هؤشيار زيبارى (چڵێسی گەندەڵی) چی كردبوو تا دەری بكەن؟

Friday, 27/07/2018, 23:42

5890 بینراوە


وەزیری فاشلی نەخوێندەوارو ھەمیشە سەرخۆش. یاری بەچارەنوسی مێللەتێكەوە كردووە.
(ئەم دێرەی سەرەوە قسەی ئیعلامی عێڕاقی)ە.
لەژێرناوی (ئێمە بەھێزترین وڵاتین) ڕۆژانە خەرجی كڕینی گوڵی سروشتی بایی (٥) ملیۆن دیناربووە، ئەم پارەیە لەسەر حسابی حكومەت تەرخان دەكراو ڕادەكێشرا، بەڵام گوڵەكان لەكوێن؟ كەس نازانێ.
خۆ ئەگەر ڕاست بوایەو ڕۆژانە ئەم ھەموو گوڵەی كڕی بێت ئێستا بەغداد گوڵستان بوو.!!!
لەكاتی لێپێچینەوە لەگەڵیدا بەشڵەژاوی، خۆی لەوڵامدانەوەی پرسیارەكان دەدزیەوە، چونكە فێری دزی و گزی ببوو.
ئایا دەچێتە عەقڵ: نەسریەی مانگانەی (٥٠) ملیۆن دیناری ھەبێت؟
بێ ئەوەی ھیچ شتێكی كرداری دیار بێت پارەكە ڕاكێشراوە.
بۆ ئەم سێ ساڵەی كە وەزیری دارایی بوو، دەكاتە: یەك ملیارو ٨٠٠ ملیۆن دینار. تەنھا نەسریەكەی جەنابی وشیار زێباری.
ئایا دەچێتە عەقڵ: ٥٨٦ كەسی لەھەرێم بەگرێ بەست دامەزراندبێت لەسەر وەزارەتی دارایی عێڕاق بە موچەی ٩٥٠ ھەزار دینار.
ئەو كەسانەش لەھەرێمەوە بۆ بەغداد ساڵانە یەك ملیارو نیو دینار تێچووی ھاتووچۆكردیان بووبێت لەسەر خەرجی وەزارەت.
ئینجا سەیركەن، لەحسەی وەزارەتی دارایی حكومەتی ناوەند كارمەندەكانی نیشتەجێی ھەرێم لە ٢٥ كەس تێپەڕناكەن.
كەواتە موچەی ٥٦١ كەسی وەھمی لەگەڵ خەرجی ھاتوچۆكردنیان چۆتە گیرفانی جەنابی وشیار زێباری.
كە بۆ ھەر سێ ساڵەكە موچەكەیان دەكاتە: ١٩ ملیارو ١٨٦ ملیۆن و ٢٠٠ ھەزار دینار.
خەرجی ھاتوچۆكردنیشیان دەكاتە: یەك ملیارو ٤٣٦ ملیۆن دینار.
كەواتە لەدامەزراندنی گرێبەستە وەھمیەكان جەنابی وشیار زێباری ٢٠ ملیارو ٦٢٢ ملیۆن و ٢٠٠ ھەزار دیناری لەخەزێنەی گشتی حكومەتی ناوەندی عێڕاق دزیوە.
ئایا دەچێتە عەقڵ: خەرجی بەنزینی ٤٣ سەیارەی ڕاگیراو لەھەرێمەی كوردستان لەسەر وەزارەتی دارایی حكومەتی مەركەزی بووبێت؟
ئاخر ٤٣ سەیارە بۆچی؟ كەچی نەبوون.
ئەگەر خەرجی مانگانەی یەك سەیارە بەلای كەمەوە ٢٥٠ ھەزار دینار بووبێت.
خەرجی سێ ساڵی ھەر ٤٣ سەیارەكە دەكاتە: ٣٨٧ ملیۆن دینار. كە بەڕاگیراوی ئەم پارەیان بۆ جەنابی وشیار زێباری پەیداكردووە.
جگە لەوەش ئەگەر ھەریەك لەو سەیارانە نرخی كڕینیان بەتێكڕا ٣٠ ملیۆن دینار بووبێت كە بۆ سەیارەی وەزاڕەت زۆر كەمە، كۆی گشتی دەكاتە: یەك ملیارو ٢٩٠ ملیۆن دینار.
سەیركەن، زێباریەكی پارتی ئەم ھەموو پارەیەی تەنھا بەناوی سەیارەوە لەم عێڕاق و عێڕاقیانە دزیوە.
ئایا دەچێتە عەقڵ: لەھەولێر لەسەر بودجەی وەزارەتی دارایی حكومەتی مەركەزی خانوێك بە بڕی ١٨٨ ملیۆن دینار، ساڵانە بەكرێ گیرابێت بۆ فەرمانبەرو میوانەكانی جەنابی وەزیر؟
كە بۆ ھەر سێ ساڵەكە دەكاتە: ٥٦٤ ملیۆن دینار، بێ ئەوەی ھیچ كەسێ بەناوی وەزارەتی دارایی حكومەتی مەركەزی عێڕاق چووبێتە ناو ئەو خانوە.
وە خانوەكەش موڵكی تایبەتی خودی وەزیری دارایی (وشیار زێباری) بێت.
ھەر لەم خانوە بەكرێگیراوەدا ساڵانە بڕی ٥٠ ملیۆن دینار تەرخانكراوە بۆخەرجی چاك كردنەوەو پاك كردنەوەی مەلەوانگەكەی.
ئەویش ھەر سێ ساڵەكە دەكاتە: ١٥٠ ملیۆن دینار.
مەلەوانگەیەك كەجگە لەچڵێسی گەندەڵی جەنابی (وشیار زێباری) و ٥٦١ ئینسانی وەھمی بێ جەستەو ڕوح ھیچ كەسیتر خۆی تێھەڵنەھێنابێت، ئەم ھەموو خەرجیەی بۆ چیە؟
واتا جەنابی وەزیر (وشیار زێباری) تەنھا لەو خانوەی كە بەناوی كرێوە لەسەر وەزارەتی دارایی حسابی كردووە (٧١٤) ملیۆن دیناری لەخەزینەی گشتی حكومەتی مەركەزی دزیوە.
ئایا دەچێتە عەقڵ: بۆ بەرپرسی پاسەوانەكان و سكرتێری یەكەمی دیوانی وەزارەت و ھەندێ كەسیتر  بەبڕی ١٣٠٠ دۆلاری مانگانە خانوویان بۆ بەكرێ بگرێت؟
دەكاتە: یەك ملیۆن و ٦٢٥ ھەزار دینار.
گریمان بەھەموویان تەنھا ٢٠ كەس بوون.
بڕی پارەی تێچوو بۆ سێ ساڵی ئەم ٢٠ كەسە دەكاتە: یەك ملیارو ١٧٠ ملیۆن دینار.
ئاخر خۆ كۆشكی سندیبادیان بەكرێ نەگرتووە، ئەم ھەموو پارەیە بۆچیە؟
ئایا دەچێتە عەقڵ: فڕۆكە بەكرێ گیرابێت بە ١١٢ ملیۆن و ٥٠٠ ھەزار دینار؟
تەنھا بۆ ئامادەبوون لە كۆنفڕانسێك كە ھیچ پەیوەندی بەوەزیری داراییەوە نەبووە، بەڵكو كۆنفڕانسەكە پەیوەست بووە بەوەزیری بەرگری، ئینجا نەسریەی ھەریەكێك لەبەشداربوانی گەشتەكەش ٥ ملیۆن دینار بووبێت.
ئایا دەچێتە عەقڵ: ئەو ھەموو پارەیە خەرجی وەزیرێك بووبێت و خەڵكی ئەم وڵاتەش خەمی بژێوی ڕۆژانەیان بێت.
ئەم ھەموو پارەیە خەرجی یەك كەس بێت و خەڵكی ئەم وڵاتەش خەمی چەند لیترێك ئاوی پاكی خواردنەوەو ١٠ كاتژمێر كارەبای نیشتمانی بێت.
ئەرێ ئەوە چ جۆرە وەزیرێك بووە تا خەڵك شانازی پێوە كات؟
ئەیا ئەمە وەزیری خزمەتگوزاری بووە یان وەزیر لەپێستی چڵێسی گەندەڵی؟
بەلای خەڵكەوە ئاساییە وەزیر لەوانیتر زیاتری ھەبێت و خوشتر بژی بەڵام نەك بەمجۆرە كە خەزێنەی وڵات ھەڵ لوشێت.
كەچی ھەر ئەم جەنابی وەزیرە كرابووە سەرۆكی لیژنەی ڕێفەراندومی دروستكردنی دەوڵەت، ئاخر دزێكی چڵێس دەبێ چ دەوڵەتێك بونیاد بنێت؟
ئەویتر با بۆ خوێنەر بێت و خۆی ھەڵوەستەی لەسەر بكات.....

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە