گوێرەکەکانی حیزب

Wednesday, 11/07/2018, 19:45

5010 بینراوە


ئەگەر بزووتنەوەی گۆڕان هەڵتەکێنیت! تەپوتۆزی یەکێتیی لێهەڵدەستێت!
هەرکەسێک ڕۆمانی (ئەفسانەی باوە سوبحان)ی نووسەری ئێرانی مەحمود دەوڵەت ئابادی خوێندبێتەوە، کە چۆن سۆزانییەک بە پاڵپشت و چاوپۆشینی حکومەت، ڕوداوەکان ئەجوڵێنی و چۆن گۆمی ئارامی ئەشڵەقێنێ! چ تراژیدیایەکی مەرگبار ئەخوڵقێنێ. ئەگەر ئەم ڕۆماننووسە دووبارە ڕۆمانەکەی لە کوردستان بنووسێتەوە ئەبێت پاڵەوانەکەی بگۆڕێت بەبنەماڵەیەک کە تاکەتاکیان بە ورد و درشتیانەوە حکومەتن و حوکمدارن و بەهاوکاری بنەماڵەیەکی پاشکۆی کە زۆرتر لە پاشماوەی سفرەی ئەوان ئەلەوەڕێن.
ئیتر هەرحیزبە و بە شێوەک لە شێوەکان بە دەهۆڵی ئەمانە هەڵدەپەڕن، وەک ئەوەی دەڵێن: (نەوتفرۆشتن ئابوری سەربەخۆیە).
ئەوان پەڕلەمان ئەتک ئەکەن ئەمان بەردەگایان بەرنادەن، دراوسێی باشە لەگەڵ داعش، بەڕیفراندۆمەکەی میتی تورک شاگەشکە ئەبن و سەدجاری تر ئەڵێن بەڵێ، ناڵین ئەم بەڵێیە چ بەڵایەکی بەدواوەیە، باسی فیدراڵی و عێراق و هەڵبژاردنی پەڕلەمانەکەی بەر لە خێڵی جامانە سور سەرچۆپیان گرتووە و تەلەفیزیۆنەکانیانە شەریانە لەسەر گاوانی. 
حیزبی کوردی سوپایەک لە گوێرەکەی حیزبی دروستکردووە، ئەم حیزبە لە دەسەڵاتدا بێت یان لە دەرەوەی دەسەڵات، دەرکرابێت، یان تڕۆکرابێت، کەسانی بێ چاو و گوێ و بێ مێشکی بەرهەم هێناوە، بێجگە لە مانا فیزیکی ئەو ووشەیە لە دەربڕینی باوی ناو کۆمەڵدا بەخەڵکی بێئاگا ئەوترێت گوێرەکە، هەر حیزبە و ئەیەوێت زۆرتری لێ مۆڵ بدات و ئێستا حیزب کاری بەم گوێرەکانە ئەڕوات بەڕیوە.
من نووسینێک ئەوەشێنم، یەکێک پێم ئەڵێت کۆلکەنووسەر، لەولاتر بە ناو نووسەرم و ئەگەر خاترم بگرن ئەڵێن ئەیەوێت ببێت بە نووسەر، راستییەکەی ئەوەشە کە لە زمانی خۆمەوە دەمەوێت بڵێم، کە من نە نووسەرم نەخۆشم بەنووسەر ئەزانم، نە ئەمەوێت ببم نووسەر هەتا نەکەومە ئەو گۆمە لیخن و بۆگەنەی کە ڕۆژانە سەدەها بەناو ڕۆشنبیر و نووسەر وەک سەرەمێکوتە مەلەی تێدائەکەن.
 کاری من هوشیارکردنەوەیە، پرسیار دروستکردنە لای خوێنەر و بەئاگا هێنانەوەیانە، با خوێنەر مێژووی پر لە نەهامەتی و کوێرەوەری کورد تەی بکات، هەتا بزانێت دوژمنی کورد لە پێشدا کورد خۆیەتی، خیانەت و غەدر و خۆفرۆشی و تاڵانچێتی چ مێژویەکی هەیە، چ میللەتێک ئەوەندە قوربانی داوە؟ چ میللەتێک ئەوەندە سەرکردەی میللەت و خاکفرۆشی هەبووە؟
 چ مێژوویەکە وەها زوو زوو دووبارە ئەبێتەوە؟، ئەگەر مێژوو لای میللەتانی تر دووجار دووبارە ئەبێتەوە وەکو مارکس ئەڵێت: (مێژوو جارێک بەتراژیدیا جارێک بە گاڵتەجاڕی دوبارە ئەبێتەوە)، بەڵام مێژوو لای ئێمەی کورد چەندین جار دووبارە ئەبێتەوە و ئەزمونمان لێوەرنەگرتووە.
 پێمباشە کەسانێک هەبن وەڵامم بدەنەوە، نادروستی بابەت و بۆچوونەکانم بخەنە ڕوو ئەگەر هەڵەبم، یان بە هەڵەم بزانن هەڵەکانم بۆ ڕاستبکەنەوە، لە سەر هەر بابەتێک نووسیبێتم چاوەڕیی ڕەخنەو وەڵامدانەوەم، بەنمونە: مامۆستا کەریم زەند ئەڵیت کە پێشەوا قازی محەمەد ئاڵای کوردستانی بە مەلامستەفای بەرزانی داوە، مەسعودیش رۆژێک بە ڕۆژی ئاڵای کوردستان دائەنێت، ئەمە دوورە لەڕاستیەوە و هیچ سەرچاوەیەک نییە بۆ پاڵپشتی و گوناهی من چیە پێشتر کەس ئەم بابەتەی نەوروژاندووە. 
هەندێک رەخنەی ئەوە ئەگرن بۆ تەنها لەسەر گۆران ئەنووسم، ئەوە ناهەقییە و ئەوەی سەرجەم نووسینەکانی منی خوێندبیتەوە پێگەی یەکێتی و پارتی تیا ئەبینێت کە دەسەڵاتی بنەماڵەیی ئەبێت ڕابماڵرێت، کێشە ئەوەیە کە هەندێک حیزب بوون بەدیواری ڕاگر و ڕێگرن لە هەرەس هێنانی و هەڕەس پێهێنانی دەسەڵاتی بنەماڵەیی.
نزیکترین نمونە: کاتێک لە ناوەڕاستی مانگی سێی ئەمساڵدا خۆپیشاندانی جەماوەری شاری سلێمانی و دواتر شار و شارۆچکەکانی گرتەوە و بەرەو یاخیبونێکی مەدەنی رۆیشت، کە سەرجەم دامو دەزگای حکومەتی ئەگرتەوە و درێژەی کێشا بۆ شاری هەولێر و دواتر بۆ دهۆک و دیواری ترس و هەڕەشەی بنەماڵەی خوێنخۆریان هەرەس پێهێنا، لەلایەن کەسانی ئازادیخواز و مامۆستاو فەرمانبەران و تویژی جیاوازی کۆمەڵ بە بێ ئەوەی هیچ حیزبێکی دیاریکراو ئامادەیی هەبێت بەردەوام بوو، کاتێک خۆپیشاندانەکە چووە ئاستێکەوەو بوو بە بەشیک لە بزوتنەوەیەکی کۆمەڵایەتی ئیتر هەر حیزبە و ئەیویست خۆی نمایش بکات و لەخراپترین نموونەیان بزوتنەوەی گۆڕان بوو، کە ئەیانویست لە پشتەوە بەشدار ببن و بەڵام لە ڕاگەیاندنەوە خۆیان دەرئەخست و تا ئەو شوێنەی دەسەڵات سنوری بۆ داناون بەشداریان کردووە، نەیانهێشت تەلەفیزۆنەکەیان ببێت بە سەکۆی خەڵکی ناڕازی، ئەم بزوتنەوە دژایەتی هەر خۆپیشاندانێکیان کردووە، کە خۆیان ڕۆڵیان نەبوو بێت؛ بەڵام دواتر و هاتوونەتە سەر حازری، کاتێکیش کە خۆپیشانداکان لە هەولێر بەرەو هەڵچون ئەچوون و ئەبوایە لە سلێمانی ڕەهەندی گەورەتری وەرگرتایە دەستبەجی بزوتنەوەی گۆڕان ئاڕاستەی خۆپیشاندانەکانی گۆری بۆ خێمەهەڵدان لەبەردەم دادگادا و نەیهێشت خۆپیشاندەران بڕۆنە بەردەم پاریزگا لەبەر خاتری پارێزگارەکەیان، نەیانهێشت گەنجان ڕێگری لەتەنکەرە نەوتەکان بگرن و زوو هەڤال ئەبوبەکری گۆرانباز دوایکرد چانسێکیتر بەحکومەت بدرێت و بەڕێوەبەری پەروەردە لە نمایشێکی درۆزنانەدا بەگریانەوە داوای کۆتاییهێنان بە خۆپیشاندانەکانی ئەکرد ووتی لە ماوەی سێ رۆژ موچەی مامۆستا نەدرێت کەنارگیری ئەکەم، ئەوەتا ئێستا نەک موچە نادەن مامۆستایانیان لە لیستی موچە دەرهێناوە و هەڤاڵ ئەبوبەکر هەر ڕۆژەی شانامەیەکی لە سەر ماوە بەسەر چوو ئەهۆنییەوە ئەوەتا ئێستا خۆشی ماوەی بەسەر چووە بەڵام وەک مریشکی بەکڕ هەڵناستێت.
 پرسیارێکی گرنگ دێتە پێشەوە کاتێک خۆپیشاندان لە هەولێر بەرفراوان ئەبیت و شاری دهۆکیش ئەگرێتەوە بە هەموو پێوانەیەک، ئەبێت خۆپشاندان لە سلێمانی فروانتر بیت سەقفی داخوازییەکان گەورەتر بن یان هەوڵی کپکردنی بدرێت، هەر حیزبێک بەر بەخۆپیشاندان و داخوازییە جەماوەریەکان هەبێت بێگومان بەدوای بەرژەوەندیەکەوەیە.
 لەیادی ڕاپەرین توڕەیی خەڵک گەیشتبووە ئاستێک کەپەلاماردانی دەسەڵاتدارانی لێبکەویتەوە ڕەوانشاد کوردستانی بەجێهێشت و پاش (٧) مانگ، کە گەڕایەوە ڕێکەوتنی لە گەڵ یەکێتی ئیمزاکرد.
بزووتنەوەی گۆڕان بەدیار یەک دوو شڕە پۆستەوە مۆم دەکوژێنێتەوە!
ئەمانە بەناوی ڕەخنە و گۆڕانەوە بەر بەهەموو گۆڕانکارییەک ئەگرن، ئاخر حیزبێک بەدیار یەک دوو شڕە پۆستەوە مۆم بکوژێنێتەوە چ ئومێدێکی لەسەر هەڵئەچنرێت بەڵکو ئومێدی خەڵکی ترش بەناخی زەویدا ئەبات. ڕاستییەکەی ئەم حیزبە هیچ دیدێکی نییە، ئەگەر لەگەڵ پارتیدا ڕێک بێت ئەوا باسی ٣١ی ئاب ناکات، لەگەڵ یەکێتی ناکۆک بێت باسی ١٦ی ئۆکتۆبەر ئەکات و لە سایتەکەی مەسرور باسنیوز ئەندام و هەڵسوراویان دەبنە میوانی هەمیشەیی، سوپای تورکیا لەپێشڕەویدایە ئەمانە هەرخەریکی بالۆرەی دەنگی دزراون. ئەمانە بیانتەکێنە تەپو تۆزی یەکێتیان لێهەڵدەستێت:
ئەوەتا نمای خاوەنی نیوەی گردەکە ووتارێک ئەوەشێنێت بە ناونیشانی (ئەوی ڕۆژێک..) هەمو کتێب ووتارەکانی ڕەوانشاد بخوێنەرەوە ئەم دەستە واژەیەی بەکارنەهێناوە، ئەمەش جوینەوەی ئەوەیە کە زوو زوو ئەو وشەیە لە زاری تاڵەبانی هەڵدەوەری، یان ئەڵێن سندوقە رەشەکە هەمان نازناوی یەکێتیە بۆ کەسێک. 
هەروەها من وتومە: هەڤاڵ ئەبوبەکری پارێزگارە کەی گۆڕان قاچی موبارەکی کۆسرەتی هەڵگرتووە، تۆ بڵێ وانییە ئەوە ڕاست نییە و ئەخڵاقی نەوشیروان مستەفا ڕێگەی پێنادات.
ووتومە: مەلا کامەران بەڕێوەبەری حەج و عومرەی سلێمانییە لە پشکی گۆڕان، لەوانەیە سیستەمی حەجی سعودیەش بکەوێتە بەر شاڵاوی گۆڕان و گۆڕانکاری گۆڕانخوازان قەڵسن بەمە، تۆ بڵێ وانییە گۆڕان چ ئیشێکی بە بەڕێوەبەری حەج و عومرەیە.
وتوومە: کاربەدەستە دەستەپاچەکانی گۆڕان سیمای شارستانیان لە سلێمانی تەکاندووە و لەبری ئەوەی خەڵک بەو ئاڕاستەیەدا بەرن، کەحکومەت ژیان و گوزەرانیان بۆ دابین بکات، پاڵپشتیان ئەکەن بۆ داگیرکردنی شۆستە و شەقامەکان.
وتومە: سەعید کاکەیی پسپۆڕی بواری سەربازی نییە، تۆ بڵێ ڕاست نییە و پسپۆری سەربازییە و سەرقاڵی پڕچەککردنی گۆڕانە و پیلانی سەربازی وەهای بەدەستەوەیە شێخ جەعفەر بە دوو گیرفان ڤیگراوە لە ئاوایی حەمەی کەرەم هەر بەکڵاو ئەگرێت.
وتومە سەعید کاکەیی نە دکتۆرە نە دکتۆرای هەیە، دەستەپاچەماوم ئەڵێن: پیاوی سپیە 
دەربڕینی فڵانەکەس پیاوی سپی، ئیستا بە زۆر کەس دەگوترێت: پەتای(پیاوی سپی) بروسکە ئاسا بڵاو بۆتەوە، جەلال تاڵەبانی بۆ سواخکردن و جوانکردنی رووخساری خۆی و بنەماڵە و کۆمپانیا و گەلە دزەکانی، ئەم ناوەی داهێنا!.
 
پێشتر باسی ئیخوانەکانی ناو گۆڕانم کردووە و ئاماژەم بە مەترسیان کردبوو، ئێستا لە ژێر لۆگۆی گۆران و وێنەی ڕەوانشاددا کۆمینتی وەها ئەخوێنمەوە ئەڵێت داعشە لەبەردەممدا قیت بۆتەوە بڕواننە ئەو کۆمینتانەی بۆ مەلا سامانی ئەنووسن، هۆکەی ئەوەیە ئەم حیزبە پێناسە ناکرێت و نازانرێت بەدوای چ ئەڵتەرناتیفێکەوەیە کارەکەی بووە بە ڕەخنەی سەرپێیی و ئەوەشی داوەتە دەست یەک دوو کەس.
کاتێک گەنجێک دید و تەفسیرێکی جیاواز بۆ دین ئەکات و نکوڵی لە شارەزاییەکەی ناکرێت و ئیسلامی سیاسی کوردستان و هەتا مەلا کرێکاری چنگ بەخوێن لە نەرویجەوە دێنە هەلەکەسەما و بەنیازبوون کەمپینی یەک ملیۆنی بکەن، دەستبەجی گۆڕان لە ڕیگەی عەلی حەمەساڵحەوە دێتە گۆ و ئەوە بە دەستکردی دەسەڵات ئەزانێت، ئەو کەسە هەرچیەک بێت بیر و ڕای ئاینیی و تەفسیرەکانی زۆر رۆشنن لە کۆتاییدا ئەبێتە هۆی هۆشیارکردنەوە، کەچی عەلی و گۆڕان لێشاوی ئەو سوکایەتی و جنێو و بێحورمەتیانە نابینن کە ڕۆژانە ئەم کۆمەڵە مەلایانە بەخەڵکی کوردستانی ئەکەن، ئەو هەموو توندڕەوییە نابینن کە ئەمانە بڵاوی ئەکەنەوە.
ئەم حیزبە هێشتا شۆکی هەڵبژاردنەکان بەری نەداوە بەو وتەی خۆیان ئەنجامی هەڵبژاردنەکان ڕاست نەکرێتەوە هەموو بژاردەیەک لەبەردەمیاندا کراوەیە، بەبڕیاری بایکۆتی سیاسیشەوە بەڕاوێژ لەگەڵ یەکگرتوو کۆمەڵ و هاوپەیمانی و بزوتنەوە و حیزبی شیوعی داوای بەرەیەکی فراوان درەست بکەن بۆ گۆرانکاری ڕیشەیی، ئەمە مەتەڵە یان هەڵوێستی سیاسی؟ چارەنووسی دەنگە دزراوەکان رۆشن نەبۆتەوە ئەم بەرە چییە دروست ببێت!؟ حیزبێک بای ئەوە پەندی لە یەکگرتوو وەرنەگرتبێت بەرەی لەگەڵدا بکاتەوە بە خەیالی خۆی گۆرانکاریش بکات چ جۆرە گۆرانکارییەک، ڕیشەیی؟
ئەگەر گۆڕان بالۆرەی دەنگە دزراوەکانی نوزەی تیانەماوە ئێمە حەقمانە بزانین بە چ ڕێگەیەک ئەسەندرێتەوە.
 بالۆرەی دەنگە دزراوەکان 
پێش هەڵبژاردنی ئەم دواییە بۆ پەڕلەمانی عێراق، زۆر شانامە و ئاوازیی جۆرا و جۆرمان بینی و بیستمان، کە بە شان و باڵی ئامێرەکانی دەنگدان و جیاکردنەوەی ئەلکترۆنی دەنگەکان کە زوو ئەیدا بە دەستەوە و ساختە کاری تیا ناکرێت.
دوایی هەڵبژاردن بالۆرەی سەندنەوەی دەنگە دزراوەکان و سەندنەوەی ئیرادەی خەڵک، ئیتر هەروا لق و پۆپی لێئەبێتەوە و هەتا بە پاڵەوانکردنی دەستەیەک پەرلەمانتار و فلانە ئەندامی کۆمسیۆن...بەجۆرێک ئینسانی ووشیار هێڵنج بەمجۆرە دەستەواژە و بەم جۆرە ڕاگەیاندن و بەم جۆرە لێکدانەوە دێت، بریاری دادگای فیدراڵی بەسەرکەوتن تۆمار ئەکەن، ئەوانە هەمووی لە پێناوی شاردنەوەی ئەو شکستانە و خۆلکردنە چاوی خەڵکی رەش و روت و بێدەرەتانی ئەم میللەتە کڵۆلەیە.
بڕیاری دادگای فیدراڵی باڵا:
دادگا لە ڕۆژی ٢١-٦-٢٠١٨ بەبڕیار ژمارە ٩٩ و ١٠٤ و ١٠٦ی دەرکرد، لەسەر داوای هەریەک لە:
١- سەرۆکی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان، سەرەرایی کارەکەی 
٢- سەرۆک کۆماری عێراق، سەرەڕایی کارەکەی
٣- پارتی دیموکراتی کوردستان
 بڕیارەکە سەرتاپای بڕیارێکی سیاسییە و پێشێلی قانون و دەستورە، هەر حیزب و دەستەیەک کە دوای سەروەری حوکمی یاسا و یەکسانی هەموان بەرامبەر یاسا ئەکات ئەبوایە ڕاشکاوانە دژ بەم بریارەی دادگای فیدرالی هەڵوێستی جوامێرانەی هەبوایە.
دەستوری عێراق (کاتی خۆی دەنگم پێنەداوە) بەهەموو کەمو کورتی و ناتەواوی و مینە نەتەقیوانەی کەی تیایدایە، لایەنی باشە و گەشی تێدایە هەڵبەت بۆ ئێمەی کورد ئەکرێت سودی لێببینین.
داوای ئەو سێ لایەنە لەسەر نادەستوری بوونی یاسای هەمواری سێیەمی یاسای هەلبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقە ژمارە ٤٥ی ساڵی ٢٠١٣ یە کە لەرۆژی ٦-٦- ٢٠١٨ دا دەرچووە لە دانیشتنێکی نائاسایی سەبارەت بەو پێشێلکارییانەی پرۆسەی هەڵبژاردنی گرتۆتەوە.
١- کۆبونەوەی پەڕلەمانی عێراق ڕێژەی یاساییی تەواو نەکردووە وەکو ئەوەی کە لە مادەی ٥٩ی دەستوردا هاتووە، هەر یاسایەک لەو دانیشتنەدا دەرچوبێت پوچەڵە.
٢- بریارەکە ئاماژەی بە دانیشتنی پەرلەمان ئەکات و شتی سەیر ئەڵێت: هۆکانی راگەیاندن لێیدواون و هەموو زانیویانە. یەکێک لەپرنسیپەکانی دادوەری لەهەموو جیهاندا ئەوەیە کە نابێت دادوەر بە زانینی کەسێتی (علم شخصي) خۆی لەسەر بابەتێک حوکم دەربکات، ئەم دادگایە لە بری ئەوەی پەنا بۆ بەڵگەی باوەڕپێکراو ببات ئەم پاساوە لاوازو بێنرخانە ئەخاتە ڕوو، دادگایەک کە ئەبێت خۆی پاسەوانی جێبەجێکردنی دروستی قانونەکان بێت نەک خۆی قانون پێشێلی بکات.
  
 ٣- دانیشتنی نائاسایی پەڕلەمان نابێت دوابخرێت بەکراوەیی، دانیشتنی نائاسایی یاسای تێدا دەرناکرێت.
 ٤- لە پرۆسەی هەمواری یاساکە ڕای حکومەت وەرنەگیراوە، چونکە پابەندبونی دارایی (الالتزامات المالیة). و ڕای ئەنجومەنی دادوەری وەرنەگیراوە بۆ دانانی دادوەران بۆ سەرپەرشتی دەستەبژێری ئەو سندوقانەی گومان و سکاڵا و کێشەیان لەسەرە، کە ئەوەش پێچەوانەی دوو بڕیاری پێشتری ئەو دادگایە خۆیەتی، جگە لەوەی کە جێگیری (استقرار) لە قەزادا ناهێڵیت.
 ٥- یاساکە نەنێردراوە بۆ سەرۆکایەتی کۆمار بۆ پەسەندکردنی، کە بەپێی دەستور  وەکو نەریتێک هەموو یاسایەک بۆ پەسەندکردنی بۆ سەرۆک کۆمار ئەنێردرا، ئەگەر لە پاشەڕۆژدا یاسایەکی دژ بە کورد یان کوردستان دەرچوو ئەوا سەرۆک مافی ئەوەشی لێسەندرایەوە کە تێبینی خۆی هەبێت.
 ٦- لە بڕیاری دادگادا هاتووە، کە پەسەندکردنی کۆتا ئەنجامی هەڵبژاردنەکان لەلایەن دادگای فیدراڵییەوە، دابەشی کردووە بەئەو دەنگ و سندوقانەی کێشەیان لەسەر نییە، پەسەند بکرێت، ئەوەش پێچەوانەی ئەوەی، کە لە مادەی ٩٣ بڕگەی ٧ دەستوری عێراق و مادەی ٨ی یاسای کۆمسیۆنی هەلبژاردندا هاتووە.
 ٧- بڕیاری پەڕلەمان هیچ بەهایەکی بۆ یاسای وەشاندن لە رۆژنامەی فەرمی ژمارە ٧٨ سالی ١٩٧٧ی هەموارکراو نەهێشتۆتەوە، کە لەمادەی یەکەم و بڕگەی دوودا هاتووە، ئەوەی لە ڕۆژنامەی وەقایعی عێراقی ئەوەشێندرێت دەقی فەرمی باوەڕ پێکراوە لەو کاتەوەی، کە بڵاوکراوەتەوە و دادگای فیدراڵی لەبڕیاری پێشوتری جەختی لەسەر ئەمە کردۆتەوە، بەمەش دەرگایەکی بێسەر و بەرەیی کردۆتەوە.
دادگای فیدراڵی باڵا
ئەم دادگایە بە بڕیاری ئیدارەی کاتی هێزی هاوپەیمانان (دەسەڵاتی بریمەر) و فەرمانی ژمارە ٣٥ لە ١٨/ ٩ /٢٠٠٣ بە ژمارە ٣ە ساڵی ٢٠٠٥ لەسەردەمی ئەیاد عەلاوی کە سەرۆک وەزیران بوو دەرکراوە. واتە پێش دەرچونی دەستوری عێراق لەساڵی ٢٠٠٥ بەنزیکەی حەوت مانگێک و کۆمەڵێک دادوەری بۆ دانراوە لەوکاتەوە هەتا ئێستا.
 ١- ئەم دادگایە ئەبوایە پاش دەرچونی دەستوری عێراق یاسای بۆ دەربکرایە بە پێیی ئەو پێوەرە دەستوریانەی کە لەمادەکانی (٩٢، ٩٣)داهاتووە و دوو لەسەر سێی ئەندامانی پەڕلەمان دەنگی بۆ بدەن. واتە پاش دەرچونی دەستور ئەم دادگا شەرعیەتی خۆی لە دەست داوە، بەڵام بەرژەوندی هێزە شیعەکان لەسەر مانەوەیەتی و لە بەرژەوەندی یەکێتی وپارتیش نەدراوە و حوکمی قانون کێشەی ئەوان نییە و دوو خولی پەڕلەمان فشە ئۆپۆزیسیۆنەکانی کوردستانیش کەللەیان تەقەی دێت.
٢- دادوەر مەدحەت ئەلمەحمود لە پێکهێنانی ئەم دادگایەوە سەرۆکیەتی و ڕابوردویەکی ئەوەندە ڕەش و قێزەونی هەیە، ئەبێت لەسەر ئەو تاوان و پێشێلی یاساو کارە دوور لەبەهاکانی لەسەردەمی حکومەتی بەعسەوە هەتا ئێستا دادگایی بکرێت و بەسزای تاوانەکانی بگات.
لە سەردەمی بەعسدا زۆر پلە و پۆستی ئیداری و قەزائی هەبووە لەوانە نادوێن و تەنها ئاماژە بەوانە ئەکەین کە هاوکار بووە لە پاراستن و جێگیر کردنی حکومی تۆلیتاری بەعس، لە وەزارەتی داد سەرۆکی لیژنەی لێکتێگەیشتنی نەت بەرامبەر خۆراک بووە، سەرۆکی لیژنەی سەلامەی وەتەنی بووە ئەو حوکمی سێدارانەی کە لەدادگای ئەلسەورە (محکمة الثورة) و دادگاکانی ترەوە بۆ پەسەندکردنیان لەلایەن سەرۆک کۆمارەوە بەم لیژنەیەدا تێدەپەری، بەنمونە ئەو حوکمە زۆرو زەبەندانەی لەلایەن دادگای ئەلسەورە کەسەرۆکەکەی بەعسیەکی خوێنخۆر بوو بەناوی عواد بەندەر دەدەکران بەئیمزای مەدحەت مەحمود و لیژنەکە بۆ سەدام ئەنێردران بۆ پەسەندکردن ودواتر ئیعدامکردنیان، لەسەردەمی جەنگی عێراق – ئێران یاسایەک دەرکرا بەگوێ بڕین و نیشانەکردنی ناوچەوانی سەربازانی هەڵهاتوو مەدحەت مەحمود یەکێک بوو لەداڕێژەرانی ئەم یاسا قێزەونە، جگە لەوانە ئەلمەحمود قانونی حیزبی قائید (حیزبی بەعس)ی داڕشتووە. بۆ ماوەی سێ ساڵ ڕاوێژکاری یاسایی سەدام حسەین بووە وە ڕاوێژکاری ئەنجومەنی وەزیران، بەبێ بونی مەرجی یاسایی سەدام ئەیکات بەئەندامی دادگی تەمیزی عێراق و دواتر سەرۆکی ئەنجومەنی شورا هەتا ڕوخاندنی حکومەتی بەعس لەلایەن ئەمریکاوە، لە ساڵی ١٩٩٥ دا داوا ئەکات بەیعەتی هەتا هەتایی بە سەدام بدرێت و دوا لە جۆرج بوش سەرۆکی ئەو کاتەی ئەمریکا ئەکات کە لە سەدامەوە فێری دیموکراتی ببێت، لەساڵی ١٩٩٩دا وتارێک ئەنووسێت و بەسەدام ئەڵێت (مەزنترین پێشەوای مەزنترین گەل)، پاش ئەوەی سەدام حسەین لەدەنگدانی ساڵی ١٩٩٩ ڕێژەیەکی خەیاڵی دور لە واقع دەنگی هێنا مەدحەت داوایکرد کە بەیعەتی هەتا هەتایی بە سەدام بدرێت و لەحوکمدا بمێنیتەوە.
سەدام حسین لەگەڵ ئەندامانی دامانی دادگای تەمییز لەنێویاندا مەدحەت ئەلمەحمود لە ٣-١٠-١٩٩٩

 
 ٣ – مەدحەت ئەلمەحمود هێشتا کفنەکەی بەعس زەرد نەبو بوو پەیوەندی بە هێزی داگیرکەرەکەی ئەمریکاوە کرد لە ٢٠٠٣ وە لە ڕێگەی کوڕی خوشکێکی کەلەگەڵ ئەمریکیەکاندا کاری ئەکرد بەناوی (سرمد) وە (cv)یەکی ساختەی لە ژیانی پیشەیی خۆی بە ئەمریکیەکان دا کە گوایە لەسەردەمی حوکمرانی بەعسدا فەسڵکراوە. بە مەرسومێکی پۆل بریمەر حاکمی مەدەنی عێراق کرابە سەرۆکی دادگای تەمیز و ئەنجومەنی دادوەری و دواتر سەرۆکی دادگای فیدراڵی بالا. هەتا بەیاسایەک ساڵی ٢٠١٣ سەرۆکایەتی دادگای تەمیزو ئەنجومەنی دادوەری لێسەندرایەوە.
 
 ئەم دادوەرە لە پشت دەرچوونی یاسای ژمارە ١٧ ساڵی ٢٠٠٤ وە بووە کە پارێزبەندی (حصانة) بەسوپای ئەمریکی وئەو کۆمپانیایانەی ئاسایش کەئەمریکا گرێبەستی لەگەڵدا کردون، کەهیچ لێپرسینەوەیەکی قانونیان لەگەڵدا نەکرێت واتە بکوژ و ببڕ خۆیان بن. 
دادگای تایبەتی بۆ کەتنەکانی وەشاندن و ڕاگەیاندن پێکهێنا کە ئەمەش بوە مایەی رەخنەی ڕیکخراوە ناوخۆ و نێو دەوڵەتیەکانی بواری ئازادی بیروڕا هەتا دواتر لەلایەن سەرۆکی ئەنجومەنی دادوەری لابرا.
 مەدحەت ئەلمەحمود ئاڕاستەی دەزگای قەزائی گۆڕیوە بە سیاسیی کردووە و بووە بەئەڵقەلەگوێ و نۆکەری کۆمەڵێک سیاسی دز و گەندەل و ولاتفرۆش و تایفەگەر و بەمەش هیچ داهاتوویەکی بۆ سیستەمی ووڵات نەهێشتۆتەو ویژدان و کەرامەت و شەرەفی پیشەکەی وەلا ناوە و بەمەش داهاتووی چەندەها پشتی (جیل)ماڵوێرانکردووە. کاتێک ئەیاد عەلاوی لەهەلبژاردنی پەرلەمانی زۆرترین دەنگی هێنا و مافی پێکهێنانی حکومەتی هەبوو بەپێی مادەی ٧٦ی دەستور، بەڵام لەبەرژەوەندی نوری مالیکی تەفسیرێکی نالۆجیکی بۆمادەی ٩٤ کردوو یەکگرتنی قەوارەکەی مالکی لەگەڵ قەوارەیەکیتری شیعەدا کرد بە قەوارەی گەورەترین هەتا مافی پێکهێنانی حکومەتی هەبێت. ئەبێت ئەم پیاوە چەند یادە (بەرتیل دان بەحاکم بۆ بێ قانونی – فەرهەنگی خاڵ ل٦٧٧)ی وەرگرتبێت لە پای مانەوەی.
 
 ئەم (پیاوە) بۆمانەوەی خۆی هەموو ڕێگەیەکی نادروست ئەگرێت وە هەر هەنگاوێکی بۆ مسۆگەر کردنی ئەم مەرامەیە ئەوەتا ئەچێت بۆ ئێران و بۆ مەزاری خومەینی کە ئەوە بەهیچ شێوەیەک بۆ دادوەرێک لە وپلەیەدا بێت ڕیپێدراو نییە و تێکشکاندنی هەموو پرنسیپێکی دادوەریە لە دنیادا لەم وێنەیە نییە.
  
گەندەڵی ئەم پیاوە سنوری نەماوە و لابردنی بووە بە داخوازیەکی جەماوەری بەهۆی ئەو ڕۆڵە چەپەڵەی کە هەیبووە، بووە بەهۆی نارەزایەتی شەقامی عێراق بەناوەڕاست و خوارویەوە بەتایبەت خۆپیشاندەرانی شاری بەغداد و بڕواننە ئەم ڤیدۆیە چۆن وێنەکەی کەوتۆتە بەر پێلاوی خۆپیشاندەران لەبەردەم ئەنجومەنی دادوەری و داوای وەلا نانی ئەکەن.

  
 
لە کاتێکدا لەوڵاتێکی دواکەوتوی وەکو پاکستان و لەساڵی ٢٠٠٧دا حکومەتی ئەو وڵاتە دادوەر ئفتخار محەمەد شودری کە سەرۆکی دادگای باڵا (دادگای دەستوری) لادەبات، ئەمەش هەموو گەلی پاکستان بەهەمووو چین و توێژە جیاوازەکانەوە، ئەخرۆشێنێت و دەکەونە ناڕەزایی و خۆپیشاندان هەتا مل بە حکومەت کەچ ئەکەن و بۆ سەرکارەکەی ئەیگێرنەوە، لەبەر ئەوەی کە ئەم دادوەرە یەکێکە لەدادوەرە سەرکەوتووەکان و قەت ملی بۆ دەسەڵاتدارانی وولاتەکەی کەچ نەکردووە و پارێزگاری مافی مرۆڤ بووە و داوای (الحسبة) کۆنەپەرست و دواکەوتوویی نەهێشتووە و حوکمی قانونی جێبەجێکردووە.
 دادوەر ئفتخار محەمەد شودری  (ئەندامانی دادگاکەی مەدحەت ئەلمەحمود )
 
بە گوێرەی مادەی شەشەم وبڕگەی سێیەم لەیاسای دادگای فیدراڵی بالای ژمارە ٣٠ سالی ٢٠٠٥: سەرۆک و ئەندامانی دادگا لە ڕاژەدا (خدمة) ئەمێننەوە بەبێ دیاریکردنی لایەنی باڵای تەمەن مەگەر خۆیان مەیلی بەجێهێشتنی ڕاژەکەیان هەبێت. واتە ئەمانە هەتا ئەو ڕۆژەی ئەمرن لە وەزیفەدا ئەمێننەوە، ئێستا زۆرینەیان تەمەنیان لە ٨٥ سال تێپەریووە کەڵکی وەزیفەیان نەماوە توانای عەقڵی و جەستەییان لاوازبووە و هیچ ڕاپۆرتێکی پزیشکی لەبەر دەستدا نییە کە ئەوانە توانای زهنییان لەدەست نەدابێت و ناکرێت چارەنووسی وڵاتێک بکەوێت دەست کۆمەڵێک پەککەوتە. بەنمونە: دادوەر (عبود صاڵح ئەلتمیمی) لەدایکبوی ساڵی (١٩٢٥)ە واتە ئێستا تەمەنی (٩٣) ساڵە وە سەرۆکی دادگا تەمەنی (٨٦) ساڵە.
یەکێتی و پارتی دوو دادوەریان داناوە لەم دادگایە دادوەرەکەی یەکێتی (محەمەد سائب نەقشەبەندیە) ئەوەی ئەم دادوەرە بناسێت ئەزانێت لە قانون داسەری تەقەی دێت و چەند بەقانون نائاشنایە، دیارە یەکێتی داهاتوی کۆردستان هەروەکو پارتی هاوسفرەی کێشەیەک نییە بۆی و مەترسی ئەم دادگایە بۆسەرداهاتوی کوردستان لەلای بایەخی نییە.
 داوەرەکەی پارتی ئەکرەم ئەحمەد بابان لە سەرەتای هەشتاکانەوە خانەنشینی فەرمانگەی کشتوکاڵ بوو و دواتر لە سلێمانی پارێزەرایەتی کردوەو یەکێک بوە لە نەزانترین و فاشیلترین و بێئیشترین پارێزەر بۆ دامەزراندن بە دادوەری تەمەنی تێپەڕیبوو لەبەر ئەوە بە ساختە(تزویر (تەمەنی خۆی بچوک ئەکاتەوە و کاتێک بەم ساختەکاریە ئەزانرێت، سکالای لەسەر تۆمار ئەکرێت و فەرمانی گرتنی لە یەکێک لە دادگاکانی سلێمانی بۆ دەرئەکرێت، ئەمەش نمونەکەی پارتیە و نمونەی گێلترین کەسێکە کەلەبواری قانوندا کارئەکات و بەقسەی نزیکەکانی بەسەرەتایترین بنەماکانی یاسا ئاشنایەتی نییە و هەتا ئێستا تەنیا هەڵوێستێکی یاسایی بوێرانەی دروست لەم دوو دادوەرە نەبینراوە، جگە لەم دوانە دادوەرێکیتری کوردی لێیە بەناوی (ئەکرەم طە مەحمود) ئەمیش سەر بەو گروپەیە بەس ئیمزاکردنی لەسەرە. بێجگە لە سەرۆکی دادگا هەردوو دادوەری عەرەب (جعفر ناصر حسین و فاروق محمد السامي) ئەم داگایە بەڕێوە ئەبەن و ئەوانیتر بەوتەی عەرەبەکان داوەرە خەوتووەکانن 
هەندێ حیزبی کوردستان بەشدارن لە دانیشتنی نائاسایی پەرلەمان کە ئەو هەموو پێشێلکارییەیان کرد و بوون بە پاشکۆی هێزە سوننەکان و مالیکی و تورکمان لەوەش خراپتر بڕیاری دادگای دەستوری بەسەرکەوتن دائەنێن ئەندام پەڕلەمانێک ئەڵێت: (ئەمجارەش بردمانەوە) زۆر دروستە پاشکۆیەتیان بردەوە، ئەو هەموو پێشێلکاریە یاساییەیان بردەوە، مەدحەت ئەلمەحمودیان بردەوە، مەدحەت مەحمودێک درێژ کردنەوەی ماوەی پەڕلەمانی کوردستان بە دروست ئەزانێت، هیچ بەهایەک بۆئیرادەی دەنگدەری کورد دانانێت، لە بریارێکی دادگاکەیدا بە ژمارە ٣٩ / الاتحادیة / ٢٠٠٩ لە ڕۆژی ١٢ – ١٠ – ٢٠٠٩ دا هاتووە:
 درێژکردنەوەی ماوەی پەڕلەمانی کوردستان یاساییە لەبەر ئەوەی پەرلەمان بریاری قانونی بۆدەرکردوە و سەرۆکی هەرێم پەسەندی کردووە.
 (یعتبر تمدید عمل برلمان کوردستان موافقا للقانون مادام قد تم بقانون اقر من البرلمان وصادق علیە رئیس الاقلیم).
 سەیرە لایەک سەرقاڵی ساختەکاریە بۆ دەنگ و کورسی لایەکیتر دەیەوێت بە ساختەکاری دەنگ وەربگرێت وە هەتا چنگی لە کورس گیر ببێت، خەڵکی شەریفیش زوو بایکۆتی ڕاگەیاند وهەتا پریشکی ساختەکاری بەرنەکەوێت.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە