بایکۆتی هەڵبژاردنەکان بیچمی ناشرینی دەسەڵاتی کوردیی و رووی ناشرینی داکۆکیکاران دەردەخات!

Thursday, 04/10/2018, 2:40

7774 بینراوە


خەڵکی کوردستان تووشیان بووە بە تووشی کەسانی ناپاک و خائین، تێیدا ئەم خائین و وڵاتفرۆشانە بوونەتە بازرگان و دەسەڵاتدار، بوونەتە سەرکردە و دیکتاتۆر، ئەم خائینانە خاوەنی حیزب و کۆمپانیا و دیوەخانن، لەولاشەوە جاشی وڵاتی داگیرکەران، بۆیە لە خۆیان زیاتر جاشایەتی بە رەوای هیچ کەسێکی تر نازانن. لە نمونەی شەڕی سەرۆکایەتی وڵاتێکی داگیرکەر.
میللەتێکیش، کە پەروەردەی کەلتوری جاشایەتی و کۆیلایەتی کرابێت، نیشتیمانەکەی وەک زیندانێک بە ناوی هەرێمێکەوە بچوکرابێتەوە، هەر تەنیا بەشی ئەوە دەکات، جاش و کۆیلەی تێدا پەروەردە بکرێت، رووناکبیر و نووسەرەکانیشی هیچیان بۆ خەڵکی پێ نییە، جگە لە دژایەتی بایکۆتکردن، داوای ملکەچی و نوێژەنکردنەوەی گرێبەستی کۆیلایەتی بۆ فیرعەونەکان دەکەن، هەر بۆیە سەرکردە و بەرپرسەکانیش پێش ئەوەی بمرن خۆیان لە خەڵکی جیادەکەنەوە، لە گرد کەمتریان ناوێت، ئەمەش ئەو موراڵ و پرنسیپەیە، کە پارتەکان لەگەڵ مێژووی خۆیاندا هێناویانە و کردوویانە بە کەلتوری جاشایەتی و کۆیلایەتی میللەتێک، خەڵکەکەش بە سانایی وەریان گرتووە.
----------------------------
ئەوانەی پێیان وایە بایکۆتی دەنگدان یارمەتی ساختەکاران دەدات، ئەوانەن، کە بایکۆت بە مافی ئازادیی رادەربڕین و پرۆسەی دیموکراسیی نازانن.
باشووری کوردستان زیاد لە ٢٧ ساڵە لەلایەن پارتەکانی باشوورەوە داگیرکراوە، خیانەت لە گەلێک دەکەن و بە فێڵ و ساختە و دزی بەڕێوەی دەبەن!
ئەوانەی رەوا بە دەنگدان و سیستەمی بەڕێوەبردنی ئەم پارتانە دەدەن، ئەو دەمامکدارانەن، کە بۆ خۆیان پەروەردە و دەرچووی قوتابخانەی ئەم پارتانەن، کەسانێکن لایەنگرانی دەسەڵاتن، لە ئیستادا هەر وەندەیان پێ دەکرێت کە بەم شێوەیە پشتگیریی لە دز و چەتە و خائینەکان بکەن، پێیان خۆش نییە دەنگی نارەزایی و بەرەی دژە دەسەڵات بوونی هەبێت، ئەگەر بووش وەکو بزووتنەوەی گۆڕان ئەوەندەی پێ بێت، کە شەرمنانە رەخنە بگرێت و لە دەسەڵاتیشدا گەڵییدا بێت. ئەم رووناکبیر و نووسەرە حیزبیانە بەشێکن لە ماشینی بەڕیوەبردنی سیستەمی دەسەڵاتی کوردیی، چونکە پەروەردەی ئەو کەلتورەن کە پارتەکان بۆیان هێناون.
مێژووی دەسەڵاتی پارتەکانی باشوور ئەوەی سەلماندووە، کە بایکۆت، یان دەنگدان دوو ئامانجی جیاواز و یەک سەرەنجامی هەیە، ئەویش بردنەوەی پارتیی و یەکێتییە بە تەزویر و ساختەکاریی، ئەو جیاوازییەی کە لە نێوان بایکۆت و دەنگداندا هەیە، تەنیا ئەوەیە کە بایکۆتخوازان دەیانەوێت ئەو راستییە بسەلمێنن، کە لە باشووردا دیموکراتیی و ئازادیی بوونی نییە، هەڵبژاردنیش تەنیا سپیکردنەوەی سیمای دەسەڵاتیی پارتەکانە، بۆیە ئەرکی هەموو هاوڵاتییەکە بە بایکۆتکردن پێناسەی ئەم دەسەڵاتە بکەن و ناشرینترینیان بکەن، نەک بچن و دەنگیان پێ بدەن، پارتەکانیش تەنیا پێویستییان بە ئاپورەی جەماوەرە، تا لە ناویاندا دەنگ و رەنگەکان بدزن و رای وڵاتان و ناوخۆش بەو ئاڕاستەیە بەرن، کە ئەمان بە دەنگی ئەو خەڵکە هاتوون و دەسەڵاتیان وەرگرتووە.
----------------------------
بایکۆتکردنی دەسەڵاتی کوردی ئەرکی ئەخلاقیی و نیشتیمانیی هەموو هاوڵاتییەکە!
ئەم عەقڵەی کە دەڵێت دەسەلات قەرزاری پشتیوانی بایکۆتکەرانە، بەرهەمی هزری ئەو نووسەر و روناکبیرانەیە، کە خەڵک رادەکێشن بۆ نێو تاریکی هزری خۆیان! ئەم جۆرە کەسانە، گوریسی زوڵم و ستەم بۆ دەسەڵات ئەستور دەکەن، دەیخەنە ملی گەلێک، تا زیاترهەناسەی لێببڕێت.
دەسەڵاتی پارتەکانی باشوور، کە بە وەکالەت دەسەڵاتی داگیرکەرانی کوردستانە، بە زیادەوە سیاسەتی دوژمنان پیادە دەکەن و ئەرکی خۆیان بەجێدەهێنن، ئەوەتا هەنگاوی خیانەتی ئەمجارەیان گۆڕینی سیستەمی خوێندنە لە زمانی کوردییەوە بۆ زمانی ئینگلیزی، هەر ئەمساڵ خوێندن بە زمانی کوردی لە قوتابخانەکانی هەرێم لابرا، ئیتر منداڵی کورد و نەوەی داهاتوو بە زمانی ئینگلیزی دەبێت بنووسن و بخوێنن!
ئەو عەقڵەی کە دژی بایکۆتیشە دژی دروستبوونی ئەڵتەرناتیڤە، ئەمڕۆش لەبەر نەبوونی رێکخراوێکی رادیکاڵی سیاسیی، کە ئەرکی دادگای گەل بگرێتە ئەستۆ و ئەو خائین و بەرپرس و دزانەی ناو پارتەکانی باشوور بەرەو رووی دادگا بکاتەوە. نووسەر و روناکبیرانی دەسەڵات خراپتر لە دەسەڵاتەکە خۆی بیردەکەنەوە، بچوکترین مافی سروشتی لە دەنگدەران دەسەندنەوە، رەوا بەو گاڵتەجاڕیی و سیناریۆی دەنگدانە دەدەن، بێشەرمانە و بە شێوەیەکی کۆمیدی بایکۆتکاران دەکەنە پیاوی پارتیی و یەکێتیی، وەک ئەوەی خۆیان بەشێک نەبن لە پارتەکان! ئەو مافەی، کە تاکە بەرەو رووبوونەوەیە بەرامبەر بەو دەسەڵاتە خیانەتکارەی پارتەکانی باشوور کە دژی گەلی کوردستان دەیکەن.
ئەو کەسانەی بەم شێوەیە بەرگریی لە دەسەڵات دەکەن و بایکۆت بە پشتگیریی بۆ ساختەکاریی و تەزویر دادەنێین، دەیانەوێت پەیامی ئەوەشمان پێبدەن، کە گوایە پارتیی و یەکێتی پێشتر ساختەکاریی و تەزویریان نەکردووە! ئەوە بایکۆت بووە، رێگای داوە تەزویر بکرێت، دەنا پارتیی و یەکێتی دەنگی کەمیان دەهێنا و کورسی دەسەڵاتیان بەجێدەهێشت.
ئەوانەی دژی بایکۆت دەوستنەوە، لە مانای بایکۆت و لە مانای ئۆپۆزیسیۆنیش نەگەیشتوون، پێیان وایە تەنیا رەخنە دەبێت لە پارتیی یان یەکێتیی بگیریت، بەمە تۆ ئۆپۆزیسیۆن و دژە دەسەڵاتیت، چونکە پارتیی و یەکێتیی گەندەڵ و پیسخۆر و ساختەکار و خائینن، پارتەکانی دیکەش بە تەواوکەری ئەو دەسەڵاتە نازانن، ئەم رەخنەگرنەیش تەنیا دژی ئەو دوو پارتە رەخنەی توند دەگرن، نەک دژی سیستەمی بەڕێوەبردن و ئیداری، کە هەموو پارتەکان هاوبەش و تاوانبارن!
----------------------------
پارتەکانی باشوور هەموویان بەشێکن لە دەسەڵات و سیستەمی بەڕیوەبردن!
هەرچەندە بایکۆتکردنی هەموو پارتەکان، ئەرکێکی ئەخلاقیی و ویژدانییشە، کەسی وشیار و عاقڵ جیاوازییان ناکات، دەبێت هەڵویستیان لەسەر وەردەگرێت، هەموویان بایکۆت بکات! تا بەزاندنی سنوری نەمان و لەناوبردن و رووخاندنیان! کەسێک خاوەن ویژدان بێت ناچێتە بەردەم سندوقی دەنگدان، کە سەرەنجامی دەنگدانەکان تەنیا بردنەوەی پارتیی و یەکێتیی بێت!؟ ئەم دوو پارتەی، کە بە ساختە و درۆ، بە کوشتن و بڕین هاتوونەتە سەر گیان و لاکی گەلێکی ژێردەستە! تەنیا بە بایکۆتکردنیان دەتوانرێت گورزی گەورەیان لێبوەشێنرێت.
----------------------------
بایکۆت یانی چی؟!
ئەگەر پێناسەیەکی زانستی بۆ بایکۆت هەبێت، دەتوانین بڵێین، کە بایکۆت بریتییە لە سڕکردن، هەروەها وەستانی پەیوەندیی نێوان دوو بەرە، وەکو (هاوڵاتی لەگەڵ دەسەڵات)، (وڵاتێک لەگەڵ وڵاتێکی دیکە)، یان (کڕیار لەگەڵ فرۆشیار/ بازرگان) ... هتد. 
کاتێکیش بەرەی یەکەم بەرژەوەندیی و خواستەکانی دەکەوێتە مەترسییەوە، یان سیاستی بەرەی دووەم لە بەرژەوەندی ئەمان نابێت، ئیترکاتەدا بایکۆت رادەگەنێت کێشە دەکەوێتە نیوانیان، چونکە  لەگەڵ سیاسەت و خواستەکانییدا نایەتەوە، بەرەی دووەمیش کە (دەسەڵات و کۆمپانیا و بازرگان)ەکانە، لە ئەنجامی بایکۆتکردندا زەرەرمەند دەبن و بەرژەوەندیەکانی ئەمانیش دەکەوێتە مەترسییەوە، ئەگەر بەرەی دووەم ملدانەنێت بۆ داخوازییەکانی بەرەی یەکەم، ئیتر بایکۆت دەبێتە کردەیەکی پێویست (واتا دوورکەوتنەوە لە یەکتر) و بەرەی یەکەم تێیدا سەرکەوتوو دەبێت (رەنگە سەرکەوتنێکی مەعنەویش بێت).
هەرچەندە دەسەڵاتی کوردیی گرێبەستی لەگەڵ خەڵکی کوردستاندا نییە! لەگەڵ دوژمنانی کورد و داگیرکەراندا هەیە، بە یارمەەتی ئەوان و بە فێڵ و ساختە خەڵک و وڵات بەڕیوە دەبات، لەمەشدا بایکۆتی دەنگدان دەبێتە ئەرکی نیشتیمانیی، لە بەرپرسیارێتی ئەو ئەرکەش کاری زیاتر و گەورەتری لێدەوەشێتەوە، بەدوایدا خەڵکی کوردستان بەرەو خۆکۆکردنەوە و دروستبوونی ئەڵتەرناتیڤ دەبات! ترسێک بۆ دەسەڵاتی پارتەکان دروست دەکات، هەر بۆیە خەمخۆرانی دەسەڵات، نووسەر و رووناکبیرەکانیان، کە لە بەرژەوەندیی ئەمانیشدا نییە ئەو دەسەڵاتە بڕوات و نەمێنێت، دێن و دژی بایکۆت دەوەستنەوە و قسە دەکەن، کەسێکی وەکو بەکر حسێنیک پەیدا دەبێت، بەگاڵتەپێکردنەوە دەڵێت: بەمزوانە فەیلەسوفەکانی بایکۆت بۆ گۆرینی دەسەڵات راپەرین و شۆڕش رادەگەیەنن .
-----------------------
تێبینی:
تالەبانی لە یاداشتەکانی خۆیدا باسی چەند کادیرێکی حیزبەکەی دەکات، لە ناویاندا ناوی چەند کەسێی هێناوە، لەو ناوانە (بەکر حسێن)، هەڵبەت ئەو کادیرانەی ناوی هێناون، مەبەستی لە کۆیلە جەلاییەکانە، کە تا ئەمڕۆ وەفایان بۆ رێبازی جەلالیزم ماوە و کۆیلەی ماڵی برایم ئەحمەدن، ئەوانەن کە لە تەنگانەدا بە دەنگیانەوە دێن و دەماری جەلالیزمیان دەجوڵێت، بەلایانەوە ئاساییە، لە دوای نەمانی جەلال تالەبانی، پاڤێل و قوباد بکەنە خاوەنی یەکێتیی و لەگەڵ دوو پیرەژنی بەدفەساڵی وەک کچانی برایم ئەحمەد بەردەوامی بە خیانەت و دزیی و وڵاتفرۆشی بدەن.
نمونەیەک لە رێبازی جەلالیزم:
لە شاخ جەلال تالەبانی ئاگاداردەکەنەوە و دەڵێن: موستەشارەکان لە شار زۆر دەوڵەمەند بوون، ئەویش لە وەڵامدا دەڵێت: هیچ نییە، ئێمەش کە چووینەوە شار بۆڕیان دەدەینەوە.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە