‎لە گۆشەیەکی ترەوە (‎پرس و ڕای هەفتانە)

Monday, 01/10/2018, 21:56

3969 بینراوە


‎ئەرێ ئەو هەمو حەیاوحورمەتەی کە بە پێویستت دەزانی بۆ خۆت وەک سیاسی یەک بە چی فرۆشتت؟
------------------------------------
‎گەڕانەوەی ڕیسواییانەی سەرۆکی هاوپەیمانی دیموکراسی و دادپەروەری – دکتۆر بەرهەم ساڵح - بۆ ناو ماڵە گەورەکەی مامی گەورەی ، بە دزی هەمو هاودیدەکانی یەوە، لە ڕۆژەکانی هەفتەی ڕابردودا بوە یەکێک لە ڕوداوە هەرە گەورەو سەرنجڕاکیش و گاڵتەجاری یەکان .ئەم ڕوداوە لە بۆتەی هەراوهوریاو بەڵێنی دۆزنانەو هەرەشەی زمان بڕین ئەوەندەی تر بو بە بەڵگە بۆ سەلماندنی دەنگدان و هەڵپژاردنی پەرلەمانەکەیان کە گاڵتەجاڕی یە.
‎ئەم هەواڵە  هاودیدەکانی بەرهەم سالح و تەنانەت زۆربەی نوسەرە سیاسی و ڕۆشبنبیرەکانیش ، کە لە ڕوانگەی چینایەتیەوە ناڕوانن بۆ کۆمەڵگای کوردستان و دەسەڵاتی سیاسی و کێشەو ململانێکانی، وەک هەورە تریشەی ئاسمانی ساماڵ وابوو بۆیان و توشی شۆکی کردن.
‎بە تایبەتی ئەم سەرۆکی هاوپەیمانییە نوێیە کە بە پیاوە لیبرال و عاقلەکەی ناو یەکێتی هەژماردەکراو، گوایە زۆر جێگای متمانەی مامی گەورەی بوو، لە قسەکانی چەند ڕۆژ لەمەوبەری هەمیشە جەختی لەوە دەکردەوە کە ئەو لە دژی قۆرغکردنی دەسەڵات و نادیموکراسی بون و ناعەدلەتی لە دابەشکردنی سەروەت و سامانی ووڵات لە لایەن بنەماڵەوە ، هاتۆتە دەرەوە و دەیەویت  لە ڕێگای پێکهێنانی ئەم هاوپەیمانی یە دیموکراسی و دادپەروەریەوە ئەو ئامانجانە بەدی بێنێت.
‎چەندین جار لە وەڵامی چاوپێکەوتنەکان و لێدوانەکانیدا جەختی لەوە دەکردەوە کە ئەو خاوەنی حەیا و حورمەتە و هەرگیر بۆ پلە و پایە و پول و سەرمایە ناگەڕێتەوە ناو یەکێتی.
‎بۆیە ئێستا دوای ئەم چاوشارکێ دۆڕاو و گاڵتەجاڕییە هەموو لایەک هەقێتی لێی بپرسین  ئەرێ دکتۆر بەرهەم ئەو هەمو حەیا و حورمەتەی کە بە پێویستت دەزانی بۆ خۆت وەک سیاسییەک بە چی فرۆشتت...؟!
‎بۆ وەڵامدانەوەی ئەم پرسیارە و دانی ڕاوبۆچوون و هەڵوێستمان لەسەر ئەم پرسە کە بۆتە ڕووداوێکی گەورە و گەرم  وا پێویست دەکات چەند ڕاستییەک رۆشن کەینەوە کە هۆکاری ئەم چاوشارکێ دۆڕاو و گاڵتەجاڕیەیە.
‎بەڕای من بەر لەهەر شتێک هۆکاری سەرەکی بۆ ئەم ڕوداوە دەگەڕێتەوە بۆ ناوەڕۆکی جوڵانەوەی کوردایەتی و دەستە و تاقمە چەتەگەری یە خێڵەکی و بنەماڵەیی یە دز و گەندەڵ و سەرکوتگەری یەکان لەم هەلومەرجەی کە سی ساڵە بەردەوامە.
‎ڕاستییەکەی ئەوەیە کە هەموو ئەو حەیا و حورمەتەی کە  سەرانی گەورەو بچوکی  ئەم جوڵانەوەیەو دەستەوتاقمەکانی شانازنی پێوە دەکەن لە نزیک بە یەک سەدەی ڕابردودا بەستراوەتەوە بە پلە و  پایە و پول و سەرمایە و پاراستنی ئەو بەرژەوەندیانەوە.
‎ئاشتی و ململانێ و شەڕی ئەمانە هیچ کات لە پێناوی ئازادیی زۆرینەی جەماوەری ستەملێکراوی کوردستان و مافەکانیان نییە و نەبووە.
‎هەر بۆیەش  پەیڕەوکردنی هەر جۆرە کار و هەڵوێستێک لە دژی یەکتر و ملشکاندنی یەکتر و پاراستنی بەرژەوەندییەکانیان لە ڕوی سیاسی و شەخسییەوە بە ئاسایی دەزانن.
‎هۆکارێکی تر بەندە بەو کێشە و ململانێیانەی  ناو یەکیتی یەوە کە دەمێکە هەیە. بە تایبەتی دوای مردنی مامی گەورەیان، جەلال تالەبانی .ئەم کێشە و ململانێیە لەسەر ئەو بەرژەوەندییە ئابوری و سیاسی یانە گەییشتۆتە ئەو ڕادەیە، کە کەسانی وەک بەرهەم ئەم چاوشارکی دۆڕاو و گاڵتەجاڕییە بکات.
‎هیچ گومان لەوەدا نییە کە یەکێتی وەکو نەوەی یەکەمی جولانەوەی کوردایەتی، ماوەیەکە گەیشتوتە قۆناغێک تا بە تەواوی یان هەڵوەشیتەوە یان بە کردەوە و فەرمی ببێتە هێزێکی سیاسی خێڵەکی و بنەماڵەیی وەک پارتی .
‎تاڵەبانی باوک تا مرد نەیتوانی ئەم ستراتیژە یەک لا بکاتەوە و ڕاستەوخۆ بە بێ قەید و شەرت بە کردەوە و بە فەرمی هەموو دەسەڵاتی سیاسی و ئابوری و کۆمەڵایەتی خۆی ڕادەستی خێزان و کوڕ و بنەماڵەکەی بکات. بۆیە کار گەییشتە ئەمرۆ دەیان  باڵ و سەدان لاباڵ و پەنجەی بە ئاشکرا  تیا دروست بێت.
‎ئیستا ئیتر شەرە لەسەر پلە و پایە و پۆست و پول و سەرمایە. هێنانە پێشەوەی مامی بچوک کە قوبادە بۆ یەک لا کردنەوەی ئەو ململانی و شەڕەیە بە قازانجی باڵادەستی بنەماڵەی تاڵەبانی وەک پارتی و بارزانی .
‎خۆ ئەگەر تا بەستنی کۆنگرەکەیان نینۆک و باڵو لاباڵەکان ببڕنەوە ئەوە ئیتر ئەم شەڕە زۆر هێور دەبیتەوە و مامی بچوک لەسەر عەرشی کورسی  پاشایەتی یەکەی مامی گەورە لە دەباشان دادەنیشێت. دوای ئەوە ئیتر ئەو کۆتا بڕیار دەدات کە کێ و کێ چی و چی هەبێت و نەبێت لە پلە و پاپە و پۆست و پول وسەرمایە.
‎هۆکارێکی تر ی دوای ئەمە پەیوەستە بە خودی ئەم سیاسەتمەدارە لیبرالە عەقل غەربییە کە بەشی زۆری ژیانی لاوێتی لە ووڵاتانی رۆژئاوا، بە تایبەتی بەریتانیا و ئەمریکا بەسەر بردەوە. وەک دەڵێن سەری کردوە بەناو زۆریك لە داڵانەکانی دەزگا جاسوسییەکانی ئەو ووڵاتانە بە تایبەتی ئەمریکا.
‎ئەم سیاسەتمەدارە خاوەن حەیاو حورمەتە هەر لەسەرەتای نەوەتەکانەوە لەگەڵ  مامی گەورەیدا زۆر پێویستیان بە یەک بوو . هەر بۆیەش لە پڕێکدا لە ڕواڵەتی سیاسەتمەدارێکی  لیبرال و ناوەڕۆک قەومی و خێڵەکی هاتە گۆڕەپانی سیاسی یەوە. بەڵام ئێستا دەرکەوت کە هەمو بیرو کارو کەلتوری سیاسی دونیای لیبرالیزمی لە هەلومەرجی کوردستاندا بەم چاوشارکی دۆڕاو گاڵتەجاری یەوە ببەستێتەوە.
‎هیچ گومان لەوەدا نییە کە لە سایەی دەسەڵاتی سی ساڵەی چینی لۆمپەن بۆرژوازی و جوڵانەوە کوردایەتی یەکەی و دەستەو تاقمەکانی ناوەرۆکی ئەم سیاسەتمەدارانە کە دەیانەویت بە پروپاگەندەنی لیبرالیزم و سۆسیال دیموکراسی خەڵک تەفرە بدەن هەر دەردەکەوێت .
‎ لە ڕویەکەوە ئەمەیان لە نەزانی یەوە نی یە بەڵکو لە درک کردنیانەوەیە بە ناوەڕۆکی جوڵانەوەو دەسەڵاتی دەستەو تاقمەکانیان لەم هەلومەرجەدا .
‎چونکە هەروەک چۆن خودی هەمو چینەکە بۆتە لۆمپەن بەهەمان شێواز ڕەوتو باڵەکانی بۆتە لۆمپەن لیبرالو لۆمپەن سۆسیال دیموکرات و...هتد .تەنانەت چەپی کۆن و نەریتی – تقلیدی - سەردەمی دونیای دوجەمسەری کە دەمێکە توشی شۆک و سەرە گیژە بوە، وەک توێژێکی وردە بۆرژوا، بونەتە زوڕنا ژەن و پاشکۆی ئەم چینەو جوڵانەو باڵ و لاباڵ و دەسەڵاتە دزو گەندەڵ و میلیشایی یەکەی .
‎ئاخر کوا لە دونیای سیستەمی دیموکراسی  واقعی لیبرالی و سۆسیال دیموکراسی ڕۆژئاوا لە ئەمریکاو ئەوروپاوە تا ئوسترالیا سیاسەتمەدارێک هەبو وەک ئەم سیاسەتمەدارە هەموحەیاو حورمەتی خوی وا بە ئاسانی و ئاشکرا  هەڕاج فرۆش بکات تەنها بۆ ئەوەی ببێتە کاندیدیک بۆ پۆستی سەرۆک کۆمار.پۆستێک کە نەک تاقمە ئیسلامی و تایەفی و قەومی و قەبیلەی یەکانی عەرەب گاڵتەی پێ دەکەن تەنانەت هەمو خەڵکی کوردستان و خودی سەرانی قەومی کورد گاڵتەی پێدەکەن.
‎ئاخر لە سیستەمی دونیای ڕۆژئاوا کێ بینوێتی سیاسەتمەدارێکی لیبرال  بە بێ ئاشکرا کردنی  جیاوازی فکری و سیاسیەکانی واز لە حزبەکەی بێنێت و حزبێکی ترلە چەند هەفتەو مانگ پێکبێنێت و پاشان بچیتەوە ناو حزبی یەکەم . هاوکات پاشەقول لە هاودیدەکانیشی بگرێت.
‎ئەمە بەس لە پیاوە لیبرال و عەقڵ ڕۆژئاوایی یەکەی ناو دونیای سیاسەتی کوردایەتی ڕودەدات.
‎جا وەک لە سەرەتاوە ئاماژەمان پێدا ئەمە هەر ئاکامو بەرەنجامی ئەو ململانێ شوم و دواکەوتوە یەیە کە دەیان ساڵە پارتی و یەکێتی وەک باوکو کوڕی جولانەوەی کوردایەتی ئەنجامیان داوە.
‎لەوەتەی جوڵانەوەی کوردایەتی هەیە ،بە تایبەتی لەو کاتەوە دوو شەق بوە لە نیوەی پەنجاکان بەدواوە بۆتە مەلایی و جەلالی، دەیان دیاردەو گەمەی وا کۆمیدی و تراژیدیان تۆمار کردەوە کە هەمیشەش خەڵکی کرێکارو زەحمەتیکیش باجەکەیان داوە.
‎کاتێک  ٦٦ و ٧٠ و ٧٥ و ٨٣ و٩٤ و ٩٦ و  ٢٠١٦ دەیان و سەدان روداوی تر لەنێوان ئەم مێژوەدا هەبێت و بەشێک بێت لە مێژوی جوڵانەوەی کوردایەتی وتاقمە خێڵەکی وبنەماڵیی یەکانی ئەوە ئیتر  چاوشارکێ دۆڕاوە ڕیسواو گاڵتەجاری یەکەی ئەم سیاسەتمەدارە بە حەیاو حورمەتە لیبرالەش دەبێتە ڕودواێکی ناو مێژوویی ئەم جوڵانەوەیە.
‎بۆیە خەڵکی بە گشتی ،بە تایبەتی هاودیدەکانی ئەم سیاسەتمەدارە بە حەیاو حورمەتە هەقیانە بپرسن ئەری ئەو هەمو حەیاو حورمەتەی کە بە پێویستت دەزانی بۆ خۆت وەک ئینسانێکی سیاسی بە چی فرۆشتت...؟!
‎وەڵامەکەشی ڕونو ڕاشکاو هەر ئەوەیە کە بەو کورسی یە  لەرزیوەی سەرۆک کۆماری عیراق فرۆشتی کە دەمێکە لە پشتەوە خۆی بە قاچەکانی یەوە هەڵواسیوە.
‎بەڵام پێویستە ئەم سیاسەتمەدارە بە ڕواڵەت لیبرالەو هەمو سیاسەتمەدارانی تری کوردایەتی باش بزانن کە لە کۆمەڵگای چینایەتی کوردستانداو بونی بەرەی ئازادیخوازی و یەکسانیخوازی دا هەر زوو لە ناوەڕۆکی سیاسەتو کردەوەو بانگشەکانیان تێدەگەن وهەمیشە دەیان دەدەنە بەر ڕخنەو ناڕەزایەتی و ڕیسوایان دەکەن.
‎جا پێویستە ئەم ڕوداوە گاڵەجاڕییەش ببێتە بەڵگەو ئەزمونێكی تر تا جەماوەری ئازادیخواز بەشداری گاڵتەجاری هەڵبژاردنی بەناو پەرلەمانەکەیان نەکەن و هەمو سیاسەتو کارو کردەوەو هەڵویستەکانیان ڕیسوا
‎بکەن.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە