازادە
ئازادیش بە زیندان فێرە
نەخوێندەوار پلەی بەرزە 
خوێندەواریش چاوی کوێرە
نامەرد وەزیر و گەزیرە
تیغی ملی مەرد و بوێرە
لە مەیدانی نامەردان دا
ڕێوی بە شێر ئەکا گێرە
گوڵدان بۆتە شوێنی دڕك
گوڵیش بۆ خۆڵ و هەڵدێرە
سەرکەوتن هەر بۆ درۆیە
ڕاستیش جێگەی لەق و لێڕە
ئەگەر دز و گەندەڵ نەبی
مەرگی خۆتی پێ بسپێرە

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە