ڕوو
Saturday, 21/04/2018, 1:05
2699 بینراوە
مرۆڤ کە ڕووی خۆی نەما
ڕووی نابێ لەناو ڕووان
یاساغ ئەبێ لە کۆمەڵ
ئەستەمە بێتە دووان
خۆی وون ئەکا لەبەر چاو
دەم بەست ئەبێ لە زمان
ناچار بارگەی ئەپێچێ
ئەیدا بە دەشت و کێوان
بەڵام بەرپرسانی کورد
ڕوو قایمن وەکو سندان
سەد ڕوویان هەیە بەڕوو
کە بنی نایە بە ڕووشان
نازانم لە کوێ ی دێنن
ئەو هەموو ڕووانەیان
هەر ڕۆژەو بە ڕووێکەوە
ڕوویان ئەکەنە مەیدان
سوێند بە شەڕەفیان ئەخۆن
کە نیانە ، بە ووتەی جوان
داکۆکی بکەن لە ماف و
هەژارو بەش خوراوان
لە درۆ کردن زۆرزانن
هەروەکو پیشەی جاران
بەڕوو قەیمی و بێ شەرمی
ئەچنە بەر قاپیەی ماڵان
ڕووی ڕەشیان وەلا ئەنێن
ڕووێکی تر ئەدەن نیشان
تاکو دەنگیان پێ بدەن
بۆ بژاردەی پەرلەمان
وا خۆیان نیشان ئەدەن
کە داخوازن لە گۆڕان
خەباتی کوردایەتیش
ئەفرۆشن بە دوو گیرفان
دیارە هێشتا تێر نەبوون
لە ڕاوە ڕووت و دۆڕان
دەگ خەجالەت بن ڕۆلە
لەبەردەم قاپیەی یەزدان
ئەوەی دەنگتان پێ بدا
نەفرەت لە خۆی و باوکیان
بەڵێن ڕواندزی
2018-4-19
سندان
ئەو ئامێرەیە کە ئاسنگەرەکان
ئاسنی گەرمی لە سەر ئەکوتن
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست