تەرمی شەهید و رۆژی شەهید

Friday, 23/11/2018, 18:46

7739 بینراوە


پیرەمێردی مەزن دەڵێت:
" تفیان دەکردە چارەی بێعارێ،
ئەیووت ڕەحمەتە باران دەبارێ "
----------------------
مرۆڤ بە مردنی گەواهی لەسەر کردەوەکانی دەدرێت، دواجار مردن دەتوانێ جەخت لەسەر پاکی مرۆڤەکە بکاتەوە، شەهیدەکان قوربانیدان و مردنەکانیان وەک نیشانەی میتاییەکە سەیر نەدەکرد، بەڵکو وەک گەڕانەوە بۆ ئازادی کۆمەڵگا تێیان دەڕوانی بۆیە ڕێگەی شەهید بوونیان هەڵبژاد لە پێناو خەڵک و خاکدا.
 ئێستا لە هەموو کۆڕ و کۆبونەوەیەکدا، خۆشبەختانە شەهیدەکان فەرامۆش نەکراون، دوای ڕێخستنی میکرۆفۆنی ناو هۆڵەکە و دانیشتنی میوانە ڕەنگاوڕەنگەکان، ڕاستەو خۆ خولەکێک دەوەستن بۆ شەهیدەکان.خولەکێک لە کۆڕەکاندا تارمایی شەهیدەکان بەبەر چاوماندا گوزەر دەکەن، شەهیدەکان کە تێدەپەڕن چاویان دادەخەن، لوتیان و گوێکانیان دەگرن، تا نەبین و نەبیستن و بۆن نەکەن، کاتێک دەبینن فایلدارێک، فاسیدێک، بەدڕەوشتێک، سەرو سمێڵ بۆیاخکراوێک، داوا لە خەڵک دەکات، خولەکێک ڕەق ڕاوەستن بۆ گیانی شەهیدەکان، کامێراکان دەگەڕێت بەهۆڵەکەدا چەند سەربۆیاخکراو دەبینێت چەپکە قژێک کە لە کەوەری ڕزیو دەچێت لەگەڵ سمێڵێکی لە رەنگی پێڵاو ڕەشتر زوم دەکات.شەو لەکەناڵی تێڤییەکانەوە پێشانمانی دەدەن، کە ئەوان پشتی ملیان دەخورێنن و بۆ شەهیدەکان وەستاون، خولەکێکیان لێدەبێتە ساڵێک و دەڵێێ جیوەیان تێکراوە هەر دەجوڵێنەوە خولەکێک ناتوانن بوەستن، ئەوان توانای وەستانی خولەکێکیان نییە بۆ شەهیدەکان، دوایی بە کاوە خۆ دادەنیشن، هەر کە ڕۆنیشتن ئەودەم شەهیدەکان وەک هەموو جارێک ژبیر دەکرێن، ئەزانن بۆ؟
چونکە هاو سەفەرەکانیان هێندە دزێوون هێندە ساختەکارو دز و درۆزن و شەڕواڵپیس و شەوکوت و نیشتمانفرۆشن، ئێمە گومان لە شەهیدەکانیش دەکەین، چونکە دەڵێین وەرە ئەوانیش بمانایە، کێ ناڵێت وەکو ئەمانە نەدەبوون و ئێستا حاڵی ئەم گەلە بە کوێ دەگەیشت؟ 
منداڵ و نەوەی شەهیدەکانیش هێندەی تر گومانەکانیان خەستتر کردۆتەوە، کە دەڵێم ئەولادی شەهیدەکان ئەو شەهیدانەی کە حیزب ئەوانی کردۆتە شەهیدی پلەی یەک و خەڵکە هەژار و هاوڕێکانمان کە کوڕی خێزانێکی زەحمەتکێش بوون تەنها لە کاتی هەڵبژاردن و بۆنە حیزبێکاندا ناویان دەهێن و بەسەریان دەکەنەوە و فرمێسکەکانیان بۆ فریودان نمایش دەکەن، بەڵام ئێمە ڕاهاتووین، ئەم ڕۆژەش وەک هەموو ڕووداوەکان تەنها ڕۆژێکە و هیچی تر نییە.
 لە زۆربەی ووڵاتانی دنیادا جێگەیەک هەیە کەپێی دەڵێن "سەربازی وون " لەوێدا ساڵانە دەسەڵاتداران بەڕێزەوە گوڵ دادەنێن و یادی سەربازە وون بوەکان بەرز دەنرخێنن، ئەودەم و لەوێدا جەنەڕاڵێک و مارشاڵێک و سەربازێک و منداڵێکی قوربانی جەنگ وەک یەکتر یاد دەکرێتەوە، بەڵام لەم نیشتمانە کڵۆڵەی ئێمەدا هەر گەڕەکە و هەر شارە و هەرشەقامە بەناوی دەسەڵاتدارێکەوە ناو نراوە، هەر حیزب و بزووتنەوەیەک کۆمەڵێک خەڵکی کردۆتە شەهید، مێژوو لەوەوە سەیر دەکات دواجار شەهیدەکانیشیان وەک خۆیان دزێو کردوە.لەگەڵ ڕێزم بۆ قوربانییەکان.
 ئێستا سیاسییە پوچەکان، کە لێیان بپرسن بۆچی دزیی دەکەن ؟ گرد و شاخ و داخ داگیردەکەن؟ سوپای بێگانە دەهێنن ؟ سیخوڕی دەکەن بەسەر گەلەوە؟ سوکایەتی بە خەڵک دەکەن و داواکارییەکانیان سەرکوت دەکەن ؟ موچە و بەراتیان دەبڕن ؟ دادگا و خەستەخانە و قوتابخانە و زانکۆکانتان کردۆتە جێگەیەکی پیس و ناشرین و حیزبی و سوکایەتی بەهەموو شتێک دەکەن ؟ 
لە وەڵامدا دەڵێن: ئێمە خاوەنی ئەم ژمارە زۆرەین لە شەهید، بۆیە مافی خۆمانە چیمان بووێت بیکەین.
 ئەوەی ئەم دەسەڵاتە فاسیدە ئەنجامی دەدا ناشرینکردنی خودی شەهیدە و گومان دروستکردنە لەو بونەوەرە خۆنەویستانە ی کە ژیانی خۆیان لە پێناو ئێمەدا بەخشی، بەڵام ئێستا تۆپەڵێک لە خەڵک دروست بووە، کاتێک دەزانن تۆ لەڕابردوودا سەرگەرمی ڕێگەیەک بووی بۆ گەیشتن بەسەرفرازی و لەوێدا هەرچۆنێک بێت، تێوە نەگلاوی و ئێستا هەگبەکەت چەند چیرۆکی تێدایە و دەتەوێت بیگێڕیتەوە، خەڵکی دێن و ئاوات بۆ دەنوسن : 
"دەست خۆش کاکی برا بەڵام پرسیارێک نێوان خۆت و گەل بۆ میدیا نا..لەهەمووی پەشیمان نیت؟
کاکی کاکانم باش دەربازبوویت فایلدارەکان ئەمڕۆ نێرەکەرن ئەبوو مانگانە ملی چەند لاوێکیان بکردایە بەپەتا هەر ئەهاتنەوە شار ئەمنەکان پێش ئێوە ئەیان زانی بەرهەمی ئەو شۆڕشە ئەمڕۆ ئەی بینین سەرەزلەکان لەشاخیش هەر دز بوون ئەو کات تولە گورگی برسی و ئێستا گورگی خاوەن تەجروبە لەسەر لاشەی میلەت بەناوی کوردایەتی".
 ئەم کۆمێنتە کە کاکەیەک بۆ چیرۆکەکانی چیا: نوسیوێتی زۆر قسە هەڵدەگرێت، بەڵام من لەوەڵامدا دەڵێم، نا نەک هەر پەشیمان نیم، ئێستاش بگەڕێنەوە ئەو سەردەمە هەمان ڕێگە دەگرم، بەڵام وشیارانەتر و نایەڵـم ئاوا بەرهەمەکەی خەڵکانی پوچ بیچننەوە، دەزانی لەو ڕۆژگارەدا دوو ڕێگە هەبوو لەبەردەم ئێمەدا، یان خۆفرۆشی، یان یاخی بوون و چنینەوەی کەرامەت و ژیان بەمانا واتادارەکەی.شەهیدەکانیش کە من هاوڕێی زۆرم هەبوو لە ڕێگە ی خەباتدا گلان و شەهید بوون، باوەڕ ناکەم ژوان ببنەوە، چونکە ئازادی خۆی هیچ نییە، تەنها ئەوکاتە ئازادی تامی هەیە، کە خەباتی بۆ دەکەیت.شەهیدەکان هیچ پەیوەندیان بەو تۆپەڵە سەربۆیاخکراو و فایلدارو ترسنۆکانەوە نییە، ئەوان بەکەرامەتەوە ژیان و بەکەرامەتیشەوە گەشتی مردنیان کرد، درەنگ یان زوو ئێمە ئەم ژیانە جێدەهێڵین، بەڵام گرنگە لەوە بگەین، کە مردن نزیکترمان دەکاتەوە لەو کەسانەی خۆشمان دەوێن.شەهیدەکان ڕۆژێکیان ناوێت، چونکە هەموو ڕۆژ و شەوەکان هی ئەوانە، دواجار نە گۆڕی گەورە و نەگردی ناودارو نە بەردی مەڕمەڕ و شوشەبەند ناتوانێت مێژووت بۆ بڕازێنێتەوە، بەڵکو کار و کردارەکانتە گەواهی دەدەن لەسەر ژیانت! درەنگ یان زوو ڕاستییەکان هەر دەردەکەون، ئەنجام ڕۆژانە لە بەرهەمەکانی دوای خۆتان کە دەیبینین، سەر هەڵدەدات.
 تۆڵستۆی دەڵێت :
" کەهەستت بەئازارەکانی خۆت کرد مانای وایە زیندوویت، کەهەستت بەئازارەکانی خەڵک کرد مانای وایە مرۆڤیت ".

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە