میدیای بندیوار لە نیشتیمانی ئێمەدا

Sunday, 19/08/2018, 20:18

1513 بینراوە


لە وڵاتانی جیهانی یەكەم و دووەمدا، دەسەڵاتی چوارەم، هەمیشە ئەو دەسەڵاتە كارایەیە كە نەك تەنیا بەسەر دەسەڵاتەكانی ترەوە چاودێرە، بگرە زەمینەخۆشكەری دروستبوونی ڕای گشتییە لە بەرامبەر خاڵی لاواز و ڕۆتینی دەزگا و دامەزراوەكانی دەسەڵات و، هێمنانە بە گژ گەندەڵی و كەمتەرخەمییەكانی دەسەڵاتی یەكەم و دووەم و سێیەم و تەنانەت چوارەمیشدا دەچێتەوە. لێ لەم كۆمەڵگایەی ئێمەدا، كەمن ئەو ئۆرگانانەی كە بە ناوی دەسەڵاتی چوارەمەوە دەئاخفن و، هەوڵی جیددی بۆ بەرپەرچدانەوەی كەموكوڕییەكانی یەكێك لە دەسەڵاتەكان دەدەن.  
نەك هەر ئەوە، بەڵكوو زۆرێك لەو دەزگا رۆژنامەوانییانەی كوردستان، جگە لەوەی كە جورئەتی ئەوە ناكەن بچووكترین ڕەخنە لە دەسەڵاتەكانی پێش خۆیان بگرن، ڕێكلام بۆ حزب و حكوومەت دەكەن و، زۆر جاریش خۆیان بەشێكی دانەبڕاوی هاتنەكایەی ئەو گەندەڵییەن كە جەستەی كۆمەڵگای تەنیوەتەوە و خەریكە ورد و درشتی ئەو وڵاتە لە كولتووری گەندەڵییەوە دەگلێنن.
بەشبەحاڵی خۆم، كە پێشتر لە هیچ دەزگایەكی رۆژنامەوانیدا كارم نەدەكرد، وام دەزانی رۆژنامەنووس بە مانا شمولییەكەی، ئەو زاتە پیرۆزەیە كە نوێنەرێكی راستبێژ و سەرڕاستە لە دەزگا جیاوازەكان و، دەكرێ لە گشت بارودۆخێكدا پشتی پێ ببەسترێت. پێشم وابوو كە رۆژنامە و میدیاكان بە گشتی، مینبەرێكی واڵان بۆ دەربڕینی رای جیاواز و، ئاگایی لەبارەی خەمساردییەكانی حزب و حكوومەتەوە بە خەڵك دەبەخشن و، هاوكات لایەنە جوانەكانی دەزگا ئیداری و حزبی و حكوومییەكانیش پێشانی هاووڵاتیان دەدەن، بەڵام دوای 7 ساڵ كاركردن و تلانەوە لە نێو كاركردندا، ئەوەم بۆ ڕوون بووەتەوە كە زۆرێك لە میدیاكان، نەك هەر نەیانتوانیوە ئەرك و بەرپرسیارێتیی رۆژنامەوانی بگرنە ئەستۆ، بەڵكوو خەڵكی بێئاگا فێری فۆڕمەكانی گەندەڵی دەكەن و، ناچاریان دەكەن بە جۆرێك لە جۆرەكان پشكداریی لە داڕزانی كۆمەڵگەدا بكەن.
ئەوەندەی من ئاگادار بم، لە كۆمەڵێك لە میدیاكانی ناوەوەی كوردستاندا، دوای تەمەنێك كاركردن لە ژێر ماسكدا، تا ئێستا نەتوانراوە بەڕێوەبەرێكی گشتی لەسەر گەندەڵی و بە هۆی هەواڵی یەكێك لەو میدیایانە لەسەر كار لابدرێت، چجای ئەوەی بگا بە وەزیر و شتی تر. ئاخر هەر ئەو گومانەیە كە رۆژنامە و ئۆرگانە رۆژنامەوانییەكان دەخاتە ژێر پرسیارەوە و، شتێك بە ناوی متمانەوە بۆ هاووڵاتیان ناهێڵێتەوە.
لێرە، دەزگا رۆژنامەوانییەكان، جگە لەوەی كە ڕایەڵی پێوەندیی نێوان خەڵك و دەسەڵات نەبوون و نین، لە دەستنیشانكردنی خاڵە ئەرێنی و نەرێنییەكانیشدا، لێزانانە و لە پێناو مەرامی تایبەتیی كۆمەڵە كەسێكدا، خەڵكیان چەواشە كردووە و، نەیانهێشتووە نە دەسەڵات بە كۆمەڵگە و، نە خەڵكیش پشت بە دەسەڵات ببەستێت، بەو واتایەی كە ئەوە خودی میدیایە بوارێكی بۆ بنیاتنانی پێوەندیی هەمەلایەنەی هاووڵاتیان بە حزب، حزب بە هاووڵاتیان، حكوومەت بە هاووڵاتیان و هاووڵاتیان بە حكوومەت، نەهێشتووەتەوە.
میدیاكان، پێش ئەوەی بیانەوێ پەیامی خەڵك رۆژانە ئاراستەی دەسەڵات بكەن، هەموو ئەو دەنگانەیان كپ كردووە كە خوازیارن رۆژێك لە رۆژان خەمێك لە خەمەكانی ئەو دۆزە ڕەوایە هەڵبگرن كە هەیە و، سەرەڕای هەستنەكردن بە ئازارەكانی میللەتێكی ستەمدیدەی بەدبەخت، قیادەی كوردییشیان ناچار بە قێزبوونەوە لە خەڵك كردووە.
هەندێك لەو كەسایەتییانەیش كە لە رۆژنامەكاندا زمانی ڕەخنە بە زبر وەسف دەكەن، وێڕای ئەوەی كە بەر لە هەموو كەس خۆیان بوونە فاكتەری هێنانەكایەی كەشێكی نادادپەروەریی لە كوردستاندا، رۆژێك دادێ دەسەڵاتیش تووشی شۆك دەكەن و، دواجار بەوانیشی دەسەلمێنن كە ئەم وڵاتە پڕە لە رۆژنامەی گەندەڵ، تژییە لە گەندەڵیی ڕۆژنامەوانی.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست


چەند بابەتێکی پێشتری نووسەر




کۆمێنت بنووسە