روونکردنەوەیەک لەسەر کەیسی تیرۆرکردنی سەردەشت عوسمان

Saturday, 05/05/2018, 1:16

8048 بینراوە


هەموو نووسینێک، تەنیا ئەو کاتە موڵکی خاوەنەکەیەتی، کە لای نووسەر مابێتەوە و بڵاونەکرابێتەوە، کاتێک بڵاودەکرێتەوە، ئیتر بەشێکی زۆری موڵکدارێتی لە نووسەرەکە دەسەندرێتەوە، وەک بەڵگەیەکی مێژووی بۆ  بیروبۆچوون، یان گێڕانەوە بۆ رابردووی ئەو نووسەرە باسی لێوە دەکرێت، ناتوانێت خۆی بە گژ ئەو رۆژگارەدا بچێتەوە کە بیرکردنەوەی، یان پەشیمانی پیشان بدات.
هەروەها نووسەریش کاتێک دەبێتە شەهیدی نووسین و قەڵەمەکەی، لەوە دەردەچێت تەنیا موڵکی کەسوکار و بنەماڵەکەی بێت، خۆیان بکەن بە خاوەنیی و  بازرگانی پێوەبکەن لە پێناو دەستکەوت، یان مەبەستێکدا بیفرۆشن و تەسلیم بە لایەنێکی بکەن، بەڵکو دەبێتە موڵکی گەلەکەی.
کەسوکاری سەردەشت عوسمان بەتایبەتی ئارام (بەکرعوسمان)، کە وەک بیروباوەڕ کەسێکی  کۆمۆنیستە، وەکو کەسایەتیش بەرهەمێکی فیکری و مەعریفی پێ نییە، کەیسی سەردەشتی بۆ مەرامی تایبەتی خۆی و بۆ خزمەتی بیروباوەڕەکەی بەکار هێناوە، لە رێگای ئەو یارمەتییە مادییەی،  پێیدراوە توانێوێتی لە توێی دوو بەرگدا  کەیسی تیرۆرکردن و رووداوەکە بەو شێوەیەی کە دەسەڵات پێی خۆشە، بەو ئاڕاستەیەی کە بیروباوەڕی خۆی دەیخوازێت، تیرۆرکردنی سەردەشتی برای بۆ بەرژەوەندی خۆی بەکار دەهێنێت و ناوی خۆشی خستۆتە نێو رووداوەکەوە، بە ئارەزووی خۆی مێژووەکەی شێواندووە، بەبێ ئەوەی رووی راستەقینەی رۆژانی رووداوەکە باس بکات، تەنانەت هەموو نووسین و بەڵگەکانی لە کوردستانپۆستەوە دزیوە و ئاماژەی بە سەرچاوەکانیش نەداوە، چەند پاڵەوانێکی لە نێو کەسان و میدیای ئەهلی و دەسەڵاتی تێخزاندووە، وەک ئەوەی کوردستانپۆست نە رۆڵی هەبووبێت، نە کاری لەسەر کردبێت و نە ماندووبووبێت. ئەمە لە کاتێکیشدا بووە، کە سەردەشت عوسمان پەیامنێری کوردستانپۆست بووە، دەیان راپۆرتی نووسیوە،  لە هەولێرەوە هەواڵی  ناردووین، دەیان نووسینی بە ناوی خوازراوەوە بڵاوکردۆتەوە، هەر لە بەر ئەو نووسینانەش تیرۆرکراوە، نەک لەبەر خاتری چاوی کاڵی ئارامی برای و بیروباوەڕەکەی، بۆیە ئەوهەڵویستە ناشرین و بێموراڵییەی ئارامی برای سەردەشت عوسمان و ئەوانەی لە پشتییەوە وەستاون، وایان لێکردین کە چەند نووسینێکی دیکەی بە ناوی خوازراوەوە لە لامان پارێزراوە و ئاشکرای نەکەین، چونکە ئەم برایەی سەردەشت عوسمان وەک دەستێک بۆ شێواندنی مێژووی راستەقینەی تیرۆرکردنی سەردەشت عوسمان، پێدەچێت لە پشتییەوە راوێژکارێک هاندەر بێت، تا ئەوەی وەکو دەسەڵات دەیەوێت ناوی کوردستانپۆوست لەو کەیسە بسڕدرێتەوە و بەو شێوە گێڕانەوەیە دڵی هەموو لایەکی رازی کردووە، جگە لەوە دوور لە نووسین و پرەنسی سەردەشت عوسمان کە لە پێناویدا شەهید بوو، براکەی زۆر بە ناشرینی کاری لەسەر دەکات، بۆیە ئێمەش بڕیارمان دا کەوا لە تویی کتێبێکدا لە سەر تۆڕی ئینتەرنێت و لە کتێبخانەی کوردستانپۆست بڵاوی بکەینەوە. (ئیستا کار لەسەر ئەوە دەکەین).
ئەوانەی کە کەیسی تیرۆرکردنی سەردەشت عوسمانیان گەورەکردن و ناساندیان، کوردستانپۆست و نووسەرەکانی بوو. ماندووبوون و شەونخونیان کرد و بۆ ماوەیەکی دوور و درێژ کاری لەسەر کرد. کوردستانپۆست بوو زۆربەی نووسینەکانی کە لەسەری تیرۆرکرا وەرگێڕایە سەر زمانی عەرەبی و ئینگلیزی، کوردستانپۆست بوو نامەی ئاڕاستەی نەتەوە یەکگرتووەکان، پەرلەمانی ئەوروپی، کۆشکی سپی و زۆر لایەن و رێکخراوی ناسراوی جیهانی کرد. نووسەرەکانی کوردستانپۆست بوو کە رادیۆ و پاڵتۆڵک و شوێنی دیکە بەردەوامی پێدا، هەر ساڵێک دوای ئەوە خەڵات و مەدالیای سەردەشت عوسمانی بەخشی بە چەند کەسێک لەوانە ماندێلا و بێشکچی و چەند کەسێکی دیکە. ئەگەر کوردستانپۆست نەبوایە، تیرۆرکردنی سەردەشت عوسمان وەکو هەموو تاوانەکانی دیکە، وندەکرا، یان بە بێدەنگی فەرامۆش دەکرا.
بۆ بیرخستنەوەش ئەوەی ماوە بیڵێین، ئەوەیە کاتی خۆی کوردستانپۆست لە هۆڵەندا داوای یاسایی لەسەر بەرپرسی سایتی کوردستاننێت (عومەر فارس) تۆمارکرد، ئەم کەسە کە بووە هۆکاری ئەوەی سەردەشت عوسمان بۆ دەزگای پاراستن ئاشکرا بکرێت، بەڵام چ پۆلیس و چ دادگای هۆڵەندا کەیسەکەیان نەجوڵاندن، لەبەر ئەوەی وتیان کەسوکاری سەردەشت عوسمان خۆیان دەبێت داواکە بکەن، ئێمەش لە رێگای چەند کەسێکەوە داوامان لە ئارامی برای سەردەشت کرد، بەڵام نە وەڵامی دایەوە و نە ئامادەیی خۆی پیشان دا، دوایی پێیان وتین، کە واز بهێنین، بەو بیانووەی ئارامی برای باری دەرونی تەواو نییە و بە تەواویی تێکچووە، بەکەڵکی ئەوە نایەت قسەی لەگەڵدا بکرێت. ئیتر بەرەوپێشچوونی داواکە فەرامۆش کرا.
بە نووسینەوەی چەواشەکارانە و ساختەکاری ئارامی برای سەردەشت عوسمان، سەلماندی کە ئەم برایەی بە پێچەوانەی سەردەشت عوسمان، کەسێکی تا بێموراڵ، ساختەکار، درۆزنە، مێژوویەکی پڕ ناشرینی بۆ سەردەشتی برای دەنووسێتەوە، هیچ پەیوەندییەکی سیاسیی و ئەدەبی بە خودی سەردەشت عوسمانەوە نییە، ئەوان خاوەنی ئەو مێژووە نیین، بەڵکو مێژووەیەکی ساختەیە و چاوپۆشی لە زۆر راستی کراوە.



ئەوانەی کە خەڵاتی سەردەشت عوسمانیان وەرگرت (تێبینی: هەندێک لەو ناوانە ئەمڕۆ هەڵوێست و بیرکردنەوەیان گۆڕاوە)

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە